ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەڵوێستمان لە مافی چارەنوسی گەلەکەمان وریفراندۆم 

بە پێی بۆچونەکانی شەشەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی کوردستان

د. کاوە محمود

پێشەکی

هەڵوێستی حزبی شیوعی کوردستان سەبارەت بە مافی چارەنوس لە سەر بنەمای ئەو پرنسیپە لینینیستەیە کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات (مەبەست لە ئازادی نەتەوەکان لە بریاردانی مافی چارەنوسی خۆیان، جیابونەوەی سیاسییانەی ئەم نەتەوانەیە لە بنیادی نەتەوە نامۆکانی دیکە، ودامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی سەربەخۆیە). لەم بوارەدا حزب پشت بە کۆمەڵێک بابەتی میتودی دەبەستێت، لەوانەش:

یەکەمین/ مەسەلەی نەتەوایەتی وداواکارە نەتەوایەتییەکان دیارەدەیەکی مێژوییە کە رێرەوی خۆی هەیە، وبەو مانایەش سەرەتاو ورێگای سەرونشێوی وپێچ وپەنای خۆی هەیە کە بە شێوازێک لە شێوازەکان دەستنیشانی ئاسۆ وئاستی پەرەسەندنی دەکات.

دووەمیان/ پیویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکریت کە مەسەلەی نەتەوایەتی وەک دیاردەیەکی مێژووی لە وڵاتیکی فرەنەتەوەیدا کە نەتەوەیەکی باڵادەست، وگەورە لە قەوارەی ژمارەدا لەگەڵ نەتەوەیەکی زۆرلێکراودا بەیەکەوە دەژین، پەیوەندی بە واقیعەوە بە هەموو ناکۆکی وململانییەکانەوە هەیە. 

سێیەمین/ وردەکاری ژیانی رۆژانەی خەڵک کاردەکاتە سەر چارەسەری بەرجەستەکراوی مەسەلەی نەتەوایەتی. بۆیە هەلومەرجی ئابوری وکۆمەڵایەتی باو بە گشتی بە شێوەیەکی ئیجابی یان سەلبی کاردەکاتە سەر ناکۆکییەکان وئەمەش کاردەکاتە سەر هەڵبژاردنی چارەسەری دیاریکراو بۆ ئەم مەسەلەیە.

چوارەمین/ هەڵبژاردنی رێگاچارەی جیابونەوەو دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی ناکرێت پشت بە خولیای حەز وئارەزوی خۆیەتی ببەستێت بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی دروشمێک کە پەیوەندی بە چارەنوسی ملیونەها کەس هەیە. پاشخان وبەردەوامبونی مێژویی مەسەلەی نەتەوایەتی وپەرەسەندەکانی وهەلومەرجی هەنوکەیی، وادەخوازێت کە جۆرە چارەسەرێک بخەینە روو کە رەچاوی تواناکان وهونەری ئەوەی کە دەتوانرێت بکرێت وهاوسەنگی هێزەکان و لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی ناوخۆیی وهەرێمایەتی ونێودەولەتی، بکریت. 

بەپێی تیروانینی حزبمان ئەم عەقلانیەت وتێگەیشتن ورەچاوکردنی هاوسەنگییەکان نابێت لەسەر حسابی بەرژەوەندی نەتەوەی زۆرلیکراو بێت کە لێرەدا خەڵکی کوردستانە. بۆیە ناکرێت قورسایی ئۆباڵی تێکچونی وەزعی عێراق بە هۆی سیاسەتی شۆڤینیستانەی حوکمرانەکانی رابوردو و ئێستا وبە هۆی گرفتەکانی بنیاتی دەوڵەتی عیراق، بخرێتە ئەستۆی گەلی کوردستانەوە.

کاتێک گەلی کوردستان لێکدانەوە وهەڵسەنگاندن بۆ هۆکاری نێودەوڵتی سەبارەت بە مافی چارەنوس دەکات، نابێت وا بزانێت کە بریاردانی مافی چارەنوس ودامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی پرۆژەیەکە خەڵکی دیکە وزلهیزەکانی جیهان بۆی جێبەجێ دەکەن، و بە خەڵات پێشکەشی گەلی کوردستانی دەکەن. ئەرکی بریاردانی چارەنوس بەبەردەوامی دەبێ بریارێکی سیاسی کوردستانی بێت، وپشت بە قوربانییەکانی پێشتر و وتێکۆشان وئامادەبون بۆ بەردەوامبوونی بەخشینی هەمەلایەنە بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆژە نیشتمانییە، ببەستێت.

حزب ئاماژەی بە گرنگی جێبەجێکردنی دیموکراسی لە عیراقدا وەک هۆکاریکی گرنگ کردوە بۆ پەیداکردنی میکانیزمی باوەربوون وداننان بە مافی بەرامبەر بۆ ئەنجامدانی مافی چارەنوس لەچوارچێوەی هەڵبژاردنی شێوازی دیموکراسی مەدەنی ئاشتیانە.. بەڵام ئەم حاڵەتە مانای ئەوە نییە کە بریاردانی مافی چارەنوس بە شێوەیەکی میکانیکی پەیوەندی بە وەدیهینانی دیموکراسییەوە هەیە. بۆیە پەیوەندی مافی بریاردانی چارەنوس بە دیموکراسی لە عێراقدا مانای ئەوە نیین کە گەلی کوردستان چاوەڕوانی دیموکراسی لە عیراقدا بکات و نابێت بریاری مافی چارەنوسی خۆی نەدات تا ئەو کاتەی دیموکراسی لە عیراقدا وەک پێداویستییەک بەرقەرار بێت. 

بریاردانی مافی چارەنوس ودامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی کوردستانی لەسەر بنەمای هاوڵاتی کوردستانی لە چوارچێوەی سنوری مێژویی کوردستانی عێراق، دروشمێکی گونجاوە وئەرکێکی شۆرشگێرییە. ئەم دەوڵەتەش موڵکی سەرجەم کوردستانییەکان بە کورد وتورکمان وئاشوری کلدان سریان وئەرمەن وعەرەب، سەرجەم پێکهاتە ئاینییەکانی کوردستان دەبێت. 

چوارچێوەی ئەم تێگەیشتنە واقیعیانە خۆی لە بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانییە نەک دەوڵەتی نەتەوە کە هەر چوار پارچەکەی کوردستان بگرێتەوە. لێرەشدا باس لە رەوابوونی دەوڵەتی نەتەوە بەم شێوازە ناکەین، بەڵکو باس لە چارەسەرێکی گونجاو وعەمەلی دەکەین کە توانای ئەنجامدانی لە ئارادایە، ئەوەش دەوڵەتی نیشتمانییە لە کوردستانی عیراقدا. بەم جۆرە ئێمە کۆپی ئەزمونی بزوتنەوەی نەتەوەی عەرەب وبیری ئیسلامگەرایی ناکەین کە بوونە هۆی هەرەسهێنانی ئەزمونی دەوڵەتی نیشتمانی لە ناوچەکەدا کە لە دوای رێکەوتننامەی سایکس بیکۆ و دابەشکردنی پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی دامەزرا، بەهۆی جەختکردنیان لەسەر پرۆسەی دەوڵەتی نەتەوەی عەرەب، یان دەوڵەتی نەتەوەی ئیسلامی لەسەر حسابی فەرامۆشکردنی دەوڵەتی نیشتمانی وپیداویستەکانی بنیاتنانی دیموکراسی، ولە هەمان کاتدا کە باس لە مافی چارەنوس بەم شیوەیە دەکەین ناکەوینە نێو جۆغزی دەوڵەتی پێکهاتەکان کە وەک چارەسەرێک بۆ قەیرانی دەوڵەت لە عیراقدا دەخرێتە روو، کە هەرەشەیە لەسەر یەکیتی خاکی کوردستانی عیراق وپەرتەوازبوونی ناوچەکانی بە هۆی زالبوونی شوناسی لۆکالی لەسەر شوناسی نیشتمانی کوردستانی.

بنەماکانی مافی بریاردانی چارەنوس پشت بە دۆزی رەوای گەلەکەمان و بنەماکانی ئەم مافە دەبەستێت. کەیەکیک لەو بنەمایانە بوونی بازاڕی نیشتمانی کوردستان، ویەکبوونی زمانە. لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی (نەتەوەیی) لینین ئاماژە بۆ رۆڵی زمان دەکات کە گرنگترین شێوازی پەیوەندیکردنە نێوان خەڵکیدا، یەکیتی زمان وئازادی و پەرەسەندنی مەرجێکی سەرەکی بوو بۆ ئەوەی ئاڵۆگۆرکردنی بازرگانی ئازاد وسەرانسەری بێتەکایەوە، وئەمەش لەگەڵ سەرمایەداری نوێدا لەو کاتەدا دەگونجا، ودەبوو بە هۆی گردبوونەوەی ئازادانەی خەڵکی بە چینە جیاوازەکانەوە. بەم جۆرەش پەیوەندی نێوان خاوەن کاری گەورەو بچوک وکریارو فرۆشیار درووست دەبوو. ئەم حاڵەتە سەرمایەدارییە هاوکات بوو لەگەل هەموو بزوتنەوە نەتەوایەتییەکان.

کاتێک کە بۆچونی لینین سەبارەت بە رۆڵی زمان لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی یان نەتەوەیی بە راست دەزانین، ئەمانەوێ بڵێین کە لە سەردەمی ئەمرۆدا شوناس و ناسنامەی کەلتوری لە رێگای تەرەفگیری یان لایەنگیری کەلتوری رۆڵی بنەرەتی لە بڕیاردانی دەوڵەت دەبینێت. مەبەستمان لە لایەنگیری کەلتوری هەموو ئەو نەریت وبۆچونە هاوبەش و وپەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەیە کە تاکەکان لەو کۆمەڵگایەدا بەیەکتر دەبەستێتەوە، وشیواز و ریتمی ژیانی کۆمەڵگا دەستنیشان دەکات.

جگە لە رۆڵی زمان وبازاڕ، شوناسی نیشتمانی کوردستانی وچەمکی لایەنگیری کەلتوری کە بە شێوەیەکی قوڵ رەگی خۆی لە دوای راپەڕینی ئادارەوەو تا ئێستا داکوتاوە، بەشێکن لە بنەماکانی مافی بریاردانی چارەنوس. شوناسی کەلتوری یەکگرتوو و فرەچەشن لە هەمان کاتدا رێگای تایبەتی کۆمەڵ وتەواوی تەرزی ژیانی تاکەکانی دەستنیشان دەکات. شوناسی کەلتوری بریتییە: لە پێکهاتەیەکی مەعریفە وبۆچون وهونەر ورەوشت وقانون وعورف ونەریت وعاداتی کۆمەڵایەتی کە مرۆڤ وەک ئەندامێک لە کۆمەڵگایەکدا وەریدەگرێت. ئەم پێناسەیە لایەنی پێکهاتەی روحی وپێکهاتەی مادییش لە کۆمەڵگادا دەگرێتەوە، و تایبەتمەندییەک بە هەر کۆمەڵگایەک دەبەخشێت ولە کۆمەڵگایەکی دیکە جیای دەکاتەوە. وەک دیاردەیەکی تێکەڵبوونی توخمە مادی و رەفتارە دەرونیەکان. بۆیە کەلتور بریتییە لە تەواوی ژیانی کۆمەڵگا بە نەریتە مادی ورەفتار و ئەو شێوازانەی کە خەڵکی کۆدەکاتەوە ولەسەر ئەم بنەمایەش پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان وبیروبۆچون ونەریت وبەهاکان ئەنجام دەدرێن.

ریفرندۆم وەک میکانیزمیک بۆ گەیشتن بە مافی بریاردانی چارەنوس

لە جیهانی ئەمرۆدا هەڵبژاردنی ریگای ریفراندۆم کە گەرانەوەیە بۆ بریار وئیرادەی گەل بۆ هەنگاونانی عەمەلی بۆ مافی چارەنوس شیاوترین رێگایە کە لەلایەکەوە لە گەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەی هاوچەرخ دەگونجێ، لە لایەکی دیکەوە لە سەر ئاستی ناوخۆی عیراق رێگا چارەی ئاشتی ودیموکراسیی گونجاوە بۆ قورتاربوون لە قەیرانیبنیاتگەری دەوڵەتی عێراق. هەڵبژاردەی ریفراندۆم لە سەر بنەمای کاردانەوە نییە لە سەر رەفتاری دەولچەتی عێراق بەڵکو مافێکی سروشتنیەگەلەکەمان تەنانەت ئەگەر لە ناوەندی عێراق حوکمی دیموکراتی هەبێت. لە هەمان کاتدا بریاری ریفراندۆم بۆ جێبەجێکردن دەبێت نەک بۆ بەکارهێنانی وەک کارتی فشاری سیاسی.

پێویستە کارکردن بۆ ریفراندۆم بە شێوەیەکی بەرنامەرێژی ئەنجام بدرێت بە جۆرێک هاوسەنگی نێوان وزە وتواناکان وهێزی بزوێنەری ئەم پرۆسەیە هەبێت بەرامبەر گۆسپ وگرفت و هۆکارە بابەتییەکان کە کاری نەگەتیفانەی لەسەر ئەم پرۆسەیە هەیە، بە رچاوکردنی هەلومەرجی ناوخۆیی ودەرەکی کە کار تێکردنی ئەرینی و نەرێنی لەسەر ئەم پرۆسەیەدا هەیە.

شەشەمین کۆنگرەی حزبمان لە کۆتایی ئۆکتوبەری 2016 ئاماژەی بە پرۆسەی ریفراندۆم بەم شێوەیەی خوارەوە دا:

هۆکارە پاڵپشتیکەرەکانی پرۆسەی ریفراندۆم

لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە خاڵە بە هێزەکان بکەین کە بزوێنەر و خاڵی ئەرێنییە بۆ پشتگیری کردنی پرۆسەی ریفراندۆم وراگەیاندنی مافی چارەنوس:

1ــ سەربەخۆیی کوردستان بە شێوەیەکی پراکتیکی لە دوای راپەرینی 1991وە وتا ئێستا، ودامەزراندنی دامەزراوە سەرەکییەکان وەک پەرلەمان وحکومەت، جگە لە ئەنجومەنی پارێزگا وئیدارە ناوخۆییەکان.

2ــ دانانی بنەمای پراکتیکیی سەربەخۆیی ئابوری هەرچەندە تەواو پێنەگەیشتوون، و پشتبەستنی هەرێم بە توانای ئابوری خۆی لە ساڵی 1991وە تا 2003 ، وهەروەها لەو کاتەوەی کە حکومەتی فدراڵ بودجەی کوردستانی بڕیوە تا ئێستا. ئەمەش سەرەرای کەموکورییەکان بوونەتە و سەرهەڵدانی بازاڕی سەربەخۆ لە کوردستاندا. 

3ــ دەرخستنی شوناس وناسنامەی کوردستانی بە رادەی ناسنامەیەکی نیشتمانی وتایبەت وجیاواز لە شوناس وناسنامەکانی دیکە لە عێراق وناوچەکەدا. ئەم شوناسەی تاکی کوردستانی لە بەها ونەریت وبیروباوەڕی هاوبەش وپەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان تاکەکاندا دەردەکەوێت، وحاڵەتی لایەنگیری کەلتوری نێوان تاکەکان لە کوردستاندا درووست دەکات. ئەمەش دەبێتە ئاراستەکردنی خولیای دوارۆژی گەلی کوردستان بە ئاراستەی وەدیهێنانی پێشکەوتن وپەرەپێدان و چوونە نێو ریزی هێزە نێودەوڵەتییەکانی جیهانەوە. 

4ــ پیادەکردنی سیاسەتێکی کراوە لە بواری پەیوەندییە دەرەکییەکانی هەرێم، وبەدەستهێنانی سەرکەوتنی بەرچاو لە پەیوەندییەکانی کوردستان بە ناوەندە هەرێمایەتی ونێودەوڵەتییەکان. ئەمەش بە زیادبوونی ژمارەی کونسڵگەرییەکان لە هەولێردا، دەردەکەوێت.

5ــ بوونی هەلومەرجی بەیەکەوە ژیانی تێکرای پێکهاتە نەتەوەیی وئاینییەکان لە کوردستاندا، ودابینکردنی مافی ئەو پێکهاتانە بە پێی یاسا لەکوردستاندا.

6ــ بونی توانای بەرگری هێزی مرۆیی لە کوردستاندا بە تایبەتی لە ناوەندی لاوان وئافرەتان کە بە شێوەیەکی کارا لەبواری بەرێوەبردن وبەشداری لە ناوەندی دارشتنی سیاسەت ولە بواری سەربازی بوونیان هەیە، جگە لە ئامادەبوونی جەماوەر بۆ داکۆکیکردن لە کوردستان شان بە شانی پێشمەرگە کە ئەمرۆ بۆتە هێزی وشکانی سەرەکی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر. هەر ئەم هێزەش پشتگیری لە مافی چارەنوس دەکات وقەوارەی کوردستان دەپارێزێت.

7ــ گۆرانگارییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە گرفتێکی مێژووی دێرینی لەبواری کێشەی بنیاتی دەوڵەتی تێدایە ، جگە لە ململانێکانی ناوچەکە کە مۆرکێکی تایفەگەری ونەتەوەیی هەیە، وئەمەش بۆتە هۆی ئاخافتن سەبارەت بە سەرلەنوێ دابەشبوونەوەی ناوچەکە کە دوو جار بە پێی رێکەوتننامەی سایکس بیکو لە دوای یەکەمین شەڕی جیهانی، دابەشکرا.

8ــ مێژووی تێکۆشانی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان وئەزمون وقوربانییەکانی گەلەکەمان لە پێناووەدیهێنانی مافە رەواکانی وپاراستنیان.

ئاستەنگەکان لە بەردەم پرۆژەی ریفراندۆم 

ئاماژەکردن بۆ خاڵە ئەرێنییەکان کە بزوێنەری پرۆسەی ریفراندۆمە ئەوە ناگەیەنێت کە بەربەست و ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەی ربفراندۆم ومافی چارەنووس نییە. دەستنیشانکردنی ئەو ئاستەنگانە کارێکی پێویستە بۆ دانانی رێگاچارەی زاڵبوون بەسەریدا وکارکردن بە شێوەیەکی کارا بە مەبەستی تێپەراندنی کۆسپ وتەگەرەکان. لێرەشدا دەبێ بوترێ کە ئەم ئاستەنگانە روواڵەتی نین وناکرێ بە جۆرێکی ساکارانە وتەنها بە دروشم وتنەوە زاڵبین بەسەریاندا. ئەو ئاستەنگانە مەترسی راستەقینەن لە بەردەم ئەو پرۆژەیەدا، و پێویستە حزبە سیاسییەکانی ناوەندی بڕیار لە کوردستاندا زور بە جیدی مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

ئاستەنگە ناوخۆیی ودەرەکییەکان لەبەردەم پرۆسەی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی نیشتمانی لەم خاڵانەدایە:

1ـ ئەو هەڵمەتە راگەیاندنی کە کرا لە سەرتاوە بۆ بە کەسایەتیکردنی پرۆسەی ریفراندۆم یان بە حزبی کردنی لە کاتێکدا ئەم پرۆسەیە پێەیستی بەوە بوو بکرێ بە پرۆسەیەکی نیشتمانی دوور لە بە کەسایەتی کردن.

2ـ رەنگدانەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان سەبارەت بە دۆسێی سەرۆکایەتی هەرێم و گرفتەکانی حکومەت وپەرلەمان، وهەڵنوتکان لە دۆزینەوەی بەرنامەو پرۆژەیەکی هاوبەشی نێوان حزبە کوردستانییەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، ورەنگدانەوەی ئەم حاڵەتەش لەسەر دۆسێی ریفراندۆم وهەڵوێست وەرگرتن لە بریاردانی مافی چارەنوس کە زۆر جار لە لایەن تێکرای لایەنە ناکۆکەکان بە عقلیەتی بەرژەوەندی حزبایەتی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە دەکەن لە کاتێکدا مەسەلەی مافی بریاردانی چارەنوس مەسەلەیەکی چارەنوسازی نیشتمانییە بە نیسبەت گەلی کوردستانەوە و کە لە پێناویدا گەورەترین قوربانی داوە.

3ـ مامەڵەی نەگەتیفانە لە خوێندنەوەی هۆکاری نێودەوڵەتی کە بە جۆرێک دەخرێتە روو گوایە ئەنجامدانی ریفراندۆم و بریاردانی مافی چارەنوس بێ پشتگیرییەکی بێ سنووری زلهێزەکان بەتایبەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نایەتە دی. هەر بۆیە دەبێ بە پێی ئەو لۆجیکە چاوەروانی ئەمریکا بین کە لەسەر خوانێکی زێرین مافی چارەنوس پێشکەشی گەلی کوردستان بکات، لەکاتێکدا نەکردنی ئەو پرۆژەیە، یان دانەرێژتنی لەلایەن ئەوانەوە مانای ئەوە نییە ئەوان لە پراکتیکدا دژایەتی ئەو هەنگاوە دەکەن. لەلایەنی پراکتیکدا بە پێویست دەزاندرێ‌ رێزبەندی و بەرژەوەندی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی واقیعانە لێیبکۆلرێتەوە. 

4ــ هێنانەوەی هەڵوێستی عێراق و دەوڵەتە هەرێمایەتییەکان کە دژبە ریفراندۆمن بە بیانوو بۆ ئەوەی بوترێ کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم نەهاتووە. بەم جۆرەش پرۆسەی ریفراندۆم لە مۆرک وسروشتە تێکۆشەرانەکەی دائەماڵرێت، لە کاتێکدا چاوەڕوانی ئەوە ناکرێت کە لە دوارۆژدا هەڵوێستی ئەو وڵاتانە سەبارەت بەم بابەتە ئەرێنی بێت بە هۆی ناکۆکی تەواو لە چەمک وبەرژەوەندییەکان. ئەوەی بە نیسبەت گەلی کوردستانەوە بە پیادەکردنی بریاردانی مافی چارەنوس و سەربەخۆیی دادەنرێت، بە نیسبەت عێراق وهێزە سیاسییەکانی و وڵاتانی دراوسێ بە پارچە پارچەکردن ودابەشبوونی دەوڵەتی عێراق دادەنرێت.

5ــ رەنگدانەوەی دژواری بارودۆخی ئابوری لە هەرێمی کوردستان ولاوازبوونی متمانەی هاوڵاتی بە حکومەت بە هۆی قەیرانی ئابوری وکورتهێنانی بودجە ونەدانی موچە لەسەر باوەربوونی خەڵکی بە بەهاو سوودی ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەت نزم دەکات.

6ـ کارتێکردنی نەگەتیفانەی چارەسەرنەکردنی قەیرانی حوکمڕانی بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە مەسەلەی سەرۆکایەتی ونەبوونی شەفافیەت لە کاری حکومەت و پەککەوتنی پەرلەمان هەیە، لەسەر مزاجی خەڵکی کوردستان بە جۆرێک کە نارەزاییەکی جەماوەری بەرچاوی درووستکردوە. ئەم هەلومەرجە بە هۆی زاڵبوونی گوتاری پۆپۆلیستی لە راگەیاندنی حزبەکان کارتێکردنی نەرێنی لەسەر هاووڵاتی لە کوردستاندا زیاتر ئاڵوزتر کردووە.

7ـ بوونی حاڵەتی دڵەڕاوکێیەکی رەوا لە نێو ناوەندێکی فراوانی گەلەکەمان کە مەترسییان لە شکستهێنانی هەنگاوی ریفراندۆم هەیە. ئەم دڵەڕاوکێیە بە هۆی ئەو شەڕە دەرونییە کە هەندێ کەس لە روانگەی بەرژەوەندی تاکە کەسی وحزبایەتی بەرتەسک هەڵوێستێکی نەیارانەیان لە ریفراندۆم هەیە زیاتر گەشەدەکات.

8ـ بڵاوبونەوەی جۆرێک لە فەرهەنگی نەتەوەی باڵادەست کە وڵاتە دراوسێیەکان وحزبە سیاسییەکان تیادا وای بڵاو دەکەنەوە کە گوایە کوردستان توانای دامەزراندنی دەوڵتی خۆی نییە، ولەوانەیە شەڕی ناوخۆیی درووست بێتەوە یان پروپاگندەکردن کە ئەو دەوڵەتەی رادەگەیەنرێت شێوازی میرنشینێک وەردەگرێت بۆ کۆمەڵە خەڵکێکی دیاریکراو، و لە هەموو حاڵەتێکدا وڵاتانی دراوسێ دژایەتی دەکەن. بە هەمان شێوە ئەو دەوڵەتە ناتوانێت بودجە بۆ کوردستان وموچە بۆ خەڵکدابین بکات. ئەم ئاراستەیە بە هۆی بوونی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان زیاتر جەختی لەسەر دەکرێتەوە بە مەبەستی ساردکردنەوەی خەڵک لە پشتگیری پرۆسەی ریفراندۆم.

9ـ بوونی جۆرێک بەرژەوەندی توێژە ئیداری وبیروکراتییەکان وناوەندە مشەخۆرە پەیوەندیدارەکانیان کە لە دوای 2003 وە تا ئێستا بەرژەوەندی دارایی وئابورییان لە رێگای مانەوەیان لە گەڵ دەوڵەتی عێراقدا مسۆگەر دەکرێت، وپێیان وایە لە کاتی راگەیاندنی دەولەت ئەو بەرژەوەندییە ئابورییانە دەدۆرێنن.

10ــ هەلومەرجی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم کە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە، ویەکلانەکردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە بە شێوەیەکی فەرمی. ئەمەش کۆمەڵێک پرسیار سەبارەت بە بەشداریکردنی هاوڵاتیان لەو ناوچانە وهەڵوێستی پێکهاتە نەتەوەی وئاینییەکان سەبارەت بە ریفراندۆم، دەخاتە روو، جگە لە ئەگەری بەکارهێنانی وەک کارتێکی سیاسییانەی دژ بەم پرۆسەیە لە لایەن عێراق و دەوڵەتە دراوسێییەکان.

11ــ ئەو ئاستەنگانەی کە لە ئاکامی روبەروبونەوەی تیرۆر وبوونی بارگرژی سەربازی لە سەر سنووری مێژوویی هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر رووبەرووی چەتەکانی دەوڵەتی خلافەتی ئیسلامی دەبنەوە، جگە لەو بارگرژییەی کە لە نێوان پێشمەرگە وحشدی شعبی لەو ناوچانەدا هەیە.

12ــ ئاماژەکردن بەوەی کە کوردستان دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێدا نانرێت چونکە راگەیاندنی سەربەخۆیی لەم کاتەدا لەگەڵ بەرژەوەندی زلهێزەکان ناگونجێت، لە کاتێکدا بەشێک لە وڵاتە زلهێزەکان رایانگەیاندووە کە پەیوەندییەکانیان بە شێوەیەکی کارا لەگەل کوردستان بەردەوام دەبێت، تا دوای راگەیاندنی سەربەخۆییش کە بریارێکی ناوخۆییە.

هەڵبژاردەی نیشتمانیی کوردستانیی سەربەخۆی حزبی شیوعی کوردستان

لە بەڵگەنامەکانی شەشەمین کۆنگرەی حزبدا ئاماژەمان بەوە کرد کە واقیعی ئەمرۆی کوردستان بە رەچاوکردنی بارودۆخی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی کۆمەڵێک ئەرک دەخاتە بەردەم سەرجەم هێزە کوردستانییەکان لە رێگای توێژینەوەی هەلومەرجی بابەتی وتوانا زاتییەکان ودەستنیشانکردنی ئەگەرەکان بە مەبەستی ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی نیشتمانی سەربەخۆ لە کوردستانی عێراق

ئەمەش وا پێویست دەکات کە سەرجەم خاڵە ئەرێنییەکان لە پرۆسەی ریفراندۆم وراگەیاندنی دەوڵەت کارا بکەین وبەربەست وئاستەنگەکان لە بەردەم سەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا وەلابنێن. ئەم ئاراستەیە وا دەخوازێت کە حزبە کوردستانییەکان ئاراستەی ئەندام ورێکخراوەکانیان ودۆست ولایەنگرانیان بخەنەکار بە مەبەستی بانگەشەکردن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، وکاربکرێت بۆ رێزگرتن لە ئیرادەی گەلی کوردستان وهەڵبژاردنی. پێویستە جەخت لە سەر هەڵبژاردنی سەربەخۆیی نیشتمانی کوردستانی بکەینەوە بە جۆرێک کە مۆرکی دەوڵەتی ئایندە دەوڵەتی دیموکراتی مەدەنی عەلمانی بێت.

میکانیزمی کارکردن

1- بنیاتنانەوەی ماڵی کوردستانی ومامەڵەکردن لەگەڵ پرۆسەی ریفراندۆم وەک پرۆژەیەکی نیشتمانی کوردستانی گشتی، ودوورکەوتنەوە لە خستنەرووی ئەم بابەتە وەک پرۆسەیەکی حزبی وکەسایەتی وتاک لایەنی، وکارکردن بۆ بەشداریپێکردنی سەرجەم حزبە کوردستانییەکان لە بەرپرسیاری و ئەرک وەرگرتن وبەدوواداچوون و کارکردن بە هاوبەشی بۆ روبەروبونەوەی ئاستەنگەکان.

2- راگەیاندنی هەڵمەتێکی نیشتمانی سەرانسەری بە مەبەستی کارکردن بۆ سەرخستنی ریفراندۆم و هەڵبژاردنی سەربەخۆیی. ئەمەش بە بەشداری سەرجەم حزبە کوردستانییەکان وجەماوەری گەلەکەمان دەکرێت. 

3- کارکردن بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە سیاسەکانی وابەستەکان بە مەسەلەی سەرۆکایەتی هەرێم وپەرلەمان وحکومەت.

4- کارکردن بۆ نوسینەوەی دەستوری کوردستان ودەنگدان لەسەری دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم.

5- بەدواداچون بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی ئابوری کوردستان ودارشتنی سیاسەتێکی ئابوری نوێ کە کورتهێنانی بودجە چارەسەر بکات وداهاتی نوێ دابین بکات بە مەبەستی ئیدارەدانی باری دارایی وئابوری و قورتاربوون لە ئابوری بەرخۆر و جێبەجێکردنی چاکسازی سیاسی وئیداری ودارایی.

6- رووکردنە پێکهاتە نەتەوەیی وئاینییەکان لەو ناوچانەی کە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە ورێکەوتن لەگەڵ هێزە کاراکانی ئەو پێکهاتانە بۆ گەیشتن بە رێکەوتن لە گەڵ ئەو پێکهاتانە بۆ ئەنجامدانی رێکەوتنی پێویست لەگەڵیاندا بە مەبەستی زامنکردنی مافی ئەو پێکهاتانە و بەشداریکردنیان لە حوکم وبەرێوەبردن لە ناوەندەکانی بریار. ئەمەش پشتگیری ئەو پێکهاتانە دابین دەکات بۆ گەرانەوەی ئەو ناوچانە بە شێوەیەکی دیموکراتی فەرمی بۆ کوردستان.

7- ئاراستەکردنی جموجۆڵی دیبلۆماسی کاریگەر بۆ دۆستانی گەلی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ و جیهان بۆ پشتگیریکردنی ریفراندۆم.

8- سازدانی گوتارێکی کراوە لەگەڵ رای گشتی وحزبە سیاسییەکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ لە رێگای گوتارێکی عەقلانی کە جەخت لەسەر پێکەوەژیان بە ئاشتتییانە ونەهێشتنی چاوگەکانی بارگرژی بکاتەوە. ئەمەش ببێتە بناغەی سیاسەتی دەرەکی کوردستانی عێراق دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم. ئەمەش وا دەخوازێت کە جەخت لەسەر رێزگرتنی سەروەری وڵاتانی دراوسێ لەسەر بناغەی بەڵگەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێتەوە وکار بۆ ئاشتی بەردەوام لە ناوچەکەدا بکرێت. بەم جۆرەش هەماهەنگی ئابوری بۆ بەرژەوەندی گەلان ودەوڵەتانی ناوچەکە مسۆگەر دەبێت. 

9- بەدواداچوونی پەرەسەندنە نوێکان لە بارودۆخی نێودەوڵەتی، ومامەڵەکردن لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بە پێی سیاسەتێکی دەرەکی کوردستانی یەکگرتوو لەسەر بنەما و پێوەری بەرژەوەندی نیشتمانی کوردستانی وئەنجامدانی هاوسەنگی ویەک هەڵوێستی لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆرانکاری وهێزە هەرێمایەتی ونێودەوڵەتییەکان، دوور لە دابەشبوونی هەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان بۆ خۆبەستنەوە یان خۆ بەهێزکردن بە جەمسەرە نێودەوڵەتی وهەرێمایەتییەکان کە بە پێی بەرژەوەندی خۆیان مامەڵە لە گەڵ تێکرای پێشهاتەکان لەوانەش مەسەلەی تیرۆر دەکەن.

10ـ بەشداریکردنی کاریگەرانە لە تێکرای هەوڵوکۆششەکانی دژایەتی تیرۆر وکارکردن بۆ سەقامگیرکردنی ئاسایش وجێبەجێکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا لە رێگای سەرکەوتن بەسەر تیرۆر، وتێکۆشان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە بە رێگای ئاشتی وکاراکردنی رۆڵی نەتەوە یەکگرتوەکان وئەنجامدانی هەماهەنگی پێویست دژ بە تیرۆر کە بۆتە دیاردەیەکی جیهانی. دژایەتی کردنی تیرۆر تەنها لە رێگای جموجۆڵی سەربازیەوە ئەنجام نادرێت، بەڵکو دەبێ هاوکات لەگەڵ ئەرکی سەربازی پشتگیری لە پرۆسەی دیموکراسی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت لە رێگای دۆزینەوەی رێگا چارەی ئاشتیانە بۆ گرفتەکان ونەهێشتنی سیاسەتی پەراوێزخستن و بەفیرۆدانی سامانی گەلانی ناوچەکە. لەم روانگەیەوە مافی بڕیاردانی چارەنوس فاکتەر وبنەمای پێکەوەژیانی هاوبەش وئاشتیانەی گەلانی ناوچەکە دەبێت لە سە ر بنەمای هاوسەنگی و یەکسانی و سەربەخۆیی دەبێت.

دابینکردنی مافی رەوای کلدان ئاشوری سریان وتورکمان وەک بنەمایەک بۆ سەرخستنی ریفراندۆم

پێشتر حزبمان جەختی لەسەر ئەوەکردۆتەوە کە هاووڵاتێبوونی کوردستانی وباوەربوون وتێکۆشان لە پێناوی بەدیهێنانی مافی بریاردانی چارەنووسی گەلی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ تێکۆشان بۆ دابینکردنی مافە نەتەوەیی و ئیداری ورۆشنبیری کلدان ئاشوری سریان و ، تورکمان و دابین کردنی بەشداریکردنیان لە دامەزراوە هەڵبژێردراو وئیداری وحکومییەکاندا و هاوکات لەگەڵ دابینکردنی بەرێوەبردنی راستەوخۆی خۆیان بۆ ناوچە نیشتەجێکانی خۆیان وکارکردن بۆ گەشەپێدان ئەو ناوچانە لە رێگای نەهێشتنی سیاسەتی پەراوێزخستن، و رووکردنە بەرەو ئاوادانکردنەوەیان.

میکانیزمی پێویست بۆ کاراکردنی پرۆسەی ریفرندۆم

لە 22 نیسانی 2017 حزبمان ئەم خاڵانەی خوارەوە خستە روو وەک نەخشە رێگایەک بۆ سەرخستنی ریفراندۆم:

حزبمان ئەم خاڵانە دەخاتە بە رچاوی لایەنە سیاسییەکان و رای گشتی خەڵکی کوردستان:

1ـ دانانی لێژنەیەکی پسپۆر لە تێکرای حزبە کوردستانییەکان بۆ دراسەتکردنی تێکرای ئەو نەخشە رێگایانەی کە حزبە کوردستانییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی لە کوردستاندا خستویانەتە روو، وکارکردن بۆ دانانی پرۆژەیەک کە سەرجەم خاڵە نزیک و هاوبەشەکان بگرێتە خۆی، وزەمینەی گفتوگۆ ورێکەوتن بۆ خاڵە جیاوازەکان ئاسان بکات، وهەنگاوی کردەیی بۆ کاراکردنی پەرلەمان و چارەکردنی بابەتی سەرۆکایەتی و حکومەت دەستنیشان بکات و زەمینەی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا، ساز بکات.

2ـ دانانی لێژنەی دانوستان لە گەڵ حکومەتی ناوەند و ئامادەکردنی پرۆژەیەکی یەکگرتوو بۆ دانوستان کە پشتببەستێت بە پرنسیپی مافی بریاردانی چارەنوسی گەلەکەمان وئیرادەی ئازادانەی پێکهاتەکان لە عێراقدا، کە ئەمەش هۆکاری بنەرەتین بۆ چارەکردنی قەیرانی بنیاتنانی دەوڵەت لە عێراقدا. بۆ ئەم مەبەستەش حزبمان پرۆژەیەکی گشتکیری هەیە. گرنگە هێچ لایەنێکی کوردستانی لەم لێژنەیەدا پەراوێز نەکرێت وبەشدارکردنی لە کەڵ حکومەتی هەرێم لەو لێژنەیەدا مسۆگەر بکرێت.

3ـ دانانی لێژنەی باڵای ئامادەکاری ریفراندۆم کە سەرجەم هێزەکانی نێو پەرلەمان بگرێتە خۆی ونوێنەری تورکمان و(ئاشوری کلدان سریان)ی تێدا بێت و دابینکردنی بەشداری ژنان لە لێژنەی باڵاو ولیژنەی دانوستان لە گەل بەغدا. 

ئەرکی لێژنەی باڵا بەرنامەرێژی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بکات لە رێگای ئەنجامدانی ئەم کارانە:

ـ دامەزراندی لێژنەیکی پسپۆر بۆ ئامادەکردنی هۆکارە سیاسی وقانونییەکان کە ریفراندۆمی وەک پێداویستییەک فەرز کردوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە پرنسپی مافی بریاردانی چارەنوسی گەلان کە بەشیکە لە پرنسیپەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان لە لایەک و پشتبەستن بە خودی دەستوری عێراق کە جێبەجیکردنی ماددەکانی دەستور مەرجی پاراستنی یەکیتی ئازادانەی خاک وگەل وسەروەری عێراقەو، بە شێوەیەکی پراکتیکی دەیان ماددەی دەستور کە مۆرکی بە فدراڵبوونی دەوڵەتی عێراق دادەنێت دوای 13 ساڵ جێبەجێنەکراوە، وکارکردن بۆ وەرگرتنی بریاری پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم وئاماژەکردن بەو بریارە لە دارشتنی گەڵاڵنامەی ریفراندۆم.

ــ دامەزراندنی لێژنیەکی راگەیاندنی ناوەند کە ئاراستەی سەرجەم کارەکانی راگەیاندن بکات بە تایبەتی لە بواری دارشتنی زمانی ئاخافتن لە گەڵ رای گشتی عێراق وعەرەب وگەلانی ناوچەکە بە گشتی.

ـ کۆبونەوە لە گەڵ سەرجەم راگەیاندنەکانی کوردستان بۆ دانانی بەرنامەی هاوبەش بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێکی نیشتمانی سازدان بۆ ریفراندۆم و دروستکردنی دەوڵەتی نیشتمانی.، وجەختکردن لەسەر سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی کوردستانی وەک دروشمێکی سەرەکی جەماوەر.

ـ دانانی کەنالیکی سەتەلایەت بە زمانی عەرەبی بە ناوی (الکوردستانیە) کە گوتاری یەکگرتوی کوردستانی بگەیەنێت. 

ـ دامەزراندنی ناوەندیکی هاوبەشی رێکخراوە مەدەنی وناحکومییەکان بۆ پشتگیریکردن لە ئەنجامدانی ریفراندۆم.

ــ ئەنجامدانی کۆبونەوە لە گەڵ رێکخراوەکانی دۆستایەتی نێوان گەلی کوردستان وگەلانی دیکە بە مەبەستی کارتێکردنە سەر گەلانی دۆستی گەلی کوردستان بۆ پشتگیریکردن لە ریفراندۆم.

ـ ناردنی شاندی هاوبەش بۆ لای حزبە سیاسییەکانی عێراق وبۆ ولاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەندامی بەردەوام لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رونکردنەوەی هەڵوێستی گەلەکەمان لە ریفراندۆم. 

ـ گفتوگۆکردن لە گەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکمان وئاشوری وکلدان لە ناوچەکانی مادەی 140. وخستەرووی پرۆژەیەک بۆ ئیدارەکردنی کردنی کرکوک لە کاتی گەرانەوەی بۆ هەرێم بە رچاوکردنی بەرژەوەندی پێکهاتەکانی ومسۆگەرکردنی بەشداری ومافەکانیان.

ـ سەرلەنوی دامەزراندنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن وگشتپرسی بە جۆرێک بە پێی قانون بێت ولە بەشبەشێنەی حزبی بەدوور بێت.

ــ دەستنیشانکردنی کاتی ریفراندۆم دوای تەواوکردن وئەنجامدانی پێداویستییە لۆجیستییەکانی. 

5ـ دانانی لێژنەی هاوبەش نێوان حکومەت ولایەنە سیاسیەکان بۆ پێداچونەوە بە سیاسەتی ئابوری بە مەبەستی چاکسازی وچارەکردنی قەیرانی ئابوری لە کوردستاندا.

دەرئەنجام

لە کۆتایی ئەم بابەتە حزبمان جەخت لەوە دەکاتەوە کە بابەتی ریفراندۆم بۆ مافی بریاردنی چارەنوس سەرەرای ئەوەی هیچ هێزێکی نێودەوڵەتی ناتوانێ رێگەی لێبگرێت چونکە شێوازێکی دیموکراسیانەی دەربرینی ئیرادەی گەلە وتێکرای پەیاماننامە ورێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان دانیان پێدا ناوە، بەڵام ئاستەنگ و بەربەستی دژوار لە بەردەمی ریفراندۆمدا هەیە بەتایبەتی لە ئاستی ناوخۆیی کە لایەنە سیاسییە ناکۆکەکان تا ئێستا لە روانگەی بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبایەتی مامەڵە لە گەڵ ئەم بابەتە دەکەن.

لەم هەلەمەرجەدا مەسەلەی ریفراندۆم بۆ مافی چارەنووس مەسەلەیەکی کۆمەڵگایی تێکۆشەرانەیە بەو مانەیەی کە دۆسییەکی چارەنوسسازە وکار لە دۆسیەکانی دیکە وەک دۆسیی پەرلەمان وسەرۆکایەتی هەرێم وحکومەت و وەزعی ئابوری خەڵک. پەیوەندی نێوان ئەو بابەتانە پەیوەندی کارتێکردن وکار لەیەککردنە نەک بە مانای میکانیکی، بەڵکو بە مانای دیالکتیکی، بەتایبەتی ئێمە باسی ریفراندۆم بۆ مافی چارەنوسی گەلەکەمان لە شوێنێکدا دەکەین کە رۆژهەڵاتی ناوەراستە کە جێگای ملمڵانێ هەرێمایەتی ونێودەوڵەتییە، ئەمەش بەو واتایەی کە تێکرای ململانییەکانی ناوخۆیی ودەرەکی کار لەسەر ئەم بابەتە دەکات.

لە کۆبونەوەی 7ی حوزەیرانی ئەم ساڵدا، هەروەک لە راگەیاندنی کۆبونەوەکە هاتووە باس لە کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان وهەوڵدان بۆ کاراکردنی پەرلەمان، کراوە. ئەوەی تاکو ئێستا رچاو دەکرێ کە کارەکان لەم بوارەدا زۆر بە خاو دەروات ئەمەش کارتێکردنێکی نەگەتیفانەی دەبێت لە سەر ئامادەکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکان وکاراکردنی هۆکاری زاتی بۆ سەرخستنی ریفراندۆم کە ناکری بە عقلیەتی رێژەی پەنجا زائید یەک مامەلەی لەگەڵدا بکەین.

هاوکات لە گەڵ ئەم خاڵەدا راگەیاندنی حزبی رۆلێکی خراپ دەبینی بۆ پۆلینکردنی بیروبۆچون بۆ دوو جەمسەر کە ناوی دەنرێ بەرەی ریفراندۆم وبەرەی دژ بە ریفراندۆم. هاوکات لە گەڵ ئەمەدا سیفەتی نیشتمانپەروەر و خیانەتکار بەسەر ئەم دوو بەرەیدا دابەش دەکرێت. ئەم جۆرە پۆلینکردنە بەتایبەتی کە لە لای بەشێک لە لایەنگرانی ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەکرێت راستەوخۆ زیان بە خودی پرۆسەی ریفراندۆم دەگەیەنیت. هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر هەر کەس و لایەنێک تیبینی لە سەر کاتی ریفراندۆم یان ئامادەکردنی پێداویستەکانی هەبێت بە دژە ریفراندۆم لە قەلەم بدرێت یان ناو و نەتۆریکی لێبنرێت ودەسەتەواژەی نیشتیمانپەروەر وخەیانەتکار لەسەر ئەم بنەمایە دابەش بکرێت. بەردەوام لە پرۆسە گەورە وچارەنوسسازەکاندا راو بۆچونی جیاواز دێتە کایەوە ودوو دلێ مەترسی درووست دەبێت وپێویستە ئەو مەترسیانەش بە هەند وەربگرێت. رەوینەی ئەو مەترسیانە بە رونکردنەوە وگفتوگۆ ودانوستان ودروستکردنی متمانە و هەماهەنگی ویەکیتی ریزەکان وکارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆ و زاتییەکان دوور لە عەقلیەتی دۆراو وبراوە و بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی، ئەنجام ئەدرێ.