ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە دنیای ئەمڕۆدا، كە دیموكراسی خەریكە لە وڵاتە تازەگەشەسەندووەكاندا دەبێتە نەریت، ئازادیی هەڵبژاردن (بە هەموو واتاكانییەوە)، جێی بە تاكڕۆیی و دیكتاتۆرییەتی تاكەكەس، حزب، خێڵ و عەشیرەت و دەسەڵاتە سەركوتكارەكان لەق كردووە و دەریچەی بە ڕووی خەڵكدا كردووەتەوە، كە خاوەنی ئیرادە بن و خۆیان بڕیار لە ئێستا، داهاتوو و بگرە چارەنووسی ڕۆڵەكانیشیان بدەن.

مێژوو سەلماندوویەتی، هەموو میللەتێك خاوەنی زمان، فەرهەنگ و كلتووری تایبەت بە خۆیەتی و سەرباری ململانێ و ناكۆكیی نێوخۆیی لەسەر هەندێك پرسی لاوەكی و سەرەكی، دواجار چونكە یەك زمان، یەك فەرهەنگ و كلتوور (بە جیاوازیی پێكهاتەكانیشەوە) لە جیۆگرافیایەكی هاوبەشدا كۆی كردوونەتەوە، بوونەتە خودانی كیان و بە گەڕانەوە بۆ ڕای هاونیشتمانیان، دەوڵەتیشیان لەسەر پرەنسیپی متمانەكردن بە دەنگی خەڵك، ڕۆناوە.

بە ئاوڕدانەوە لە دیرۆك، دەشێ دۆخی ئێستای باشووری كوردستان بە هێندێك لەو وڵاتانە بچوێندرێت كە لە هەرێمەوە بوونەتە دەوڵەت، ئەوە بۆیە لە پرۆسەیەكی وەك ریفراندۆمدا، (كە موڵكی هیچ حیزب و كەس و لایەنێك نییە)، دەنگدان بە (بەڵێ)، ئەركێكی نیشتمانی، نەتەوەیی، ئەخلاقیی ئایینییە كە دواجار دەكرێ لێكەوتەكانی بەدەوڵەتبوون، بەسەر هەموو كایەكانی ژیانی كۆمەڵگادا ڕەنگ بداتەوە و لەوێوە ئازادیی تاكەكەسی، بیروڕا، هەڵبژاردن و سەربەستی لە بڕیارداندا، بۆ تاك بە تاكی گەلێكی ستەمدیدەی زوڵملێكراوی بە ناهەق چەوسێندراوە، بگێڕدرێتەوە.

ئەگەرچی بڕیاردان لە چارەنووس، چەند ساڵێكە دروشم و بنێشتەخۆشەی سەر زاری تێكڕای حزبە كوردستانییەكانە، لێ بە كردار كاری جیددی بۆ نەكراوە و ڕەنگە بەر لە هەمووانیش سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لەو پرسەدا خەمسارد، یان وەك خۆی لە ئاست ئەو پرسە چارەنووسسازە نیشتمانییە نەتەوەییەدا نەبووبن.

بەڵام، ئەو دۆخەی كە ئێستا لە باشووری كوردستاندا هاتووەتە پێشەوە، فرسەتێكی مێژووییە و لەكیسدانیشی، هەڵەیەكی مەزنە كە دواكەڕەت ئەركی قورستر دەخاتە ئەستۆی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و لایەنەكان و ڕەنگە دووبارەبوونەوەیشی مەحاڵ بێت.

ئەوە بۆیە، ڕاپرسی لەسەر پاشەڕۆژی میللەتێك، ئەگەرچی ڕای جوداشی لە بارەوە هەبێت، گەرەكە هەمووان لە ئاستیدا یەكدەنگ، یەكڕەنگ و یەكهەڵوێست بن و بەمەش یار و نەیار ملكەچی خواست و ویست و داخوازیی خەڵك دەكرێت و، بەلایانەوە تاڵ بێت یان شیرین، دەبێتە دیفاكتۆ و ناچارن دەنگی هاونیشتمانیان بە هەند وەربگرن، لەبەر ئەوەیشە مەرج و پێشمەرج بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، جا لەلایەن هەر حزب و كەس و لایەنێكەوە بێت، ڕەوا نییە و پشتگوێخستنی ئیرادە و سەنگ و دەنگ و ڕای هاووڵاتیانە. 

دواجار، ئەوەش بیر بهێنینەوە كە گشتپرسی شەرعییەتدانە بە دەنگ و ڕەنگ و ڕای خەڵك و باشترین بژاردەی دیموكراسیی باوی سەردەمە، كە گەلانی دنیا ئەزموونیان كردووە و لە ڕێگەیەوە مێژوویەكی نوێیان بۆ خۆیان تۆمار كردووە.