ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەوەی لە بۆرما ڕوو ئەدات سەرەڕای هەبوونی هۆکاری تر، بەڵام هۆکاری سەرەکیی پەیوەندی بە (ئایین)ەوە هەیە، کاتێک ئایین لە (ئامراز)ەوە بو بە (ئامانج) جگە لە نەهامەتی و کوشت و بڕ، ئارامی و خۆشبەختی بۆ مرڤ نایەنێت، چونکە ئایین ئامرازێکە بۆ خزمەتی مرۆڤ، مرۆڤ ئامانجە نەک ئایین، کەچی لای بەشێکی زۆر لە پەیڕەوکارانی هەموو ئایینەکان لەزۆر سەردەمدا ئایین دەبێتە ئامانج و، مرۆڤیش ئامراز، بەمەش مرۆڤ دەکەوێتە ژێر زەبری شمشێرو ئاگر.

ئەمە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ئەوروپای مەسیحیی بە قۆناغێکی تاریک و نوتەک دا برد، مرۆڤ و سیاسەت و ئەدەب و هونەرو کۆی پرسەکان خرابوونە خزمەت ئاین و بە پێوەرێکی ئایینی پێناسەدەکران و هەڵدەسەنگێنران، بۆیە ئەوروپا بە کوشتارو دواکەوتوویی و نەفامی و دڕندەیی دا تێپەڕی، بەڵام دواتر تێگەیشتن و ئایینیان لە بواری گشتی جیاکردەوە.

ئێستا لای بەشێکی زۆر لە پەیڕەوکارانی ئیسلام هەمان فکری سەدەتاریکەکان ئیش دەکات، ئەم بەشەی موسوڵمانان، مرۆڤ نابینن، بەڵکو دین دەبینن، تەنانەت هاوخەمیان بۆ بۆرما لەبەرئەوە نییە کە ئەوان (مرۆڤ)ن، بەڵکو لەبەرئەوەیە ئەوان(موسوڵمان)ن، بۆ ئەوان موسوڵمانبوون لەپێش مرۆڤبوونەوەیە، چونکە بە ڕوونی بینیمان لە کۆمەڵکوژییەکەی شەنگالدا ئەوان نەک هاوخەم نەبوون، بەڵکو دڵیشیان پێ خۆش بوو، من گوێم لەچەندین موسوڵمان بوو گوتیان (ئەوەی بەسەر شەنگال هات خوا بەسەری هێنان، خوا تۆڵەی لێکردنەوە) بەحسابی وان خوا دەستی لەگەڵ داعش تێکەڵ کردبوو و داعشئاسا پەپولەکانی ئێزیدیی کۆمەڵکوژ دەکرد! فکرەکەیان ئەو واتایەی هەیە.

ئەو هاوخەمییەی بەشێک لە کوردانی موسوڵمان لەوەدا جێی ڕەخنە نییە کە بۆ هاوخەمی بۆ خەڵکانێک لەوپەڕی دونیا دەردەبڕن، نەخێر لەمەدا جێی دەستخۆشیشن، بەڵکو لەوەدا جێی ڕەخنەن ئەوان دین دەبینن نەک مرۆڤ، لەوەدا جێی ڕەحنەن بۆچی بۆ کوردانی ئێزیدی نەک هاوخەمنەبوون بەڵکو دڵیان خۆش بوو و بە کارێکی ئیلاهیان دانا ! ئەو شیوەنەی بۆ ئیخوانەکانی میسریان کرد بۆچی بۆ براکوردەکانی باکوریان نەکرد، بۆچی بۆ قوربانیانی فەڕەنسا ناکەن کە هەر زوو زوو جیهادییەکی ئیسلام کۆمەڵێکیان لێ خەڵتانی خوێن دەکات! بۆچی لە کۆمەڵکوژییەکەی یازدەی سێپتێمبەری ئەمریکا دڵخۆشبوون و لەناو قورئاندا ورد گەڕان و گوتیان ئەمە لە قوڕئاندا خوا باسی لێوە کردووە! ئەوان بە ئاگرکەوتنەوەکەی ئیسرائیلیش دڵخۆشبوون گوتیان خوا ئەو ئاگرەی هەڵکردووە!

ئەوەی بەسەر بۆرما دێت، لە (فتوحات !) دا بەسەر زۆر خەڵکدا هات، لە ساڵانی پێشوو بەدەستی وڵاتانی ئیسلام و لەژێر جەبرو ناوی ئاین و نەتەوە زۆر بەسەر ئێمەی کورددا هاتووە (ئەنفال، هەڵەبجه، جینۆسایدی بارزانییەکان.....)ئەمانە هەموویان بەهەمانشێوەی بۆرما لەژێر جەبرو ناوی ئایین و نەتەوە ئەنجامدراون و تەنانەت لەژێر ناوی سوڕەتی(الانفال) ئەنجامدراون، سەدان مەلا شەرعییەتیان دا بە ڕژێمی بەعس و هەر خودی مەلاکان بوون ئەو ناوەیان(انفال)بۆ سەدام حسێن پێشنیارکرد، تا بێ دودڵی کورد کۆمەڵکوژ بکات.

کوردستان لە بۆرما زیاتر قوربانی بووە بە دەست ئایینەوە.

هاوخەمی شتێکی جوان و مرۆڤانەیە، گرنگە لە دینێکەوە بیگوازینەوە بۆ هەموو مرۆڤایەتی؛

دین سنوردارە،

مرۆڤایەتی، خوائاسا: بێ سنورە.

مرۆڤ خۆی بچوک دەکات کاتێ تەنها مرۆڤانی هاودینی خۆی دەبینێت، مرۆڤ مەزن و پیرۆزدەبێت کاتێ هەموو مرۆڤایەتی دەبینێت و هاوکارو هاوخەمیان دەبێت.

نەک کوشتنی مرۆڤ، بەڵکو کەمترین بێڕێزی بە مرۆڤ شیاوی هەڵوێستوەرگرتن و ناڕەزایی دەربڕینە(protest), ئەوەی لە بۆرما دەگوزەرێت کۆمەڵکوژییەکی دڕندانەیە کە هەر لە ڕەگەزی مرۆڤ دەوەشێتەوە، چونکە هیچ بوونەوەرێکی تر، بە درێژایی مێژوو، هاوشێوەی مرۆڤ دڕندانە هاومرۆڤەکانی نەکوشتوون و داهێنانی نوێ و سەرلەنوێی لە بواری کوشتاری دا نەکردووە، بێدەنگیی وڵاتانی زلهێز لە ئاست ئەو کارەساتە مرۆییە دەری دەخات ئەوان داماڵراون لە ئەخلاق و هاوخەمی، بەپێچەوانەوە ئەوان(بەتایبەتی ئەمریکا) لەهەرکوێیەک بەرژەوەندیی خۆیان تێدا نەبێت باکیان بەوەنیە لەوێ چی ئەگوزەرێت.

نەخێر بۆ کوشتنی هاومرۆڤانمان لە بۆرما و هەرشوێنێکی دونیا، لەسەر هەر ئاینێک بن.

ڕیسوایی بۆ ئەو وڵاتانەی توانای ڕاگرتنی کارەساتەکانیان هەیە کەچی لێی بێدەنگن.