ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

خاتوو (یۆهانا لویزە هۆیسەر) کە بە نازناوی ئەدەبی (یۆهانا شپیری) یەوە چیرۆکەکانی نووسیون و ناوبانگی دەرکردووە، کەڵە چیرۆکنووسێکی سویسری و جیهانی ناسراوە لە بواری نووسینی چیرۆک بۆ منداڵان، بە ناوبانگترین چیرۆکیشی "هـایدی" یە. 

یۆهانا شپیری لە (١٢ی/ یۆنیۆ /١٨٢٧) لە دێی (هێرتزل) سەر بە کانتۆنی(زیوریـخ) لە سویسرا لە دایک بووە. باوکی (یۆهـان یاکوب) پزیشک بوو، دایکیشی (میتا هۆیەر شڤایتسەر) شاعیر بوو، کچی یەکێک لە قەشەکانیش بوو. یۆهانا لە شەش خوشک و برا، منداڵی چوارەمی خێزانەکەی بوو.

یۆهاناشپیری لە دێی هێرتزل دەستی بە خوێندن کرد. لە (زیـوریخ) یش درێژەی بە خوێندنی زمانەکان زیندووەکان دا. یۆهانا زۆر حەزی لە خوێندنەوە بوو، بە تایبەتیش پەرتووکەکانی بیرمەندی ئەڵمانی (گۆتە) ی دەخوێندەوە، بە جوانیش پیانۆی لێدەدا. خۆشی لە رێنماییە ئایینیە باو و چاولێکەرییەکانی ئەو سەردەمە داماڵی، کە دایکی تەڵقین ئاسایی فێری کردبوون.

یۆهانا پشووی هاوینانی بە زۆری لە ناوچەی (گنیس) و (ماینفێڵد) ی سەر بە کانتۆنی (گراوبۆندن) بەسەر دەبرد. دوو ناوچەی شاخاوی و کوێستانی زۆر جوان و قەشەنگن. لە دواییدا ئەم ناوچانە بوونە گۆڕەپانی رووداوەکانی چیرۆکی هـایدی. 

یۆهانا لە ساڵی (١٨٥٢) دا، لەگەڵ پارێزەر (یۆهان بیرنهاد شپیری) دا هاوسەرگیرییان کرد. کۆڕێکیان بوو، لە ساڵی (١٨٨٤) دا، کوڕەکەیان کۆچی دوایی کرد. 

یۆهانا شپیری لە دوای مردنی کوڕەکەی دەستی بە نووسین و دانان و کاری خێرخوازی کرد. لە سەرەتادا کۆمەڵێک کورتە چیرۆکی بۆ منداڵان نووسی. یۆهانا سەرجەم (٥٠) پەرتووکی نووسی و بڵاوی کردەوە. چیرۆکە بەناوبەنگەکەی هایدی یەکێکە لەو پەنجا پەرتووکە چاپکراوانەی.

یەکەمین کاری ئەدەبی یۆهانا شپیری، چیرۆکێکە لەژێ ناوی ( گەڵایەک لەسەر گۆڕی فرۆنی)، بەڵام چیرۆکی (هـایدی) کە لە ساڵی (١٨٨٠) دا، لە ماوەی مانگێکدا نووسی و لە دوو بەرگدا بڵاوی کردەوە بەناوباگترین چیرۆکێتی. ئەم چیرۆکە دەربارەی ژیانی کچۆلەیەکی بێ دایک و بێ باوکە، کە لە چیای (ئەلپ) ی سویسری لەگەڵ باپیرەی دا دەژیان. چیرۆکی هایدی پێگەیەکی زۆر بەرزی لە ئەدەبی سویسری دا هەیە، تا ئەو رادەیەی کە بۆتە پێناسەی ئەدەبی سویسری، زیاتر لە هەموو کارێکی تری ئەدەبی بۆتە وێردی سەر زمانی سویسرییەکان؛ بووە بە بەشێکی رەسەنیش لە کولتووری سویسرا و شانازی پێوەدەکەن. یۆهانا بە زمانی ئەڵمانی هایدی و چیرۆکەکانی تری نووسیوون.

چیرۆکی هایدی بۆ زیاتر لە (٥٠) زمانی جیهانی وەریان گێڕاوە. زیاتریش لە (٥٠) ملیۆن دانەی لە جیهاندا لێفرۆشراوە. ئەوەی کە ناوبانگ و نەمرییەکی زیاتری بە هایدی بەخشی، ئەوەیە کە ئەم چیرۆکە کراوە بە (فیلمی کارتۆنی ئەنیمەیشن) و، بە چەند فیلمێکی سینەمایی و زنجیرە کارتۆنی تەلەفزیۆنی لە ئەمریکا و لە ئەڵمانیا.

لە ساڵی (١٩٧٤) دا، کۆمپانیای فیلمسازی یابانی (زیۆ ئیزۆ) لە دەرهێنانی، دەرهێنەری بەناوبانگی یابانی (ئیزاو تاکاهاتا) چیرۆکی هایدی لە (٥٢) ئەڵقەدا، بە فیلمی کارتۆنی ئەنیمەیشن دەرهێنراوە. ئەم فیلمە کارتۆنییەش بۆ زۆربەی زمانەکانی جیهان دۆبلاج کراوە و لەسەر پەردەی تەلەفزیۆنەکانی زۆربەی وڵاتانی جیهاندا پێشاندەدرێت. بەشی هەرە زۆری منداڵانی جیهان هۆگری ئەم فیلمە بوونە و تا ئەمڕۆش خۆشی و چێژی لێوەردەگرن. هەر بە هۆی ئەم فیلمە کارتۆنەوە، ساڵانە بە هەزاران گەشتیاری یابانی بۆ گەشت و گوزەر دەچن بۆ سویسرا، بۆ ئەوەی ئەو شوێنە راستییە ئەفسووناوییانە ببینن کە رووداوەکانی (هایدی) یان لێ رووداون و تۆمارکراون، سەردانی ئەو ماڵەش دەکەن، کە هایدی و باپیرەی و پیتەر لێی ژیاون، کە لە ئێستادا (هایدی لاند) و ئەو خانووەی کە هایدی لێی ژیاوە، کراوە بە مۆزەخانەیەکی قنج و قەشەنگ، پەیکەری هایدی و پیتەری تێیدا دانراون. ساڵانە زیاتر لە سەد هەزار گەشتیار سەردانی ئەم ناوچە شاخاوییە دڵڕفێنە و (هایدی لاند) دەکەن کە لەسەر نیوەیان لە ئاسیاوە دێن.

لە ساڵی (١٩٣٧) دا، چیرۆکی هایدی لە ئەمریکادا، کرا بە فیلمێکی سینەمایی، کە ئەستێرە سینەمایی بە ناوبانگی ئەمریکی خاتوو ( شێرلی تمبل) کە تەمەنی نۆ ساڵان بوو، رۆڵی (هایدی) ی لە فیلمەکەدا دەنواند. لە ساڵی (١٩٩٢) دا، لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای (واڵت دیزنی) لە ئەمریکا، هایدی کرا بە زنجیرە کارتۆنێکی تەلەفزیۆنی. 

لە ساڵی (١٩٥٢) دا یەکەمین فیلمی سویسری دەربارەی هایدی دەرهێنرا و نمایش کرا.

دواترین فیلمی هایدی فیلمێکی سینەمایی سویسرییە هەر بە ناوی (هایدی) یەوە،کە لە رۆژ و ساڵی (١٠ی/سێپتەمبەری/٢٠١٧) دا بەرهەم هێنراوە. ئەم فیلمە لە دەرهێنانی، دەرهێنەری سویسری (ئالان گسپۆنەر) ە، خونچەگوڵ (ئانـۆک ستیـفن) ی نۆ ساڵان رۆڵی هایدی دەبینێ، کە لە نێوان (٥٠٠) کچۆلەی سویسری هاوتەمەند دا کە خۆیان بۆ ئەم رۆڵە کاندید کردبوو، ئانۆک ستیفن هەڵبژێرا، رەنگە رووخوشی و لێوبەخەندەیی و ساکـاری لە هۆکارەکانی هەڵبژاردنی بن بۆ ئەم رۆڵە. ئەستێرەی سینەمایی سویسریش (برۆنۆ گانز) رۆڵی باپیرەی هایدی دەبینێت، (ئیزابیلە ئوتمان) ی دوانزە ساڵانیش رۆڵی (کلارا) دەبینێت. فیلمەکەش بە دیالیکتیکی سویسری ئەلمانی دەرهێنراوە. دیمەنەکانی فیلمەکەش لە چیا سەرکەش و قەشەنگەکانی (گـراوبۆندن) گیراون کە ناوچەیەکی زۆر جوان و دڵڕفێنە.تا ئێستا لە سینەماکانی بەشێکی زۆری وڵاتان دا ئەم فیلمە نمایشکرا.

شایەنی باسیشە هەموو پەرتووک و نووسینەکانی یۆهانا شپیری رەخنەئامێزن، رەخنە لە بارودۆخی ژیانی نالەبار و هەژاری و نەلاواندنەوەی منداڵانی بێ دایک و بێ باوکی ئەو سەردەمەی سویسرا دەگرن، بە تایبەتیش لە سەرەتای سەردەمی پیشەسازی و سەرمایەداری دا لە سەدەی نۆزدەمدا. زۆربەی چیرۆکەکانیشی دەربارەی چارەنووسی منداڵانی بێنەوا و کوێرەوەرییەکانی ژنانی گەنجن. کە دووچاری ناخۆشی و گرانی و تەگەژەکانی ژیان ببوون. چارەسەری ئەم بابەتەش تەنها وەکو بابەتێکی ئەدەبی سەیر ناکرا، بەڵکو وەکو بابەتێکی بنەڕەتی لە بیری کۆمەڵایەتی سۆشیالیست دا سەیر دەکرا. 

چـــیرۆکی هـــایدی

زۆر بە کورت چیرۆکی (هــایدی) بە بیری خۆێنەرانی ئازیزمانی دەهێنینەوە، کە چیرۆکنووسی بەناوبانگی منداڵان (یۆهانا شپیری) دایهێناوە و لە ساڵی (١٨٨٠) دا نووسیوێتی و لە دوو بەرگدا چاپی کردووە و بڵاوی کردۆتەوە.

هایدی ناوی ئەو کچە بچکۆلە بێ دایک وباوەکەی پاڵەوانی ئەم چیرۆکەیە. هایدی کچۆلەیەکی رووخۆش و لێوەبەخەندە و خۆخۆشەویستکەر بوو، چالاک و بزێو بوو.

تەمەنی هایدی یەک ساڵان بوو، کە دایکی و باوکی کۆچی دواییان کرد. پوورەکەی ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی گرتە ئەستۆی. کە تەمەنی بوو بە پێنج ساڵان، پووری بە هۆی هەژاری و نەبوونی و سەرقاڵبوونی بە کارەوە. ناچاربوو کە هایدی بنێرێ بۆ لای باپیرەی، کە بە (گـەورەی چـیا) ناویان دەبرد. لە خانوویەکی دوور لە دێیەکەیان لە دامێنی چیاکانی (ئەلپ) دەژیا. باپیرەی پیاوێکی توندڕەفتار و ڕەق و نامۆ و گۆشەگیر و کەم تێکەڵ بوو.حەزی بە ژیانی سروشتی ئەو ناوچەیە دەکرد، کە پڕەلە دیمەنی جوان و ئەفسووناوی،لە چیمەنی سروشتی،لە سەوزەگیای ناسک و گەش، کەشوهەوایەکی زۆر خۆشیهەیە، پڕە لە دار و دەوەن و لەوەڕگای سروشتی.باپیرەیهایدی خاوەنی مێگەلێک بزن و مەڕ و کار و بەرخ بوو، هۆکاری بژێوی ژیانی بوون.

هایدی گەیشتە لای باپیرەی،سەرسامی دیمەنە جوانەکانی ناوچەکە بوو. بە زەردەخەنە ناسک و شیرینەکانی، بە قسە قوت و خۆشەکانی توانی زەردەخەنە بخاتە سەر لێوەکانی بووبە باپیرەیەکی رووخۆش و لێوبەخەندە، رۆژ لە دوایباپیرەی، بە تەواوی گۆڕا و رۆژ نەرمتر دەبوو. هایدی لە ماوەیەکی کەمدا بە قسە خۆشەکانی لای هەموو خەڵکی ناوچەکەش شیرین و خۆشەویست بوو. باپیرەی وەکو منداڵانی تری دێیەکە هـایدی نەنارد بۆ قوتابخانە.بەڵکو لەگەڵ (پیتەر) ی شوانە بچکۆلەدا، بۆ لەوەڕاندنی بزن و مەر و کار و بەرخەکانی دەینارد. هایدی و پیتەر بوون بە خوشک و برا و پێکەوە ئاژەڵەکانیان دەلەوەڕاند، بە یاری و پێکەنین و خۆشی رۆژگاریان بەسەردەبرد. 

دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ پوورەکەی هات بۆ لای، زۆر لەوە دڵگران بوو کە باپیرەی هایدی نەناردبوو بۆ قوتابخانە. هایدی برد بۆ ماڵێکی دەوڵەمەند لە شاری (فرانکفۆرت) ی ئەڵمانی، تا لەوێدا ببیت بە هاوڕی و بە یارمەتیدەری کچە تاقانەکەیان (کـلارا) کە تووشی ئیفلیجییپێیەکانی ببوو.(کلارا) ی تەمەن دوانزە ساڵان کە دایکی کۆچی دوایی کردبوو،لەسەر کورسییەکی پێچکەداردا دادەنرا و پالدەنرا. کلارا کچۆلەیەکی سپیلکەی جوان و قـژزەرد و رووخۆش بوو. خاتوو (رۆتینمایەر) کە هەموو کاروبارێکی ئەو ماڵەی بەڕێوەدەبردو قسەی دەڕۆیی، پێی خۆش نەبووکە کچە لادێیەکی وەکو هایدی تەمەن هەشتساڵان ببێت بە هاوڕی و بە یارمەتیدەری کلارا و لەو ماڵەدا بمێنێتەوە. بۆیە بە شێوازێکی رەق و توند لەگەڵیدا هەڵس و کەوتی دەکرد. پوورەکەی بەبێ رازی بوونیرۆتینمایەر،هایدی لەو ماڵەدا بەجێهێشت و خۆشی گەڕایەوە بۆ سویسرا.

هایدی و کلارا بوون بە دوو هاوڕێی خۆشەویست. نەنکی کلارا هایدی خۆشدەویست و فێری خوێندنەوە و نووسینی کرد. باوکی کلارا پیاوێکی دەوڵەمەندی هەمیشە سەرقاڵی ئیش بوو، کلارای زۆر خۆشدەویست، بەڵام کەم دەرفەتی لاواندنەوەی بۆ هەڵدەکەوت. 

دوای ماوەیەک هایدی بە هۆی رەفتاری توند و رەقی رۆتینمایەر و بێ نازییەوە، سۆزی گەڕانەوەی بۆ نیشتمانی خۆی و بۆ لای باپیرەی کرد.بڕیاری گەڕانەوەی دا. باوکی کلارا لەگەڵیدا هات و گەیاندییەوە بۆ لای باپیرەی، باپیرەی و پیتەر و خەڵکی دێیەکەش بە گەڕانەوەی هایدی دڵخۆشبوون. هایدی بە نیشتمانەکەی و بە باپیرەی شادبۆوە. 

کلارا زۆر بیری هایدی دەکرد، چەند نامەیەکی بۆ نارد کە زۆر حەزدەکات بێت بۆ لای و میوانداریان بکات، بەڵام پزیشکی تایبەتیکلارا لەبەر سەختی ناوچە شاخاوییەکە رێی پێنەدا بچێت، هەرچۆنیبێت پزیشکەکەشیان قایلکرد کە بچێت. کلارا و خاتوو رۆتینمایەر چون بۆ ماڵی باپیرەی هایدی. هایدی و باپیرەی زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێکردن.

رۆتینمایەر دوای چەند رۆژێک گەڕایەوە، بەڵام کلارا نەگەڕایەوە، زۆر سەرسامی جوانی و ئەفسووناوی و ژیانی ساکار و سروشتی ناوچەکە بوو. هایدی و باپیرەی زۆر هانی کلارایان دا، کە راهێنان بکات و هەوڵی هەڵسان و رۆیشتن بە پێیەکانی بدات، کلارا بە قسەیانی کرد، دوای راهێنان و هەوڵدانێکی زۆر، کلارا کەوتە سەر پێیەکانی و توانی بڕوات، تا بە تەواوی چاک بۆوە. کە باوکی و نەنکی هاتن بۆ لای، كلارا بە راکردن بە پیرییانەوە چوو.باوکی و نەکی بە چاکبوونەوەی کلارا زۆر گەشانەوە، زۆریش سەرسام و دڵخۆشبوون بوون. لە دوای چەند رۆژێک لە میوانداری، زۆر سوپاسی هایدی و باپیرەی و پیتەریشیان کرد. ئینجا کلارا و باوکی و نەکی پێکەوە ماڵئاواییان لێکردن و گەڕانەوە بۆ شاری فرانکفۆرت.

ئەمەیە چیرۆکی هایدی بە کورتی و بە سەرپێی. بێجگە لەو کاراکتەرانەی کە ناویانمان برد، چەند کاراکتەرێکی لاوەکی کەش کەم یا زۆر لەم چیرۆکەدا رۆڵیان هەیە، وەکو:

( پووری هایدی، نەنکی کلارا، نەنکی پیتەر، خزمەتکاری خێزانەکەی کلارا، سەگەکە گەورەکەی باپیرەی هایدی، ئاژەڵەکانی باپیرەی هایدی، چەند کاراکتەرێکی تریش) 

هایدی چیرۆکی ئەو خونچەگوڵەبێ دایک و باوکەیە، کە چارەنووس خستییەباوەشی دڵڕەقترین و وشکترین پیاو و ژنەوە، کە لە باپیرەی و رۆتینمایەردابەرجەستەببوون.بەڵام هایدی دڵپاک و رووخۆش و بزیۆ، هایدی هەردەم لێوبەخەندە و پێکەنین، بە کردارە سروشتییە سەیر و ساویلکەییەکانی، بە زەردەخەنە و پێکەنینە شیرینەکانی، بە قسە خۆشەکانی کە گوزارشتیان لە پاکی و بێ تاوانی و خۆشەویستی ناخی دەروونیان دەکرد، توانی بەستەڵەکی رەقی و وشکی و بێ سۆزی بتوێنێتەوە و زەردەخەنە بخاتە سەر لێوەکانی باپیرەی و بە تەواوی بیگۆڕێ و بیکات بە مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی ئاسایی و دلۆڤان و نەرمڕەو. توانی رق و وشکی بگۆڕی بە خۆشەویسی و مرۆڤدۆستی. 

ئەو پەند و وانەیەی کە لە چیرۆکی هایدی دان، ئەوەیە کە پێویستە بە چاوێکی رێزەوە، بە دڵێکی نیانی پڕ لە سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانییەوە، منداڵەکانمان بلاوێنین و پەروەردەیان بکەین. پەروەردەکردنی منداڵان شارەزایی و شێوازێکی تایبەتی دەوێت، تامنداڵان لە رووی هۆش و ئەندێشە و دەروونییەوە، بە دروستی و ئاسایی و ئاسوودەیی پێبگەن و رەفتار سەرکەوتووبن، لە قوناغی هەرزەکاری و لاوییاندا رەنگبدەنەوە.

زۆربەی ئەو منداڵانەی، کە لە نێو خێزان و ژینگەیەکی رەق و دڵڕەق و توند و تیژ و هەست وشک و بێبەزەییدا ژیاون و دەژین، ئەو منداڵانە ژیانیان پڕە لە ناخۆشی و لە نەخۆشی و لە گرێی دەروونی، رەفتار نادروست و چەوتن، بەڵکو زۆر جار ئەو ژیانە سەختە و ئەو پەروەردە سەقەتە، دەبنە هۆکارێکی سەرەکی بۆ بڕیاری خۆکوژی،بۆ لە رێدەرچوون و ئەنجامدانی کەتن و تاوانی جۆراوجۆر.

خاتوو یۆهـانا شـپیری لە (٧ی/ یۆنیۆ/١٩٠١)دا، لە زیوریخ کۆچی دوایی کرد، لە گۆڕستانی زیلفیلت دا نێژراوە. بەڵام میراتێکی نەمر (هایدی) ی بۆ منداڵان بەجێهێشت.

هایدی بۆتە کەسایەتییەکی هێما بۆ سویسرا. لە ساڵی (٢٠٠١) بە بۆنەی سەد ساڵەی کۆچی دوایی نووسەری بە ناوبانگ (یۆهانا شپیری) وەکو رێزلێنان و پاداشتێک بۆ ئەو خزمەتە بەرز و گەورەیەی کە پێشکەشی بە نیشتمانەکەی و بە منداڵانی جیهان کرد، سویسرا پارەیەکی دەرکرد کە وێنەی (یۆهانا شپیری) ی لەسەر داناوە. 

پەیکەرێکی زێڕینی شایستەشیان لە (هایـدی لانـد) بۆ یۆهانا شپیری دروستکردووە، چەندین شوێنی رۆشنبیری و قوتابخانە و کۆگاشلە سویسرادا، بە ناوی یۆهانا شپیری و هایدی یەوە ناونراون. (هایـدی لانـد) هەمیشە سەوز و جوانە، گرنگترین گەشتگای سویسرایە، کە ساڵانە بە هەزاران گەشتیار لە هەموو وڵاتانی جیهانەوە رووی لێدەکەن.سویسرا ساڵانە بەم هۆیەوە پارەیەکی باش دەست دەکەوێت. ئەوەی بچێتبۆ سویسرا و نەچێت بۆ (هایـدی لانـد) وەک ئەوە وایە کە سویسرای نەبینیێت.

رەزا شوان 

نەرویج: (٣ی/ سیپتەمبەر/٢٠١٧)