ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

چەندین ساڵە موسڵمانانی بۆرما – میانمار بەهۆی جیاوازی ئاینییانەوە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی بودییەكانی ئەو وڵاتە بەجۆرەها شێوە دەچەوسێنرێنەوە، دەكوژرێن، راوە دوو دەنرێن، لەو چەند رۆژەی رابردووش زوڵم و ستەم دژی موسڵمانەكان لەو وڵاتە گەیشتۆتە لوتكەی دڵرەقی و رەشە كوژی، نەك هەر ئەمە بەڵكو ئەوەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك و ناوەندەكانی تری میدیا دەیبنین لەبارەی رووداوە ترسناكەكانی میانمار و ئەوەی دژە بە كەمپتەی موسڵمانان دەكرێت پیادەكردنی جینۆسایدو پراكتیزەكردنی سیاسەتی پاكتاوكردنی ئاینییە‌و، لەهەمووشی خراپترو كارەساتبارتر بێدەنگی جیهانی سیاسییە لەبەرامبەر ئەم جینۆسایدە تەنانەت نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتانی زلهێزی جیهانیش كە بەردەوام لاق و گەزاڤی مافی مرۆڤ لێدەدەن.

وەكو هەواڵێكی رۆژنامەوانی و فیلمێكی سینەمایی ناواقعی لەكوشتن و راوەدوونانی خەڵكی ئەوێ‌ دەڕوانن.

ئەوەی لەمیانمار روودەدات لەكەیەكی تری شورەیی و سەرشۆڕییە بەتەوێڵ و ناوچەوانی نەتەوەیەكگرتوەكان و ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ و هەموو بڕیار بەدەستانی دنیا.

دەبێت ئێمەش وەكو كورد لە ئاستی بێدەنگی دنیا بەرامبەر موسڵمانانی میانمار ترس و تۆقاندن بمانگرێت و ئەگەری ئەوەش لەسەرنوێ‌ ئەنفالكردن و جینۆسایدێكی تر لەبەردەم داهاتوومان بەكراوەیی بهێڵنەوەو لەو راستییەش تێ بگەین كە ئەمریكا و دنیای سیاسی دەست رۆیشتووی ئەمڕۆ بەرمیلێك نەوتی پێ‌ لەهەزار لەو موسڵمانە میانماریانە بەلاوە گرنگترە كە رۆژانە بەزیندووی دەخرێنە ناو كیسی نایلۆن و دەخرێنە نێو دەریای نێوان بەنگلادیش و میانمار.