ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دابڕانم لە هەگبە خۆشەویستەکەم، وەکو ئەوە وا بوو منداڵێک بووکەشووشەکەی لە چاوەکانی خۆشتر بوێت، لە دەستی بکەوێتە ژێر تایەی سەیارەیەکەوە، بە هەموو هێزی ڕایبکێشێت بۆ ئەوەی نەجاتی بدات، بە کوڵ بۆی بگری و هاواری یارمەتی بکات، وەلێ کەس نەیەت بە دەنگیەوە..!!

دوای ماندوو بوون و ڕۆشتنی دوو ڕۆژ بە پێ و برسیەتی و دەرد و ترس و ناخۆشی و مەینەتی و ڕووداوە دڵتەزێنەکانی ڕێگا، کە یەکێک لە ڕووداوەکان هەڵدێرانی ئەسپەکەی باوکم بوو، کە خۆشی بە سەر پشتیەوە بوو، بە ڕێکەوت لە مەرگ ڕزگاری بوو، ئەو دیمەنە دڵتەزێنە تا مردن لە بەر چاوم دەمێنێ، وەکو گرتەیێک لە فیلمێکی تراژیدیا لەگەڵ هەر دیمەنێکی هاوشێوەی دڵتەزێن خۆی نمایش دەکاتەوە..!!

تاریکی تازە باڵی بە سەردونیادا کێشابوو، کە گەشتینە ڕۆخی شەقامێکی قیڕتاو کراو، لەو بەری شەقامەکە چەند ماڵێک هەبوون، باوکم یادی بەخێر، گووتی لەو خوارەوە بازگەی ڕژێم هەیە، دەبێ دوو دوو بپەڕینەوە، جگە لە خێزانی ئێمە دوو خێزانی تر و چەندەها پێشمەرگەی حزبی شیوعی، کە دوا بارگە و بنەگەی شاڵاوی ئەنفالەکان بووین، لەو ڕێگایەش کە چارەنوسەکەی بوڵێڵ و نادیار بوو وەکو خێزانێک بە یەکەوە بووین، لە کەنارێکی ئارام دەگەڕاین، بۆ ئەوە دوا هەوڵی خۆمان بدەین و خۆمان لەو شاڵاوە ڕەشە ڕزگار بکەین..!!

من هەگبەکەمم توند لە کۆڵ کرد بوو، من و برا گەورەکەم بە یەکەوە پەڕینەوە، کە گەشتینە ئەوبەری شەقامەکە، ڕووبارێکی بچوک هەبوو، بەردەبازی بەڕیز لە ناو داندرا بوو بۆ پەڕینەوە، من خەمی هەگبەکەمم بوو، کە ئەگەر بکەوم تەڕ دەبێت و هەموو یادەوەری و یادگاریەکانی ناوی دەفەوتێن..!!

هەر چۆنێ بێت هەموومان پەڕینەوە، دوای چەند کاتژمێری تر ڕێکردن، تاریک و ڕوونان گەیشتینە، دارستانێکی چڕ و پڕ، هەموومان شەکەت و ماندوو بووین، برسیەتیش تەواو تەنگی پێ هەڵچنی بووین..!!

دیار بوو بڕیار درا، کە لە ناو ئەو دارستانە پشوو بدەین و تا تاریکی دادێتەوە لەوێ بمێنینەوە....

من لە بەر خەو برسیەتیم بیر چووبوویەوە، هەستم بە سەرسوڕان دەکرد، زوو سەرم بە هەگبەکەم کرد، لەگەڵ دەنگ و قسە و نان خواردنی ئەوانی تر، خەوم لێ کەوت، لەوە دەچوو خەوێکی قوڵم لێ کەوتبێ، چونکە ئاگام لە هیچ نەما، وەکو ئەوەی بڵێی، لە ناو پێخەفێکی نەرمدا خەوتبم وا بوو..!!

کاتێک چاوەکانم کردەوە، نیوەڕۆ بوو، کە خۆمم جوڵاند هەموو گیانم ئازاری هەبوو، جگە لە ماندوو بوون ئەو شەوە لە سەر عەرزی ڕەق خەوتبووین کە هەموو گیانمانی تێکشاندبوو....!

دڵمان بەوە خۆش بوو، کە ئیتر هێندەمان نەماوە و دەگەینە مەنزڵگا....وەلێ ئەوەی بیرمان لێی نەدەکردەوە ڕوویدا، هێندەی نەبرد دەنگی فڕۆکەکانی ڕێژم سیخوڕئاسا شاڵاویان هێنا و هەر یەکەمانی بۆ لایێ پەرش و بڵاوە پێ کرد، فڕۆکەکان جوری هێلیکۆپتەر و پیلاتۆز بوون، هێندە نەوی ببوونەوە لە زەوی، تەواو دەبیندران، ئێمە خۆمان لە ناو دارستانەکە حەشار دابوو، هەموو هەناسە و جوڵەمان لە خۆمان بڕی بوو، بۆ ئەوەی شوێنەکەمان ئاشکرا نەبێت، من بۆ چرکەیێکیش لە هەگبەکەم دانەبڕم، توند لە باوەشم کرد بوو، وەکو ئەوەی پێی بڵێم پەیمانت پێ دەدەم جێتناهێڵم، بەڵام داخەکەم بڕێجار ڕێکەوتێک یان گۆڕانکاریێک ڕێڕەوی ئامانجەکان دەگۆڕێ، بێ دەستی تۆ...!!

دوای ئەوەی فڕۆکەکان هیچیان دەستنەکەوت ئەو دەڤەریان جێهێشت و ڕۆشتن و دەنگیان نەما.....بەڵام دیار بوو هەواڵی ئەوە هەبوو کە هەموو ڕێگاکان بە جەیش و جاش و چەکی قورس گیراوە و ناتوانین یەک بستی تر بڕۆین، لە کۆبوونەوەیێکی بە پەلەدا، بڕیاردرا کە خێزانەکان بگەڕێنەوە و بەرەو ناو شارەکان بڕۆن و لەوێ بە شێوەی نهێنی بژیێن، دایکم بەو هەواڵە زۆر نیگەران بوو، دەنگە دەنگێکی زۆر لە نێوان دایکم و باوکم یادی بەخێر ڕوویدا، چوونکە دایکم پێداگری دەکرد کە بە هیچ شێوەیێک ناتوانێ بچێتە شار، لە کاتێکدا هەر چەند مانگێک بوو خوشکە گەورەکەم ( ئەدیبە ) لە زیندانەکانی ڕژێمی بەعس بە لێبووردنی گشتی ئازاد کرا بوو..!

بەڵام چار نەبوو دەبوو هەر بگەڕێینەوە، ئەو شەوە، ئێمە هەرسێ خێزانەکان، بە چاودێری کاکە سەلامی برام و سێ پێشمەرگەی تر، گەڕاینەوە ڕۆخی ئەو ڕووبارەی کە ئێوارەی پێشوو پێیدا تێپەڕیبووین، لەوێ پێشمەرگەکان ماڵئاوایان لێ کردین، بەر لەوەی بڕۆم دایکم، دەستی لە ملیان کرد و زۆر گریا، دیار بوو دڵی پێیانەوە بوو....!

منیش دڵم پڕ بوو، بە براکەمم گووت، ناکرێ تۆش لە گەڵ ئێمە بێی، لە گەڵ ئەوەی دەشمزانی ئەو پێشمەرگەیە و تێپەڕبوونی بە بازگەکاندا مەحاڵە، بەڵام چوونکە دەترسام ئیتر ئەویش وەکو کاکە فرسەتم نەبینمەوە پرسیارەکەم نائومێدانە خستە بەر گوێی، چاوی پڕ بوون لە فرمێسک، گووتی مەترسە یەکتر دەبینینەوە، تا لە چاو وون بوون سەیرم کردن، دواتر لە سەر هەمان بەردەبازەکان دووبارە لە ڕووبارەکە پەڕینەوە، ئەو جارەیان بەرەو نائومێدی....!

کە پەڕینەوە، چووینە ناو ماڵەکانی ڕۆخی شەقامەکە، لە دەرگای نزیکترین ماڵماندا، دەرگایان لێ کردینەوە، دوای ئەوەی زانیمان ماڵێکی بەڕێز و دڵسۆزن، دایکم داوای لێ کردن کە بەیانی زوو، سەیارەیێکمان بۆ بێنن، چوونکە بەیانی زوو بەرەو شار بەڕێدەکەوین......!

من و هەگبەکەم عەیامێک بوو دوو هاوڕێ و هاخەمی گیانی بە گیانی بووین، ئەو شتانەی لە ناو هەگبەکە بوون بریتی بوون لە چوار ئەلبومی وێنە، کە زۆرینەیان وێنەی شەهید فرسەتی برام و هاوڕێکانی بوون، سێ دەفتەری یادگاری و کۆمەڵێک هۆنراوە و پەخشانی جوانی ئەشق ئامێز، ئەشق بۆ نیشتیمان بۆ ئەڤیندارەکەی بۆ ئازادی ، بۆ منداڵە هەژارەکان ، بۆ چینە چەوساوەکان، وێنەکانی ناو ئەلبوومەکە و دێڕ بە دێڕی ناو دەفتەری یادگاریەکان و هۆندراوە و پەخشانەکان مانایێکی گەورەیان هەبوو بۆ من، کەم دێڕیان هەبوو زیاتر لە دە جارم نەخوێندبنەوە، ئاخر هەر دێڕێکیان داستانێک بوون، چیرۆکی ژیان و هەورازە دژوارەکان و حەسرەت و خۆزگەی قارەمانێک بوون، کە گەورەیی ئەوە بە من بخشرا بوو پارێزگاریان لێ بکەم،

پەڕەکانی دەفترەکە لە پەڕی گوڵ دەچوون، بەس من دەزانم چ دەست و پەنجەیێکی زەرد و زراڤ ئەو دێڕانەی ڕۆژانی ژیانی لەوێ داڕشتبوون....!

من دەبوو بە ناچاری ئەو بەیانیە ماڵئاوایی لەو یادگاریانەی بکەم....!

لە یەکێک لە دەفتەری یادگاریەکانی شەهید فرسەتی برای نازدارم نوسیبووی،

" دایە گیان، ئەمڕۆ خۆرەتاوی پاش بارانانە، پەلکەزێڕینە بە ئاسمانەوە ڕەنگ و شەفەقێکی وەکو ئاسۆی ئازادی دەدرووشێتەوە، گەرمایی بە ڕۆحم دەبەخشێ، من ئێستا لە گوندی ( کانی خەزارم ) ئەو گوندەی تۆی لێ گەورە بووی، دەزانی هەموو شوێنەکانی ئەو گوندە بۆنی تۆی لێ دێ، دایە گیان، من ماوەیێک لێرە دەمێنمەوە، خەمی منت نەبێ، تا لێرە بم لە گەڵ تۆ و یادەوەریەکانت وەک دوو دڵدار دەست لە ملانی یەکتر دەبین، دایە گیان کەس نازانێ من کێم، وا دەزانن مامۆستای لادێم، چوونکە پۆلێکم لە خانوە بە خشت درووست کراوەکەی خوار ماڵی خاڵم، بۆ منداڵەکان کردۆتەوە هەموو بەیاینێک وانەی ئازادیان بۆ دەڵێمەوە، فێریان دەکەم کە چۆن داکۆکی لە مافەکانی خۆیان بکەن، دایە گیان، ڕەنگە مەودایێک هەواڵم نەزانیت بەڵام دڵت لام نەبێت من بەرەو کاروانی هاوڕێکانم دەڕۆم"

ئاخ برا گیان، ئەو دێڕانەت، چەندە جوان و جوامێرانە بوون، هەر ئەوەشە وای کردوە لەو ساتەوە هەموو منداڵە هەژارەکان و دار و بەردی لادێکانیشم خۆشبووێن قەد و باڵای بەرزی مامۆستایێکی بەژن زراڤ لە یادەوەریەکانم بۆ ئەبەد بمێنێ، ئاخ چەندە نازدار بووی..!

ئەوانە و چەندەها ڕۆژی تر و یادگاری تر کە ببوونە پارچەیێک لە ڕۆحم لە ناو ئەو هەگبەیەی دوای شەهید بوونی تاکە یادگاری بوون جێما بوون، 

دەبوو بە ناچاری ماڵئاوایان لێ بکەم، چوونکە نەدەبوو بە بازگەکاندا تێپەڕن، 

بەیانی زوو، چوومە بەر دەم ژنە خانەخۆکە، هەگبەکەم توند لە باوەش گرتبوو، هەموو گیانم دەلەرزی وەک بڵێی بە زۆر لێمی بستێنێ وا بوو،

بە دەنگێکی لەرزۆک و لە سەرخۆ گووتم، دایە گیان دەتوانی ئەو ئەمانەتەم بۆ هەڵگری؟

گووتی، ئەو هەگبەیە چی تیایە؟ گووتم، ئەوانە یادگاری براکەمن کە شەهید بووە توخودا، تکات لێ دەکەم چاوت لێیان بێت و پارێزگاریان لێ بکە.....دەستی درێژ کرد لێمی وەرگرێ..!!

من تونتر لە باوەشم کردن، لەو ساتەوەختە دایکم بانگی کرد گووتی دەی بەڕێدەکەوین، گووتم دایە حەز ناکەم ئەو سەفەرە بکەم..!

لەو کاتەدا ژنەکە هەگبەکەی لە باوەش دەرهێنام و بە ڕاکردن بەرەو ژوورەکە چوو، هەگبەکەی لە نێوان ئەو لێفانەی لە سەر شڕە کەنتۆرێک قەد کرا بوون ئاخنی، منیش بە چاوی پڕ لە فرمێسک ماڵئاوایم لێ کرد، بەڵام لە یادەوەریەکانم هەر بۆ ئەبەد ناسڕێنەوە...!!

ئەو شەو مۆمێکم داگیرساند و بە دەم سوتان و توانەوەی مۆمەکەوە، بەشێکی ئەو یادەوەریە پڕ لە ئازارەم نوسیەوە، لەگەڵ ئەوەی باوەڕ ناکەم هیچ نوسینێک بتوانێ گوزارشت لە ئازاری یەک چرکەی ئەو ساتە وەختانە بکات....!

نەرمین نەجمەدین مامۆ

شەوی ۲۹ / ۱۲ / ۲۰۱۷

  • 1