ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ماوەیەک پێش رودانی ئەو چالاکیانە. هەواڵ گەرم بو کە بەم زوانە لە هەرێم دا ڕاپەڕین ـ ێک ڕوئەدات ... لە قاموسی چالاکی جەماوەی دا ـ ڕاپەڕین ـ دوا پلەی خۆپیشاندانەکانە کە نەگەیشتون بە ئامانج. واتە دوا هەوڵ و تەقەلای جەماوەریانەیە. بۆ مل کەچ پێ کردنی دەسەڵات یان ڕوخاندنی.

ئەو خۆپیشاندانانەی [١٧, ١٨, ١٩ /١٢] بەو شێوەیەی ڕویاندا ـ سوتاندنی بارەگای حزبەکان و پەلاماردانی دام و دەسگاکانی حکومەت بەرەو سازدانی ڕاپەڕینێک ئەچو بۆ روخاندنی حکومەتی هەرێم!!

گومان لەوە دا نیە کە ماوەی چوار ساڵە ئەم هەرێمە دوچاری قەیرانێکی ئابوری و دارایی هێنراوە و بوە بە مایەی هەژاری و بێ کای و کەم بونەوەی خزمەتگوزاریەکان و دەستکاری کردنی موچەی فەرمانبەران / یش کە مالیکی دەستی پێ کرد. هێندەی تر باری ژیانی زۆربەی دانیشتوانی گران کرد ... حکومەتی هەرێم/ یش واتە حزبە حوکم بەدەستەکان / یش. لەبەر ململانێی دەسەڵات و داهات لە نێو خۆیاندا. لەم ماوەیەدا هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک هەڵنەنا!!

سەرباری ئەم وەزعە نالەبارە ڕوداوەکانی پاش ١٦ / ئۆکتۆبەر ٢٠١٧ پەلاماردانی کەرکوک و دوزخورماتو و شارۆچکەکانی دەوربەریان بە هێزی سوپاو (حەشدی شەعبی) و ئاوارەکردنی زیاد لە ١٥٠ هەزار کوردی ئەو ناوچانە و سەپاندنی گەمارۆی ئابوری بەسەر هەرێم دا هێندەی تر بارودۆخەکەی ئاڵۆزکرد و خەڵکە هەژارەکەی بێزارتر کرد. لەلایەکی تریشەوە حکومەتی بەغداد بە نیازی هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتەی هەرێم هەمو پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەرێم دا بڕی. ئەمانە هەمویان هۆکار بون هۆکاریشن بۆ دەربڕینی نارەزایی جەماوەرە برسی و هەژارەکە. خۆپیشاندان و مانگرتنی ئاشتیانە مافێکی ڕەوای ئەو خەڵکە برسی و بێکارەیە. بەڵام ئاڕاستەکردنی چالاکیە جەماوەریەکانی خەڵک لەلایەن چەند گروپ و کەسانێکەوە کە لەم کەین وبەینەدا وەک قارچکی بەهار هەڵتۆقێنراون و هیچ ڕابوردویەکی مێژویی و نیشتمانی / یان نیە بەو شێوەیەی کە روی دا, یان بەتەمان دوبارەی بکەنەوە !! دەقاو دەق لەگەڵ نیاز و مەبەستی حکومەتی بەغداد و ئێران و لایەنگرانیان یەک ئەگرێتەوە. کە لەگەوهەردا ئەیانەوێ فیدراڵی هەریمی کوردوستان بێگڕنەوە بۆ حوکمە زاتیەکەی (سەدام حوسەین) وەکو عەبادی داوای ئەکات!! ئەم کۆرو کۆمەڵانە تەنها و تەنها مەبەستیان ئەوەیە دەست بەسەر حوکمدابگرن. واتە دیسان شەڕەکە لەسەر هەریسەکەیە. نەک لەسەر داوا و خواستی ئەو جەماوەرەی کە ئەیانەوێ تەفرەیان بدەن و چەواشەیان بکەن..

وەکو یاریزانەکان ئەڵێن:" ئەمڕۆ تۆپەکە لە گۆڵی حکومەتی بەغداد ـ دایە" گەمارۆی ئابوری, دابڕان لەگەل هەرێم. ئامادەنەبون بۆ وتووێژ سەرەڕای پاشەکشێ کردنی حکومەتی هەرێم لە زۆر شت. کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی فیدراڵی, نەدانی موچەی فەرمانبەران لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە .... هتد. ئەم هەڵوێستە نەیارانە بێ چەندو چونە پێمان ئەڵێ: خۆپیشاندان لە پێناوی چیابکەین, ئاڕاستەی کام لایەنی بکەین؟! ئەی بۆچی نەکرێن بە گوشار لەسەر بەغداد و پشتیوانەکانی لە پێناو ئەو داخوازیانەدا کە بێ گومان ئەبنە هۆی ئەهۆنکردنەوەی بارودۆخەکە و ئارامی ناوچەکە و باشترکردنی ژیانی خەڵک و خۆشکردنی زەمینە بۆ سازدانی هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە کە ببێتە مایەی دامەزراندنی حکومەتێکی یەکگرتوی کارامە لەم هەرێمەدا. بۆ خۆپیشاندانەکان گوشار نەبن لەسەر دام دەسگا نێو دەوڵەتیەکان تا عەبادی ناچار بکەن بۆ گفتوگۆ. بۆ ئاڕاستەنەکرێن دژی (تەعریب) لە کەرکوک و دەوروبەری تاکەی تێ ناگەن کە دوژمن ئەیەوێ بەدەستی خۆمان ماڵ وێرانمان بکات!!