ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئیرنس مەندڵ نوسەری كتێبی (بزوتنەوەی خوێندكارانی شۆرشگێر، لەناو دڵی پرۆلیتاریكردنی كاری زەینیدا لە وەرگێرانی بابان ئەنوەر) .

لە ڕاستیدا ئەم کتێبە چەندین ناونیشانی دیکە هەڵدەگرێت و دەکرێت هەر یەکێک لەو ناونیشانانەش ببنە پێناسەیەک و گوزارشتێک لە ناوەڕۆکی ئەم کتێبە و ئایدیا و تێزەکانی، ئەوەتا مەندڵ کۆمەڵێک خاڵی کردۆتە تەوەری سەرەکیی باسەکانی، لەوانە پرسی پێکەوە گرێدانی "تیۆر" و "پڕاکتیک" و قووڵکردنەوەی ئەم بابەتە تا ئەو ئاستەی هیچ بوارێک نەمێنێتەوە بۆ قسەکردن لەسەر تیۆری بێ پڕاکتیک (کە مەندڵ بە تیۆرێکی نەزۆک ناوی دەبات) لەگەڵ پڕاکتیکی بێ تیۆر (کە نووسەر بە پڕاکتیکێکی بێ ئەنجام ناوی دەبات). بابەتێکی دیکەی سەرەکی لەم کتێبەدا بریتییە لە باسێکی دوورودرێژ لەسەر زانکۆ و (ڕۆڵی گۆڕاوی زانکۆی بۆرژوازی) و پێگەی خوێندکار لەناو زانکۆدا، باس لە ڕیشەکانی پەیوەندیی نێوان زانکۆ و خوێندکار دەکات، کە چۆن لە قۆناغێکدا زانکۆ جێگەی خوێندنی کەسانی خانەدان بووە، بەڵام لەگەڵ خواستە زۆرەکانی سەرمایەدارییدا بۆ دەستی کاری کارامە، ئیدی پێویستی ئەوە دێتە ئاراوە زانکۆ زۆرترین خوێندکار وەربگرێت و ببێتە کارگەیەک بۆ وەڵامدانەوەی خواستەکانی مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری (کە لە هەردوو قۆناغەکەدا زانکۆ ناوەندێکی شۆڕشگێڕ نەبووە بە مانا مارکسییەکەی)، بە مانایەکی دیکە ئەوە بازاڕە تەحەکوم بە خواستی خوێندنی خوێندکارانیشەوە دەکات و شێواندنێکی گەورەی هێناوەتە ئاراوە بەرامبەر بەشەکانی زانکۆ و زانستە مرۆییەکان بە چاوێکی کەمتر تەماشا دەکرێن. لەوێوە مەندڵ دێتە سەر باسێکی دیکەی هاوپەیوەند (کە بۆتە ناونیشانی دووەمی کتێبەکەش)، ئەویش "بەپرۆلیتاریکردنی کاری زەینی"ـیە، گەر چەمکەکە ڕوونبکینەوە مەبەستی نووسەر خستنەڕووی هەمان ئەو پڕۆسەیەیە کە چەندین ساڵە لەگەڵ مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییدا سەریهەڵداوە، ڕێسای خواست و خستنەڕوو، بەڵام ئەم جارە لەناو کاری زەینییدا، واتە بۆ نموونە چۆن پیشە نادەستییەکانی دەرەوەی کارگە، لە نموونەی پزیشکی و مامۆستایەتی و پارێزەرایەتی و ...هتد دەکەونە بەر نەشتەری بەکاڵاکردن و دەرهێنانیان لە قاڵبە کۆمەڵایەتییەکانیان و فڕێدانیان بۆناو قاڵبێکی ئابووریی و قازانخوازی. دواجار دەتوانین بڵێین ئەم کتێبە پانۆرامایەکی گشتی و هاوکات دیدێکی ڕەخنەیی و بگرە ئەڵتەرناتیڤێکی شۆڕشگێڕیی لەخۆیدا هەڵگرتووە بۆ هەموو ئەو شتانەی لە کۆمەڵگەدا کراون بە کاڵا و مرۆڤ لە کایەیەکی وەک زانکۆوە بەریدەکەوێت تا دەگات بەو پیشە و پلە باڵایانەی لە کۆمەڵگەدا شەڕە لەسەریان و بەهۆی ویستی بازاڕوە مرۆڤ ڕوویان تێدەکات بۆ خوێندن، نەوەک بۆ گەشەپێدانێکی شۆڕشگێڕانە بە زانست. بێگومان هەموو ئایدیاکان و سیاقی زەمەنی و فکریی کتێبەکەش، بریتییە لە ڕووداوەکانی ئایاری ٦۸ی فەڕەنسا و جوڵانەوەی خوێندکاران. ئەم کتێبە بەرهەمی دەزگای (ئایدیا)یە و ئێستا لە کتێبخانەکان دەستدەکەوێت... وەک مژدەیەکیش بۆ خوێنەرانی ئەزیز، وەک یەکەم جێگە ئەم کتێبە ئێستا بە داشکاندنەوە لەو پێشانگای کتێبە دەستدەکەوێت کە لەناو بازاڕە میللییەکەی کارگەی جگەرەی سلێمانی کراوەتەوە (لە بەشی کتێب و جەناحی دەزگای ئایدیا).

 

  • 1