ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وتاره‌كه‌ی دكتۆر به‌رهه‌مم خوێندنه‌وه‌.سێ سه‌رنجی كورتم له‌لا گه‌ڵاڵه‌ بوو:

یه‌كه‌م: وتارێكه‌ به‌نه‌فه‌سێكی عێراقیانه‌ نووسراوه‌،به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ زۆربه‌ی راپه‌ڕین و شۆڕشه‌كانی كورد به‌ ده‌ستی ده‌ره‌كی ده‌زانێت.به‌تایبه‌تی كاتێك له‌ وتاره‌كه‌یدا به‌ڕاشكاوی نووسیوویه‌تی"مێژوو سه‌لماندویه‌تی كه‌ ئه‌گه‌ر كورد له‌رووی سه‌ربازییه‌وه‌ بشكێت، ئه‌وا له‌شاخه‌كان كۆبونه‌ته‌وه‌و زۆرجار به‌پاڵپشتییه‌كی ده‌ره‌كی دۆخه‌كه‌ وه‌ك خۆی به‌رده‌وام بوه".

ئاخر نه‌فه‌سه‌ عێراقییه‌كه‌ی وای لێكردووه‌ پێی وابێت كه‌ له‌عێراقدا یه‌ك خواستی چاكسازی هه‌بێت.ئه‌و نووسیوویه‌تی"خواسته‌كانی چاكسازی له‌سلێمانی و هه‌ولێر ته‌واو هاوتایه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مان ئه‌و خواستانه‌ له‌ به‌صره‌و ئه‌نبارو به‌غدا".جارێ له‌سه‌رتادا یه‌ك خواست نه‌ك له‌عێراق به‌ڵكو له‌ كوردستانیشدا بوونی نیه‌.ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ خواستی جیاجیان و هه‌ركێز خواسته‌كانی هه‌ولێر و ئه‌نبار و به‌صرا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌غدا یه‌ك نه‌بوون ،به‌لای كه‌مه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا!

دووه‌م: زۆر ناواقیعی و كورتبینانه‌یه‌.تائه‌و ئاسته‌ی پێی وایه‌ كه‌ زۆرینه‌ی كورد پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی وه‌لاناوه‌و روویكردۆته‌ وه‌همی چاكسازی و حوكمی ره‌شید له‌به‌غدا. ئه‌وه‌تا ده‌نووسێت"وادیاره‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌مێژوی هاوچه‌رخی ده‌وڵه‌تی عیراقدا، زۆرێك له‌كورد، داخوازی چاكسازی ناوخۆیی و حوكمڕانی ره‌شید ده‌خه‌نه‌ پێش دروشمه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه‌. ئه‌مه‌ش گۆڕانكارییه‌كی زۆر گرنگه و پێویسته‌ به‌ووردی خوێندنه‌وه‌یه‌كی راستی بۆ بكرێت".

من نازانم زۆرێك له‌كورد كێیه‌،كه‌ پرسی نه‌ته‌وایه‌تی وه‌لاناوه‌،ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوڵاتیانی كورد پێویستیان به‌ مووچه‌ هه‌یه‌ له‌ به‌غدا و چاوه‌ڕوانی مووچه‌كه‌یانن له‌به‌غدا ئه‌وه‌ به‌مانای ئه‌وه‌ نایه‌ت كه‌ پرسی نه‌ته‌وه‌یی وه‌لاناوه‌.به‌ڵكو ئه‌وه‌ دوو كه‌یسی لێك جودان.ئه‌گه‌ر پێشی وایه‌ كه‌ ئه‌و سێ حزبه‌ی چوونه‌ به‌غدا زۆرینه‌ی كوردن .ئه‌وه‌ جارێ زووه‌ ئه‌و بڕیاره‌ بدات،ده‌توانێت پاش چه‌ند مانگێكی دیكه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ بكات و هه‌ڵبژاردن ورێژه‌ی ده‌نگه‌كان ئه‌و كات سه‌نگی مه‌حه‌ك ده‌بێت.

سێیه‌م: وه‌ك هه‌میشه‌ سیاسه‌ته‌كانی وابه‌سته‌ی بانكی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و سندوقی نه‌ختینه‌یه‌.ئه‌و پێی وایه‌ ئه‌وه‌ یه‌كێك ده‌بێت له‌ هه‌وڵه‌كانی خوشگوزه‌رانی ئابووری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و به‌رهه‌مهێنان له‌عێراقدا. ئه‌و نووسیوویه‌تی"

هه‌روه‌ك واباشه‌ له‌به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م سندوقه‌دا دامه‌زراوه‌ داراییه‌ جیهانییه‌كانی وه‌ك سندوقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و بانكی نێوده‌وڵه‌تی و بانكی ئیسلامی به‌شداربن".

سیاسییه‌كانی عێراقی دوای 2003 كه‌ دكتۆر به‌رهه‌م یه‌كێكیانه‌ هه‌میشه‌ پشتیان به‌و ده‌ستگا جیانییانه‌ به‌ستووه‌ كه‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی عێراق زیاتر له‌ 100 ملیار دۆلار قه‌رزار بێت،قه‌رزه‌كانیش هاوڵأتیان بیده‌نه‌وه‌،به‌نزین و نه‌وتی له‌سه‌ر گران بكه‌ن ،مووچه‌كانیان كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و...تد.

بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ش وه‌ك هه‌رجارێكی دیكه‌ ئه‌و دیده‌ی دكتۆر جگه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی قه‌رزی زیاتر و هه‌ژاتركردنی خه‌ڵكی هیچی دیكه‌ی لێ شین نابێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌رابردووا نه‌بوو!

  • 1