ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

به‌رله‌هه‌موو شتێ ده‌مه‌وێت به‌م به‌سه‌رهاته‌ ده‌ستپێبكه‌م .(حامید به‌گی جاف ) له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا له‌ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌ڵه‌مڕه‌ویی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا بڕیار ده‌دا كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتیدا گورگ و مه‌ڕ پێكه‌وه‌ ئاوو بخۆنه‌وه‌ .بڕیار ده‌داته‌ ده‌ست و پێوه‌نه‌كانی به‌چكه‌ گورگێكی نه‌وزه‌دی بۆ په‌یدا بكه‌ن كه‌ شیری دایكه‌ گورگه‌كه‌ی نه‌خواردبێت ،پاش گه‌ڕان و ماندوبونێكی زۆر ڕێیان له‌به‌چه‌ گورگێكی تازه‌ په‌یدا بوو ده‌كه‌وێت و ده‌یهێننه‌ خزمه‌تی (حامید به‌گ ) ئه‌ویش ده‌ستور ده‌دات كه‌ ئه‌و به‌چكه‌ گورگه‌ به‌شری مه‌ڕ و له‌گه‌ڵ مه‌ڕه‌كاندا گه‌وره‌ و به‌خێو بكرێت.

به‌لێ به‌چكه‌ گورگ له‌گه‌ڵ مه‌ڕه‌كاندا به‌خێو ده‌كرا و ورده‌ ورده‌  تا گه‌وره‌ بو ،لێره‌و له‌وێ خه‌ڵك به‌ بینینی ئه‌م دیمه‌نه‌ هه‌واڵه‌كه‌یان به‌نێو خه‌ڵك دا بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی (حامید به‌گی جاف ) دا ئه‌وه‌تا گورگ و مه‌ڕ پێكه‌وه‌ ئاو ده‌خۆنه‌ ...بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ یه‌كێك بوو له‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی كه‌ مایه‌ی شانازی جه‌نابی داود به‌گی جاف بوو . به‌ڵام ئه‌م هه‌واڵه‌ زۆری نه‌خایاند ،ئه‌وه‌بوو له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بونی دا گورگه‌ هه‌ستی كرد له‌مه‌ڕه‌كان جیاواز تره‌ و ئه‌م به‌شكڵی ئه‌و ناچێت و ئه‌وان مه‌ڕ و ئه‌و گورگه‌  بۆیه‌ بیری كرده‌وه‌ پێویسته‌ به‌ڕاستی ده‌بێت گورگ بێت و وه‌ك گورگیش بیر بكاته‌وه‌ و ڕه‌فتا ربكات .

تا شه‌وێك گورگه‌ به‌رده‌بێته‌ گیانی ڕانه‌مه‌ڕی به‌گزاده‌ی جاف و تا توانیویه‌تی مه‌ڕه‌كانی قه‌ل وپاچه‌ كروه‌ و دواتر شوێنه‌كه‌ی به‌جێ هێشتوه‌ و ڕوكردۆته‌وه‌ چه‌م و دۆڵ و كێوه‌كانی ناوچه‌كه‌  .

ئه‌مه‌ كۆتایی به‌سه‌رهاته‌كه‌یه‌ ،لێره‌وه‌  ده‌توانین ئه‌وه‌ بڵێین ده‌كرێت بۆماوه‌یه‌كی كاتی و بۆ مه‌به‌ستێكی تایبه‌ت له‌ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌كه‌ لابده‌ین و به‌شێوه‌یه‌ك ناوه‌ڕۆك و مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی له‌لای زۆرینه‌ی خه‌ڵك بخه‌ینه‌ ڕوو كه‌ بتوانین ببینه‌ جێ بڕوا بۆ به‌دیهێنانی مه‌رامه‌ تایبه‌ته‌كان ،به‌ڵام هه‌ڵماڵینی ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی كارئه‌كته‌ره‌كان له‌و كاته‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ بۆ دواجار مه‌راسیمی ڕاسته‌قینه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئه‌سڵیه‌كه‌  ده‌بێته‌ ئامانج  .

ئه‌گه‌ر چاوێك به‌گه‌مه‌ سیاسیه‌كانی نێۆ ساحه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستاندا بگێرین ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی له‌ئێستادا ته‌واوی ئه‌و هه‌وڵ و ده‌نگۆییانه‌ی داوای دیموكراسی و به‌دیهێنانی ئازادی و ژیانێكی باشتر بۆ كۆمه‌لانی خه‌ڵك لێره‌وله‌وێ به رز ده‌كرانه‌وه‌ ،چیتر ناتوانن درێژه‌ به‌ هه‌لخه‌له‌تاندن خۆڵكردنه‌ چاوی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ی بده‌ن و خۆیان وه‌ك پاڵه‌وانی ڕۆژانی سه‌ختی خه‌بات و مامۆستاو ڕابه‌ری دیموكراسیه‌ت نمایش بكه‌ن .

ئه‌وه‌تا ئیتر به‌ئاشكرا و بێ هیچ ته‌مومژییه‌ك كه‌وتونه‌ته‌ چاوسوركردنه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌كردن و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆئه‌سڵی خۆی . وه‌ك به‌چكه‌ گورگه‌كه‌ی لای حامید به‌گی جاف .

  • 1