ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
 
لەو رۆژەوەی دەستەواژە گرنگەكەی ترۆتسكی"كەم لە سیاسەت , زۆر لە ئابووری"م خوێندۆتەوە , لەو كاتەوەی گەلحۆیەكی وەك بۆشی باوك نەیزانی ئابوری سەری كورسیەكەی لەبەرامبەر كلنتۆن دەخوات, دەزانم شیكاری ئابووری و  ژمارەكان چەندە گرنگن و سوكانی سیاسەتیشى بە دەستەوەیە, بۆیە چۆن بیركاری سەردەمی  قۆناغی سەرەتایم لەبەر بوو, ئاواش دروستی  ژمارەكان لام پیرۆزە, دەزانم  وردە سیاسیەكانی سەر شاشەكان بە كەیفی خۆیان ژمارەكان  بەكار دەهێنن, چۆنیان بوێت ئاوای دادەڕێژن,حكومەتەكەش هێندە گەندەڵە ناتوانێت وەڵامیان  بداتەوە , بە كورتی دەزانم نەوت لە مانگێكدا هەر چركەیەك نرخەكەی دەگۆڕێت, ئەوەش دەزانم نەوتی كوردستان لە بەهەشتەوە نابارێت تا باشی باشەكە بێت و بە نرخی ستانداردی برێنت لە بازاڕ بفرۆشێت, دەشزانم كوردستان هەرێمێكەو بەس و نەوتەكەی لە مەزادی بازاڕدا بە هەرزانتر دەفرۆشێت, چاكیش دەزانم نەوت تا دەگاتە  سەر زەوی لەم كوردستانە 13 بۆ 14 دۆلار  تێچویەتی و  ناردنیشی بۆ سەر ئاو پارەی ترانسفێری  دەوێت, توركیاش ئەوەندە مرۆڤ دۆست نییە لەبەر خاتری كوردان لەو بەشەی خۆش بێت , ئەوەش دەزانم نەوت بهاتبایەتە خوار 23 دۆلارەوە دەرهێنانی زەرەر وو لە كوردستان, با زۆر سەرتان نەیەشێنم  هەموو ئەوانە دەزانم, لە بەرچاویشمە  دوای 16ی ئۆكتۆبەر بەرهەم هێنانی نەوت لە 600 هەزار بەرمیلەوە  بۆ 250  هەزار بەرمیل دابەزیووە, وەلێ دوای هەموو ئەمانە و پرسیاری زۆری دیش  مافی خۆمە پرسیارێك بكەم بۆ موچە نادەن ؟,  بۆیە پرسیار دەكەم چونكە دەزانم بایی موچە داهاتی نەوت  هەیە,چونكە داهاتی نەوتەكە  ئێستا زیاترە  لەوكاتانەی نەوتی برێنت لە بازاڕدا 30- بۆ 40دۆلار نرخی بوو بە حیساب و كیتابی بیركاریانە  نەك هات و هاواری سەر شاشەی سیاسیانە , لەكاتەی بە 40 دۆلار بوو نەك 27  و ژمارەكانی دی , مانگانە نزیك 340 ملیۆن دۆلار دەمایەوە , ئێستا لانی كەم ئەگەر 40 دۆلار سافی بمێنێتەوە لە بەرمیلێك لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە  نرخەكەی لە 63 دۆلار نەهاتۆتە خوار , ئەوا داهاتی 300 ملیۆن دۆلارە, من باسی دزی و فزییەكان ناكەم ژمارەی فەرمییەكان شیكاری دەكەم , ئەگەر ئەوكات حكومەت مانگانە چارەكە موچەكەی دابێت,خۆ ئێستا دوای بایۆمەتری دەتوانێت هەمان موچە بداتەوە , وێڕای ئەوەی سنوری جوگرافیای حكومەت بچوك بۆتەوە و بەمەش خەرجییەكانی كەمبۆتەوە, با بیكاتە 34 رۆژ جارێك بە پێوەرە كۆنەكەی خۆی , وەلێ ئەوە 75 رۆژە موچەی نەداوە بە خەڵك ,  ئێستا ئەگەر باسی پارە دزراوەكان  و زەوییە تاڵانەكان و   .... شتی وا نەكەین , مافی خۆمان نییە  داوا بكەین  كوا موچە؟؟؟؟, ئەوەی بۆم دەركەوتووە حكومەت قۆناغ بە قۆناغ دەمانباتەوە بۆ  بارودۆخی ژیانی ساڵی 1991 بەدواوە, هەموو تەوەقوعاتێكی ژیانێكی باشتری لە جەستەی خەڵكدا بە پرۆسەیەكی چەند ساڵە كوشت, هەموو ناڕەزایەتییەكی ئابووری هاووڵاتیانی لە شەڕی كورسیەكانی حیزبەكاندا سوتاند, ئەگەر موچە دەنگی بۆیان كۆكردبێتەوە, ئەوا لە داهاتوودا هەر خودی موچە كورسییەكان دەسوتێنێت.

 

  • 1