ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، مەسەلەی گەڕاندنەوەی سپای سوریە بۆ ئەفرین، باسێکی سەرەکیی مێدیاکانی نێونەتەوەییە. بەداخەوە مێدیاکانی کوردیی رۆژئاوا و و باشور و باکور، هەتا ئێستا شیکارییەکی ئەوتۆیان لەسەر ئەو بڕیاڕەگرینگە نەهێناوەتە بەرباس کە دەکارێ ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی ئاڵۆز لەو بەشەی کوردستاندا. 

ئەفرین بە خۆڕاگریی بێ وێنە و قارەمانانەی شەڕوانو خۆبەخەش و تێگرای دانیشتوانی و بەتایبەت ژنانی کورد، بۆتە خوڵقێنەری ئەفسانەیەکی نوێی خۆڕاگریی و بەرخۆدانی بەرەی مرۆڤایەتی لە بەرانبەر داگیرکەرانی تیڕۆریستی تورکیەدا. جیهان سەری لەئاست ئەو خۆڕاگرییەی شارە دەستەخوشکەکەی کۆبانی سوڕماوە و سەرەڕای سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانەی دەوڵەتە بە ناو دێمۆکراتەکانیش، بیروڕای گشتیی جیهانی پێشکەوتوو، لەگەڵ ئەفرینە. هەربۆیەش ئەو مەسەلە لە مێدیاکانی وڵاتانی پێشکەوتوودا بۆتە مەسەلەی ڕۆژ. 

بەداخەوە لە ناو هێزەکانی کوردستانیدا، بەرخۆدان و فیداکاریی لەو پەڕی بەهێزی دایە و سیاسەت لەوپەڕی نزمی. گەر ئێمەی کورد خۆمان چاو بەو کەمایەسیەدا نەخشێنینەوە، ناکرێ چارە بکرێ. گەورەترین لاوازیی کورد یەکنەبوون و ڕاڕاییە کە لە سەرەتای داگیرکرانی کوردستانەوە لە لایەن عەجەم و عوسمانی وەک خۆرە لەدەرووندا، هەناوی کوردستان لە بەین دەبا و بۆتە هۆی تێکشکانی پەیتا پەیتای بزاڤی کورد لەو چەند سەدەیەدا. خۆ بەستنەوەی کورد لە بەشێک لە کوردستان بە داگیرکەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، بەرهەمی ئەو ڕاڕایی و یەکنەبوونەیە کە بۆتە نەخۆشیی شێرپەنجە ئاسای ناو هێزە کوردستانیەکان. 

هێرشی سپای فاشیستی ئیسلامیی ئەردۆغان بۆ سەر ئەفرین، بەرهەمی خولیای ئەردۆغان کە خۆی لە قاپێلکی خەلیفە تورکەکانی عوسمانیدا دەبینێ نییە. ئەو هێرشە ئەنجامی پڵانێکی داڕێژراوی داگیرکەرانی کوردستانە و درێژەی پیلانەکانی پێشووی هێرشی داعەش و داگیرکردنەوەی کەرکوکە بە ئامانجی سڕینەوەی هەرچەشنە دەسەڵاتێکی کورد لەسەر نیشتمانی خۆی دا. هەبوونی دەسەڵاتێکی کوردی چ بەناوی هەریمی کوردستان لەباشور و یان کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا، چەقڵە لە چاوی داگیرکەراندا. سیاسەتوانەکانی داگیرکەران ئەوە ناشارنەوە و بە ڕاشکاوی پەیتا پەیتاش دووپاتی دەکەنەوە. گەر بە وردی سەیری ئەو ڕووداوانە بکەین کە لەبەرچاوی هەموومان لەو چەند ساڵەدا قەوماون، بەهاسانی بۆمان دەردەکەوێ کە لەباری سیاسیەوە کورد بە گشتی زۆر لاوازە و لەباری خۆبەختکەریی و بەرخۆدان و بەرهەلستکارییەوە، لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە. 

1- هێرشی داعەش

داعەش، بەرهەمی ڕاستەوخۆی پیلانە شۆڤارییەکانی دەزگاکانی شۆڤاری و زانیاری وڵاتانی ناوچە و پشتیوانە زلهێزەکانیان بوو. ئەو دەزگا تیروریستیە بە پارەی سەعودی، قەتەر و تورکیە، وە بە ڕاهێنانی سپاییی و تێکنیکی ڕاستەوخۆی تورکیە و هاوکاریی دارایی و سپایی کۆماری ئیسلامی سازکرا. بە دەستوری ئێران، دەوڵەتی عێراق پارێزگای موسڵی بە کەرەسەی سپایەکی سیی هەزار کەسی لە چەک و سیڵاح و پێداویستیەکانی لۆجیستیکی هەرە مودێرن و نیزیکەی دوو میلیارد دوڵار پارەوە، بۆ ٨٠٠ تیرۆریستی داعەش بەجێ هێشت. مەبەستی سەرەکی ئەو هاوپەیمانیە نهێنیە سرینەوەی باشوری کوردستان بەدەست داعەش بوو. 

بۆ ئەو مەبەستەش داعەش لە ساڵی ٢٠١٢وە لەلایەن ئەردۆغانەوە، هێڵی سەرەکیی بۆ دیاریکرابوو کە هێرش بردن بۆ سەر ئیزدیەکان بوو . ڕۆژنامەی سەباح لەو ساڵەدا وتاری ئەردۆغانی بڵاو کردبۆوە کە ئیزدیەکان بە کافر ناو دەبا و خوین و گیان و ماڵیان بۆ موسڵمانان بە حەڵاڵ دەزانێ. 

ئەنجامی ئەو هێرشە بوو بە هۆی ژێنوسایدی خوشک و برایانی ئیزەدیمان. لە کۆبانی کچانی کورد بە خۆڕاگریی بێ وێنە، شەرەفی کوردیان کڕیوە و گیانی بەرخۆدان سەرانسەری کوردستانی داگرت و پاڵپشتیی جیهانیی بۆ کورد مسۆگەر کرد. گریلا و پێشمەرگە لەسەرانسەری ئێراق و سوریەدا بەربەرەکانیی ئەو جڕو جانەورانەیان کرد کە هەتا ئێستاش وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان ناتوانن حاشا لەدەوری کورد لە شکاندنی پشتی داعەشدا بکەن کە نە تەنها مەترسیی بۆ ناوچە هەبوو، بەڵکوو ببوو بە هۆی گەلێک تیرۆڕ و کۆمەڵکوژی لە ئوروپاشدا. پیکهاتنی چەشنێک یەکێتی لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا بوو بە دەسکەوت بۆ نەتەوەی کورد هەم لە رۆژئاوا و هەم لە باشوردا. بەڵام بەداخەوە ئەو یەکێتیە کاتی بوو. 

2- باشور و خەیانەتی کەرکوک

دوژمنانی داگیرکەر، بە هاوکاری و هاوبیری و پشتگری و بێ تەفاوەتیی وڵاتە زلهێزەکان، لەسەر لێدانی ئالقەی هەرە لاواز یەکیان گرت. ئاڵقەی هەرە لاواز باشور بوو کە بەدەست دووبەرەکی و ڕاڕایی و گەندەڵکارییەوە، لەو پەڕی وەدەست هێنانی مافێکی دان پیداهێنراودا لەدەرونەوە لاواز ببوو. سیخوڕەکانی ئیران و تورکیە تەراتێنیان تیدا دەکرد و لە باری ئابورییەوە ببوو بە کلکەی بازاری ئەو دوو داگیرکەرە. 

باشور کەوتبووە بەر هەڕەشەی پیلانێکی مەترسیدار کە بەغدا بە سەرپەرستیی کۆماری ئیسلامی دەسپێکەری بوو بە بڕینی بودجەی دان پێدا هێنراو بۆ کوردستان و پەسەندکردنی یاسای دژ بە دەستوری فێدڕاڵی بە هۆی زۆرینەی دەنگەکانی حیزبەکانی عێراقی. بەڕیوەبەرایەتیی باشور گەرچی درەنگ بەڵام بە ڕیفڕاندۆم بەرەنگاری ئەو پیلانە بۆوە و توانیی بەسەرکەوتن لە ڕیفڕاندۆمدا بە ڕێژەی ٩٢ لەسەتی دەنگ بۆ سەربەخۆیی و متمانە بە یەکڕیزیی بەشێکی بەرچاوی حیزبەکانی باشور، لاپەڕەیەکی نوێی سیاسی تۆمار بکا. بەڵام مەخابن کە نەخۆشیی دووبەرەکی وەها ریشەی داکوتابوو کە بەشیک لە حیزبەکانی ناوچەی سەوز و بەتایبەت لاباڵی خەیانەتکاری ناو یەکێتی بەتەواوەتی ببوونە داردەستی کۆماری ئیسلامی. ئەوەش لاوازییەک بوو کە داگیرکەرەکانی کوردستان بە باشی کەڵکیان لێوەرگرت. بە هاوپەیمانیی و هاوڕایی ئیران و تورکیە و هاودەنگیی کلکەکانی ئێران واتا سوریە و عێراق، پڵانی گرتنەوەی کەرکوک و شەڕی ناوخۆیی کوردیان داڕشت. کەرکوک داگیرکراوە و رەوتی تیخزاندنی عەرەب دەستی پێکردەوە. دەسەڵاتی باشور ئەوەی کە ماوە بوو بە شتێکی لاواز کە نەتوانێ کارتێکەریی ئەوتۆی لەسەر ڕووداوەکان بمێنێ. ئەگەرچی بەڕێز بارزانی و بەشێک لە تێکۆشەرانی یەکێتی نیشتمانی بە هاودەنگییەوە توانیویانە هەمدیسان سەرنجی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان و ئەمریکا بەرەو پێویستیی دەسەڵاتێکی کوردیی بەهێز لە ناوچەکەدا ڕاکێشنەوە، بەڵام باری ناوخۆیی بە کردەوە باشوری کردوە بە دوو بەش. بەشی ژێر دەسەڵاتی پارتی و ناوچەی سەوزی گرژ و بێدەسەڵاتی یەکگرتوو. 

3- ئەفرین، 

سنارێۆی هێرشی تورکیە بۆ سەر ئەفرین لە کۆبوونەوەی تورکیە و ئێران بە پاڵپشتیی روسیە داڕشتراوە و درێژەی هەمان پیڵانە . چۆلکردنی ئەفرین لەلایەن هێزەکانی روسیە بە ئاشکرا ئەو هاودەنگیە نیشان دەدا کە لە نێوان ئیران وەک دەمڕاستی سوریە، روسیە وەک پاڵپشتی سوریە و تورکیە بەڵێن درابوو. خەونی تورکیە بۆ نەهێشتنی هەر چەشنە دەسەڵاتێکی کورد لەسەر نیشتمانەکەی خۆی لە ماوەیەکی کورت دا بە هۆی خۆڕاگریی قارەمانانەی خەڵکی رۆژئاوا و گەریلا و شەروانەکان بوو بە مۆتەکە بۆ تورکیە. 

مانەوەی کورد بە تەنیا و بە بێ هاو پەیمانیی لە سەرەتای هێرشی مەغۆلانە تورکەکاندا، کە بە سپای ناتۆیی و بەشداریی ٢٥ هەزار پیاو کوژ و تیرۆریستی ئیسلامیی تورک و عەرب و ئویغور دەسپێکرا، کۆمەڵانی کوردی لەهەرچوار پارچەی کوردستاندا هەژاند و هەمدیسان بەبێ یەکگرتوویی حیزبەکان، کوردستانیەکان یەکگرتوو لەسەرانسەری کوردستان و جیهاندا داکۆکیان لە ئەفرین کرد. بەرخۆدانی بێ وێنەی شەروانەکانی پارێزەری ئەفرین و ڕەنگدانەوەی ئەو داکۆکیانە بوو بە هۆی گەورە بوونەوەی پرسی داگیرکەری تورکیە لە مێدیاکانی جیهانیدا و لە هەمان کاتدا هەسدانەوەی وڵاتەکانی ئەندامی ناتۆ لە پشتگریی ڕاستەوخۆی تورکیەدا. 

لەگەڵ ئەوەی کە ئەندامەکانی ناتۆ لە ئاخافتنە سیاسیەکانیاندا بە خێشکەیی بە بیانووی بەرگری کردنی تورکیە لە ئاست تیروریزمی کورددا(!!!) بە ڕاشکاوی تورکیە تاوانبار ناکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا لە ترسی بیروڕای گشتیی ناوخۆش کە هەموو رۆژی لە سایەی بەرگریی قارەمانانەی ئەفریندا پڕڕەنگتر دەبێ، ناوێرن پاڵپشتییشی لێ بکەن. 

بەلەبەرچاو گرتنی ئەم ڕەوتەکە لەو سی بەندەدا هاتۆتە بەرباس، ئایا گەڕاندنەوەی سوریە بۆ ئەفرین کارێکی شیاوە؟ ئایا تاکە ڕێگایە بۆ کورد؟ ئایا چارەیەکی تر لە پێشمان نییە؟ 

هەر چاوە دێرێکی ئاسایی سیاسی دەتوانی بەو ئەنجامە بگا کە لە سوریەدا، دوو زلهێزی سیاسی جیهانن کە بەربەرەکانیی یەکتیر دەکەن، واتا روسیە و ئەمریکا. روسیە جەخت دەکا لەسەر مانەوەی ئەسەد و پاراستنی سنوورەکانی پێکهاتەی سایس – پیکۆ. هاو دەنگی ئیران و تورکیەش لەگەڵ روسیە لەسەر بنەمای پاراستنی سنوورەکانە کە ڕاستەوخۆ مانای نەمانی دەسەڵاتێکی کوردیە، چ بە شێوازی فێدڕالی یان خۆسەریی ناوچەیی. ئەوەش روون و ئاشکرایە کە بەرژەوەندییەکانی روسیا و ئەمریکا نەک هەر یەک ناگرنەوە بەڵکو دژ بە یەکن. ئەمریکا بە تەمای نەهێشتنی دەسەڵاتی ئەسەد و لە ئەنجامدا پەکخستنی هیلالی شیعەیە کە دەبێتە مەترسی بۆ سەر سنورەکانی ئیسرائیل. ئەو لەبەرانبەر یەکدانانەی بەرژەوەندییەکان بۆ هەر چاوەدێرێکی ئاسایی ڕوونە. لێرەدایە کە ئەمریکا ناتوانێ چاو لە یەکگرتنی روسیا لەگەڵ ئەندامێکی ناتۆ داپۆشێ و کەلێنێک دەکەوێتە ناو دوو ئەندامی ناتۆ کە یەکیان دەوری بەڕێوەبەرایەتیشی هەیە. ئەوەش ئاشکرایە کە زلهێزێکی جیهانی لە ناوچەیەکی وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ناتوانێ بە خاتری کوردی یەکنەگرتوو و ڕاڕا و لاواز، گەرچی قارەمانی شکستدانی داعەش بوون، دەوڵەتێکی سەقامگرتوو وەک تورکیە و یان ئێران وەلا بنێت و بێ لامجۆیی پشتی کورد بگرێ. هەر بۆیەش سیاسەتی بانێکی و دوو هەوایان رەچاو گرتووە. نە واز لە دڵداری لە کورد دەهێنن و نە پاڵپشتیان لە داگیرکەرەکان دەبڕن. 

کورد ئەگەر بیهەوێ کە کاریگەریی لەسەر رووداوەکان هەبێ، دەبێ یەک ماڵ و یەک دەنگ بێ. هەم بۆ ئەمریکا و هەم بۆ روسیە روونە کە لەو کاتەیدا بە کردەوە دوو هێز لە ناو کورددا هەن کە دەسەڵاتیان هەیە. پ.ک.ک و پارتی. ئەوان نە بۆ ئەنەکەسە حیسابی ئەوتۆ دەکەنەوە و نە بۆ حیزبەکانی ناوچەی سەوز. لەڕوانگەی ئەوانەوە هێز دیاریکەرە. لە سیاسەتیشدا ، پڵاندانان لەسەر راستیەکانە کە یارمەتی بە پێشکەوتن دەدا. 

بەلەبەر چاوگرتنی ئەو ڕاستییانە، هێنانەوەی هێزی ئەسەد بۆ ئەفرین، تاکە پاڵپشتێ کە دەتوانێ بیری لێبکرێتەوە، واتە ئەمریکا و لە ئەنجامدا ڕۆژئاوای ئوروپا، لە کورد دەپرینگێنێتەوە. دیارە ئەسەد و قاسم سولەیمانی وەک دەمراستی ئێران بە ڕاشکاوی رایان گەیاندووە کە مەبەستیان گرتنەوەی سەرانسەری باکوری سوریەیە. ئەوەش لەهەمان کاتدا ویستی ئاشکرای تورکیە و روسیەشە. کەوابوو گەڕاندنەوەی هێزی سوریە بۆ رۆژئاوا، هەر پاساوێکی ڕووناکبیرانەشی بۆ بدۆزرێتەوە، بە چەشنێک تام و بۆنی خەیانەتەکەی کەرکوکە. 

بەرێز بارزانی هەتا زیندوو ماوە وەک کەسایەتێکی کاریسما لە باشور و لە ڕۆژئاواش دەوری تایبەتی هەیە. هێزی رۆژیش کە لە باشور و لە کوردی ڕۆژئاوا پێکهاتووە لە ڕاستیدا فەرمان لەو وەردەگرێ و هەموو کەس دەزانێ کە بەبێ بەرێز بارزانی ئەنەکەسە مانای نابێ. ئەوەش ئاشکرایە کە بەڕێوەبەری ڕاستەقینەی پارتی یەکێتی دێمۆکراتیش قەندیلە. واتا دوو ناوەندی بەڕێوەبەرایەتی بریتین لە بەڕێز بارزانی و بەڕێوەبەرایەتی قەندیل. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە چما قەندیل مڵ بە بەشداریی هێزی ڕۆژ و لە ئەنجامدا هاوکاریی پێشمەرگە و گەریلا نادا؟ ئەگەری ئەو هاوکاریە هەم دەستی تورک لە باشور دەبڕێتەوە و هەم دەستی هیلالی شیعە لە رۆژئاوا. لە هەمان کاتدا کورد وەک هێزێکی یەکگرتوو لە لایەن زلهێزەکانەوە دەخوێندرێتەوە و نەک تەنیا ئەمریکا، بەڵکو ئوروپاش دەبێ رێبازی خۆی لە ئاست تورکیە و خولیاکانی روسیە و هیلالی شیعە روون کاتەوە. لە هەمان کاتدا ئەو یەکگرتنە لەلایەن هەموو نەتەوەی کوردەوە پشتگیری دەکرێ و مانەوەی قەندیلیش وەک قەڵایەکی پۆڵایین دەپارێزرێ. یەکی لە دەسکەوتەکانی یەکگرتنەوەی پارتی و پ.ک.ک پیکهاتنی کۆنگرەی نیشتمانی دەبێ کە دە بێتە دەنگی یەگرتووی سەرانسەری کوردستان و دەتوانێ ئە پێشگرە دوژمن داتاشراوەی تیرۆریستیش لە سەر کورد ڕاماڵێ. بەڵام هێنانەوەی ئەسەد و هەرچەشنە هاودەنگیەک لەگەڵ نەخشە ڕێگاکانی روسیە بە زیانی نەتەوەی کورد تەواو دەبێ. 

لە کۆتاییدا، با یەکبگرین و نەهێلین دیسان ئەو ئاخافتنە ژەهراویەی پاش خەیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبر دووپات نەبێتەوە کە خەیانەتکاران بە خۆشیەوە دەیان کوت چاکمان کرد کە نەمان هێشت رێفراندۆم بە کردەوە سەرکەوێ و بە نێوی بارزانی تەواو بێ.

حەسەن ماوەڕانی 

٢٠.٢.٢٠١٨

 

  • 1