ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لابردنی وێنەیەکی هونەری لە زانکۆ بەبیانووی ڕووتی یەوە چ زەنگێکی مەترسیدارە! بەڵام گلەیی لە زانکۆ مەکەن عزیزانم. وەرن هەرکەس لەخۆمانەوە دەست پێ بکەین! وەرن ئەی ئەوانەی خۆتان بە ڕۆشنبیر دەزانن با کارگەلێك بکەین، تا کوردستان نەبۆتە تاڵیبان و ئەڤغانستان و وای لێ نەهاتووە تێزاب بکرێت بە قاچ و قل و دەم و چاوی ژناندا! وەرن با:

١- حکومەت ناچارکەین هەرچی کەناڵی ئاینی هەیە دایخەن یانیش شێوازی کارکردنیان بگۆڕن. چونکە لە نزیکەوە چاودێریم کردووە شتگەلێك پیشان دەدەن پڕە لە توندو تیژی و شێواندنی دەروونی تاك.

٢- فشار بخەینە سەر حکومەت تا ڕێگە نەدات ئاین دەست وەرداتە دەسەڵات. هەر کەس ئازاد بێ چ بیر و باوەڕێکی هەیە، بەڵام با شوێنی ئایین تەنیا ناو پەرستگا و مزگەوت و .....تد بێت نەك ناو هەموو جومگەکانی دەسڵات و حوکمڕانی.

٣- سانسۆر بخرێتە سەر وتاری مامۆستایانی ئایینی بۆ ئەوەی لە وتارەکانیاندا هانی توند و تیژی نەدەن. با کارێك نەکەن کە دەرونی تاکی کورد هێندە لاواز بکەن، گوایە بینینی پەیکەرێك حەرامە و پیاوان دەوروژێنێت! ئاخر مرۆڤەکان بۆ خۆیان نابێ ئەوجۆرە سوکایەتیە قبوکەن. چۆن دەبێ ڕازی بم بەوەی یەکێك بێ لەجیاتی من بڵێ فڵا کەس ناتوانێ بەسەر خۆیدا زاڵ بێت و ئیللا فڵان کار دەکات! نەخێر مرۆڤ زۆۆر لە سەرووی ئەوەوەیە و ئەو کەسەی نەتوانێت خۆی کۆنتڕۆڵ بکات ئەوە پێویستی بە چارەسەری دەروونی هەیە کە بێ گومان ئەویش لای پزیشکی پسپۆڕی دەروونی دەبێت نەوەك لەلای پیاوانی ئایینی.

٤- چاو بخشێنینەوە بە پڕۆگرامی خوێندندا. جا یان وانەی ئاین لابەین، یان هەموو دینەکان بڕێکی کەمی تەنیا وەك زانیاری بە قوتابیان بوترێتەوە ئەویش لەلایەن کەسانێکەوە نا کە دەبنە هۆی ترس و تۆقاندنی قوتابی!

٥- چالاکی حزبە دینیە سیاسیەکان سنووردار بکرێت بەپێی یاسا.

٦- پێویستناکات هەر منداڵێك لەدایك بوو لەسەر ناسنامەکەی بنوسرێ مسوڵمان یان مسیحی یان .....تد. لێ گەڕێن ببێتە ١٨ ساڵ. ئەوکاتە خۆی بڕیاردات چ دینێك هەڵدەبژێرێت و چۆن ژیانی بەسەر دەبات.

٧- دیسان دەبێ لە پڕۆگرامی خوێندنەوە دەست پێ بکەین و سەر لەبەر گۆڕانکاری ڕیشەیی بکەین. بۆ وێنە لەبری ئەوەی ئەو پاشا گەردانیەی ئێستا بەردەەوام بێت، با کارێك بکەین لە باخچەی ساوایانەوە منداڵ وا فێرکەین کە هەموو کەس خۆشی دەوێت و دەبێ ئەویش هەموو کەسی خۆش بوێت. نەك بڵێین خودا دەتخاتە دۆزەخەوە!!!! ئاوا نەبێ، مرۆڤێکی ترسنۆك و دەروون نەخۆشی لی دەردەچێت.

٨- بە پەلەو زۆر بە خێرایی کۆنفڕانسێکی گەورەی سەرتاسەری لە کوردستان ئەنجام بدرێت بەرلەوەی توند و تیژی ئاینی لەوە زیاتر پەرە بستێنێت.

زۆر هەنگاویتر هەن کە دەکرێت کۆمەڵگای کوردی ١٨٠ پلە پێچەوانە بکاتەوە ئەگەر بگیرێنە بەر.

 

  • 1