ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

به‌شی شه‌شه‌م / هه‌شت به‌ش

به‌شی شه‌شه‌م

سەربەخۆی و ئازادی وەڵامی شۆرشگێڕانه‌ی دەوێت !

 

ئەوەی هەتا ئێستا لە ئاکارو سیاسەتی هێزە کوردییەکان بینراوە ، ئەقڵیەت و کردەیی و بیری ڕیفۆرمیستی نەتەوایەتی بووە . نەیان توانیوە لەو ڕیفۆرمە دەربچن و زیاتر لەوە بکەن ، لەو دەوڵەتانەی کە کوردی تێدا دەژی ، بۆ کوردیان کردووە .هەروەها حیزب و هێزە چەپەکانیش لە ڕابردوو و ئێستاشدا ،نەیان توانیوە کارێک بۆ جیابوونەوەی نەتەوەی کوردبکه‌نو هەتا دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بخاتە ناو بیرو بۆچوون و هێڵی سیاسی و کردەوەییسیاسیان بە ئامانجی خواستی ڕزگاری پرس و ململانێی نەتەوایەتی بێت لە ناوچەکەدا . بە ئاسانی ناتوانیت بیرو بۆچوون و کردەی ڕاست و چەپ لێک جیابکەیتەوە ، ئامانجی جیاواز و ویستی جیاوازیان دەستنیشان ناکرێت و جیاوازیەکی بنەڕەتی نابینیتەوە لە نێوانیاندا . هەتا ئێستا مەعلوم نیە کامیان چەپن و کامیان ڕاست ، کامیان لەگەڵ بەدەست هێنانی مافی نەتەوایەتیدان و شۆڕشگێڕانە لەگەڵ پرسەکەدا مامەڵە دەکەن و کامیان نایکەن . ئەو دوو لایەنە هەوڵ و بیری بەدەست هێنانی مافی یەکسانی نەتەوەکانیان نیە . حیزبێک حوکمی زاتی دەوێت و ئەوی تریان چاوەڕوانی ئەمەریکا و ئەوروپایە و یەکێکی تریان بڕیاری دامو و دەزگاکانی ( UN ) بە چارەسەری پرسی نەتەوایەتی دەزانێت . ئەمانە هیچیان لێ سەوز نەبووەو نابێت ، له‌پێناوی جیابونه‌وه‌ یا جیانه‌بوونه‌وه‌، چاو لە دەستی ( UN ) بۆ ئەوەی سەرپەرشتی ریفراندۆم بکات . قسەو باسی دروست کردنی دەوڵەت یان گەڕانەوە بۆ ناوەند ، ئەمانە هەموویان پەیوەندی بەوەوە هەیە کە بەشێکیان وویستی ئۆلیگارشیانەی کۆمەڵێک لە سیاسیە سه‌ربازی و ئابووریسته‌ حیزبیەکانەو بەشەکەی تریشی پەیوەندی بە کاڵ فامی و بێ دەربەسی و بە ناوی خۆ بە دورگرتن لە ناسیونالیست بوونیانەوه‌یه‌ ، ئەمانەش هەرهەمووی پەیوەندی بەپاراستنی بەرژەوەندی توێژیئۆلیگاریشی و ووردە بۆرژوازیەوە هەیە.هەر مەبەستێک کە سەرچاوەکەی ڕیفۆرم بێت ناتوانێت چارەسەری بنەڕەتی بێت ، لە پرسی نەتەوایەتی هەر وڵاتێکدا بێت ، "بەکارهێنانی دەستەواژەی " هەڵوەشاندنەوەی هەموو جیاوازییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی " لە جیاتی دەستەواژەی " لەناوبردنی هەموو جیاوازیەکی چینایەتی " دەروازەیەک بۆ پرسیار و گومان دەکاتەوە . لە نێوان وڵاتێک و یەکێکی تر، لە نێوان هەرێمێک و یەکێکی تر ، هەتا لە نێوان گەڕەکێک و یەکێکی تردا ، هەرگیز هەندێک جیاوازی لەنێوان هەلومەرجی ژیان و گوزەراندا بنبڕ ناکات و دەهێڵێتەوە ،. ئیمکان هەیە جیاوازییەکان سوک بکرێت هەتا ئاستێکی زۆر کەم و نزم ، بەڵام هەرگیز ناتوانرێت بەتەواوەتی بنبڕبکرێت و لەناو ببات " (44) . لەبەر ئەوە دەستەواژەکان زۆر گرنگ نین ، ئەگەر هەوڵ و کردار لەپێناوی جێبەجێکردنیدا نەبێت . هەر بۆیە لای چەپ و ڕاست و حیزبەکانیان ، جێگەو ڕێگەیەکی نییە لەبیرو بۆچوون و کرداریاندا . ئەو کاتەی ووردە بۆرژوازی جێگەو ڕێگەیەک و پلەیەکی لە بەرژەوەندی ئابووریدا ئەدرێتێ ، تێکەڵ کردنی بەرژەوەندییەکانی بە سەرمایەی بۆرژوازی نەتەوەی لەسەر دەسەڵات ، ئیتر هیچ گرنگیەک بۆ چارەسەری پرسی نەتەوایەتی لەلای خۆی ناهێڵێتەوە ، بەڵکو نانی لێ دەخوات و کەڵەکەی سەرمایەی پێ دەکات . هەروەکو ئەو بازاڕکردنەی کە ئێستا بەخواستی نەتەوایەتی کوردەوە دەکرێت لەلایەن حیزبەکانەوە . هەر ئەمەش وایکردووە کە ئۆلیگارشیەکانی حیزبە سیاسیەکان بازرگانی بەخواست و پرسی نەتەوایەتی یەوە بکەن . ئەمەش تەنیا پەیوەست نییە بە وڵاتێکەوە بەڵام جۆری کردەکان و بەکارهێنانی و گرنگی بوونی لەلای خەڵکەکانیان ، کەم و زۆر کاری پێده‌که‌ن و لە یەکتری جیاوازیان دەکات . لە کۆتایدا هەموو لایەنەکان لە پێناوی کەڵەکەبوونی سەرمایەو گەورە بوونی قەبارەی بازرگانیەکانیان ئەو یارییە دەکەن لەسەر حسابی خه‌ڵک و بە گۆشت و ئێسقان و دەروونی ئه‌وان ئەنجامی دەدەن . لەم هەرێمەشدا هەروا دەگوزەرێت و جیاواز نییە لەو هەرێم و ناوچانەی ئەو کێشانەی تێدایە و که‌ ووردە بۆرژوازی و ئۆلگاریشیەکانیانئەیبەن بەڕێوەو خۆیان بە خاوەنی دەزانن .

چەپ بەم شێوەیەو بە دووفاقی ودوور لە ڕاستی و ڕەوایی ئامانجی چارەسەری پرسی نەتەوایەتی ، بەیانی ئامانج و سیاسەت و هزری خۆیان دەکەن . لە ڕابردوو ئێستاشی لەگەڵدابێت ، " ئەمانە ئامانجی ڕاگەیەنراوی حیزبی کۆمۆنستی عێراقە ، یەکەم شۆڕش لە هەموو عێراقدا ، پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی ناقەومی و لابردنی ستەمی میللی . دووەم ، بە ڕەسمی ناسینی مافی خەڵکی کوردستانی عێراق بە جیابوونەوەو پێداگرتن لەسەر مەبدەئی ڕیفراندۆم ." (45) ئەم پەرەگرافە ووتە و بێژانی دژ بەیەکی تێدایە ، پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی نانەتەوەیی ، یا ناسنامەی کۆمەڵگا لەسەر هیچ نەتەوەیەک تاپۆ نەبێت ، مانای پێکەوە ژیانی یەکسانیانەی نەتەوەکانە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە.

ئیتر پێویست بە خاڵی دووەم ناکات ، ئەگەر شۆڕشێکی لەو جۆرە دروست بوو . بەڵام خاڵی دووەم تەنها ئەوە دەگەیەنێت کە لەڕووی مێژوویەوەو لە پێداویستی درووست بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردییەوە سەرچاوە ناگرێت ، بەڵکو تەنها هانا بردن و بە گرنگی وەرگرتنی ڕیفراندۆم لەژێر چاودێری ( UN ) دا وەکو ڕێگە چارەی پرسی نەتەوایەتی کورد لە عێراقدا دەبینێت . ئەمەش دووفاقی تێڕوانینی چەپە لەسەر کێشەکە و ناوەڕۆکی کرده‌یه‌کی شۆڕشگێڕی کۆمەڵگا و بەرپابوونی تا ئاستی گۆڕینی بنەڕەتی کۆمەڵگا . کام شۆڕش دەتوانێت کۆمەڵگای بێ چین و نەتەوە دروست بکات ؟! بێگومان تەنیا شۆڕشی کۆمۆنستی زانستییە دەتوانێت ئەو ڕۆڵە بگێڕێت ، بتوانێت جیاوازی چینایەتی و نەتەوەیی بنەبڕ بکات ، چونکە ئەگەر جیاوازی چینایەتی بنەبڕ نەکرێت ناتوانرێت جیاوازی نەتەوایەتی بنەبڕ بکرێت . لەبەر ئەوەی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەی بەرخۆری لەسەر پرسی نەتەوایەتی دەکات .لەم سەردەمەدا و لە ڕابردووشدا ، باشترین نموونە وڵاتی سویسرایە چونکە چەن نەتەوەیەکی وەک ئەڵمانی و فەڕەنسی و ئیتاڵی و هەندێک نەتەوەی ئاسیایی و ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی تێدا دەژین ، مافی نەتەوەکانیش پارێزراوە ، لەگەڵ ئەوەشدا سویسرا نەبووەتە کۆمەڵگای بێ چین و توێژەکانو یەکسانی ئابورییان هەبێت . هەروەها نەبووەتە وڵاتێک پەیڕەویی لە سیستمی سەرمایەداری لێبراڵی نەکات ، چەوسانەوەی چینایەتی بنبڕبکات و کۆتایی به‌وه‌ بهێنێت ،کۆمەڵێک ژیانێکی زۆرخۆشیان هەبێت و بەشێکی تریشیان حاڵ و ژیانیان مسۆگەر نەبێت .

دوای ئەوکاتەی کە وڵاتی سویسرا لە سیسته‌می سیاسی نێودەوڵەتیدا ، وەک وڵاتێکی بێ لایەن لە سیاسەت و ئامانجی سیاسی و سەربازی جیهانی دیاری کرا . نەتەوەکانی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی و نوسینەوەی پەیڕەو و پرۆگرامێک و دەستورێکی تایبەتەوە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیان لە چوارچێوەی ووڵاتەکەیاندا ڕێکخست . ئەمەش هەروا لەخۆڕا نەبووە ، بەڵکو خەڵک و نەتەوەکان دەست و پەنجەیان لەگەڵدا نەرم کردبوو، لە دیموکراسی ترین پەیوەندیاندا توانیان ئەو بەرهەم و ئامانجە بە دەست بهێنن . بەڵام ئەو سەردەمە بەسەرچوو و ئیعتیباری خۆی لەدەست داوە ، ناتوانرێت جارێکی ترئەو پرۆسێسە دوبارە بکرێتەوە ، بۆرژوازی و سەرمایەداران ئەو کردەوەیە لە وڵاتانێکی تردا دووبارە بکەنەوە ، ئەگەر وەکو سویسرا نەتەوەی جیاوازی هەبوو. ئەمە بەجیا بۆ سویسرا ڕوویدا ،لەبەر ئەوەی بەپێی ڕێکەوتنێکی نێودەوڵەتی لەساڵی1891دا ، کە لە نێوان ووڵاتە زلهێزەکانی ئەو کاتەی جیهان دروست بوو ، وەک وڵاتێکی بێلایەن لە جەنگ و هەموو کێشە نێو دەوڵەتیەکان و ململانێکانی جیهاندا نەبێت و هیچ جەنگێک ڕووبەڕووی نەکرێتەوە و خۆشی لایەنگری هیچ هاوپه‌یمانێتیه‌ک و ململانێیەکی نێو دەوڵەتی و ناوچەی نەبێت ، لەبەر ئەوەی ئەم وڵاتە لە ناو پەیوەندییە سیاسی و کێشە و ململانێ نێو دەوڵەتیەکاندا نیە ، ئەوا هیچ وڵاتێکی زل هێزی دنیا و ناوچەکانی خۆیان دەستیان بۆ نانەوەی کێشەو ململانێی نەتەوەیی نەبردووە ، نەتەوەکانیان نەکردوەتە داردەستی سیاسەتی پاوانخوازییان و ململانێی نەتەوەکان لەناو سویسرادا گڕبدات .هه‌روه‌کو ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمدا ڕویداوه‌و ڕووده‌دات . ئه‌ولایان و ئه‌م لایان ، سه‌ماده‌که‌ن به‌ ئاوازی ده‌ووڵه‌تان .

" هەموو ئەو شۆڕشانەی کە لە پێشتردا ڕوویانداوە ، شۆڕشەکانی بەرگری بوون ، لە جۆرێک لە خاوەندارێتی دژی جۆرێکی تری خاوەندارێتی . وە لە توانایاندا نەبوو بەرگری لەو جۆرەی خاوەندارێتی بکەن ، بەبێ دەست وەردان لە جۆرەکەی تری . " (46) ئەو شۆڕشەی کە لە عێراقدا ڕووبدات ، دەبێت هەلومەرجی پەیوەندییە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان ، بگۆڕێت و سەردەمێکی نوێ و جیاواز بهێنێتە پێشەوە و دروست بکات . بەڵام ئەوەی کە چەپ و ڕاستی عێراق و هەرێم باسی دەکەن ، دەڵێن دەبێت شۆڕش بەرپا ببێت کەس نازانێت لە چ جۆرێک و چ بەهایەکی دەبێت ؟! شۆڕشێکە بۆ دووبارە کردنەوەی نمونەی سویسرایە یا جۆرێکی تر ؟! بێگومان ئەوان نە شۆڕشیان کردووە و نە دەشیکەن ، نە تێزو بیری شۆڕشگێڕشیان هەڵگرتووە . چونکە شۆڕش لە ئێستادا گۆڕینی مانا و بەهای پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئێستایە ، بە پەیوەندیەکی ئابووری کۆمەڵایەتی تەواو جیاوازەوە دابڕاو بێت لە پێکهات و گروپی چینایەتی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ، وەک ئەوەی کە ئێستا بەرقەرارە لە کۆمەڵگادا ، ڕیفۆرم و ڕیفراندۆم لە ژێر چاودێری ( UN ) دا ناتوانێت وەڵامی جیابونەووەی نەتەوەی کورد بێت هەتا ئاستی دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی . چونکە (UN) دەزگایەکی بەڕێوەبردنی سیاسەتی زل هێزەکانە و بەرژەوەندی ئەوان ئەسەپێنێت بەسەر هێزو دەوڵەتە لاواز و بچووک و بێ تواناکاندا . وەکو ڕێکخراوی ( کۆمەڵەی گەلان )ی ڕابردوو کەم توانایە .(47) لەبەر ئەوە دەبێت هەڵوێست وکردەی ڕوون و ئاشکرات هەبێت و پەیگیرانە پێ لەسەر جیابوونەوەی نەتەوەی کورد دابگریت. هەتا ئەگەر لە ئێستادا حکومەتی کرێکاری ( بەپێی دید و بۆچوونی چەپ ) لە دەسەڵاتیشدا بێت . چونکە ئەم نەتەوەیە چەند جار لەگەڵ حکومەتەکان و دەوڵەتەکانی کە بەسەریاندا دابەشبووە ، جەستەی لە خوێندا هەڵکشاوە ، بەدەست سیاسەتی شۆفێنی حکومەتەکانەوە ، ڕووبەڕووی قەتل و عام و جینۆساید و ...... بووەتەوەو ، سایکۆلۆجیای پەرت پەرت کردن و کاردانەوەی لەسەر زهنی دروست کردووە . لەبەر ئەوە دەبێت ئامانج لەگەڵ خواست و وویستی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردداهاو سۆزو سیاسەت بێت ، بۆ بەدەست هێنانی ئەم خواستەش ، پراکتیکێکی شۆڕشگێڕانە دەخوازێت . کەواتە ڕیفۆرم و ڕیفراندۆم کە هەڵوێست و بیری هێزە سیاسییەکانە لە هەرێمدا، ناتوانێت وەڵام دەرەوە بێت بە خواست و ویستی جیابونەوە . ئەوەی کە چەپ و ڕاست کردوویانە بە قسەی سەر زمان و ژێرزمانیان ، دوو باری جیاواز و دوو هەڵوێستی جیاواز لەخۆدەگرێت . هەموو ئەمانەش لە ناوەڕۆکی بیرو کرداری ئۆلگاریشیەکاندا بەرجەستەیە.

ئەوەی کە چەپ باس لە شۆڕش دەکات و کەس نازانێت چ ناوەڕۆکێکی هەیە ! شۆڕش لە سەردەمی سەرمایەداریدا دەبێت چ ئەرکێک ئەنجام بدات ، گۆڕانکاری چۆن دەکات ؟!. ئەم جیاوازییەش لەسەر ناوەڕۆکی شۆڕش ، لەبیر و بۆچوونەکانی چەپدا هەیە، سۆشیاللیبڕالیزمەکانیش دەڵێن " ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە خەڵکی کوردستانی عێراق بۆچوونی خۆی ، لە ڕیفراندۆمێکدا، سەبارەت بە جیابوونەوە یا مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا دەربخات ؟ " (48) ئەم بۆچوونە لەسەر ڕیفراندۆم ، هەمان بۆچوون و دیدی (UN) ەبەکاریان دەهێنن بۆ ڕێگا چارەی کێشەکان ، ئەمەش هەتا ئێستا نەیتوانیووە چارەسەری کێشەکان بکات و نەهامەتییەکانی ئەو گەل و نەتەوانەی کە لە چوارچێوەی وڵاتەکانیاندا داوای سەربەخۆی و جیابوونەوە دەکەن کۆتایی پێ بهێنێت . دەسەڵاتەکان بە هەمان ناوەڕۆکی ڕابردوو دەهێڵێتەوە کۆتایی بە چەوسانەوەو بێ مافی و کۆیلایەتی مرۆڤەکان ناهێنێت. لەبەرئەوە ئەو جۆرە هەوڵانە کردەیەکی نەزۆکە لەبەردەم چارەسەرییە بنەڕەتییەکان ، چونکە سیستەمێک خۆی ئاگری ئەم دژایەتی و بێ مافیە خۆش بکات ، ئەوا هەوڵنادات چارەسەری بکات ، لەبەر ئەوەی ڕێگایه‌که‌ بۆ چوونە پێشەوەی بەرژەوەندییەکانیان ، هەندێک جار لەڕێگەی ئەم جۆرە لە خۆشکردنی ئاگری دژایەتی نەتەوەیی و مەزهەبی و ئایینی و کلتوریانەوە بەدەست دێنن . ئیتر چۆن هەوڵ دەدات و دەیەوێت داری ژێر پێکانی خۆی ببڕێتەوە ، هەندێک جاریش بۆ ڕێگرتن و ترسان لە ڕیفراندۆم یان خۆڵ کردنە چاوی خەڵک لەوبارەیەوە پۆزش و بڕو بیانووی جۆراوجۆری وەک ئەوەی ئێستا ناتوانرێت و ناکرێت و نابێت .... هتد بۆ دەهێنرێتەوە . زۆر جاریش چاو سوورکردنەوە و هەڕەشەی توندووتیژی و ئەنجامدانی لەلایەن دەسەڵاتداران بەرگرییان لە خۆیان پێ کردووە ، نەیان هێشتووە هیچ هەوڵێک بۆ جیابوونەوەو ئازادبوون بەئاکام بگات . یان ئەگەر ڕێگەیان دابێت ، ئەوا بە نیوە ناچڵی و بێ ئەنجامێکی گشتی و درووست ڕوویان داوە ، بۆیە لەپێناو بەدەست هێنانی ئامانجێکی گشتگیری ئازادی و سەربەخۆی نەتەوەکان ، پێویستی بە یەکگرتن و هاو ئامانجی نەتەوەکانە لە پێناو خواستی ئازادی و جیابوونەوە . ئەمەش لەزۆرترین کات و هەلومەرجەکان و لە ووڵاتە جیاوازەکاندا ، پێویستی بە کردەو کارێکی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی نەتەوەجیاوازەکانی ئەو وڵاتانە هەیە ، کە کێشەو خواستی نەتەوایەتی تێدایە ، هەربۆیە پێویستە کرێکارانی نەتەوەی عەرەب ، لەسەر جیابوونەوەی نەتەوەی کوردو دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ ، هاوکار و هاوخەباتی بێت لە پێناو رێگری کردن لە کۆیلەکردنی خۆیی و دواتر هاوخەباتیان لە دژی سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیان . کاتێک کە ( UN ) چاودێر دەبێت ، یا بە پلانی ئەو ڕیفراندۆم دەبێتە ڕێگە چارەی کێشەکان ، ئەوا ئامانج تێدا جێبەجێ کردن و بردنە پێشەوەی بەرژەوەندی زلهێزەکانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی یە . هەربۆیە خۆشباوەڕی و کاڵ فامی، ووردە بۆرژوازی لەوەوە دەردەکەوێت ، لە سیستەمی سەرمایەداریدا، کەش و هەوایەکی دیموکراتی تێدا دەبینێتەوە ، ئەو نەگبەتی و موسیبەتانەی کە کرێکاران و زەحمەتکێشان و بەگشتی خەڵکی کورد بەسەریان هاتووەو ئەیچەشن ، تەنها بە دەستنیشانکردن و دامەزراندنی یاساییانەی دەوڵەتی کوردی چارەسەرناکرێت ، چونکە گۆڕینی دەسەڵات و دەمووچاوی سیاسی بۆرژوازی و ئۆلگاریشیەکانی نەتەوەی سەردەست بۆ دەسەڵاتی ئۆلیگارشی نەتەوەی بندەست چارەسەر نابێت . لەبەر ئەوەی چارەسەری بنەڕەتی لە گۆڕینی سیستمی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەیدایە . لەگەڵ ئەوەش دا دروست بوونی دەوڵەتەکە بۆ نەتەوەی ژێر دەست و خواست لەسەر دروستبوونی، ئەرکێک لە کۆڵ خەبات و تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکاتەوە . بەڵام چەپ و بە هاوتایی بیرو بۆچوونیان لەگەڵ حیزبەکانی تردا ، چرای ڕووناک کەرەوەی خەبات و تێکۆشانی کرێکاران بەبێ فتیل دەدەنە دەستیان ، بەیانی بیرو بڕوایەک دەکەن کە تەنها ئەوان و دەسەڵاتداران لەگەڵیدا هاوڕان و دەڵێن " بەبێ ساغ کردنەوەی حقوقی دەست بەجێی کوردستانی عێراق دەرچوون لە موسیبەت و نەگبەتیەکانی ئەمڕۆ وە دەرچوون لە بنبەستی ئێستا لە توانادا نییە ." (49) ئەمە تەنها قسەو باسی چەپ نییە بە تەنها، بەڵکو هاوڕاییەکی زۆر زۆریان لەگەڵ حیزبەکانی تری بەناو ڕاست و ئیسلامیەکاندا هەیە . پێشتر باسم کرد ، دەرچوون لەو هەموو تراژیدیایەی کە نەتەوەی کوردی پێدا تێپەڕبووەو دەبێت ، تەنها حکومەتی ئۆلیگارشی یان دەوڵەتی ئۆلیگارشیەکانینەتەوەی کورد ناتوانێت وەڵامی پێبداتەوە ، هەتا دروست بوونی دەوڵەتی کوردیش ناتوانێت باری گوزەرانی ژیان و هەلومەرجی کارکردن و بژێوی باش بکات . ئەگەر سیستەمێک لەسەربنەمای فەراهەم کردنی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری بنیات نەنرێت ؛ بەڵام درووست بوونی دەوڵەتی کوردی، تەنها وەڵامە بە چەوسانەوە و پرسی نەتەوایەتی و لابردنی ستەمی نەتەوەپەرستی بەسەر نەتەوەیەکی تر ، ئەمەش هەتا ئاستێک گرنگە ، بەڵام تەنها وەڵامی بنج بڕی کێشەو مسیبەتەکانی کورد نییە ، بەپێی بۆچوونەکانی سۆشیال لیبڕاڵ و سیاسیەکانی تربێت ، دەرنەچوونی ئەم کۆمەڵگایانە لە بن بەست و ئەزمەی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابووری ، تەنها لە نەبوونی چوارچێوەیەکی حقوقی و سنوورێکی دانپێدانراودا قەتیس و کورت دەکەنەوە . غافڵن لەوەی ، کە کورد لە چوارچێوەی سنوری دەوڵەتەکانی (عێراق ، ئێران ، تورکیا و سووریا ) دا ژیان بەسەردەبەن ، چوارچێوە حقوقیەکانی ئەو دەوڵەتانە ، پڕن لە کێشەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەڕووی نێودەوڵەتی و ناوچەیشەوە دەیان کێشەو گرفتیان هەیە ، لە ئەزمەو بن بەستدا غەرق بوون . ئەوە بێجگە لەو سیاسەتە شۆڤێنیانەی دژی نەتەوە جیاوازەکان دەسەڵاتدارانیان پەیڕەوی دەکەن ، بەناوی یەکپارچەیی خاک و نیشتمان. ئەمەش هەموو لە پێناوی هێشتنەوەو درێژەدانی دەسەڵاتیانە و لە پێناویدا هەزاران لەخەڵکی تیادا دەکەنە قوربانی . هەر بۆیە ساغ بوونەوەی حقوقی تەواوەتی نەتەوەیی و مافی یەکسان و ئازادییەکان ، دامەزراندنی دەسەڵاتی کرێکارانی کوردە، کە تیایدا مافی هەموو کەسێکیتێدا پارێزراو ڕێزلێگیراو بێت ، لەبەرامبەر ئەرک و مافەکانیدا بەرپرسیاریش بێت . ئەمەش لە دورەوەو بەقسەی بریقەدار جێبەجێ نابێت، بەڵکو لە ڕێگەی کارو هەڵوێستی شۆڕشگێڕییەوە بە ئەنجام دەگات. بەرەنجامی ئەو شۆڕشەش دەبێت دامەزراندنی سیستمی هاوبەشی و یەکسانی بێت لە نێوان هەموو نەتەوەکان و دانیشتوانەکەیدا . بەمەش هەموو خەڵکی کورد لە عێراقدا لە موسیبەت و نەگبەتیەکانی سیاسەتی بۆرژوازی و سەرمایەداران و ئیمپڕیالیزم ڕزگاریان دەبێت. چونکە " بەپێی ئەوەی کە دەوڵەت لە پێویستی بۆ جڵەو گرتنی دژایەتی چینەکان دروست بووە، لەهەمانکاتدا بەپێی ئەوەی لە سنووری پێکدادانی نێوان چینەکان دروست بووە ، ئەمەش وەکو بنەمایەکی گشتی دەبێتە دەوڵەتی چینێکی بەهێزی ئابووری ، هەروەها لەو ڕێگایەوە دەبێتە دەوڵەتی چینێکی سیاسی بەهێز . بەو شێوەیە هۆکاری نوێ بەدەست دەهێنێت بۆ وەبەرهێنان و سەرکوتکردنی چینی چەوساوەو زوڵم لێکراو . پێش هەموو شتێک دەوڵەتەکان لە کۆندا (دەوڵەتە کۆنەکان) بریتی بوون لە ، دەوڵەتی خاوەن کۆیلە بۆ سەرکوتکردنی کۆیلەکان ، دەوڵەتی پیاو ماقولانی دەرەبەگایەتی ، بۆ سەرکوتی جوتیارە مسکێن و کۆیلەکان . هەروەها دەوڵەتی نوێنەرایەتی نوێ، بریتییە لە ئامرازی وەبەرهێنانی کاری بە کرێ لەلایەن سەرمایەوە . لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێک حاڵەتی استثنائی (ریزپه‌ڕ) ، لە هەندێک قۆناغدا ، چینە تێکۆشەرەکان دەگەنە پلەیەک له هاوتای هێز ، ڕووخساری نێوەندێتیان ، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەسەڵاتی دەوڵەت بەدەست دەهێنێت ، بەرامبەر هەردوو چینەکە جۆرێک لە سەربەخۆیی درووست دەبێت ." (50) لەبەرئەوە دروست بوونی دەوڵەتی کوردی لە هەر کاتێکدا بێت ، تەنها هەوڵێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ستەمی میلی لەسەر نەتەوەیەک ، لەلایەن سەرمایەداران و ئۆلیگارشیەکانی نەتەوەیەکی ترەوەیە ، ڕاستە هاتنە پێشەوەو دروست بوونی هەل گرنگی هەیە بەڵام ئیرادەو هەوڵیش لە پێناوی جێبەجێ کردنیدا زۆر گرنگترە ، چونکە ئەگەر ئیرادە نەبوو با هەلیش هەبێت ئەوا ئامانجیش بەدەست نایەت . بەڵام ئەگەر ئیرادە هەبوو هەوڵێکیش لە پێناویدا لە ئارادا بوو ،ئەوا ئەگەر هەلیش نەبێت ، ئەگەری زۆر زۆری بەدەستهێنانی ئەو خواستە هەیە . جێبەجێ بوونیشی پەیوەندی زیاتر بە هەماهەنگی و هاوکاری و هاو خەباتی کرێکاران ونەتەوەکانی فارس و تورک و عەرەبەوە هەیە . ئەگەر فرسەتیش هەبوو، ئەو دوو لایەنە کاریگەری کە لەسەر ئیرادە و هاوکاری نەتەوەکان نەبوو ئەوا ئیمکانی بەدەست هێنانی ئەگەرێکی قورس و دوور دەبێت ، هەروەکو ئەوەی کە لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ی کوردستان و عێراق ڕویداو دواتریش لەسەر دەستی ئۆلیگارشیەکانی کورد ، هیچ شتێک لەو خواستە بەدەست نەهات ، کاڵ فامییە لات وابێت هەلو مەرجێک هەبێت ، یان هەلێک هەبێت ئیتر تۆ ئەسپی خۆتی تیادا تاو ده‌دەیت ، ئه‌گه‌ر کرداری ئه‌وه‌ت نه‌بێت ، خواستی لابردنی ستەمی نەتەوایەتی ، ئه‌وا لەلایەن دەسەڵات دارانی نەتەوەیەکی ترەوە ده‌بێته‌ قسەو باس و هەوڵێکی بەردەوام و نەپچڕاوی به‌درۆی خەبات و تێکۆشانیانە . به‌مه‌ش خزمەت بەچینێکی ئۆلیگارشی سیاسی و ئابووری و سەربازی دەکەیت ، هەروەها لە هەمان کاتدا ئەوانیش بازرگانی پێوە دەکەن ، هەروەکو ئەوەی لە کوردستانی عێراقدا لە ساڵی (1991) هەتا ئێستا ڕوویداوەو بەردەوامە ، هەروەها ئەگەر گیانی شۆڕشگێڕانەی کرێکارانی نەتەوەکان نەبێت، ئەوا ئیمکانی سەپاندنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان لەلایەن ئۆلیگارشی و بۆرژوازی و وردە بۆرژوازی کوردەوە هیچی لێ سەوز نابێت . هەروەکو ئەوەی لە نەتەوەکانی سەدەی بیست دا بە چیچانییەکان کرا لەلایەن دەوڵەتی ڕوسیای فیدراڵیەوە ، چونکە ئیرادەو هاو پشتی نەتەوەی ڕوسی لەگەڵدا نەبوو . لەبەر ئەوەیە ناتوانێت هێزو لایەنەکانی سەرمایەداری جیهانی و وڵاتەکانی ئەوروپا و رۆژئاوا بخاته‌ ژێر فشاری گۆڕانی جوگرافیاوە .

چەپ نەیتوانیوە لە تێڕوانینە بۆرژوازییەکانی سەرانی سیاسی حیزبە کوردیەکان دەربچێت ، ئەوەی کە بەگوێی خەڵکیدا ئەدەن ، هاوتان و هەمان ناوەڕۆکی سیستمی دەسەڵات و حوکمڕانی دەوڵەت ، حوکومه‌ت ڕانییە کە داخوازی بۆرژوازی و ئۆلیگارشیەکانی کورده‌ ، هەوڵی بۆ ئەدات . بۆ نەتەوەکان و چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوایەتی فرسەت هەبێت یان نەبێت ، پێویستە هەوڵی گرتنە بەری رێگا چارەی شۆڕشگێڕی بدەن، ئەرکی سەرشانی ئازادی خوازان و کۆمۆنیستە زانستیەکانە . ئەو هێزانەی کە بەدوای فرسەتەوەن و بوونلە ڕابردوو ئێستادا ، بێجگە لە درۆیەکی ڕووت هیچی تریان لێ سەوز نابێت ، وەکو سیاسەتەکانی حیزبە لۆکاڵیەکان و مشەخۆرانی هەرێم ، خەریکی خۆدزینەوەو گەندە خۆرین لەسەر پرسی نەتەوایەتی کورد لە عێراقدا . قۆستنەوەی فرسەتەکانیش گیان وهەوڵی شۆڕشگێڕانەی دەوێت تا بتوانێت ئامانجەکەی خۆی بپێکێت .له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ ئه‌ولایان و ئه‌م لایان ،به‌ ئاوازی سیاسه‌تی جیهان و ناوچه‌که‌ سه‌ماده‌که‌ن .

بیرو سیاسەتی چەپ و ڕاست و ئیسلامیەەکان و هێزەکانی تر ئەگەر هەبن ناتوانن لەچوارچێوەی سیاسەت و یاسایە دەربچن ، کە دەوڵەتە زلهێزەکان و خاوەنانی ڤیتۆ لە ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەک کەرانی نەتەوە یاکگرتوەکان ، هەژموونی خۆیان بەسەر (UN)و سیاسەت و یاساکانی سەپاندووە و ، لەو ڕێگەیەشەوە وەکو ناوەندێک بەکاریان هێناوە ، توانیویانە ئامانجی سیاسەتە ئابووری و سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیان بەسەر جیهاندا بسەپێنن . لەبەر ئەوەی سیاسەتەکانی ئەوان لە بەرژەوەندی ئۆلیگارشی و نانێکی بۆ ووردە بۆرژوازیش تێدایە ، هەربۆیە نەیان توانیوە بە شێوەیەکی ڕاست و دروست تەلیسمی سیاسەتی پاوان خوازی زلهێزەکان ، لە ڕێگەی (UN)ەوە ڕوون بکەنەوەو ئاشنای بکەن بە خەڵک و بدەنە دواوەو تێک بشکێنن ، بۆیە وەکو بازرگانێک هەموویان بازرگانی بە خواست و ویستی نەتەوایەتی کوردو پرسەکەیەوە دەکەن .

بە ڕەسمی ناسینی کوردستان لەلایەن چەند دەوڵەتێکی جیا جیاوە ، هەروەها جێگیرکردنی بازرگانی و ئابووری و دبلۆماسی لەگەڵ چەند بەشێک لە دنیادا ، ئەو ڕێنوینی کردنەی کە ئۆلیگارشی و بۆرژوازی و ووردە بۆژوازی کورد ئەیکات ، هەوڵێکە لە پێناوی جێگیرکردنی دەوڵەتی بۆرژوازی و ئۆلیگارشی کورد ، لە کوردستانی عێراقدا لەلایەن چەپ و ڕاستیەوە . ئەگینا باس و خواس لە هیچ دەوڵەت و حکومەتێکی تر نیە . لەگەڵ ئەوەی دروست بوونی دەوڵەتی کوردی ، گرنگی خۆی هەیە بەڵام ناکاتە ئەوەی دەوڵەتی دڵخوازی کرێکارانی کورد بێت، چونکە پەیڕەوکردنی سیستەم تیایدا سیاسی و سەربازانی و سەرمایەدارانی ئۆلیگارشی باڵادەستە ومافیا ئاسایەمافیا ئاسایە. چونکە " ڕیفۆرم کردن لە بەرنامەی نەتەوایەتی ، هەمووامتیازاتی نەتەوەی سه‌رده‌ستهەڵناوەشێنێته‌وە وە یەکسانی تەواو دروست ناکات، وە هه‌مووجۆرەکانی زوڵم و زۆری نەتەوایەتی هەڵناوەشێنێتەوە. " (51).

هەربۆیە ئەوە حوکمی زاتی خوازەکان و مافی چارەنووس خوازە درۆینەکان ، ئەو تێڕوانینەی کە چاوەڕێی ڕیفراندۆم و چاودێری کردنی لەلایەن (UN) ەوە، لەسەر مافی جیابوونەوە و بەڕەسمی ناسینی لە دەزگا جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییەکاندا، لەدرۆیەکی ڕووت و بێ بنەما بەوولاوە ناتوانێت مافی یەکسانی نەتەوەکان بەدەست بهێنێت. هەروەها ئەوەی کە بەبیرو بۆچوونی بەحساب جیاوازی حیزبەکانی کوردستانی عێراقەوه‌ دیارە، هیچ نی یە جگە لە خۆڵ کردنە چاوی خەڵک. ئەو قسە و باسەی کە دەڵێت ئێمە هەوڵی ڕیفراندۆم دەدەین، بۆ جیابوونەوەی کوردستانی عێراق یان باشوری کوردستان لە عێراق، بێجگە لە ایستهلاکی کات و درێژەدان بەتەمەنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی پڕ لە شەرمەزاری هیچی تر نییە. چونکە ئەگەر ئۆلیگارشی و مشەخۆرنین بەسەر ئابووری و سیاسی کوردستانی باشوورەوە، ئەوا ئەم شێرە بەفرینانە کە دەیانەوێت دەوڵەت ڕابگەیەنن، دەبوایە بناغەیەکیان بۆ دروست کردنی دەوڵەتی کوردی بشێلایە و دابڕشتایە، لەڕووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دیبلۆماسییەوە، سیاسەت و ئامانجی حیزبیانە و خێڵەکیانەیان بەرجەستە نەکردایە، بە ئاراستەی زاڵکردنی سیاسەتی دەوڵەتڕانی کارییان بکردایە، هەریەکەیان لەدژی ئەوی تر نەبوونایەتە دەسەنەخۆر و چاو لەدەستی سیاسەت و ئابوری ووڵاتانی دراوسێی هەرێم، ئەجێندای ئەوانیان لەناوخۆ و دژبە هاووڵاتیان جێ بەجێ نەکردایە. هەروەکو لەڕابردوودا و به‌هه‌مان شێوه‌ خێڵە کوردییەکان هەمان کرداریان دژبەیەک ئەنجام داوە، " لەسەردەمی هاتنی میدییەکانەوە ئاوهابوو، هەرچەندە پێدەچێت لەوەوبەریش هەر ئاوهابووبێت، مێژوو نووسە ئاشوورییەکان باسی پاشای نایری و جەنگاوەرە عەگیدە مێرخاسەکانی مەڵبەندی ئەوڕۆکەی کوردستانی نێوەند دەکەن. لەسەرتاسەری مێژوی ئیسلامدا بەردەوام سەرەکهۆزە کوردەکان و هۆزەکانیانمان دێتەوە پێشچاو، کە لە خزمەتی دەستەڵاتدارییە مەزنەکانی دەوروبەریاندا هەڵسووڕاون." (52) حاڵی ڕاست و چەپ و تێڕوانین و کردەیان، دووبارەکردنەوەی هەمان مێژووی ڕابردوی هەڵسوڕانی خێڵ و سەرەک عەشیرەت و ئاغا و شێخ و میرنشینەکانیەتی ، نەیان توانیوە لە خۆهەڵواسین بەهێزەکانی ناوچەکە و هەندێک هێزی ناوخۆیی هەڵوێست و ئاکاری کردەیی جیاواز بنوێنن و لەسەر پێ ی خۆیان ڕابوەستن. هەروەکو ئەوەی لەڕابردوودا " سەرەک خێڵێکی گچکە کە دەبێتە وابەستەی دەوڵەتێکی بەهێز، هیچێکی ئەوتۆی نییە لەدەستی بدات، لێ بواری شڵپە و مشەی دەستکەوتێکی چاکی بۆ دەڕەخسێت." (53) پرسی نەتەوایەتی و چارەسەرەکەی، پەیوەندی نی یە بە هەلوومەرجی جێگیر یان ناجێگیر و شڵەقاوی سیاسی، بەڵکو پەیوەندی بە ئاست و پلەی دژایەتی نەتەوایەتی و ململانێ تووندەکەی هەیە. هەتا تووندتربێت، هەوڵ و خواست لەسەر جیابوونەوە زیاتر دەبێت. لەهەرێمی کوردستان و هەرسێ وڵاتەکەی تری سوریا و تورکیا و ئێران، دژایەتی کردنی توندی دەسەڵاتی ناوەندی لەگەڵ خواست و وویستی نەتەوەی کورددا. بەڕەسمی نەناسینی مافی سیاسی و کەلتوری و کۆمەڵایەتی و ژیاری ئه‌و نەتەوەیه‌، لەلایەن ئەو ووڵاتانەوە، هەمووکات هەلومەرجی بەدەست هێنانی ئەومافە نەتەوەییانەیە لەلایەن نەتەوەی کوردەوە. هەروەکو ئەوەی لەڕابردوودا لەسەر پەیوەندی بۆرژوازی ئینگلیز و ئێرلەندیەکدا هەبوو چوونکە " بۆرژوازی ئینگلیز، بۆ خراپترکردنی باری ژیانی چینی کرێکار لە ئینگلترادا، بەزۆرکۆچ پێکردنی ئێرلەندییە هەژارەکان، بەتەنها هەژاری ئێرلەندییەکانی ئیستیغلال نەکردووە، بەڵکو هەروەها پرۆلیتاریای بۆ دوو سەنگەری دژبەیەک دابەش کرد. لەنێوان گڕوتینی کرێکارانی شۆرشگێڕی سەڵتی، ڕەفتاری ئەرێنیانەی ( ئیجابیانەی ) بەڵام خاو و لەسەرخۆی کرێکاری ئەنجلۆسەکسۆنی، کۆبوونەوە و هەماهەنگی ڕوونادات. بەڵکو بەپێچەوانەوە، لەهەمووناوەندەکانی بەرهەم هێنانی پیشەسازی لە ئینگلترادا، بەربەرەکانیەکی قوڵ هەیە لەنێوان پرۆلیتاریای ئینگلیز و پرۆلیتاریای ئێرلەنده‌یدا. کرێکارێکی مام ناوەندی ئینگلیزی ڕقی لە کرێکارێکی ئێرلەندییە کە وەکو ڕکابەرێک ( منافس ) لەکرێ و ئاستی ژیانی نزم دەکاتەوە. ئەو لەناخیدا هەڵگری ڕقێکی نەتەوەی و ئاینی یە بەرامبەر بەو، وا تێی دەڕوانێت وەکو تێڕوانینی سپی پێستە هەژارەکان بۆ کۆیلە ڕەش پێستەکانی ویلایەتەکانی باشوور لە ئەمریکای باکوردا، خۆشکردنی ئەو ئاگری دژایەتی یە ، کە بەتایبەت لەنێوان پرۆلیتاریای ئینگلیزدایە. بەتایبەت بۆرژوازی بەشێوەیەکی دروست کراو پارێزگاری لێدەکات. لەبەرئەوەی ئەزانێت کە نهێنیپارێزگاری کردن لە جەبەروتی ( زۆرداری ) دەسەڵاتی،لەدابەش بوونی نێوان پرۆلیتاریادا خۆی شاردووەتەوە." (54) لەبەرئەوەی نەتەوەکان، نه‌کەونە ناو گەمەی سیاسی و ئابووری بۆرژوازی و سەرمایەدارەکانیانەوە، بۆ مەبەستی خۆیان توندوتیژی و کوشت و بڕو دژایەتی لەنێوان نەتەوەی لەسەر دەسەڵات و نەتەوەی پەراوێزخراو و ژێردەستەی بۆرژوازییەکانی دەسەڵاتدار دروست نەکەن، دەبێت کرێکارانی نەتەوەی لەسەر دەسەڵات، پشتگیری تەواوی جیابوونەوەی نەتەوەی ژێرچەپۆکەی خاوەن دەوڵەت بکەن و شان بەشانی ئەوان بڕیار لەسەر جیابوونەوە بدەن. چونکە هەر گەلێک نەتەوەو گەلێکی تر کۆیلە بکات، ئەوا بەدەستی خۆی زنجیری کۆیلایەتی دەخاتە گەردنی خۆی. خواست و ویستی مارکسیستەکان، لابردنی کۆیلەکردن و زنجیری گەردنی نەتەوەو چینی کرێکارە، دەیانەوێت کۆتایی بە ئارێشەیەک بهێنن، کە ڕێگرە لەبەردەم چوونەپێشەوەی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری چینی کرێکاری نەتەوە جیاوازەکانی ووڵاتان. هەروەها دەبێت ئەو مەرامەی بۆرژوازی دەربخەن کە دەیانەوێت ئاگری دژایەتی نەتەوەکانی لەسوودی خۆیان بەکاربهێنن، کرێکاران لەخەباتی ڕەوا و ئەرکی مێژووی خۆیان دوور بخەنەوە. بۆرژوازی و ئاغاو شێخ و دەرەبەگی کورد، شان بەشانی بۆرژوازی تورک و عەرەب و فارس، کاریان بۆ دروست کردنی ئەقڵی دژایەتی نەتەوایەتی و خێڵەکی لەنێوان نەتەوەکاندا کردووه‌ ، بەمەبەستی پارێزگاری کردن لە پێگەو مەقامی چینایەتی خۆیان . هەردووای دروست بوونی دەوڵەتی عێراق لەسەر دەستی بۆرژوازی ئینگلیز لەساڵەکانی 1921 ی زایندا، بۆرژوازی نەتەوەکان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ گەشەی سەرمایەکەیاندا نەبووە، بەڵکو توانیویانە وەبەرهێنان لە دژایەتیاکانیاندا بەسوودی خۆیان بەکاربهێنن. دەوڵەتی عێراق بە ئاگر و ئاسن دروست بوو و پارێزگاریشی لەخۆی کرد. کیمیاباران و ئەنفال و قەتڵ و عام و جینۆساید و کاول کردنی شار و گوندەکان، لەسەرەتای دروست بوونیەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێت پێناس و ناسنامەیەتی. بۆرژوازی نەتەوەکان بەخوێنی کرێکاران و زەحمەتکێشانی نەتەوەکانیان بێستان و باخی پڕ لەسەرمایەیان ئاودەدەن. هەروەها ئەگەر لەووڵاتێکیشدا چەند نەتەوەیەک هەبن، ئەوا بۆرژوازییەکانیان هەماهەنگی لەگەڵ یەکتریدا دەکەن، هەروەها تواناکانیان بەهاوبەشی بەکاردەهێنن لەپێناوی وەبەرهێنان لەهێزی کاری هەرزان و دژایەتی پێکردنی کرێکاران. لەگەڵ ئەوەی ئەو هەموو لایەن و هەلوومەرجەی ژیانی نەتەوەکان، بەهۆی بێ مافی و دژایەتیان، لەلای مارکسیستەکان هێشتا جیابوونەوە و دروست کردنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ نەتەوەکان تاکتیکە، چونکە یەکبونی پرۆلیتاریا و زەحمەتکێشان لەپێناوی لەناوبردنی چەوسانەوە و دەسەڵاتی زۆرداران ئامانجە، بەڵام ئامانج بەزۆرەملێ و بێ خواست و وویستی کرێکاران بە ئاسانی بەدی نایەت. واتا تاکتیک، ئامانجی لێوە بەدەست دێت. تاکتیک بۆیە بەکاردەهێنرێت، بۆ ئەوەی ئەرکێکی کرداری لەپێناوی ئامانجەکانی ستراتیژیدا به‌دیبهێنێت. لەهیچ پەرەنسیپێکی سیاسیدا، وە بەتایبەتتر لە سیاسەتی مارکسیستە زانستییەکاندا، تاکتیک بەپێچەوانەی ستراتیژ بەکارناهێنرێت، هەربۆیە وویستی ڕاسیونالیستانەی چەپ، وایان لێ دەکات بڕیار لەسەر جیابوونەوە نەدەن، بەو دەلیلەی کە گوایە جیاببونەوە دژی ئاڕاستەی جووڵەی بزوتنەوەکەیان دەبێت. ئەمەش بەپێی ئەقڵ خوازانەی ئەوان نابێت، چونکە هەلومەرجی پەیوەندی چینایەتی نێوان کرێکاران و زەحمەتکێشانی کورد و عەرەب و نەتەوەکانی تر، دەستنیشانی خواستی جیابوونەوە دەکات، لەوکاتانەی کە هاوخەباتی و یەکڕیزی تێکۆشانی چینایەتی لە عێراقدا، لێکهەڵپێکراو پێکەوە گرێدراوبوو، هەروەها گیانی دژایەتی و پڕوپاگەندەی نەتەوایەتی و چەوسانەوەی نەتەوایەتی بوونیان نەبێت و نەبێتە بەشێک لە بازرگانی بەدەست ئۆلیگارشیەکانی نەتەوەکانەوە، ئەوا باسکردن لە چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی، هەتا بەقسەش بێت، نادروست و دوورە لەسیاسەت و پراکتیکێکی زانستیانەی سیاسەت و خەباتی چینایەتی. ئەگەر بەوشێوەیەبێت ئەوا باسکردن لەجیابوونەوە و ببێته‌ هەڵگری بڕوای نەتەوایەتی، تەنها شۆڤێنیەت بەرهەم دێنێت. ئەگەر بڕوایەکی وا هەبوو لەلای کۆمەڵێک، ئەوا لەخەیاڵدانیدا، لۆزانێکی تری داڕشتووەو سیاسەتی سزابەسەر بەتەوەیەکدا دەسەپێنێت، هەروەکو ئەوەی کەلەڕابردوودا بەرامبەر بەنەتەوەی کورد کراو، دابەشی چوارپارچەی جیاواز کرا و بەسەر دەوڵەتەکانی ناوچەکەدا به‌خشرایه‌وه‌. لەکاتی پێویستدا کا جیابوونەوە گرنگ و ڕاست بوو، ئەگەر بەڕێگر دانرا لەبەردەم هاوخەباتی چینایەتی کرێکارانی نەتەوە جیاوازەکان، بەمەش هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ بۆرژوازی دا دەکەن، لەچوارچێوەی کارو هەڵسووڕانی سیاسیاندا، دەبنە پارێزەر و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ووردە بۆرژوازی و سەرمایەداران. هەروەها دەبێتە سەرچاوەی خۆشکردنی ئاگری دژایەتی و ململانێی نەتەوایەتی نەتەوەکان. لەسایەی کارێکی وادا کۆیلەکردنی نەتەوەیەک لەلایەن سەرمایەدارانی نەتەوەیەکەوە، دەبێتە کۆیلەکردنی هەردوو نەتەوەکە بە قازانجی دەسەڵاتی سەرمایەداران. جەوهەری بازاڕ، بریتی یە لە بەرهەم هێنان و ساغ بوونەوەی کاڵاکان. لەبەرئەوە سەرمایەداری بیر لەبەرهەمهێنانێک دەکاتەوە کە کەمترین بڕ کرێی هێزی کاری تێبچێت، تا بتوانێت لەگەڵ بازاڕدا ڕکابه‌ریبکات و بتوانێت زۆرترین بڕی کاڵاکانی ساغ بکاتەوە و بەو هۆیەوە زۆرترین قازانجی دەست بکەوێت.

ئەمەش بەهۆی دوو هۆکارەوەیە، کە نرخی هێزی کار نزم بێت و هەروەها بازاڕ واتە خستنە ڕوو و داخوازی، ئەمەش هەمدیسان پەیوەندی بە چەندێتی تێچوونی کاڵای بەرهەم هاتووەوەیە، کە نرخی هێزی کار دەست نیشانی نرخی بازاڕی کاڵاکە دەکات، تا نرخی هێزی کار کەم بێت، ئەوا نرخی کاڵای بەرهەم هاتوو کەمتردەبێت، واتە دەتوانێت خستنەڕوو و داخوازی ڕێک بخات. ئەمەش هەمدیسان لەڕێگەی ڕکابەری کرێکارانی خاوەن هێزی کاری هەرزانه‌وه‌ به‌ده‌ست دێت. زۆرجار ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌ی کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌کان و دروست کردنی جیاوازی له‌ نێوانیاندا . هەروەکو ئەوەی کە لە ناوچەیەک بەتاڵە زۆردەکەن و خواست لەسەر هێزی کاریان کەم دەکەن و بەمەش نرخی هێزی کاری کرێکارانی نەتەوەکەی خۆیانی پێ کەمدەکەنەوە. هەر ئەمەشە لەزۆرترین حاڵدا دەبێتە دروست بوونی جۆرێک لەکینە و ڕق لەنێوان کرێکارانی نەتەوەکاندا. لەدواجاردا دەبێتە قازانج بۆسەرمایەداران، لەدوو ڕووەوە سوودی لێ وەردەگرن، یەکەم کرێکاران دەکەن بەگژی یەکتردا و دووەمیش دەسەڵاتیان پارێزراو بێ ڕکابەر و دژ دەبێت. هەروەها کاریگەری لەسەر پەیوەندی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی چینایەتی کرێکارانی نەتەوە جیاجیاکان دەبێت. واتە نابێت بۆ مافی نەتەوەکان، پەیوەندی جوگرافیای ئابووری ببێتە هۆی دەست ئاوەڵاکردنی سیاسەتی شۆڤێنییانە بەسەر نەتەوەی ژێردەستە، هەروەکو ئەوەی لەووڵاتەکانی عێراق و ئێران و تورکیا و سوریاشدا بەسەر نەتەوەی کورد و کەمایەتییە ئاینی و مەزهەبی و نەتەوایەتییەکاندا ئه‌سه‌پێنرا . سیاسەتی شۆڤێنیانە بەرهەمی دەسەڵاتی بۆرژوازی و سەرمایەدارییە لەمیژوودا و توانیویەتی لەوڕێگەیەوە سیاسەتی نەتەوەپەرستی بسەپێنێ بەسەر کرێکاراندا، کە لە بنەڕەتیشدا پێویست بوو کرێکاران بیر لەخەباتی چینایەتی بکاتەوە نەک وەک ناسیونالیستێک هەڵسووکەوت لەگەڵ یەکتری هه‌ڵسووکه‌وت بکەن.

واتە بازاڕی سەرمایەداری ناتوانێت، وەڵام بەمافی یەکسانی نەتەوەکان بداتەوە. چونکە سەرمایە و بازاڕ پێویستی بەکێشەی بەردەوامی نێوان کرێکارانی نەتەوەکان هەیە، تا بتوانێت زیاتر وەبەرهێنان لەهێزی کاریاندا بکات و وەهمی بەنەتەوەیی بوون له‌ بیروو هه‌ڵسووکه‌وتی کرێکاراندا بچەسپێنێت . دروست بوونی یان دروست کردنی جوگرافیای ئابووری جیاواز ناتوانێت هیچ گرێیەک لەکێشەی نەتەوایەتی چارەسەربکات، تەنها ئەمە بووه‌ته‌ هۆی ئەوەی کە لەڕابردوو لەئێستادا، لەلایەن توێژێکی سیاسی و سەربازی ئۆلیگارشی لەعێراق و هەرێمدا، ژیانی کرێکاران و هەژارانی ئەو ووڵاتەیان خستووەتە بەر ڕەحمەتی ڕووتانەوەو دزینی سەرچاوەکانی ئابووری ژیانیان، لێرەوە دەردەکەوێت بەرگری کردن لە جوگرافیای ئابووری و سیاسی، بێجگە لە بێ وەڵامی و خۆدزینەوە لە ئەرکێک، کە خەباتی چینایەتی چینی کرێکار دەباتە سەر شاڕێی مێژوویی خۆی لەبەرامبەر سیستەمی سەرمایەداریدا هیچی تر نیە. ئەمەش نابێتە هەوڵێک و ئاکارێکی کۆمۆنیستی زانستیانەی لێناکەوێتەوە و مەدالیای ئازایەتی و هزرڤانیان پێ ناکرێت بەیەخەیاندا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو جۆرە لە هەڵوێست و بیرو هزرڤانی، بەشێکە لە تێنه‌گەیشتن لە خواست و وویستی مارکسیستیانەی کرێکاران و کارنەکردن بە ئاڕاستەی دیفاکتۆی چارەسەری کێشەیەک که‌ لەبەردەم چینە زەحمەتکێش و چەوساوەکەی کرێکاران و هەژارانی ئەو ووڵاتەدایە. زیاتر دەبێتە هۆی کۆیلەکردنی کرێکاران لەبەردەم خواستی نەتەوایەتیدا، هەروەها میتافیزیکیەکانن کە لە ڕەووتی گەشەیەکی ماددیانەی کۆمەڵدا شیکاری لە ئەزموونەوە بەدەست دێنن و بیر لەودیوو دارستانەکان ناکاتەوە. ئەزموونگەراکان دەست نیشانی هەڵوێست و کرداریان لەسەر هەر دیاردەیەک بەئەزموون دەکەن.

کاتێک باس لە پەیوەندی ئەنتەرناسیونالیستی چینی کرێکاری عێراق بکرێت، ئەگەر بە ناشارەزایی دەست بۆ ئەو پرسە ببرێت، زۆر نزیکە لەوەی کە توندوتیژی نەتەوە پەرستیانەی لێ بکەوێتەوە و نەتوانێت چارەسەری بکات. چونکە چەند گرنگە هێزی کرێکارانی جیهان یەک هەڵوێست و ئامانج بێت، لە خەباتی جیهانیانەی کرێکاران. به‌هه‌مان شێوه‌ هەندێک جاریش دروست بوونی دەوڵەتێکی بچوک و جیابوونەوەی لە دەوڵەتێکی تر، گرنگی بۆ هاوخەباتی چینایەتی چینی کرێکاری جیهان دەبێت. ئەمەش به‌پێی هەلومەرجی پەیوەندیەکانی ئەو چینە کە بەناوی نەتەوەی جیاوازەوە دابەش دەکرێن. مارکس بۆ ئەم حاڵەتە، له‌سەر پەیوەندی کرێکارانی ئینگلیزی و ئێرلەندایی زۆری ڕاڤە لەسەر کردووە و دەڵێت " مەرجی پێش وەختە بۆڕزگاری چینی کرێکاری ئینگلیزی، بریتی یە لە ئاڵوگۆڕی پایەی زۆرەملێی ئۆنیۆن- یا کۆیلەکردنی ئێرلەندە، بۆ هاوپەیمانیەکی تەواو و ئازاد، ئەگەر ئەمە لە ئیمکاندا بوو، یا جیابوونەوەیەکی یەکجارەکی و تەواو، ئەگەر ئەمەش گرنگ و پێویست بوو. " (55) بەڕاستی لەوە گەوجانەتر نی یە، کە بەزۆر و بە کاروکردەوەیەک، کە ڕوویەکی شۆڤێنیانەی هەبێت و بڵێیت و یا به‌ مه‌ن و بەحسابی خۆت پەیوەندی نێو نەتەوەیی بۆ کرێکاران پێکدەهێنێت. لەڕابردووەوە، هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئێرلەندیەکان لە هەوڵی جیابوونەوەن، لە مەلەکیەتی بەریتانیای گەورە. ئەو کێشەیەش لە ڕابردوودا پارت و بزوتنەوەی سیاسی وای بەخۆیەوە دیوە، کە هیچ ناوەڕۆکێکی ڕزگاری و ئازادی بۆ ئێرلەندییەکان لەناوەڕۆکی بیروکاریاندا نەبووە کەچی بەناوی ڕزگاری و جیابوونەوە، کرێکارانیان دەکردە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و ڕزگاریشیان بەدەست نەهێنا. ئەم کێشانه‌ تەنها لەو ووڵاتانەدا هەیە، کە نەتەوە جیاوازەکانی تیادا دەژین و دەکەونە ژێرتەئسیری دەسەڵاتی دڕندانەی دەوڵەتی ناوەندەوە، هەروەکو کشمیرییەکان لە هندستان و هەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیادا، کە ئەم هەرێمە بەبەردەوامی لە هەوڵی جیابوونەوەی لە دەوڵەتی ناوەندی ئیسپانیادایه‌، هەموو ڕۆژێک و هەرجارەی بەشێوەیەک، خواستی خۆیان لەسەر جیابوونەوە دەردەبڕن. هەتا لەناو گۆڕەپانی یارییەکانیشیاندا ڕەنگی خۆی داوەتەوە. قاڵیەکی گەورە ئەگەر نەتوانرێت لەسەری ژیان بکرێت، ئەوا پارچە پارچەکردنی باشترە، ئەگەر ژیان لەسەر قاڵیه‌ پارچه‌بووه‌کان بۆ هەموو لایەک ئاسوودەیی بێت، واتە من قاڵییەکی پارچە پارچەی بێ جەنگ بە باشتر دەزانم، لە قاڵییەکی گەورەی پڕ لەجەنگ و توندوتیژی و پشێوی دەروونی. بەڕاستی پارچە پارچەکردنیش هەست و بیروکرداری شۆڕشگێڕانەی پڕ لە خواست و ویستی دەوێت.

وا بیردەکەمەوە کە ئەگەر نەتەوەکان لەچوارچێوەی دەوڵەتی خۆیاندا کرێکارانیان ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بەڕێوە ببه‌ن ، باشترە، چونکە هێزەکان بەناوی نەتەوە و نەتەوەخوازییەوە، هەڵیان ناخڕێنن بۆ جەنگێک کە لە بنەڕەتدا جەنگی کرێکاران نی یە، بەڵکو ئەوە خواست و ویستی سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیانە سوود لە دووبەرەکی نێوان کرێکاران دەبینن، تێربوون لە مافی ممارەسەکردنی دەوڵەتی خۆی، سەردەکێشێت بۆ گەورەبوون و دروست بوونی داخوازییە چینایەتیەکانی چینی کرێکار بەرامبەر بە سەرمایەداری خۆ ووڵاتی کە لەدەورانێکدا وەک شۆڕشگێڕ ده‌رده‌که‌وت و پەیامی ڕزگاری بڵاودەکردەوە، ئێستاش دەبێتە لەمپەر لەبەردەم گەشەی خواستی چینایەتی چینەکەی بەرامبەری.

ئەوکات پێویستی هاوخەباتی لەگەڵ چینی کرێکاری نەتەوەکانی تربەکارێکی گرنگ و لەپێشینەی خۆی دەزانێت دژ بەو ناعەدالەتی وبێ مافیە ی کە بەرامبەری دەکرێت.

لەبەر ئەوەیە کە زۆر جار بۆرژوازی خۆ ووڵاتی گاڵتە بە مقەدەراتی چینی کرێکاردەکات، بیر لەسەربەخۆیی ناکاتەوە، بەهۆو بەڵگەی جیاوازو لەڕێگەی پلانەکانیەوە، پێکوتە بەو خواستە دەکات و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا قەتیسی دەکات، هەروەکو ئەوەی کە ئۆلیگارشیەکانی ئابووری و سەربازی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە هاووڵاتی دەیکەن چونکە " هەرچەندە ڕەنگ هەیە کەمێک سەربەستی خۆی لەدەست بدات وەلێ بەبرەوپێدانی دەسەڵاتی، بەتێرو تەسەلی تۆڵەی بۆدەکرێتەوە." (56) لەبەرئەوە ئەوانە خەریکی خۆخزاننە ناو دەسەڵاتدارانی ناوچەکەوەن و هەریەکەیان مەیل و کرداری لەگەڵ ووڵاتێکدایە و بە ئەجێندای ئەوان هەڵسووکەوت دەکات، لەسەردەستی ئەمانەش سەربەخۆیی بەدەست نایەت، ئەگەر زلهێزەکانی دنیا ئەو ئەرکەیان بۆ ڕانەپەڕێنن. لەبەرئەوە " کاتێک نەتەوەی و گوردێری سەرەکهۆزێک دەداتە پاڵ دەوڵەتێک و دەبێتە وابەستەی، سەرەکهۆز هیچی پێناکرێت، ئەوەنەبێت کە بداتە پاڵ دەوڵەتێکی دی ( یاخود دەوڵەتانێکی دی ) و پشتگیرییان مسۆگەربکات. دژایەتی و دوژمنایەتی ئەو سەرەکهۆزانە لەنێوخۆیاندا، دەبێتە ماک و هەوێنی وابەستەیی و پێبەندییان بەو دەوڵەتانەوە. ئەو وڵاتانەی گەرەکیانە جێپێی خۆی لەکوردستاندا بکەنەوە. هەمیشە وێڵی دووی وابەستەیەکن، کە دوژمن و ناحەزی وابەسته‌ی وڵاتانی دیکەبێت. بەوجۆرە نەتەوەی و ناحەزە نێوچەیی و مەڵبەندییەکان، تا ئەوپەڕی سنوور پشت بە گێرمەوکێشەی وڵاتانی هاوسێ و دوور دەبەستن و بەوپێیە دەبنە پێبەند و وابەستەیان." (57) عێراق لەکۆنەوە هەتا ئێستا جێگای ململانێی مەزهەبی و ئاینی و نەتەوەیی بووە، جەنگی گەورەی خوێناوی لێهەڵگیرساوەو هەزاران لە هاووڵاتی ئەو جوگرافیایە تووشی لەناوچوون بووەتەوە و پێکەوەژیان تیایدا بووەتە حاڵەتێکی مستەحیل و توانای پێکهەڵپێکانی هەموو گروپی ئاینی و مەزهەبی و ئەتنکی ناو دەوڵەتی عێراق بووەتە کارێکی مەحاڵ. هەربۆیە قاڵیەگەورەکەی عێراق ژیان تیایدا مەرگەساتە بۆ گروپە جیاوازەکان و هیچیان ناتوانن تیایدا بحەوێنەوە. دابەش کردنی و پارچەبوونی هەنگاوێک خواست و ویستی کرێکاران دەهێنێتە پێشەوە و، چینی ئۆلیگارشی ئابووری و سەربازی کوردوعەرەب و مافیاکانی و بازرگانانی خوێن، دەکەونە بەردەم لێپرسینەوە و لەناوچوون، لەبەرئەوە مافی یەکسانی نەتەوەکان لەسەر دەستی ئۆلیگارشیەکان بەدەست نایەت، بەڵکو ئەمەش ئەرکێکی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و کۆمۆنیستە زانستیەکانە و لەسەر دەستی ئەوان جێ بەجێ دەبێت. هەر لەبەرئەوەیە دەبێت بڕیاربدان هەروەکو ئەوەی کە " لەپێشتردا وامان دانابوو، کە جیابوونەوەی ئێرلەندا لە بەریتانیا کردارێکی مستەحیلە، بەڵام لەئێستادا وابڕوادەکەم کە ئەو جیابوونەوەیە کردارێکە که‌ هیچ مەجالێکی تێدانیە، لەگەڵ ئەوەی کە یەکێتی فیدراڵی، ئەبێتە ڕێگرو به‌ربه‌ست لەبەردەم جیابوونەوەدا." (58)

تێبینی ؛ هه‌موو ئه‌و ووشه‌و ڕستانه‌ی که‌ هێڵی به‌ ژێردا هاتووه‌ ، ته‌ئکیده‌کان هی مارکس و ئنگلس ن .

نه‌جمه‌دین فارس حه‌سه‌ن

سه‌رچاوه‌کان:

44: مارکس- انجلس، رسائل مختارة 1844 ـ1895 ،(رسالةمن انجلس الى بیبل،18ـ28 آزار 1875 )، دار التقدم ، موسکو، طبع فـي ألأتحاد ألسوفیتي 1982 ،ص215 .

45 :منصور حکمت ، له‌به‌رگری کردندا................... بۆپێشه‌وه‌ ،ژماره‌ 21 ،ل 5 .

46 : مارکس ـ أنجلس ، (أصل ألعائلةو ألملکیةألخاصة وألدولة ) ، مختارات في أربعة أجزاء ، جزءألثالث ،دار ألتقدم ، موسکو ، 1970 ، ص328 .

47 : نه‌جمه‌دین فارس ، خولی هه‌فتای نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان، جاڕدانی فره‌جه‌مسه‌ری بوو،سایته‌کانی ،بیرکردنه‌وه‌ ، ده‌نگه‌کان ، پێنوسه‌کان ،.له‌ به‌شی دواتردا زیاتر له‌ سه‌ری ئه‌دوێم .

48 : منصور حکمت ، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 5 .

49 :هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 5 .

50 : مارکس ـ أنجلس ، (أصل ألعائلةو ألملکیةألخاصة وألدولة ) ، مختارات في أربعة أجزاء

، جزءألثالث ،دار ألتقدم ، موسکو ، 1970 ،ص410 .

51 : لینین ـ مسائل ألقومیة و ألاممیة ألبرولیتاریة ، دار التقدم ، ص 227 .

52 : مارتن ڤان پرونه‌سن ، ئاغاو شێخ و ده‌وڵه‌ت ، وه‌رگێڕانی ، د. کوردعه‌لی ، مه‌کته‌بی بیروهوشیاری (ی. ن . ک ) ، ده‌زگای چاپ و په‌خشی حه‌مدی ، سلێمانی ، چاپ 2010 ، به‌رگی یه‌که‌م ، ل 231 .

53 : هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 235 .

54 : مارکس ـ انجلس ، بصدد ألثورة ألاشتراکیة ، مجموعةمن ألمقالات ،( کارل مارکس ، من مقال"بلاغ سري" کتب نحو 28 آزار(مارس) 1870 ) ، ترجمه‌ ألیاس شاهین ، دار ألتقدم ، طبع في ألاتحاد ألسوفیتي ، 1983 ، ص 153 .

55 : هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ص 154 .

56 : مارتن ڤان پرونه‌سن ، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 235 .

57 : هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 235 ـ 236 .

58 : کارل مارکس ـ فریدیریک أنجلز ، في ألاستعمار ، ترجمة ألدکتور فؤاد أیوب ، دار دمشق ، دمشق ، ( رسالة من مارکس إلى أنجلز ، 2 تشرین ألثاني 1867 ) ، ص 343 .

 

  • 1