ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

‎وەرچەرخانی فوکۆ لە ئارکیۆلۆژیاوە بۆ ژینیالۆژیا

‎لە سەروبەنی ساڵانی حەفتادا، فوکۆ بە جۆرو شێوازێکی نوێ سەڕرقاڵی پرسەگەلێکە کە چیتر پەیوەندی بە تیۆریزەکردنەوە نییە سەبارەت بە گوتار، لێرەدا ئێمە سەروکارو ئاشناییمان لە گەڵ میشێل فوکۆیەکدایە کە تیۆریزەکردنی لە بارەی گوتارەوە تێپەڕاندووە. لێرەداو، لێرە بە دواوە ئەوە پراتیکەکانە کە فۆکوی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، چ گوتاریی بێت یاخود نا گوتاریی. بیرکردنەوەی فوکۆ جۆرێک لە چڕبوونەوەی لە خۆگرت سەبارەت بە دووانەی مەعریفە / دەسەڵات. ئێمە بێجگە لە سەرقاڵی فوکۆ بە چەمکی نوێی ناو وەرچەرخانەکەیەوە. گرنگیدان وسەرقاڵبوونی فوکۆ دەبینین بە ئەزموونەوە، واتە وەرچەرخانێک.بە واتایەکی دیکە گواستنەوە بووە لە ئارکیۆلۆژیاوە بۆ ژینیالۆژیا؛ گۆڕانکاری و وەرچەرخانێک لە تێگەیشتنی فوکۆدا سەبارەت بە بیرکردنەوە لەو شێوازانەی بوونی مرۆیی کە وەک سوژە خۆیان پێکدێنن، خۆیان دروست دەکەن، چونکە سوژە بۆ فوکۆ جەوهەڕێکی ئەبەدی و هەمیشەیی نییە، بڵکو دراوێکە، فۆرمیولەبوونەکانە لە سەیرورەدا. لێرەوە دەکرێت بڵێین فوکۆ ئارکیۆلۆژیا جێدەهێڵێت و دەچێتە ناو میتۆدی ژینیالۆژیاوە. کتێبی چاودێری و سزا بۆ زۆربە چاوەڕواننەکراو بوو چونکە ئەوەمان بەرچاو دەخات کە، ئەوە دیسکورس نییە کە واقیعی کۆمەڵایەتی دەخولقێنێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە، بەرهەمهێنانی مەعریفەی گوتاریی لە خزمەتیی دەسەڵاتێکی کۆمەڵایەتیدایە، لە خزمەتی دەزگا گەلێک کە زیاترو زیاتر فۆرمێکی دیکەی دەسەڵاتمان بۆ دەخاتە ڕوو؛ کۆمەڵێک دەزگای مۆدێرن لە ناو پارادایمی دەسەڵاتێکی دیسپلینیدا؛ زیندانەکان، هێزی سەربازی، قوتابخانەکان، کارگەکان.تەنانەت دان بەوەدا دەنێت کە گوتار، خودی گوتار پراتیکێکی کۆمەڵایەتییە، وەک دریفۆس و ڕابینۆ باسی دەکەن: " شیکردنەوەوشیکارکردنی قوڵایی پراتیکە کۆمەڵایەتییەکان ئاسان نییە و ناتوانرێت بە تەواویی شیکار بکرێت". لێرەوە، لە پاش ساڵانی حەفتاوە ئێمە لە بەرانبەر میتۆدێکی دیکەدا ڕووبەڕووین؛ میتۆدی ژینیالۆژی، یاخود بڵێن شیکردنەوە یان شیکاریی ڕاڤەیی. جێهێشتن و تێپەڕاندنی ئەو کێشە هەڵپەسراوانەی لە ناو ئارکیۆلۆژیادا مابوونەوە لەو سەروبەندەی کە میشێل فوکۆ خەریکی لێکۆڵینەوە بوو سەبارەت بە زانستە مرۆییەکان. لاوازیی و فشۆڵی سەردەمێک کە دەکرێت بە سەردەمی ستراکتورالیست بێناسێنین. ئەوەی گرنگ و بە هەند وەرگیراوە ئەو هاوڕایی و کۆکبونەیەتی لە گەڵ نا بەردەوامیی ڕادیکاڵ و ڕیشەیی لە نێوان گوتارە ئۆتۆنۆمەکان و ئۆتۆ سەرچاوەییەکان، وەستان و شیکردنەوەی ئەوەی کە چۆن گۆڕانی کۆمەڵایەتی بە تایبەت باشتربوونی کۆمەڵایەتی و هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن خۆیان بەرهەم بهێنن. یاخو چۆن دەتوانن و ناچارن بە تەنگی خۆیانەوە بێن وخۆیان بکەن بە گیروگرفت و کێشە. لێرەوە ئێمە سەروکارمان لە گەڵ سوژەیەکدایە، چ تاک بێت یان گروپی، لەوەی بونیادەکان تێدەپەڕێنن و شێوازی دیکەی ژیانکردن سەر ڕێگا دەخەن. ئەوەش دەبینین کە چۆنچۆنی میتۆدی ئارکیۆلۆژی فوکۆ ئەو هەستەمان دەداتێ کە نوقسانییەک هەبووە، نوقسانی لە شێوازی کارکردنێکدا کە ڕێژەیی و ڕیلاتیڤیزمی کەوتۆتەوە، وە حەقیقەت بەرچاوخراوە و لکێنراوە بە ئەرشیفەکانەوە،بە ئیپستمییەکەوە، واتە ئەوەی لە ناو موفرەدەی فەلسەفەی ئەنگلۆـ ئەمێریکیدا بە پارادایمی زانستیی یان چوارچێوەیەکی چەمکیی ناونراوە، ناوی لێنراوە. گوتارو حەقیقەت بەو شێوە دەردەکەوێت کە مێژوویی پێکەوە گرێدرابن، پێکەوە بەسترابێتنەوە،لە گەڵ کۆمەڵێک گیروگرفت و ئیشکالی دیکەی ناو میتۆدی ئارکیۆلۆژی.

‎لە گەڵ گەڕانەوەیەکی چڕو پڕ بۆ نیتچە، گەڕانەوە تا ئەو ئاستەی فوکۆ بڵێت: نیتچە بۆ من ڕزگارکەرێک بوو، ڕزگاری کردم، فوکۆ دەچێتە ناو میتۆدی ژینیالۆژیاوە، میتۆدێک بە پلە ئیمتیاز ئیلهام لە نیتچەوە وەردەگرێت، وەرگرتن و خواستنی ژینیالۆژیایەک کە نیتچە پێی دەڵێت: مێژوویەکی ڕەخنەیی، وە فوکۆ ناوی لێدەنێت مێژووی ئێستا.، هیستۆریکۆگرافیای ژینیالۆژیکی. بە تایبەت لەو شوێنەی بێنەو بەردەو گیروگازەکە دەبێت بە سیاسیی، دەبێت بە پرس و مەسەلەیەکی سیاسی. جیاواز لە مێژوونووسێکی ئارکیۆلۆژی، ژینیالۆژیای نیتچەیی، قسەوباسەکان دەگوازرێتەوە سەر لێکۆڵینەوە لە دەسەڵات لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا، دوورخراوەو دوور لەو میتۆدە ئارکیۆلۆژییەی لکێنراوە بە دەرەوەی پراتیکە کۆمەڵایەتییەکانەوە. ژینیالۆژیا ئەم پراتیکانە بە جدی وەردەگرێت و دەیخاتە ناو دیاگنۆستیککردنەوە. لێرەدا ئێمە هاوڕێی پزیشکێکین زیاتر لەوەی لە گەڵ فەیلەسوفێکدا بین، بە قەولی نیتچە فەیلەسوفانێک کە پزیشکی شارستانیەتن. فوکۆیەکی ژینیالۆژیست واز لە مێژووەکان دێنێت تا خۆیان لە بارەی خۆیانەوە قسە بکەن. لێرەدا ئێمە هاوڕێی ئەو نەخشانەین کە لێیان گەڕاوە تا خۆیان دان بە دیاگنۆسی نەخۆشییەکانیاندا بنێن و بیناسنەوە. ژینیالۆژیایەک کە کاری دیاگنۆستیککردنی نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانە. ژینیالۆژیا دەتوانێت باشترین مۆدێلی شیکاری و شیکردنەوەی کۆمەڵایەتی بێت چونکە بە لای کەمەوە دەتوانێت جیاوازتر لە میتۆدی ئارکیۆلۆژی لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان تێبگات. بە پێچەوانەی ئارکیۆلۆژیاوە کە شیکردنەوەو شیکارییەکی هۆو هۆکاربەندیی بۆ گۆڕانکارییەکان دەکات لە ناو گەمارۆدان و بەستنەوەو سنوردارکردنیان لە ناو گوتارە ئۆتۆنۆمەکاندا. ژینیالۆژیا دەتوانێت سەروکار لە گەڵ پرۆسێسیوسە پلەبەندییەکان و بەردەوامییەکان ببەستێت بە پێچەوانەی نا بەردەوامیی ئارکیۆلۆژیاوە. ژینیالۆژی سەرقاڵی گەشەکردنی دەزگا کۆمەڵایەتییەکانە لە ناو لۆکاڵیزەکردنی تەکنیک و دیسپلینەکانی زانستە مرۆییەکان کە هێز پێدەرن بە پراتیکگەلێکی کۆمەڵایەتی. ژینیالۆژیا سەرقاڵبوون و وردبوونەوەیە لە مێژووگەلێک کە کەمتر چەسپاو داکوتراون. ژینیالۆژیا سەرقاڵی هەڵهاتنە بەردەوامییەکانە زیاتر لە دابڕانە نا بەردەوامەکان. ئەو مۆدیلە شوێن پێ هەڵگیراوە لە سیستەمی بیرکردنەوە کە فوکۆ شیکاری بۆ دەکات و شیدەکاتەوە وەک ژیانێکی کۆمەڵایەتی توڕئاسا خۆی دەنوێنێت، تۆڕێکی سیستەماتیکی بە شێوەیەک کە ڕەگەزێک لکێنراوەو بەستراوەتەوە بە تەواوی ڕەگەزەکانی دیکەوە، جا هەر ڕەگەزێک بێت. وە پێکەوەبوونێکی نوێ دەنەخشێنن. لێرەوە دەسەڵات ستراکتورێکی نا کۆمەڵایەتی نییە، جەبرو دیتێرمینیست نییە، وە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەتوانین تواناو کارامەیی و لیهاتووی تاک و بکەرەکان ببنین کە چۆن دەتوانن بەرپرسیار بن لە بەرانبەر کردەو ئەکسیۆنەکانیانداو، چۆنیش دەتوانن بونیادەکان تێپەڕێنن و سوبژێکتیڤیتێیەکی نوێ و جیاواز سەر ڕێگا بخەن. بۆ فوکۆ دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی ئاگامەندییەکی بێ سوژەیە. لێرەدا ئێمە وا هەست دەکەین فوکۆ باس لە ئیرادەیەکی بێ ئامانج دەکات، یان کردەگەلێکی بێ بکەر. لێرەوە دێینە ناو جۆرێک لە کردەو جۆرێک لە بەرەنگاری و ژینیالۆژیای ئیتیکەوە. هەرسێ بەرگەکەی مێژووی سێکسواڵیتێ، بە تایبەتتر بەرگی دووەم و سێیەمی کە دەکەنە دووا نوسینەکانی فوکۆ، سەرقاڵبوونی فوکۆیە بە فۆرمیولەبوونەکانی سوژەو خۆوە لە ناو سوبژێکتیڤیتێیەکی نوێی پەیپێبراودا لە ناو قۆناغی ژینیالۆژیاو ئیتیکدا. فوکۆ بە جۆرێکی تر لە دەسەڵات و پەیوەندییەکانی دەسەڵات و دیسپۆزیتیڤەکانی دەسەڵات دەڕوانێت کە چیتر بەربەست و بونیادگەلێک نەبن قابیلی شکان و تێپەڕاندن نەبن. گرنگیدانی فوکۆ بە سوبژێکتیڤاسیۆنێکی مرۆیی و بە تەنگی خۆوە هاتنێک کە لە ناو پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدا دەتوانرێت سەر ڕێگە بخرێت؛ لێرەوە لەو شوێنەی دەسەڵات هەیە، بەرەنگاریش هەیە بە ئیمانێت و پێکەوەبەستراویی و پێکەوە لکێنراو. هاوشان لە گەڵ گرنگیدان بە دەسەڵات لە ناو میتۆدی ژینیالۆژیدا، ئێمە سەرقاڵبوونی فوکۆ دەبینین بە خۆ و خودەوە، بە گرنگیدان و بە تەنگی خۆوە هاتن، بە کێشەو بە گیروگرفتکردنی خۆ. چاوخشاندنەوەو گەڕانەوەیەک دەبینین بۆ ناو مۆراڵی گریکی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاست و کریستیانیزم، لەم بارەوە ئێمە بەرگی دووەم و سێیەمی مێژووی سێکسواڵیتێمان لە بەر دەستە، هاوڕێ لە گەڵ چەندین نووسین و چاوپێکەوتن. ژینیالۆژیا لێرەدا لێکۆڵینەوەیە لەو شێوازو ڕێ و شوێنانەی کە ئێمە دەتوانیین خۆمان پێکبهێنین، خۆمان بەرهەم بهێنین وەک سوژەی مرۆیی. لێرەداو، لەم قۆناغی ژینیالۆژیا،یەدا، یاخود لە ناو ئۆنتۆلۆژیای مێژوودا، گرنگیدانی فوکۆ بە مۆراڵ و ئیتیک، بە مۆراڵی گریکی کۆن، گرنگیدان و وەستان نییە لە سەر کۆدە مۆراڵییەکان، بە هەمان شێوەی وەستان و هەڵوەستەکردنی فوکۆ لە سەر دەقی (ڕۆشنگەری چییە)ی کانت، هێنان و ڕاکێشانی ئەو دەقە نییە، بەڵکو دیگنۆستیککردنی ئێستاو دەستەپاچەیی ئێستای ئێمەیە کە چۆن تێی پەڕێنین و ئیتیکگەلێک سەر ڕێگا بخەین تاوەکو سوبژێکتیڤیتێیەکی نوێ فۆرمیولە بکەین. فوکۆ سەرقاڵی ئەوەیە کە چۆنچۆنی چەمکی خود، خۆ، سوژە لە ناو ئیدیای گریکۆـ ڕۆماندا نرخێنراوە. پرسی خۆ بە گرفتکردن، لێکۆڵینەوە لە جیاوازی زوهدی گریکی بە بەراورد بە زوهدی کریستیانی، چۆن وا بکەین ژیانمان ببێت کارێکی هونەری، چۆن بوون بکەین بە ئێستاتیک. چین ئەو تەکنیکانەی کە تاکەکان بە سەر خۆیاندا پراتیکی دەکەن تا ببن بە ئەوەی دەیانەوێت.

‎ سێ پانتایی بۆ ژینیالۆژیایەکی مومکین

‎سێ پانتایی و مەیدان بۆ ژینیالۆژیایەکی مومکین بوونی هەیە. لە پێشەوەی هەموویان ئۆنتۆلۆژیایەکی مێژوویی خودی خۆمان لە ناو پەیوەندییەکانماندا بە حەقیقەتەوە، ئەمەیان هاوکارو هاوپشتمانە بۆ ئێمە تا وەک سوژەی مەعریفەو ناسین خۆمان پێکبهێنین.؛ دواتر ئۆنتۆلۆژیایەکی خودی خۆمان لە پەیوەندییەکانماندا بە کایەیەکی دەسەڵاتەوە، کایەیەک کە ئێمە تێدا وەک سوژە خۆمان پێکدێنین لە ناو پرۆسەی كردارنواندنمان لە سەر ئەوانیتر.؛ لە کۆتادا ئۆنتۆلۆژیایەکی مێژوویی پەیوەندییەکانمان بە مۆراڵێکەوە کە وامان لێدەکات وەک بکەری ئیتیکی خۆمان پێکبهێنین. کەواتە ئەم سێ جەمسەرە مومکینە بۆ ژینیالۆژی. لە مێژووی شێتیدا هەر سێکیان ئامادە بوون، ئەگەر چی تۆزێک خۆڵەمێشی و لێڵ بوون. لە کتێبی لە دیکبووی کلینیک و ئارکیۆلۆژیای مەعریفەدا لە جەمسەری حەقیقەت دواوە و لە سەری وەستاوە. هەرچی جەمسەری دەسەڵاتە لە کتێبی چاودێری و سزادا گەشەی پێدراوە، جەمسەری مۆراڵ و پێكهێنان و بیناكردنی بكەرێكی ئیتیكی لە مێژووی سێکسوالیتێدا باسكراوە

..........................

  • 1