ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەشتی مارس ئێمەی کورد کەپیرۆزی ئەکەین ئەگه‌ر وەک فۆڕمە جیهانیەکەی بێت تائێرە پیرۆزە، بەڵام ئەگه‌ر بڵێن هەشتی مارس لەژنانی کوردستان یان هاوسەر یاخود هاوڕێ ژنەکانمان و خۆمان پیرۆزبێت ئەمە تاوانێکی گەورەیە! بۆ؟

کوا یاسا و ماف؟ کوا دەنگێک بێ بەرژەوەندی داوای مافی ژن بکات؟

لەم کوردستانی باشورەی من و تۆدا رۆژ نیە ژنێک ئەت نەکرێت، نەکوژرێت، دەستدرێژی لێ نەکرێت، لەخوێندن دەرنەهێنێرێت، لەمافی دایکایەتی بێ بەش نەکرێت، ژنێک ناچار بەخۆکوشتن یان لەشفرۆشی نه‌كرێت، بێ مێردنەکرێت.

هەر ژنە و بەناوی مافدانەوە مافەکانیان ئەتک ده‌كرێت، بێ دەنگ ئەکرێت، هێشتا ژنانێک هەن لەماڵەوە زیندانن، حه‌زە هونەری و ئەکادیمیەکانیان ئەکوژرێت.

ئاخر پێم ناڵێت ئەم هەموو ژن کوشتن و ریسواکردن و لاقەکردنی ژن و ئازادی و مافەکانی ژنان لەم وڵاتە هەبێت و هەتائێستا ئامارەکان لەوپەڕی مەترسیدان، چۆن پیرۆزبایی ئەکەی جەنابی رێکخراو و حکومەت و لایەنی پیوەندیدار؟

تۆیەک هەتا ئێستا نەتوانیوە کە ژنێک کە جیابویه‌وه‌ مافە سەره‌تاییەکانی بۆدابین بکەی، ئاخر پێم ناڵێی پیرۆزبایی لەچی ئەکەی؟

تۆیەک بەدرێژای مێژوت چالاکوانێکت نەبوەتە قوربانی لەپێناو داواکردنی ئازادیەکان و مافەکانی ژن دا و ئەوەشی هەبوە چینی ئاسایی ژنانن بونەتە قوربانی، پێم ناڵێی ئەم رۆژە چۆن هاوتا ئەکەیتەوە پیرۆزبایی و چالاکی رێکدەخەیت؟

تۆیەک دو سه‌رى دەسەڵاتداری سیاسی هەمو رۆژێک ئه‌تكی ماف و ژیانمان ده‌كه‌ن و قوتمان داگیرئەکەن و دایک و خوشک و خێزانی ئێمە ناچاری لەشفرۆشی ئەکەن و دوایش دەیان هێننە سەر شاشەکان و هانی تۆی پیاوی لێدەدەن بۆ ئەوەی به‌ بیانوی شەرفپارێزی بیان کوژیت، ئاخر پێم ناڵێی ئەم زەلکاوەی میللەتی من چۆن ئەبێ هەشتی مارسی تێدا یاد بکرێتەوە؟

كه‌ هێشتا کچ و ژنی کوردی ئێزدیم بەدەستی داعشەوە مامەڵەی کرین و فرۆشتی پێوە دەکرێت و یاسای هەزارو چوارسەد ساڵی بیابانی بەسەرا ئەچەسپێنرێت، پێم ناڵێن ئێمە لەکوێ هەشتی مارسداین؟

پۆستی یەکێک لەوپیاوانەم بینی كه‌ ئێستا پیرۆزبایی 8ى مارس ده‌كات، روداوى ئه‌و شه‌وه‌م بیر كه‌وته‌وه‌، شەوێک كه‌ تا دره‌نگ به‌كاتى كوردستان لەسەر خەت مابومەوە، گێچەڵی پێ ئەگێڕام، منیش پێم وت: جوان نیە بۆ جەنابتان بەکوڵێک سمێڵه‌وه‌ لەپشتی شاشەی کۆمپیوتەرو موبایلەکانتانەوە دانیشن و راوی کچ و ژن بکەی؟!

وەڵامی جه‌نابیان ئەمەبو "ئافرەتێک بەم دره‌نگانەی شەو لەسەرخەت بێت، هەرئەبێ بۆ رابواردن مابێتەوە"َ!

ئه‌مڕۆ "جەنابیان" پیرۆزبایەکی گەرمیان بەبۆنەی ئەم رۆژەوە پۆست کردبو و هیوای ئازادی زیاتریان بۆ ژنان ده‌خواست!

کەپۆستی ئەم پیاوانەو چەند پیاوێکی ترم بینی لەسەر هەشتی مارس و رۆچومەوە بەخەم و ئاه و ژانی کچان و ژنانی وەڵاتەکەمدا، بیری خۆمم خستەوە ئەو هەمو ناعه‌دالەتیەی کە لەژن ئەکرێت، هیچ تروسکاییەکم ناداتێ بۆ پیرۆزبایی، به‌ڵكو رامده‌كێشێت بۆ ئاراسته‌كردنى هاوخه‌می!

بۆیه‌ ناتوانم ڕێگە بە خۆم بدەم ئەم ڕۆژە پیرۆز بکەم، به‌ڵكو لێرەوە هاوخەمی خۆمتان پێڕادەگەیه‌نم!

  • 1