ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

چه‌ند خاڵێك له‌په‌راوێزی تاووتوێكانی باری ژنان له‌باشووری كوردستان:

١

- ناوه‌رۆكی پرسی ئافره‌ت، كێشه‌ی نایه‌كسانییه‌ له‌مافه‌كان نێوان ژن و پیاو. ئه‌م كێشه‌یه‌ مێژووییه‌، واته‌ ئاستی چاره‌سه‌كردنی (یان پێچه‌وانه‌كه‌ی) به‌ستراوه‌ به‌ئاستی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ كۆمه‌ڵگای دیاریكراو.

- سه‌ره‌رای نه‌مانی جیاوازی له‌مافه‌كان نێوان ژن و پیاو، له‌وڵاته‌ سه‌رمادارییه‌ پێشكه‌وتوه‌كان، هه‌روه‌ها له‌وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا، وه‌ك پاشماوه‌ی یاساكانی سیسته‌می (سۆشیالیستی)ی پێشوو، به‌ڵام له‌واقعیدا له‌هه‌ندێك بواردا (وه‌ك بازاری كار) ده‌سكه‌وتی ئافره‌ت له‌وه‌ی پیاو كه‌متره‌. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ سروشتی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، كه‌ هیچ جۆره‌ نه‌رخێك دانانێت بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌ فسیۆلۆژییانه‌ كه‌ سروشت به‌سه‌ر شانی ئافره‌تی خستوه‌.

- ئه‌و دوو خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ كێشه‌ی ئافره‌ت، نه‌ كێشه‌ی ته‌نها ئافره‌تانه‌ نه‌ ته‌نها پیاوان، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵگایی بابه‌تییانییه‌: هه‌تاكو نایه‌كسانی له‌ناو كۆمه‌ڵگا مابێت، كێشه‌ی ئافره‌ت چاره‌سه‌ر ناكرێت.

٢

سه‌ركه‌وتن و زاڵبوونی سه‌رمایه‌داری پیشه‌سازی، له‌ناوه‌راستی سه‌دده‌ی ١٩ وه‌، هێڵی جیاوازیكه‌ر بوو له‌نێوان دوو قۆناخ له‌ هۆشمه‌ندی مرۆفایه‌تی:

- هۆشمه‌ندی زاڵبوونی سروشت له‌سه‌ر مرۆف، به‌تایبه‌تی له‌قۆناخی زاڵبوونی به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵ. سروشت به‌ته‌واوی مه‌رجه‌ پێویستییه‌كانی ژیانی جوتیار دابین ده‌كات. هۆشمه‌ندی جوتیار له‌لایه‌ن ((هێزه‌كانی ‌پشت سروشت)) پێكده‌هێنرێت. 

- هۆشمه‌ندی زاڵبوونی مرۆف له‌سه‌ر سروشت، به‌هۆی شۆڕشه‌ تیكنۆلۆژی و زانستییه‌كان. له‌م قۆناخه‌دا به‌رهه‌مهێنه‌ران به‌خۆیان، مه‌رجه‌ پێویستییه‌كانی ژیانی خۆیان به‌ته‌واوی دروست ده‌كه‌ن. بۆ ‌ئه‌م ئامانجه‌ كۆنترۆڵی سروشتیش ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وی ئێستا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ سه‌رمایه‌داریه‌ پێشكه‌وتووه‌كان ده‌گوزه‌رێت.

كۆمه‌ڵگه‌ی كورستانیمان، له‌كه‌ناری سه‌رمایه‌داری ده‌ژیت. خاوه‌نی هیچ جۆره‌ به‌رهه‌مێكی ناوخۆیی خۆی نیه‌. ٩٥% پێویستییه‌كانی ژیانی هاورده‌یه‌و ٩٥% داهاته‌كانی به‌رخۆریه‌ (فرۆشتنی نه‌وت). ئه‌م جۆره‌ سیسته‌مه‌، كه‌‌له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌كانی سه‌رمایه‌داری جیهان (بانقی نێوده‌وڵه‌تی، سه‌ندوقی دراوی جیهانی ..هتد) بۆ كوردستان دانراوه‌ وه‌ك پێگه‌ی له‌ بازاڕی جیهانی، گه‌شه‌ به‌ هۆشمه‌ندی زاڵبوونی سروشت له‌سه‌ر مرۆف ده‌كات، له‌یره‌دا كه‌ نه‌وته‌، سه‌رچاوه‌ی ٩٥% پێویستییه‌كانی ژیانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌!

٣

به‌م شێوه‌، بۆمان روون ده‌بێته‌وه‌، چۆن كۆمه‌ڵگه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ر زه‌مینه‌ خۆش ئه‌كات بۆ یه‌كسانكردنی‌ مافه‌كان نێوان ژن و پیاو و بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی ژنان، چوونكه‌، به‌تایبه‌تی له‌ پاش شه‌ڕی جیهانی دووه‌مه‌وه‌، ئابووری ئه‌م وڵاتانه‌ پێویستی به به‌شداریكردنی ئافره‌تان هه‌بوو وه‌ك پیاوان له‌بازاری كار. ئه‌مه‌ش بوه‌ هۆی په‌یدابوون و په‌ره‌سه‌ندنی ‌بزوتنه‌وه‌ی ئافره‌تان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ له‌دامه‌زراوه‌ سیاسییه‌كان، كه‌ فشارێكی گه‌و‌ره‌یان دروست كرد و رۆڵی سه‌ره‌كییان بینی له‌وه‌دیهێنانی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ بۆ ئافره‌تان.

به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ش، پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌بینین، چۆن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كورستانیمان، وه‌ك هاو شێوه‌كانی له‌خاوه‌ن ئابوری به‌رخۆری، به‌ها كه‌ون و لاسایی و پارێزگا‌ر ئاسا‌كان زاڵ ده‌بن (هۆشمه‌ندی زاڵبوونی هێزه‌كانی ‌پشت سروشت له‌سه‌ر مرۆف)، كه‌ ئافره‌ت ده‌بێته‌ یه‌كه‌م قوربانیی!

  • 1