ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەگەر بمانەوێ وەڵامێکى ڕاست و دروستى ئەم پرسیارە بدەینەوە. واچاکە ئاوڕێکى ڕەخنەگرانە لە مێژوى سیاسى و ئیدارى ئەم هەرێمە بدەینەوە.

١ـ ساڵانى ٩٢, ٩٣, تا سەرەتاى ٩٤ ئەتوانم بڵێم دەسەڵاتێکى سەربەخۆى خۆوڵاتى لە دامەزراندن دا بو.. ئەگەر شەڕى پارتى و یەکێتى نەبوایە لەسەر دەسەڵات و داهات و بە فیتى بێگانە (تورکیا وئێران و سوریاو عێراقى (سەدام)) ئەوا بەرەبەرە ـ وەک ئەمرى واقع ـ زۆر دەوڵەت بەڕەسمى حکومەتى هەرێمى ئەناساند.

٢ـ ئەوەبو لە ئەنجامى ئەو شەڕە. حکومەتى هەرێم هەڵوەشایەوە و دو ئیدارەیى دروست بو.

٣ـ تورکیاو ئێران و عێراق/ یش. لەلایەن ئەو دو حزبەوە پەل کێش کران بۆ ناو هەرێم. ئێران لایەنگرى لایەک و بەغدادى ـ سەدام ـ لایەنگرى لایەنەکەى تر و تورکیا دوژمنى دێرینى کوردیش بە ناوبژیکەریان!!

٤ـ دواى ئاشتکردنەوەى ئەو دو حزبە لەلایەن ئەمریکاوە. ئەمیش واتە ئەمریکا دەرفەتى بۆ هەڵکەوت و بو بەسەربارى دەوڵەتەکانى تر. لەم رێگایەشەوە و بەپێى بەرژەوەندى ئەوانە هەرێمى کوردوستان کرا بە بازارێکى کراوە بێ چەند و چون بۆ کۆمپانیاکانى ئێران و سوریاو تورکیاو ئەمریکاو ئەوروپا. هەردو ئیدارەکەیش بوون بە وەکیل و دەڵاڵى ئەو کۆمپانیانە. کە زوربەیان لە وڵاتەکانى خۆیان دا شکستیان هێنابو نابوت بوبون! و لەپاش (٣-٤) ساڵ هەر هەمویان بوژانەوە و بون بە ملیار دێر لەسەر حسابى خەڵکى ڕەش و ڕوتى هەرێم!! بوون بە مایەى سامانێکى لە ئەندازەبەدەر بۆ ئەم دو حزبە!!

٥ـ کاتێک ـ ڕژێمى سەدام  ــ ساڵى ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکاوە ڕوخێنرا و ماوەى یەک ساڵ کەوتە ژێر دەستى حکومەتى ئەمریکاوە (ساڵەکەى پریمەر) وە مەجلیسى حوکم بە سەرۆکایەتى ئەو دامەزرا.. ئەو دو حزبە لە برێتى ئەوەى بەیەک دەنگ و بەیەک هەڵوێست نوێنەرایەتى کورد بکەن.. هەریەکەیان بۆ خۆى هەوڵى دا و یەک لە دواى یەکتر بون بە ئەندامى ئەو مەجلیسە و دو جاریش هەڵوێسیان دژى یەکتر بوو!!

ــ ئەوەبو ڕازى بوون بە حوکمە زاتیەکەى سەدام . واتە بەهەمان ئەو سنورەى کە (بەعس) بۆ حوکمى زاتى نەخشە کێشابو... ناوچە دابڕێنراوەکانیش لە دو توێى مادەى (٥٨) و دواتر لە مادەى ١٤٠ دا چەسپێنرا کە لەوەدوا حکومەتەکانى بەغداد جیبەجێى بکەن!! بەڵام تا ئەمڕۆیش هەر گەورەترین کۆسپە و کێشە و گرفتى تازە هاتۆتە پاڵى!! چونکە دو حزبەکە لە (مەجلیسى) حوکم دا پێیان دانەگرت لەسەر بەتاڵ کردنەوەى بڕیارەکانى (سەدام) کە دەستکارى پارێزگاکانى (موسڵ و کەرکوک و دیالەى) کردو پارێزگاى سەلاحەدین / ى دروست کرد و هەرچى ناوچە کوردوستانیەکانى دەرەوەى حوکمى زاتى هەبو هەموى بەو بڕیارانە دابڕى و تا ئەمرۆ هەر (گرێ کوێرەن) و ناکرێنەوە!! لەمەیش زیاتر لەساڵى ٢٠٠٥ / ەوە حکومەتەکانى هەرێم بە جدى هەوڵیان نەدا کە مادەى (١٤٠) لەماوەى دیاریکراوى خۆى دا جێبەجێ بکرێ هەر سەرگەرمى دەسەڵات و کەڵەکەکردنى ـ فەردە دۆلار بوون!!

سەرەڕاى ئەمانەیش حکومەتەکانى هەرێم لە ماوەى ٢٧ ساڵى ڕابوردودا هیچ کێشەیەکى سەرەکى ئابورى و کۆمەڵایەتى ئەم میللەتەیان چاەسەر نەکرد:

کێشەى زەوى و ئاو و موڵکایەتى و ئاوەدان کردنەوەى کوردوستان کە (سەدام) سوتاندى و کاولى کرد. تەنانەت ئەو یارمەتى و پیتاکەى خیرخوازانیش بۆ لادێکانى هەرێم / یان ئەنارد ( کەرەسەى خانو, تۆوى پوختەکراو, سەماد, ئاژەڵ و مریشک ...هتد) هەر هەموى لەلایەن کاربەدەستانى هەردو حزبەکەوە دەستى بەسەر دا ئەگیراو لە بازاى ڕەش دا ئەفرۆشرایەوە !! نەیان ویست چەند گوندێکى هاوچەرخ نمونەیى دروست بکەن. یان گوندە ڕوخاو و سوتاوەکان  ئاوەدان بکەنەوە, خەڵکەکە خۆیان بە قوڕو بەرد و پەردو دروستیان کردەوە.. لەبەر ئەمانە و دەسەڵاتى خاوەن موڵکە حزبیە تازەکان و لەبەر ئەوەى کە هەرکەس دەستى دار بگرێ کردیان بە موچەخۆر بۆ ئەوەى دەنگیان بۆ بدەن!! بەو هۆیەوە کێشەى نیشتەجێ بوون, ئاو, کارەبا و خزمەتگوزاریەکانى تر, کە هیچیان تا ئەمڕۆ چارەسەر نەکراون.. بوون بە کۆمەڵە گرفتێکى ترو خەڵکى شارەکانیش بە هەزاران بەرەو هەندەران کۆچیان کرد و ئەڕۆن!!

ئەمە لەکاتێکدا کە تاکو ٢٠١٤ بودجەى هەرێم ١٧% ى بەغداد بە ملیارەها دۆلاریان دەست ئەکەوت لە بازرگانى و مەرزەکان و نەوت و فڕۆکەخانەکان و باجى دام و دەسگاکان. کەتا ئەمڕۆیش کەس نازانێ چۆن لوشیان داوە!!

لەساڵى ٢٠١٤ یشەوەکە مالیکى موچەى کارمەندانى هەرێمى بڕى بە بیانوى ئەوەى کە داهاتى خودى هەرێم گەلێک لەو موچەیە زیاترە. جگە لەوەى کە (حزبى) دەعوە حزبێکى ئاینى کۆنەپەرستە و تا ئەمڕۆ ساڵ بە ساڵ زیاتر دەست دائەگرن بۆ هەڵوەشاندنەوەى فیدراڵى هەرێم!!

لەو ساڵەیشەوە تا ئێستا لەلایەکەوە موچەى فەرمانبەران بێجگە لە پاشەکەوتى زۆرەملێ هەر دو سێ مانگ جارێک ئەدرێ!! هیچ پڕۆژەیەکى ئابورى تازە نیە ئەوەیشى کە هەبو ڕاگیراوە بێجگە لە تەلارە بەرزەکانى دەسەڵاتداران. بەتاڵى و برسێتى و هەژارى بەتایبەتى دواى ئەنجام دانى (ڕاپرسە گشتى یەکە (ڕیفراندۆم ٢٥/٩/٢٠١٧)) دەستى ناوەتە بینە قاقاى زوربەى زۆرى دانیشتوانى هەرێم.

ئەو ڕیفراندۆم/ ەیش لەلایەن حکومەتى بەغدادەوە کرا بە بیانو بۆ داگیرکردنەوەى (کەرکوک) و دوز و دەوروبەریان بەهێزى سوپاو (حەشدى شەعبى) !! بۆ زیاتر گەمارۆدانى ئابورى و سیاسى و فیکرى و سەربازى و بەعەرەبکردن و تەنگ هەڵچنین بە کۆمەڵانى خەڵک و حکومەتى هەرێم کە هەر قەوارەەکى ماوە!!

 حزبە حوکمدارەکاى ئەمڕۆ و دوێنێ/ یش بە هۆى ئەم قەیرانە هەمە لایەنەوە. هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتوە. چونکە لە ماوەى ٢٧ ساڵى ڕابوردودا. داهاتێکى بێ ئەندازە لەلایان کەڵەکەبوە!! هەرچەندە هەرچى موچەخۆرە بێلایەنەکان هەیە. ئەمە زیاتر لە سێ ساڵە موچەیان بڕاوە. بەڵام ئەندامان و کادرەکانى ئەوان مانگانە موچەى خۆیان لە حزبەکانیان وەرئەگرن مردویش گۆربەگۆر.

 پەیوەندى و بەشداریان لەگەڵ کۆمپانیا بێگانەکان هەر بەردەوامە. کۆمپانیاکانى خۆیایشیان هەر لە گەڕ دایە. کورد واتەنى " وشکانى بیت جوتیان ئەگەڕێ و باران/ یش بێ ئاشیان ئەگەڕێ". مەبەستى یەکەم و سەرەکیان پارێزگارکردنى ئەم دەسەڵات و داهاتەیە و کێش ناکوکۆیەکانیشیان هەر لەسەر ئەمانەیە!! چونکە هەر یەکێکیان داواى بەشێکى زورتر ئەکات!! هەر بەم هۆیەشەوە. هەرچەند حکومەتى بەغداد پێ دابگرێ, ئەمان پاشە کشێ ئەکەن!! هەر بۆیە هەنگاو بە هەنگاو (فیدراڵیە) کە لەلایەن (حکومەتى شیعە) وە ئاوەڕوت ئەکرێ!!

لەکۆتایدا ئەڵێم: لە ئەنجامى ئەم بارودۆخە ناسازەى بەسەر خەڵکى هەرێم هاتوە. ئەمڕۆ جەماوەرە برسى و بێکارەکە بەتەنگ نە حکومەت, نە فیدراڵیەوە نین. چونکە ساڵ بە ساڵ خۆزگە بەپارن!!

 

                                                                                                    

     

 

  • 1