ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسينى: د. چواس حسن

به‌پێكه‌نين و ترسه‌وه‌ داواى پاره‌يان لێ كردم، له‌ولاوه‌ دوكاندارێك ووتى مه‌يانده‌يه‌ ده‌يده‌ن به‌ يارى اكس بۆكس و پله‌ى سته‌يشن. 

سوێنديان بۆ خواردم كه‌ ده‌يده‌ن به‌ له‌فه‌ نه‌ك يارى، وه‌ك ئه‌وه‌ى يارى بۆ ئه‌وان تاوانێك بێت، بێخه‌به‌ر له‌وه‌ى كه‌ له‌م ته‌مه‌نه‌ياندا ده‌بوايه‌ هه‌موو كاته‌كانيان بۆ يارى بوايه‌، ئه‌ى ياريه‌كان بۆ كێ دروست ده‌كرێن گه‌ر بۆ ئه‌وان نه‌بێت؟!!

ووتم له‌ كوێوه‌ هاتوون؟ زۆر خێرا وه‌ڵاميان دامه‌وه‌: (رۆژئاوا).

ته‌نها له‌چاو و زه‌رده‌خه‌نه‌ياندا گه‌شى منداڵى مابوو، ئه‌گه‌ر نا به‌ ڕوخسارى تۆزاوى و جلى شڕكه‌ياندا گومانت لێ ده‌كردن.

چه‌ندين پرسياريان له‌ مێشكمدا ووروژاند، تۆبڵێى بێ ڕوخسارى و بێ نازى ئه‌وان بوبێته‌ نيعمه‌تى سفره‌ و خوانى كێ؟

تۆ بڵێى بێ سه‌رپه‌رشتى و بێ خزمه‌تى ئه‌وان له‌بڕيارى خه‌مساردانه‌ى كام ده‌سه‌ڵاتدارى رۆژئاواوه‌ هاتبێت؟

تۆ بڵێى هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌ناوى خواوه‌ند و پاراستنى گه‌له‌وه‌ ئه‌م چاره‌نوسه‌ى ئه‌مانيان خولقاندوه‌، له‌ئاست ديمه‌نێكى له‌و شێوه‌يه‌دا شه‌رمه‌زارييان به‌كوێ بگات؟ تۆ بڵێى شه‌رمه‌زارببن؟!!!

له‌و فيكرانه‌دا بووم كه‌ ڕايان كرد، هه‌ر له‌وێ وه‌ستابووم شتى تريشم ده‌هاته‌ فيكر، دوكانداره‌كه‌ ووتى: ئه‌ها له‌وسه‌رى بازاڕه‌كه‌وه‌ چونه‌وه‌ بۆ دوكانى ياريه‌كه‌، نه‌مووت مه‌يانده‌يه‌. 

منيش ووتم ده‌مزانى ده‌چنه‌ يارى، به‌ منداڵه‌كانى خۆمڕا ده‌زانم كه‌ (ئه‌وان ياريان له‌ نان خۆشتر ده‌وێت)، چونكه‌ ژيان پتر بۆ ياريكردن و چێژوه‌رگرتنه‌، نه‌ك ماڵ كۆكردنه‌وه‌ و نان خواردن.

باوه‌ڕناكه‌م جارێكى تر ڕوخساريان ببينمه‌وه‌، نازانم چيرۆكى ژيانيان به‌كوێ ده‌گات، به‌ڵام دڵنيام كه‌ چيرۆكه‌كه‌يان قوتابخانه‌ و خوێندن به‌خۆيه‌وه‌ نابينێت، له‌نه‌خۆشيدا نه‌خۆشخانه‌ى تێدا نيه‌، جێگه‌ى گه‌رم و پاكوخاوێن نازانێت، پڕى ده‌بێت له‌ ڕاكه‌ڕاكى سه‌رشه‌قامه‌كان و ده‌ست پانكردنه‌وه‌ بۆ دينارێك و جارجاره‌ش تێڕاخوڕين يان به‌زه‌يى گه‌وره‌كان. يان وه‌ك پشيله‌يه‌كى لا كۆڵانه‌كان رۆژێك سه‌ياره‌يه‌ك ده‌يانكوژێت، يان له‌هه‌ڵامه‌تێك هه‌ڵناسنه‌وه‌ و ده‌مرن، يان ده‌بنه‌ خۆراكى به‌نديخانه‌ يان شه‌ڕێكى ترى وه‌ك ئه‌م شه‌ڕه‌ بێ مانايه‌ى كه‌ ئاواره‌ و سه‌رگه‌ردانى كردوون. له‌وانه‌يه‌ گۆڕيشيان نه‌بێت.

له‌وانه‌شه‌ كه‌س چيرۆكى ژيانيان نه‌گێڕێته‌وه‌، ئه‌م وێنانه‌ى منيش ته‌نها ببنه‌ يادگاريه‌ك بۆ من نه‌ك ئه‌وان، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌يه‌ ببنه‌ سه‌كۆيه‌ك بۆ تێڕامان له‌ژيانيان. 

له‌ئێستاوه‌ بيريان ده‌كه‌م......

نازانم چۆن بوو وێنه‌ و ڕوخسارى ئه‌وانم له‌گه‌ڵ #ئه‌نفال تێكه‌ڵ كرد، تۆ بڵێى به‌بێ ئاگايى وام هاتبێته‌ به‌رچاو كه‌ هێشتا كورد ئه‌نفال ده‌كرێت، به‌ڵام به‌شێوازێكى تر؟!!!!!

نازانم.......

  • 1