ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەو کوردانە کێ بوون کە ئەو کارەیان کرد؟

لە سەرەتاکانی سەدی ڕابردوو دەوڵەتی عوسمانی لەنێوخۆیدا کلۆر و کرمی ببوو، تا دەهات دەسەڵاتی کەمتر دەبووەوە، تورکەکان پێشتر توانیان ئەماڕەتە کوردیەکان لەبن بهێنن، بەڵام نەیاندەتوانی کۆنتڕۆڵی ئاغاکان و سەرۆك عەشیرەتەکان بکەن، کە لە هەر گوندێك ئاغا یان سەرۆك خێڵ ببووە حاکمێك سەر بەخۆی. ڕازی نەدەبوون باج و سەرانە بدەن و سەرباز بۆ دەوڵەتی عوسمانی دابین بکەن. لەو دۆخە نێوخۆییە شڕەدا تورکە عوسمانیەکان بۆ ئەوەی پێش بە ڕاپەڕینی گەلانی بندەستیان بگرن، دیسانەوە کەڵکیان لە هەستی ئایینی وەرگرت و کوردەکانیان بە گژ ئەرمەنیەکانەوە نا. تورك کە زانیان کورد ئێستا پارە و پول نادەن و ئامادە نین ببن بە سەرباز، لانی کەم تونیان سودیان لێ ببینن بۆ قەڵاچۆکردنی ئەرمەنیەکان و دەربەدەر کردنیان. 

هاندانی کوردەکان بۆ لەناو بردنی ئەرمەنیەکان زۆر دزێو و فێڵاوی بوو، چونکە ئەوەیان بیری کورد هێنایەوە کە لە ساڵانی ١٨٤٢ لەسەر دەستی بەدرخان و لە ساڵی ١٨٥٣ لەسەر دەستی یەزدانشێر کورد لە دژی عوسمانی ڕاپەڕیبوو، بەڵام ئەرمەنیەکان پشتی کوردەکانیان نەگرت لەو شۆڕشانە و بێ دەنگ بوون. کوردەکانیش بەناحەق کەوتنە ئەو داوەوە و لەجیاتی ئەوەی وەکو دوو نەتەوەی زۆرلێکراو دژ بە تورکە عوسمانیەکان یەکبگرن و بەشێك لە هێزی عوسمانی کەم بکەنەوە، کەچی پێچەوانەکەی ڕوویدا. 

هەندێك لە عەشیرەتە کوردەکان ئەوەیان بە دەرفەت زانی، چونکە لەو ڕێگەیەوە بەشێوەیەکی فەڕمی لە دانی باج و سەرباز ڕزگاریان دەبێت. دووەم، وەکو دەستەی سەربازی بۆیان هەبوو بە گوێرەی قانونی دەوڵەت باج و سامان لە ئەرمەنیەکان وەرگرن و موڵک و ماڵیان داگیر بکەن و لە زێدی خۆیان هەڵیان کەنن. کوردە تازە بە سەرباز بووەکان پۆشاکی نیزامی یەکڕەنگیان لەبەر کردبوو، هەرکەس فەرمانی ڕەت بکردنایەوە وەکو هەڵگەڕاوە حیسابیان بۆ دەکرد. هێرشی عەشیرەتە کوردەکان بۆ سەر ئەرمەنییەکان لە سەردەمی هاتنە سەر حوکمی سولتان عبدالحمید دەستی پێکرد، ئەو کەسەی کە بە سوڵتانی سەردەمی ستەم ناوی دەرکردبوو. ڕۆڵی ئەو سوڵتانە بریتی بوو لە قەڵاچۆکردن و لەناو بردنی نەتەوە غەیرە تورکەکانی ژێر دەستی. عبدالحمید دواکەوتووترین چینی کورد و عەرەبی لە دەوری خۆی کۆکردبووەوە، کوردە کۆچەرەکان لە ژێر فەرماندەی ئەفسەرە کۆنەپەرستەکانی ئەو دەوڵەتە سوارەی حەمدییەیان دامەزراند، کە ببوونە هۆی دروست کردنی سامناکترین دۆخ بۆ ناوچە مەسیحیەکان. 

سوپای حەمیدیە بە شێوەی چەند تیـپـێـکی پلەدار دامەزرابوو، فەرماندەکانیان لە سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان و عەرەبەکانیش بوو. هەموویان بە پێی پلەی تایبەتیان موچەیان بۆ بڕابووەوە، بەو شێوەیە سوڵتان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کۆمەڵانی ئەو عەشیرەتانە دروست کردبوو. سوڵتان بەو شێوەیە توانی هەم ئەرمەنییە سەربەخۆخوازەکان سەرکوت بکات، هەمیش کوردەکان لە ژێر چاودێری توندی خۆی ڕابگرێت و هەستی وەفاداری کوردەکان بۆ خۆی کێش بکات. سوڵتان لای کوردەکان ئەوەندە خۆشەویست ببوو تا وای لێهاتبوو عەشیرەتەکان بە باوکی کوردان بانگیان دەکرد. کۆنسوڵی بەریتانیا بڕوای وابوو، حەمیدیەیان بۆیە دامەزراند تاکو لە ڕێگەی تەفرەقە نانەوە بتوانن بەتەواوی حوکم بەسەر کوردان بکەن. لەو سەین و بەینەدا تورکە لاوەکان لە ساڵی ١٩٠٨کودەتایان کرد و سوڵتانیان لە تەخت هێنایە خوار، پلەی فەرماندە کوردەکانیان لە سوپا کەم کردەوە، هێزی حەمیدییەیان هەڵوەشاندەوە و لەجیاتی ئەوە هێزی "چریکی"یان دامەزراند، کە لە هەمان عەشیرەتە کوردەکان پێکهاتبوون و دەستی باڵایان هەبوو لە هێنانە سەر تەختی مستەفا کەمال ئەتاتورک. 

ئەو کوردانەی کە لە چوارچێوەی سوپای حەمیدیە لە ساڵانی ١٨٧٧ – ١٩١٤ پەلاماری ئەرمەنییەکانی ناوچەی موش و وان ئەرزڕۆمیان دا، ژمارەیان نزیکی سەد هەزار سەرباز دەبوو. عەشیرەتە کوردە کۆچەرەکان بەشێوەیەك دەستیان کردبوو بە تاڵان و داگیرکردنی ماڵی ئەرمەنییەکان کە ئەوڕوپاشی هێنایە دەنگ. لە نامەیەك بۆ دەوڵەتی تورك، نوێنەرانی ئەوروپا ڕایانگەیاند ئەو کوردە ڕەوەندانەی لە سەر شاخان دەژین، تەنیا بۆ ئاژاوەنانەوە و شێواندنی ژیانی مەسیحیەکان دەگەڕێن، لەسەرژمێری دانیشتوان، بەهیچ شێوەیەك نابێت ئەو کوردە ڕەوەندانە بەشداری پێ بکرێن. 

کورد و ئەرمەن بۆ ماوەی دووهەزار و پێنج سەد ساڵ پێکەوە لەو ناوچەیە ژیاون، تێکەڵاوی و ژن و ژنخوازیش بە درێژایی ئەو بیست و پێنج سەدەیە لە نێوانیان هەبووە، بەڵام عوسمانیە تورکەکان وا لێکیان تیژ کردن بەناوی ئایینەوە کە ئیتر توانای پێکەوەژیانیان نەبێت. تورکەکان هەموو هەولێکیان دەدا کوشتارگەی ئەرمەنییەکان بخەنە ئەستۆی کورد، ئەوە لە کاتێکدا کە کوردەکان تەنها فەرمانی ئەوانیان جێبەجێ دەکرد. دەوڵەتی عوسمانی هەر لە ساڵی ١٨٩٤ بەرنامەی کوشتارگەی ئەرمەنییەکانی داڕشتبوو. توێژەرێك قسەی یەکێك لە سەرۆک عەشیرە کوردەکان بەو شێوەیە دەگوازێتەوە: "تورك ڕقیان لە ئەرمەنییەکان هەیە، ئێمە ڕقمان لێیان نیە، ئەوەی ئێمە دەمانەوێ تەنها پارە و پولە، کەچی تورکەکان ڕوحیشیان دەکێشن". 

لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم، واتە ساڵانی ١٨٩٠ – ١٩٩٠ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ئەرمەنەکان دروست بوو لە دژی ستەم و نادادپەروەری تورکان و بێ بەزەیی عەشیرەتە کوردەکان. لە ساڵی ١٨٩٠ پارتێك بەناوی فیدراسیۆنی شۆڕشگێڕی نەتەوەی ئەرمەنی دروست بوو، لە ساڵی ١٨٩٧ بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە لە کوردەکان لەشکرکێشییان کردە سەر خانەسوور، عەشیرەتی مەزرێگیان بەکۆمەڵ لەناو برد. 

هەرچەندە عەشیرەتە کوردە کۆچەرەکان ببوونە دار دەستی تورك و چەکداری کۆمەڵکوژی، بەڵام ئایا ئەوانە نوێنەرایەتی چەندێك لە کوردانیان کردووە؟ زۆربەی کوردە نیشتەجێ بووەکان کە شارەزای پیلانی نەگریسی سوڵتان عبدالحمید بوون، فریوی ئەو سیاسەتە چەپەڵەی دەوڵەتی عوسمانی نەبوون و بەشدارییان لە شەڕەکان نەکرد. بەڵام ئەوەی جێی داخە ژمارەیەك عەشیرەتی دواکەتوو و جاشی کورد، ناوی چەندان ملیۆن کوردیان ناشیرین کردووە لەو مێژووە قێزەونەدا. 

کاتێك پێشنیاریان خستە بەردەم سەرکردەی کورد شێخ عوبەیدوللە نەهری لە ساڵی ١٨٨٥ بۆ قەڵاچۆ کردنی ئەرمەنییەکانی وورمێ، شێخ وەڵامی دانەوە:" وادیارە ئێمەی کورد دەبێ قازانجمان هەر ئەوەندە بێت کە ببینە داردەستی تورك بۆ کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان، دوای قڕکردنی مەسیحیەکان، پاشان تورکەکان ڕوودەکەنە گیانی ئێمەش".

دکتۆر کەمال مەزهەر دەفەرموێ: پێویستە ئەو تێبینیە بکەین کە کوشتاری ئەرمەنییەکان ئامانجی هەستی بزاوی کوێرانەی کوردەکان نەبوو، بەڵکو بەرهەمی پیلانی ڕێکخراوی تاقمێک فەرمانڕەوای شۆڤینی تورک بوو، بەشێك لە کوردە دواکەتووەکانیش کوێرانە بوونە داردەستیان، بێجگە لە هێزی چەکداری کورد لە ناو سوپای حەمیدیە، زۆربەی گەلانی کورد بێ لایەن وەستان، زۆریش هەبوون دڵسۆزانە یارمەتی لێقەوماوانی ئەرمەنییەکانیان دەدا". 

سەرچاوەکان: 

-حوسێن مەدەنی، کوردستان و ستراتیژی دەوڵەتان، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠٠٩.

- هراند پاسدرماجیان، تاریخ ارمنستان، ترجمە محمد قاچی.

- دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمد، بڕوانە مێژوو. 

  • 1