ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ڕیزی یه‌كه‌م

بارودۆخی‌ بابه‌تی ‌و پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی له‌ ئایاری 1988دا له‌ سایه‌ی زه‌بری زه‌مانه‌وه‌، بووه‌ فاكته‌رێكی گرنگ بۆ سوود وه‌رگرتنی كورد له‌و هه‌لومه‌رجه‌ نوێیه‌ به‌‌ ئه‌نجامدانی ڕاپه‌‌ڕین و دوورخستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی دیكتاتۆری له‌ به‌شی زۆری ناوچه‌ كوردستانییه‌كان، دواتریش ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، كه‌ هیوای گه‌وره‌ی گه‌ل بوو بۆ دامه‌زراندنی حوكمڕانی خۆماڵی. به‌ڵام ساخته‌كاری دوو هێزه‌ گه‌وره‌كه‌ی كوردستان وایكرد له‌ سه‌ره‌تادا ئه‌نجامه‌كان قبوڵ نه‌كران. بڕیاردرا هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ پاش ساڵێك دووباره‌ بكرێته‌وه،‌ كه‌ نه‌كرا. به‌وه‌ش هیواكانی گه‌لیان هه‌ڵوه‌راند. دواجاریش به‌و ئه‌نجامه‌ حكوومه‌تی 50 به‌ 50ی به‌دناویان دروستكرد و هه‌موو جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و سامانی وڵاتیان به‌شكرد و له‌ یه‌كه‌م به‌ردی بناغه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، پره‌نسیپی ساخته‌كارییان دانا.

ڕیزی دووه‌م

دوای پێكهێنانی حكوومه‌تی په‌نجا بە په‌نجا كه‌ بناغه‌كه‌ی ساخته‌كاری بوو، خواستی تاكڕه‌وی په‌ره‌ی سه‌ند، ئه‌مجاره‌یان له‌پێناو پاره ‌و ده‌سه‌ڵاتدا شه‌ڕێكی ناڕه‌وایان هه‌ڵگیرساند، سه‌دان ڕۆڵه‌یان به‌ كوشت دا، له‌ بری حكوومه‌تێكی یه‌كگرتوو دوو حكوومه‌تۆكه‌یان له‌ زۆنی سه‌وز و زه‌رد پێكهێنا و فشاریان بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تر ده‌هێنا كه‌ له‌و حكوومه‌ته‌ ناوچه‌ییانه‌دا به‌شدار بن‌ و پشتیوانی بكه‌ن. هه‌ر هه‌ڵوێست و ڕایه‌ك كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رلایه‌كیان نه‌گونجایه‌ ئه‌وا بێ سیێ و دوو له‌ سه‌نگه‌ری لاكه‌ی دیكه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درایت و ئه‌گه‌ری په‌لاماردانت له‌ هه‌ر ئان و ساتێكدا به‌ ڕه‌وا ده‌زانرا و چه‌ندین تاوان به‌و هۆیه‌وه‌ ڕوویدا.

ڕیزی سێیه‌م

هه‌وڵه‌ ناوخۆییه‌كان بۆ ئاشتی و به‌تایبه‌ت هه‌وڵه‌كانی ڕه‌وانشاد عه‌زیز محه‌مه‌د، گه‌یشته‌ ئاستی ڕه‌واندنه‌وه‌ی كه‌شی شه‌ڕانگێزی، به‌ڵام هه‌رزوو هه‌وڵه‌ ناوخۆییه‌كانیان بێ بایه‌خ كرد و به‌ زه‌بری فشاری ده‌ره‌كی ئاشتی سه‌پێنرا و حكوومه‌تی هاوبه‌شی هه‌مه‌لایه‌نه‌ پێكهات و ژماره‌ی وه‌زیره‌كان بۆ چل و یه‌ك وه‌زیر زیاد كرا و ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی خوولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كرا. به‌هۆی یه‌ك لیستی هه‌موو حزبه‌كان و دابه‌شكردنی كورسییه‌كان له‌ ناو زۆرینه‌ی حزبه‌كان به‌ پێی سیستمی ڕێژه‌یی داخراو و لیستی هاوبه‌ش هه‌موو كورسییه‌كانی برده‌وه‌ جگه‌ له‌ كۆتا و كورسییه‌كی زه‌حمه‌تكیشان و دوو كورسی كۆمه‌ڵ.

ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌لماند كه‌ ئه‌گه‌ر لیسته ‌گه‌وره‌كان هه‌وڵی ساخته‌كاری نه‌ده‌ن، بوار بۆ لیسته‌كانی تر ده‌ڕه‌خسێت كه‌ ده‌نگی ده‌نگده‌رانیان بچننه‌وه‌.

ده‌بێت بگوترێت هیچ هه‌ڵبژاردنێكی هه‌رێم، به‌بێ ‌هه‌وڵی ساخته‌كاری تێنه‌په‌ڕیوه‌، به‌ڵام ئامرازه‌كانی ده‌ركه‌وتنیان به‌ شێوه‌یه‌ك بووه‌ كه‌ به‌ ئاسانی ئاشكرا نه‌ده‌كران.

ڕیزی پێنجه‌م

پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق 2018، وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ ئاسایی به‌ڕێوه‌ چوو، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان كۆمه‌ڵێك ڕاستییان ده‌رخست كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رنامه‌ڕێژی ئه‌لیكترۆنی كار بۆ ساخته‌كاری و دزینی ده‌نگه‌كان له‌ لایه‌ن دوو لایه‌نی ده‌سه‌ڵات و هه‌ندیك لایه‌نی تره‌وه‌ كراوه‌ كه‌ به‌ پشتیوانی ناوه‌نده‌ هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و خودی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ بێلایه‌ن نه‌بوون(له‌ سه‌ربنه‌مای به‌شبه‌شێنه‌ی تایفه‌گه‌ری و نه‌ته‌وه‌یی و حزبی) پێكهاتووه‌ و له‌ژێر فه‌رمانی به‌رپرسه‌كانیاندا بوون.

ئاشكرابوونی ساخته‌كارییه‌كه‌ به‌هۆی دوو هۆكاره‌وه‌ بوو:

یه‌كه‌م: چاودێری قه‌واره‌ سیاسییه‌كان، ورده‌كاری كاره‌كه‌یان گه‌یانده‌ به‌رپرسه‌كانیان به‌وه‌ی ده‌نگده‌ریان له‌ وێستگه ‌و بنكه‌ جۆراوجۆره‌كاندا كه‌سانی ناسراو و ئه‌ندام و كادیری حزبه‌كانیان(ته‌نانه‌ت دایك و باوك و خوشك و براكانیان) كه‌ له‌ یه‌ك حزبی سیاسی بوون و ده‌نگیان بۆ لیست و كاندیدی حزبه‌كه‌یان بووه،‌ كه‌چی لیستی ئه‌نجامی ده‌نگه‌كان سفر بووه‌ ، كه‌ چه‌ندین حاله‌ت له‌ یه‌ك حزبدا و له‌كۆی حزبه‌كاندا به‌بێ‌ حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات دووباره‌ بووەته‌وه‌.

دووه‌م: له‌ هه‌موو جیهاندا كاتێك ده‌سه‌ڵات به‌پێی خواستی خه‌ڵك نابێت، گه‌ل له‌ ده‌نگداندا سزای ده‌دات. به‌ڵام له‌لای ئێمه‌ له‌ بری بردنی سه‌روه‌ت و سامانی گه‌ل و خراپ به‌كارهێنانی و دواكه‌وتن و نه‌دانی مووچه‌ و پێدانی نیوه ‌و چاره‌كه‌ مووچه‌ به‌ پێی پاشه‌كه‌وتی زۆره‌ملێ‌ و خراپی خزمه‌تگوزارییه‌كان و گه‌نده‌ڵی به‌رفراوان....تد، له‌ كێشه‌كانی نێوان هاووڵاتی و ده‌سه‌ڵات، كه‌چی ئه‌وان به‌ ساخته‌كاری پاداشتی خۆیانیان كردووه‌.

له‌ ئه‌نجامدا به‌شی هه‌ره‌زۆری قه‌واره‌كان پڕۆسه‌كه‌یان ڕه‌ت كرده‌وه‌ و داوای قبوڵ نه‌كردنی ئه‌نجامه‌كان و دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنیان كرد به‌ تایبه‌ت له‌لایه‌ن شه‌ش لایه‌نی سیاسی كه ‌بریتی بوون له‌ (حزبی شیوعی كوردستان و گۆڕان و یه‌كگرتوو و هاوپه‌یمانی و كۆمه‌ڵ و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی).

ڕیزی دوای دواوه‌ 

هه‌موو خه‌مخۆرانی ئه‌م گه‌ل و نیشتمانه‌ به‌ ته‌واوی بڕوایانه‌وه،‌ له‌و باوه‌ڕه‌دابوون كه‌ وێڕای ململانێی ناوخۆیی له‌ هه‌رێم، پێویسته‌ هه‌موو قه‌واره‌ سیاسییه‌كان به‌ یه‌ك لیست بچنه‌ ململانێی هێزه‌ ڕكابه‌ره‌كانی دیكه‌ی عێراق تا پێكه‌وه‌ سه‌نگ و قورسایی هه‌رێم و ده‌نگی دڵسۆزانی بۆ لیسته‌ هاوبه‌شه‌كه‌ بێت.

ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ وه‌ك حزبی شیوعی كوردستان له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌وڵی خۆماندا، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانمان له‌به‌رده‌م خۆپه‌رستی و لوتبه‌رزی هه‌ندێك لایه‌ندا بایه‌خی پێنه‌درا و هه‌ر قه‌واره‌یه‌ك به‌ جیا له‌هه‌موو ناوچه‌كان لیستیان پێكهێنا و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگی كوردستانیان هه‌بوو، به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم.

پاش راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان به‌ كاره‌ ساخته‌كارییه‌كانه‌وه‌، لایه‌نی سیاسی ئه‌وتۆ هه‌ن كه‌ باس له‌ یه‌كڕیزی و بایه‌خی یه‌كڕیزی و كۆمه‌ڵێك وانه‌ی دیكه‌ ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی وانه‌كانی خوێندنی سه‌ره‌تایی به‌ قوتابیانی زانكۆ بڵێیته‌وه، هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ی ڕابردوو له‌و تاوانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ دزینی ده‌نگی هاووڵاتییان و ئه‌زموونی ڕابردووی كاركردن له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ باسی یه‌كڕیزی ده‌كه‌ن كه‌ جگه‌‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ به‌رته‌سكه‌ حزبی و كه‌سییه‌كانیان بایه‌خیكی تریان بۆ یه‌كڕیزی نه‌بووه‌.

كه‌سانیك كه‌ هه‌میشه‌ فاكته‌ری تێكدانی ڕیزه‌كه‌ بوون، چۆن ده‌توانن ببنه‌ ئاڵاهه‌ڵكری یه‌كڕیزی و ته‌بایی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ جارێك زیاتر تاقی كرابنه‌وه‌ پێویست به‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ ناكه‌ن. 

 

 

  • 1