ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوای کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جهیانی و ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، هێزە کۆلۆنیالیستەکان هەستان بە دابەش کردنی ناوچەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دروست کردنی دەوڵەتی نوێ لە ناوچەکە وەکو عێراق وسوریا و تورکیا. خاکی کوردستانیش دابەش کراو لکێنرا بەو دەوڵەتانەو ئەم دەوڵەتانەش فرە میلەت بوون و هێزە کۆلۆنیالیستەکان دەسەڵاتی سیاسییان بەخشیە نوێنەرانی ئەو میلەتانەی کە زۆرینەیان پێك دەهێنا. لە تورکیا تورکەکان دەسەڵاتی سیاسییان وەرگرت و لە عێراق وسوریاش عەرەبەکان دەسەڵاتی سیاسییان وەرگرت. ئەو فەرمانڕەوانە لە عێراق و سوریاو تورکیا کە لەلایەن دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکانەوە دانران هەموو جۆرە چەوسانەوە و ملهوڕیان دژ بە میلەتانی وڵاتەکەو دژ بە کەمینەکانیتر لەوانەش میلەتی کورد بەکارهێنا، بێبەشیان کردن لە سادەترین مافەکانی خۆیان لەو مافانەش مافی چارەی خۆنووسین.

لەو کاتییەوە؛ میلەتی کورد لەو وڵاتانەدا دەناڵێنێ لە ژێر زەبری سەخترین جۆری چەوسانەوەو ملهوڕی، چەندین شۆڕش و ڕاپەڕینی چەکدارانەی بەرپا کرد لە پێناو دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆ لە هەموو هەرێمەکانی کوردستاندا، لەوانە لە کوردستانی باشوور (هەرێمی کوردستان لە عێراق)، کە لە کۆتاییدا گەیشتە دەسەڵاتی فیدرالی و دامەزراندنی حکوومەت پەرلەمانی تایبەت بە خۆی بوونی جۆرێك لە فەرمانڕەوایی خۆجێیی. چەندین ناکۆکی دروست بوو لە نێوان حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی هەرێم لە سەر مەسەلەی جۆراوجۆرو گەورە کە پەیوەندی بە جێبەجێکردنی دەستوورو چارەسەر کردنی کێشەی سنوری هەرێم و ناوچە کێشە لەسەر یان جێناکۆکەکان بە تایبەتی کەرکووك، کە ڕێککەوتنی لەسەرکرابوو لە ژێر سەرپەرشتی هەردوو حکوومەتی ناوەندو هەرێم ڕیفڕاندۆمی تیا ئەنجام بدرێت،هەروەك چۆن هاتووە و داواکراوە لە دەستووری عێراقیدا.جێگای باس کردنە؛ پێکهاتە سروشتییەکان سنوری هەرێمی دیاری کردووە، لە ڕێڕەوی زێی فیشخابورەوە بۆ نێو ڕووباری دیجلە تا دەگاتە سەرەتاو دەروازەی شاخەکانی حەمرین و تا کۆتاییەکەی لە ئێران. کێشەیەکیتر؛ ناکۆکییەکانە لە سەر سامانی نەوت و مافی بەرهەمهێنان و ناردنە دەرەوەی لە لایەن هەرێم و چەندین تەنگژەیتری زەق کە تا ئەمڕۆ بێ چارەسەر ماوەتەوە لە لایەن هەردوولا، کە وای کردووە پەیوەندییەکانی هەردوولا ئاڵۆزو پڕ کێشە بێت، ئەمەش چەندین گرفتی بە دوای خۆیدا بۆ هاووڵاتییان هێنا لە هەرێم لە هەموو بوارەکانی ژیاندا چ ئابووری، سیاسی ، چ کۆمەڵایەتی بێت، چونکە ماوەیەکی درێژە بێبەش کراون لە مووچەکانیان، چونکە حکوومەتی ناوەند بەشی هەرێمی لە بودجەی گشتی بڕیوە کە ئەمە مووچەی پێشمەرگەش دەگرێتەوە، هەروەها خەمساردی حکوومەتی هەرێمیش لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکان، لەوانە مووچە هەرچەندە لە توانایدا هەبووەو ناردنە دەرەوەی نەوت درێژەی هەبووە. هەموو ئەو دۆخەی باس کرا کاریگەری هەبووە بە سەر پەیوەندییەکانی هێزە کوردستانییەکان لەگەڵ یەکترو سەنگەربەندی دژ بەیەك هەرگیز ناچێتە بەرژوەندی گەلی کوردستان.

مافی گەلی کوردستانە؛ کە داوای ئەوە بکات خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات، ئەمەش بە مانای جیابوونەوە نایەت،بەڵکو یەکگرتنێکی برایانە دەکرێ هەڵبژاردە بێت بۆ هەردوو گەلی عەرەب و کورد و هەموو میلەتان پێکهاتەکانیتری ناو عێراق. ئەم تێگەیشتنە دەبێ تێگەیشتنێکی ڕوون بێت لە لایەن بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و لە لایەن هەموو هێزە سیاسییەکان لە عێراق، چونکە ئەم کێشیە هەرگیز پێویستی بە هەڵخەڵەتاندن ولە خشتە بردن نییە. 

کێشەی دیاریکردنی مافی چارەنووس موڵك و پاوانی ئەم حزب و ئەویتر نییە، کێشەیەکی شەخسیش نییە،بەڵکو کێشەی سەرجەمی گەلە، بۆیە پێویستە بەجدی کار لە سەر یەکگرتنی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بکرێت بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پڕ بەهایە، کە پیرۆزە لەلایەن هەموو مرۆڤێکی کوردستانی، چونکە ئەوە خەونی گەورەی هەمووانە. هێزە کوردستانییەکان نابێ هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هاودەنگی ڕای گشتی جیهانی فەرامۆش بکەن، بۆ ئەوەی لایەنگیریمان بن و پاڵپشتی کێشەکەمان بکەن لە نێوەندە نێونەتەوەییەکان و کاربکەن بۆ بێلایەنکردنی دەوڵەتانی دراوسێ و نەهێشتنی دڵەڕاوکێ بەرامبەر بەو پرسە.

بە داخێکی زۆرەوە؛ هەموو ئەو مەسەلانەی باس کران لە سیاسەتی گشتی هەرێم ڕەچاو نەکراوە، هەروەها تا ئێستاش یەکگرتنی هێزە کوردستانییەکان بەدی نەهاتووەو ناکۆکییەکان قوڵتر دەبێتەوە. لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لەم دواییەدا ئەم ناکۆکییانە رەنگی دایەوە کە بووە هۆی پەرت و بڵاوکردنی هێزەکانمان و دەنگی دەنگدەرانمان، چەند جوان دەبوو ئەگەر هێزە کوردستانییەکان بە یەك لیستی یەکگرتوو بەشداریان کردبا، بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتییان فەرامۆش کردباو ڕووی سەرنجیان لەسەر بەرژەوەندی کوردستان و گەلە پاك و تێکۆشەرەکەی بووایە، کە قوربانی گەورەی لە گیان وماڵ و موڵك دا بۆ گەیشتن بە ئەنجامێك بۆ پرسە ڕەواکەی، کە بەداخەوە حزب و هێزە کوردستانییەکان پشتیان لەو پرسە کرد لە دۆخێکدا کە بیرکردنەوە لە بەرژەوەندی گشتی بزربوو.

ئەوەی ڕووی دا بەسەرچوو؛ ئێستا کاتی ئەوە نییە بگەڕێینەوە بۆ ئەقڵێکی گشتی و هەمەلایەن؟ کاتی لێکتێگەیشتن نییە؟ ناڵێم کاتی "سازش" بۆ یەکتر، چونکە سازش لە ناو ئەندامانی یەك ماڵدا نەنگی نییە. ئێستا ئێمە زۆر پێویستمان بە یەکگرتنە لە نێوان خۆمانداو پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی بەهێز، تا شان بەشان هەنگاو بنێین بۆ بەدەستهێنانی کۆمارییەکی فیدرالی برایەتی بە ویستی خۆمان.

 

*سکرتێری پێشووتری حزبی شیوعی کوردستان

 

  • 1