ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەساڵى ٢٠٠٨ ەوە سەرمایەدارى لە ئاستى جیهان دوچارى قەیرانێکى ئابورى سەخت هاتوە. لەو کاتەوە بە کۆمەڵ و بە تاک ئەو دەوڵەتە زلهێزانە هەوڵى هەمە جۆر ئەدەن چ بەشەڕنانەوە, چ بە فێڵ و تەڵەکەى بازرگانى و (عەولەمە) بە جیهانى کردنى بازاڕ. نەک هەر نەیان توانیوە خۆیان لەو قەیرانە ڕزگار بکەن, بەڵکو زیاتر تەنگى پێ هەڵچنیون و سەرشێتى کردون...

هەر ئەو قەیرانە ـ دۆناڵد ترەمپ / ى کرد بە سەرۆکى ئەمریکا و (ماکرۆن/ ى کردبە سەرۆکۆمارى فەرەنسا, گەلە کۆمەیەکى کۆنەپەرستانەى لە ئەڵمانیادا پێکەوەنا و لە ئیتالیا و نەمسا و گەلێ وڵاتى تر). کۆنەپەرستان و توندڕەوەکان هاتنە سەر حوکم و بوە بە مایەى ناکۆکى و دوبەرەکى لەنێو خۆیشیاندا. حکومەتى ئەمریکا لە ڕەفتار و مامەڵەى یەکێتى ئەوروپا ناڕازیە. فەرەنسا: ئەڵێ قەبوڵ ناکەین ئەمریکا خۆى بکات بە پۆلیس بەسەر بازاڕى جیهانەوە!! ئەڵمانیا و فەرەنسا ئەیانەوێ یەکێتى ئەوروپا بپارێزن و سەربەخۆیى بپارێزن و قەبوڵناکەن ئەمریکا خۆى بکات بە (کوێخا) بەسەریانەوە.

یەکێتى ئەوروپا %٢٥ باجى گومرگى لەسەر ئەو کەلوپەلانە زیاد کرد کەلە ئەمریکاوە دێت. بەریتانیا لە یەکێتى ئەوروپا ئەکشێتەوە چونکە هەست ئەکات یاساکانى ئەو یەکێتیە دەستى بەستوە لە بوارى ئابورى دا.

ئەمریکا/ ش یان بە واتایەکى تر جەنگى بازرگانى دژى چین ڕاگەیاندوە.. هەروەها لەگەڵ ڕوسیا/ ش!!

لە ئەنجامى ئەم بارو دۆخە سەختە هەریەکە لەو دەوڵەتانە بەجیا بەهەر چوار لادا پەل ئەهاوێ بۆ بارسوکى خۆى و ئەم هەوڵە تاک لایەنیانە خەریکە کێشمە کێش لەناویان دا پەیدا ئەکات. هەرچەندە, چەند گردبونەوەیەکیان سازدا بۆ (پینەو پەڕۆکردنى پەیوەندیەکانیان) بەڵام سەرى نەگرت.

ئەوەتا ئەمریکا رێکەوتن نامە ئەتۆمیەکە ـ لەگەڵ ئێران بەتاڵ ئەکاتەوە. بەڵام یەکێتى ئەوروپا پشتگیریان نەکرد. ترەمپ ویستى بەهەڕەشەى بەکارهێنانى چەکى ئەتۆم. سەر بە کۆریاى باکور شۆڕ بکات. دیسان یەکێتى ئەوروپا لەگەڵیا نەبوون. ناچار ملى بۆ کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکى کۆریاى باکور کەچ کرد!!

لەلایەکى ترەوە بەرەیەکى یان جەمسەرى ئابورى و سیاسى دوەم بە سەرۆکایەتى ڕوسیا و چین و کۆمەڵێک دەوڵەتى ترى هاوسۆزى ئەوان هاتۆتە کایەوە و ڕوبەڕویان وەستاوەتەوە لە زۆر ناوچەى جیهان دا.

تێکڕاى ئەم بارودۆخە کە دەرئەنجامى ڕاستەوخۆى قەیرانە ئابوریەکەو سەرهەڵدانى جەمسەرى دوەمە لە جیهان دا. ئەمڕۆ سەرانسەرى وڵاتانى تووشى قەیرانى هەمە لایەنە کردوە.. پەیوەندیەکان تا دێ گرژتر ئەبن بەرانبەرکێ و پێشبڕکێ بۆ بازاڕ/ مەیدان لەیەکترى زەوتکردن توند و خێراتر ئەبێ.. هەوڵ و تەقەلاکان بۆ ڕوخاندن و سەرکوتکردنى دەوڵەتە ئازاد و سەربەخۆکان لە توند و تیژبون دایە. هەروەها تەوژمێکى دژ بە یموکراسى و مافەکانى مرۆڤ لە گڕسەندن دایە!! ئەمریکا بڕیارى دا لە لوجنەى مافى مرۆڤى نەتەوە یەکگرتوەکان بکشێتەوە ... هتد.

 

                                                  

 

 

 

 

  • 1