ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دەسەڵات ئەو هێزەیە کە کەسێک یان لایەنێک دەیەوێت کەسانی دی ناچار بکات کە بەو جۆرەی خۆی نیازی هه‌یە کە ڕەفتار بکەن، هه‌ڵسوکەوت بکەن و ئامانجە نزیک و دوورەکانی خۆی بهێنێتە دی، جا ئیدی بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و یان سێکسی بێت. ئەو لایەنەی کە دەبێ ئەو دەسەڵاتە پەسەند بکا، دەبێ گوێ بە سەروەرییەکانی خۆی نەدا و گوێڕایەڵی مەرج و بۆچوونەکانی خاوەن دەسەڵاتدارەکە بکات (بڕوانە ستیڤ رید لا ٢٥ چاپی ٢٠٠٧). کۆمەڵێ فاکتەر ڕۆڵی خۆی دەبینێ لە بەکارهێنانی دەسەڵات و ئامانجەکانی لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا، لەوانە:-

• پیگەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی: کە پێوەندی کۆمەڵایەتی و ناسراویەتی و ئاستی ڕۆشنبیری و سەرمایەکانی دی وەک خوێندن، مۆسیقا، ئایدیا و شانۆ و فەرهه‌نگی دەگرێتە خۆ.

• پێگەی ئابووری،: قەبارەی سەرمایە و دەوڵەمەندی و سامان دەگرێتە خۆی.

• جەندەر: واتە بۆ نموونە ئاستی پیاوسالاری لەو کۆمەڵگەیەدا و ڕۆڵی نێر و مێ و کێ سەردەست و بن دەستە و پلەی یەکسانی نێوان هه‌ردوو ڕەگەز.

لێرەدا باسی بوارەکانی دی جێنابێتەوە کە کاریگەرییان هه‌یە لەسەر هه‌ردوو هاوسەر، لەوانە زمان و ناوچە و نەتەوە. ئەوە باسێکی فراوانە، کە بۆ نموونە زۆرجار پیاوێکی عەرەب یان فارس کە ژنێکی کورد دەهێنی بە چاوێکی کەمەوە سەیری ئەو ژنە دەکات. 

لەپرۆسەی هاوسەرگیریدا، ئەگەر هه‌ردوولا ئەو بەڵانسە یان ئەو هاوکێشەیە لە نێوانیاندا نەبێ و هۆشیارانە بەرانبەر یەکدی ڕەفتار نەکەن، یەکێکیان بڵێ من نەوەی فڵان تیرە و خێڵم، ئێمە کێمان پێ دەڵێن، یان ڕوونتر بەخۆیەوە بنازێ، ئیدی بەهۆی بڕوانەمەکەیەوە بێ و یان پلەی خوێندنەوە بێ، ئەو هاوسەرگیریە ئەگەر شکست نەهێنێ، ئەوا یەکێکیان دەبێتە دەسەڵاتدار و ئەوەی دییان ژێر دەستە. ئەو هاوسەرگیرییە لە پێناسەی خێزانەوە، هاوسەرگیرییەوە دەبێتە دوو لایەنی جیاواز، لایەنێکی دەسەڵاتدار و لایەنێکی ستەملێکراو. لەڕووی دەروونییەوە ئەگەر یەکێک لە هاوسەرەکان، ئەگەر پێناسەی خۆیان وەک مرۆڤێک لەدەستدا و گوێیان بە سەروەری گیانی خۆیان نەکرد کە مرۆڤێکی سەربەخۆن، ئیدی لایەنی سەردەست لە هاوسەرگیرییەکەدا زاڵ دەبێ بەسەریدا، هاوسەرەکان دەبێ فێرببن بڵێ نا بۆ ئەو شتانەی کە سەروەرییان دەڕوشێنێ یان بریندار دەکا. زۆرجار ئەو سەروەرییەش، بەتایبەتی لە کۆمەڵگە پیاوسالارەکاندا، بۆ نێرینە بەهێز دەکرێ و مێینە وا فێر دەکرێ کە وشەی نا نەڵێ. لە جیهانی ئەمڕۆدا، زانیاری زانین و شارەزایی ئەلکترۆنی هۆکارێکی دییە کە هه‌ندێ هاوسەر خۆیان لە بەرانبەر ئەوی دیدا لاواز دەزانن. ئەم دیاردەیە لە ئەوروپا، بەتایبەتی لای خێزانە ڕەوەندەکان بە ڕوونی هه‌ستی پێ دەکرێ. زۆرجار ژنەکان بەهۆی خوێندنەوە ئەو دەسەڵاتەی کە پیاو هه‌یەتی دەیشکێنن و بەسەریدا زاڵ دەبن، ئەوەش دەبێتە جێگەی توڕەیی پیاوەکان و زۆرجار بە ناکۆکی ڕوخێنەر تەواو دەبێ و ئەو خێزانانە پەرتەوازە دەبن.

پێگەی ئابووری سەنگێکی ترە کە دەبێتە هۆی لارکردنەوەی تای تەرزاووی پێوەندی نێوان هاوسەرەکان بەو لایەدا، کە لە خێزانێکی دەوڵەمەندە و ئەو تاکەی کە لە خێزانێکی هەژارە خۆی وەک ژێر دەست دەبینێ. لێرەدا پێوەرەکانی ئەو کۆمەڵگەیە و فەرهەنگ و ئاین ڕۆڵێکی باڵایان هه‌یە لە پێناسەی ئەو جۆرە کەس و هاوسەرگیریانە. ئەو ژن و پیاوەی کە کارمەندن و هه‌ردووکیان مووچەیان هه‌یە، تاڕادەیەک سەربەخۆ دەتوانن بیر بکەنەوە و دەوڵەمەندی لایەکیان ئەو کاریگەرییە بەهێزەی نابێ.

جەندەر یان ڕەگەز، هۆکارێکی دی ئەو ناکۆکی و نایەکسانییەیە کە لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا دروست دەبێ. تێڕوانینی گشتی دەربارەی ژن یان مێینە. لیرەدا لە دابەشکردنی ئەرکەکانی ناو خێزان ئەو نایەکسانییە ڕەنگ دەداتەوە، ئەگەر کۆمەڵگەکەش پیاوسالار بوو، تەنانەت بڕیار بەسەر جەستەی ژنەکەشدا بەدەست باوک، برا، مام و هاوسەرەکەیە. هاوسەرەکە(ژنەکە) هێچ شتێک ناتوانێ بەرانبەر شووەکەی بڵێ. 

لەکۆی ئەو هه‌موو گرفتانەی سەرەوە لەبارەی کاریگەری دەسەڵات لەسەر پرۆسەی هاوسەرگیری و ڕەهه‌ندەکانی، زمانی ئاخاوتن و قسەکردنیش لە نێوان هاوسەری سەردەست و بن دەست ئاراستەیەکی دی وەردەگرێ و لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی دی دەگۆڕێ. هه‌ر سێ فاکتەرەکە، سەرمایەی کۆمەڵایەتی، پێگەی ئابووری و جەندەر دەبنە هۆکاری بنچینەیی بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتە. یەکێک لە مەترسییەکانی دی ناهاوسەنگی نێوان ژن و مێرد و لە نێو ڕەهه‌ندەکانی پرۆسە هاوسەرگیریدا، سەرهه‌ڵدانی پاشکۆیی لە لایەن یەکێک لە هاوسەرەکانەوە، لەوانە پاشکۆیی ئابووری و ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی.. هتد. لە توێژینەوەیەکەدا کە هانە هاڤید کردوویەتی(بڕوانە؛ لا ١٧٦ لڤین و ترۆست ٢٠٠٥) بە ڕاشکاوی باسی ئەوە دەکات کە لەڕێگەی ئەو جۆرە تێڕوانین و تێگەیشتنانەوە دەربارەی یەکتر، دەبێتە هۆی دروستبوونی کەش و هه‌وایەک لە نێوان ژن و پیاودا و ئەگەر هه‌ردوولا، ژن و پیاوەکە بە ڕوونی بۆچوونەکان و خواستەکانی خۆیان بۆ یەکدی ساغ نەکەنەوە، گومانی ئەوە هه‌یە لەدواڕۆژدا و دوای کەڵەکە بوونی کێشەکانیان، شکست بەو هاسەرگیرییە بێت.

ئەنجامگیری و چارەسەر

کەواتە دەسەڵات ئەو هێزەیە کە پێوەندی نێوان دوو هاوسەر تەنانەت دوو هاوڕێش بە ئاراستەیەک دەبا کە لە پێوەندییەکی گیانی کۆمەڵایەتییەوە ببێتە پیوەندی دوو لا باڵی سەردەست و بن دەست. ئەو ساتەش کە ئەو پێوەندییە گیانی کۆمەڵایەتییە دەکرێتە قوربانی دەسەڵاتی یەکێک لە هاوسەرەکان، ئیدی پێوەندی نێوان ئەو دوو هاوسەرە، وەک هاوسەر هیچ بایەخێکی ئەوتۆی نامێنێ و تای تەرازووی بەختەوەری ئەو خێزانە لار دەبێت و تامی نامێنێ. کە یەکێک لەو دەسەڵاتانە (ئابووری، سامانی کۆمەڵایەتی و جەندەر) زاڵبوو بەسەر ناوەڕۆکی پێوەندی مرۆیی نێوان ژن و مێرددا، بگرە بەسەر دۆستایەتی دوو هاوڕێدا، ئیدی شتێک نامێنی ناوی خێزان و هاوڕێیەتی بێ. بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا دوو هاوسەر یەکسانن لە مافەکانیان. دەسەڵات باشترین هێما و پیوەرە تەماشای بکرێ و سەیر بکرێ. لە پێوەندی نێوان هاوسەرەکاندا، بڕیاردان لە سەر شێوازی ژیان و ئامانجەکانی خێزانەکەیان، پرۆسەیەکی گرنگە و دەبێ هه‌ردوو هاوسەر ڕەچاوی شتە چارەنووسازەکان پەیوەند بە یەکبوونی خێزانەکەیانەوە بکەن. دەبێ هه‌میشە خوێندنەوەی هاوبەشیان هه‌بێ بۆ ئەو سێ کۆڵەکەیە (دەسەڵاتی ئابووری، سامانی کۆمەڵایەتی و جەندەر) کە بنچینەی دەسەڵاتە. دەسەڵات هه‌تا هەتا بۆ هیچ کەس و لایەنێک نابرێتەسەر و تا هاوبەشانە دابەشبکری، یەکبوونی گیانی-کۆمەڵایەتی پتر تۆکمە و بەهێزتر دەکات.

ماستەر لە دەروونناسی کۆمەڵگە

٢٧ی جون ٢٠١٨ سوێد

 

سەرچاوەکان

Stevens. Red(2007). Att förstå människor. Lund: Printet in Sweden

Trost J (2007). Att förstå vardagen. Lund: Printet in Sweden

  • 1