ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

قسەكردن لەسەرمرۆڤیكی مەزنی وەك هاوڕێ‌ ( عەزیز محمد ) كارێكی ئاسان نیە, بۆیە منیش نیەتم نەبوو خۆ لەرێیەكی وا سەخت بدەم هەروا توانایەكی لەم چەشنەشم نەبوو بەرامبەر پیاویكی بە ویقاڕ ئەو وشانە بدۆزمەوە كە شایستەی بن , بەڵام چ وەك پێشمەرگەیەك چ وەك هاوڵاتییەك مایەی شانازیی و ئاسوودەییمە لەمبارەیەوە بەچەند پەیڤێك گوزارشت لە هەستە تایبەتییەكانم بكەم بەتایبەت كە دواجار هەستی نیشتمانی خۆشەویستیم بۆ ئەو بەرێزە كۆسپەكانی لابردن.... 

مرۆڤەكان هەموویان , تەنیا جارێك ,لەمرۆڤی تر دێنە دنیاو بەخۆدادێن , لە دواییدا چاولێكدەنێن , یا لەپێناوی ژیانێكی گەشتر و ئایندەیەكی باشتردا گیان دەبەخشن و شەهید دەكرێن ,مرۆڤەكان دوای ژیانێك هەرچەندە كورت , یا چەند درێژ بێت , هەیانە بەنەمری و سەربەرزی دەمێننەوە ,هەشیانە شەرمەزار و نامەردانە گوم دەبن و سەردەنێنەوە .

ڕانەهاتووم جگە لە سەربازی ون ,یان شەهیدی تاجی سەرمان , ئیلهام بەخشی ئایندەمان ,بەباڵای هیچ سەركردەیەك هەڵبدەم كە تەنیا بۆ جارێك لەدایك دەبێ‌ !! , جا مێژووەكەی هەرچیەك بێ , گرنگ نیە نەوەی كامە نەتەوە و تیرەو هۆز بێت , یا پفدراو وپڕلەپارەكراوی هەر داگیركەرو نۆكەرێ بێ‌ .

مرۆڤەكان , سەركردەكان , هەیانە لەبێگانە پەرستی و كۆنەپەرستی و لاوازیدا ,دەبن بەپەڵەی ڕەش ,دەبن بە بارێكی قورس ,دەبن بە كۆسپ و تەگەرە لەبەردەم كاروانی تێكۆشانی نەوەستاوی پێشكەوتنخوازانەی ئەم گەلەدا .

هەندێك جاریش لەم گەردوونە , لە ئامێزی میللەتێكی زۆرلێكراو و چەوساوەدا , لەنێو جەرگەی نائومێدی و نشوستیدا , هەڵدەكەوێت, سەركردەیەك وەك ئەفسانە و فریاد ڕەسێ‌ , دژی ستەم , بۆهەتایێ‌ یاخی دەبێ‌ .

هاوڕێ‌ ( عەزیز محمد) لە ئامێزی گەرم و گوڕی پڕ لە میهری دایكێكی مەزنی بێڕێ‌ و جێ‌ , بێكوانوودا , ئەو و ئەم دیكە , ئەم دایكە و ئەو , لەم دێ‌ ئەو دێ‌ ,لەم شار ئەو شار بۆ لەتێ‌ نان , تاوێ‌ لەبەر هەڵبێنە لوولدراو ,تاوێ‌ بە چارۆگە لەكۆڵنراو ,ناوەناوەش لە لاتێڕكەی گوێدرێژ ئاخنراو , هەر بۆ نەوا و ئارامگەیێ‌ , ڕاكە ڕاكە بەدوای نانێ‌ , هەر نەوەستان !! , لەئامێزی ئەم بەهێزی و مەزنێتی یەدا , لەباوەشی هێزی ئیرادە و مەزنی ژندا , لە ئەفسانەی خۆڕاگری و كۆڵنەداندا ,لەفێرگەی ڕەسەنی برسێتی و نەداریدا , هاتی و هاتی , بێنوچدانێ‌ هەرسەركەوتی , چەند هەوڵیاندا و هەرچی كردیان هەرنەكەوتی !! .

لەگەڵ ئەشكەنجە و زینداندا , لەگەڵ خەبات و بەرخوداندا , لەشەڕی نەپساوەی جەهل و تاریكیدا , لەگەڵ هەموو ئەمانەدا بوون بەدوانەو, دابڕان و ساردبوونەوە بۆ ساتێكیش لە هزرتدا بوون بەنەبوو , بوون بە مەحاڵ !!.

ئالێرەدا , لەنێو هەناو و منداڵدانی ئەم دنیایە پڕ لەئاریشە و جەنجاڵەدا , جارێكی تر بە گەورەیی لە لوتكەدا هاوڕێ‌ ( عەزیز ) بۆ ئەبەدی دێتەوە بوون , لەم جارەدا وەك ( ماندێلا ) وەك ( گیڤارا ) دەبنە كوڕی هەموو دنیا , كامە سەرۆك و سەركردە ؟ لە خاكیبوون , لەخۆبەخشی , لەگەشبینی و خۆنەویستی ئەوەندە جوامێرو ڕەندە , ئەوەندە بڕوابەخۆبوو سادەبێ‌ , هەموو جیهان باسی بكات هەرخۆی نەبێ‌ !!؟ , كامە بەناو بەرپرس و پێشمەرگە وەك هاورێ‌ ( عەزیز محمد ) بەبێ‌ بەرتیل و سەفقە , بەبێ‌ یاری و دیاری , خاوەن دەیان مەدالیا و بڕوانامەی ئاشتی و مرۆڤدۆستی یە !!؟ , كامە كارێزما و سەركردە بە ڕاستگۆیی سەلماندی ئامادەی بەخشینی سەربێ‌ , تەنها و تەنها باوەرەكەی لێ بەدەر بێ !!؟

كێ‌ بەقەد ئەو لەكوردستان , خۆڕسكانە , بەبێ‌ زۆر و جەور و ترسێ‌ , بەبێ‌ سازش لە ویژداندا , ئازادانە بەبێ‌ سەودا لەسەر دۆلارو دراو , هەموو كەسێ‌ , هەموو حزبێ‌ باسی بكا و بۆی بنووسێ‌ هەرخۆی نەبێ‌ !! 

كامە سەرۆك ,گەر تۆنەبی , وێنەی زەعیم لەمردنیا خاوەنی هیچ , یا چەند هەزارێكی ( بریمەر ) بێ‌ , سەرمایەكەی لەدوای خۆیدا تەنیا روحێكی پڕشكۆ و زیندووی ئەبەدی و قوتابخانەیەكی ڕەسەنی پڕ لە ئاكاری تێكۆشان بێ‌ .

(*) ئەم نووسینە بۆ مەراسیمی 25 سالەی راگەیاندنی حزب و ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی هاوری (عەزیزمحەمەد) ئامادەكرابوو,بەلام لە كارنامەی مەراسیمەكەدا شوێنێكی نەگرت .


  • 1