ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی یەکەم

ئەگەر پێمان وابێت ئێمە لەو جیهانە ئازادین هەڵەین. لەرۆژی خولقانمانەوە هەتا دەمرین بەو رابیتانە بەستراوینەتەوە کە وەک کۆیلە هەڵسوکەوتمان لەگەڵ دەکات، زۆربەری کات ئازادی و ئیختیار لەدەست خۆمان نییە. کاتێک لە سکی دایکمان دەخولێقین بە شریتێکی بەستراو بەدایکمانەوە گرێ دراوین بەبێ ئەو هیچ نین و ناتوانین بژین تا لەدایک دەبین، تەنیا ئەو دەقەیەی لەدایک دەبین تاقە دەقەی ئازادیمانە، بەڵام دەست دەکەین بەگریان چونکە حەزمان لەو کۆیلەیە کە تازە لێی ئازاد بووین. دوای ئەوەی دەمانخەنەوە باوەشی دایکمان و مەمکی دایکمان دەمژین دوبارە بەشێوەیەکیتر وابەستەی کۆیلە بوونمان دەبینەوە، هەتا ئەو کاتەی فام دەکەین گرێدراوی ئەو دایکەین کە هەموو کارێک لەجیاتی ئێمە دەکات، دواتر گەشە دەکەین لەناو خێزانێک کە هەمووی گرێدراوە بەهەندێک عورف و رێسای تایبەتی ناتوانین لێی لادەین و لەناویدا وەک کۆیلە هەڵسوکەوت دەکەین. کاتیک دەچینە ناو کۆمەڵگا ئەو کۆت و بەندانە زیاتر و ئاڵۆزتر دەبن، بژێوی ژیانی خۆمان لەکۆیلە بوونەوە دەست پێ دەکات بەوەی فێری کارێک بین یان بخوێنین لەلای یەکێک کە وەک کۆیلە کارمان فێر دەکات و هیچ جیاوازی لەگەڵ ئەو کۆیلەیە نییە بە نان و زگ کار دەکات ئەو بەشێوەیەک ئێمە بەشێوەیکیتر، لەوانەیە ژیانێکی باشترمان هەبێت و بتوانین زیاتر جولە بکەین و گەشت بکەین و بگەڕێین بەڵام وابەستەی کۆت بەند و ڕێساکانین کەئەگەر لێیان لادەین توشی روداوای نەخوازراو دەبین و محاسەبەمان دەکەن.

وەک لەمێژوو خوێندومانەتەوە لە رۆژگاری کۆن خەڵک بە بارمتە دەگیراو بەزۆرو زۆرداری کاری پێدەکرا و بە نان و زگ دەیان ژیاند، ئێستا هەمان کردارە بەڵام شێوەی جیاوازتر و ناوی جیاو کاتی جیاوازترە، چۆن؟

هەر لەدروست بوونی کۆمەنەوە کە ژیانی سەرەتایی مرۆڤەکان بووە، دەبوو هەرکەسێک ئیشێک بکات بۆ ئەوەی لەناو ئەو کۆمۆنەیە جێگای بێتەوە و بتوانێت بژی، دوای گۆڕانکاری کۆمەڵگا و پەیدا بوونی باڵا دەستی و ژێر دەستی ئەو پەیوەندیە گۆڕانکاری بەسەردا هات و کەسانێک پەیدا بوون توانیان ئەوانی تر بچەوێسنەوە و بیانخەنە ژێر رکێفی خۆیان و لەجیاتی خۆیان کاریان پێ بکەن، بەڵام ئەو جۆرە پەیوەندیە ئەوەی لەبەین نەبرد کەسە باڵا دەستەکانیش کارێکیان هەبوو کە چاودێری کۆیلەکان و ئیدارە دانیان بوو، کەواتە ئەوانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆیلەی کارێک بوون کە چاودێری کردن و ئیدارە دانی ژێر دەستەکانیان بوو، هەتا کۆمەڵگا زیاتر بەرەو پێش چوو ئەو پەیوەندیە ئاڵۆزتر و لێک گرێدراو چڕتر بویەوە،

ئەو پێشەکیە بۆ ئەوەیە بزانین ئێمەی مرۆڤ لە ئێستادا تا چەند ئازادین و چۆن بەناوی ئازادیەوە هەزاران خوێن و قوربانی و زەحمەتمان کێشا کەچی لە درۆیەکی گەورە هیچیتر نەبووە. پێ بزانین یان نەزانین هەموو مرۆڤەکانی سەرزەوی کۆیلەن بە بێ جیاوازی باڵادەست و ژێر دەست بەبێ جیاوازی دەوڵەمەند و هەژار و دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵات.

جۆری مرۆڤەکان : کۆیلە، دەستەمۆکراو،نەگونجاو

کۆیلەکان: بەتەواوی تەسلیمی ئەو واقیعە بوون و هەڵقە لەمل و دەست وپێ بەستراو، وەک کۆیلەکانی جاران کاری خۆیان دەکەن و ناتوانن هیچ کاردانەوەیەکیان هەبێت. ئەوانە زۆربەیان بەناو باڵادەست و دەسەڵاتدارن لەسەرەوەی هەرەمەکەی دەسەڵات دانیشتوون بە جیاوازی بەهێزی و بێ هێزیان، ئەوەی بەهێزتر بێت زیاتر کۆیلەترە لەوەی بێ هێزترە، ئەوانە بەخۆیان بزانن یان نەزانن جۆرەکانی پەیوەندی و لەدەست نەدانی دەسەڵاتی فشۆڵ و روکەشانە وایان لێدەکات هەرچی گەورەکانیان پێیان دەڵێت جێبەجێی بکەن بێ بیرکردنەوە ، تەنیا شت بیری لێبکەنەوە مانەوەی دەسەڵات و ئەو سەڵتەنەتەیە کە تێدا دەژین، بێ ئاگا لەوەی هەرکاتێک گەورەکەیان کاری پێیان نەما هەموو شتێکیان لێ دەستێنەتەوە و فڕێیان دەداتە کەنار.

دەستەمۆکراو: هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە لە خوارەی دەسەڵاتەوە حوکم دەکەن بەجۆریك دەستەمۆ کراون کە درۆکان بەدرۆ نەخەنەوە و بێ دەنگی هەڵبژێرن، وەک توێژەری ئەمریکی ( لیزا ویدن) ناوی لێناوە ( وەک خۆی). لەلای گەورەکان ئەوە گرنگە بەئاشکرا درۆکان بەدرۆ نەخەنەوە رێگای بۆ چۆڵ بکەن بێ کێشە بڕوات، تاکو لایەنگران و شوێن کەوتوەکان توشی گومان و سەرلێشێوان نەبن، ئەو جۆرەیان زۆربەی کۆمەڵگای گرتۆتەوە و ئەگەر بە ناراستیشی بزانن هیچ قسە ناکەن و یان هیچ کاردانەوەکەیان نابێت کە ئەوەش وا دەکات حوکمی کۆیلەکان قورستر بکات و هەمیشە خۆیان لەو ناوەندە ببینەوە کە ئەوان راستن.

نەگونجاوەکان: هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە هەندێک لە راستیەکان دەزانن بەڵام هەر ورتەیان دێت و لەبەر خۆیانەوە قسە دەکەن و هیچ کاردانەوەیەکی جدیان نییە چاوەڕێی ئەوە دەکەن کۆیلەو دەستەمۆکان هۆشیار ببنەوە و بەهەموانەوە کارێک بکەن ، ئەوانە زیاتر ترسنۆکەکانی ناو کۆمەڵگان و بەدوای سەراب کەوتوون، بەخەیاڵی (حەتمییەتی تاریخی) کەوتوون کە وابزانم ئەو تێزە زۆر کۆن بووە و باوی نەما، چونکە کۆتایی مێژوو دەستی پێکردووە، نەگونجاوەکان وا دەزانن هەموو راستی لای ئەوانە و بەس، نازانن تەنیا بەشێکیان لایە، چونکە زۆرجار تاقیکراوەتەوە کاتێک نەگونجاوەکان دێنە جێگای کۆیلەکان و باڵا دەست دەبن، کاری زۆر قیزەونتر دەکەن وەک لەوەی کۆیلەکان دەیکەن، بەناوی داکۆکی و ئازادی و یەکسانیەوە بەخەڵکی دەفرۆشنەوە.

 

  • 1