ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەوەتەی بزووتنەوەی بەناو كوردایەتی هەیە، فێڵ لە خەڵكی كوردستان دەكرێت بەناوی هەڵوێست و بەناوی هەقانییەت و پاكێتی و بەرائەت لەدژی خائین و ناپاك و بێ و هەڵویست و ناهەقی، ساڵانی شەستەكانیش وەكو ئێستا بوو هیچ نەگۆڕاوە، لەدوای ئەوەش هەشتاكان و دواتریش بەناوی پرۆلیتالیریاو و بەناوی بزووتنەوەی سۆسیالیست و نەتەوە پەرست و دژە خێڵ و دژی كۆنەپەرستی و هتد. سەرەنجام دەركەوت هەمووی لەپێناو بەرژەوەندی و وەرگرتنی پۆست و خزمەتكردنی خۆیان بووە لەبەرامبەر هەڵخەڵەتاندی خەڵك لەژێر ئەو عینوانانە. 

لەدوای ساڵی 2003 ەوە كە دوژمنە گەورەكەی كورد بەناوی بەعس نەما، ئیدی چەند دووژمنێكی تر پەیدابوو بەناوی ئازادییەوە كە گوایە گەڵان رزگار دەكات ئەویش ئامریكا بوو لەلایەك، شیعەكان كە خۆیان چەوساوە بوون لەلایەكی تر بوون بەدوژمنی كورد، هەڵبەت رزگاركردنەكەش تەنها پەروەردەكردنی خەڵك بوو لەسەر ستایلی زاری میدیایی و خەڵك فێری ئەوە كرا وەكو یەك قسە بكەن، ئەوەبوو هەڵوێستێكی سیاسی درووست بوو چ لەنێو میدیا و چ لەنێو دەستەبژێرێكی سیاسی رەنگیداوەیەوە، بەمەشەوە نەوەستان فەزاكە گواسترایەوە بۆ وەهمێك كە ناڕەزایەتی بەرهەمێكی هەیە، ئەویش روخاندنی دەسەڵات یان چاكسازی لە سێكتەرەكانی حكومەت كە گروپی سیاسی بەناو ناڕازی، خراپ كەڵكیان لێی وەرگرت و خەڵكیش تەنها پۆستێكیان وەرگرت، ئەویش ئەوەبوو بوون بە كۆمبارسێكی نادیاری فلمەكە و بەناڕاستەوخۆ هەڵخەڵەتان بەدەستی سیاسەتی هەڵخەڵەتاندنەوە. 

هەموو دیاردەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی خۆی بەرهەمدێنێتەوە، بەتایبەتی سیاسەتێك كە بەناوی هەڵوێست و پاكێتیی سیاسی لەدەسەڵات و حوكمڕانیدا لەكوردستان كرا و لەعێراقی دوای بەعسیش رەنگیدایەوە، ئەو رەوتە سیاسیەی كە لەسەر پشتی خەڵكی بێتاقەت و ناڕازی قەوارەی خۆی گەورەكرد و شەرعیەتی پارلەمانی وەرگرت، خۆ بەرهەمهێنانەوەیەكی ناڕۆشن بوو كە نەك هەر قازانجەكەی، بگرە مایەكەشی بۆ خەڵك نەبوو، لەلایەك هەڵخڕاندنی خەڵك بۆ پاڵپشتی حكومەتە شكستخواردووەكەی عێراق بەناوی پاڵپشتی لە شیعەگەرێتی، لەلایەكی ترەوە ماجەڕای سیاسەتی میدیایی كە كارێكتەری شاشە بوو بە نوێنەری سیاسی نەتەوە و مەزهەب و قەوارەیەك، بۆ كوردیش ئەمە لاسایی كردنەوەیەكی پێچەوانە بوو كە هیچ چارەسەرێكی نەدەكرا، چونكە وەكو دەڵێن دار كرم لەخۆی بوو چارە ناكرێت، كوردەكان خۆیان دوژمنی خۆیان بوون، كەوابوو هەڵخەڵەتاندن تەنها لە چوارچێوەیەكدا جێگەی دەبووە، لەدەرەوەی ئەوە نەیدەتوانی دادی یەئسی حیزب بدات، سابا هەر بەرگری لە ناسنامەی نەتەوەیی بكات. 

 

  • 1