ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ویلیەم شکسپیر لە بازرگانەکەی ڤینیسیادا چیرۆکی ئەو بازرگانەمان بۆ دەگێرێتەوە کە لەسەر داوای خۆی دەچێتە ناو کۆنتراکتێکی ترسناکەوە لەگەڵ جوولەکەیەکی بەدنیازدا، کۆنتراکتەکە بڕێك پارەیە کە ئەنتۆنیۆ بە قەرز لە شایلۆگی وەردەگرێت و ئەگەر لە وەختی خۆیدا نەدرایەوە ئەوا بابەتی قەرزەکە دەگۆڕێت بۆ شتێکی دیکە، واتە بۆ ئەشکەنجە یان کوشتن.

قەرز ئەنتۆنیۆ لە بارزگانێکەوە کە دەتوانێت بەڵێننامە و کۆنتراکتی سەربەخۆ واژوو بکات دەکاتە "بارمتە"یەك کە کەسێکی دیکە لە بری ئەو دەتوانێ کۆنتراکت ببەستێ. هەڵبەت قەرزارەکە ناتوانێت قەرزەکەی بداتەوە و لە بەرامبەردا شایلۆگ داوای بەشێک لە جەستەی ئەنتۆنیۆ دەکات.

نیچە باس لەوە دەکات کە یاسای رۆمانی کۆن ڕێی بە قەرزدەر داوە بەشێك لە جەستەی قەرزدار لێ بکاتەوە ئەگەر هاتوو لە کاتی خۆیدا قەرزەکەی نەدایەوە، بە مانایەکیتر ئەگەر بەڵێنی شکاند و وەفادار نەبوو بەرامبەر "پەیمانەکەی". ئەمە ساتی گۆڕانی بابەتی قەرزەکەیە لە پارەوە بۆ بەشێکی جەستە، واتە بۆ شتێک کە مەحاڵە جێگای پارەکە بگرێتەوە بەڵام چەند هێندەکردنەوەیشیەتی لە شتێکدا

کە بەپارە ناپێورێت،ئەوشتە سوبێکت خۆیەتی..بەم جۆرە قەرز جۆرێکە لە سوبێکتیڤەیشن کە قەرزدار دەکاتە بەرپرس لە پەیوەستبوون بە وەعدی خۆیەوە.

بە بڕوای جاك دێریدا بەڵێن/پەیمان (وەعد) هەمیشە ئەگەری شکانی لەخۆیدا هەڵگرتووە، شکاندنیش بۆ ئەو کەسەی وەفادار نییە بۆ بەڵێنەکەی دوو پرۆسەی بەدوادا دێت، یەکێکیان دەرەکی و ئەویدی ناوەکی. یەکەمیان چەندقات بوونەوەی قەرزی قەرزدەرەکە، دووەم: هەستکردن بە تاوان لەلایەن قەرزدارەکەوە. ئەم دوو پرۆسەیش پێکەوەن و سوبێکت دەکەنە "بارمتە". بۆیە ئیمانوێل لیڤیناس لە گووتەیەکی بەناوبانگدا دەڵێت "سوبێکت بارمتەیە".

کەواتە سوبێکت هەمیشە لەبەردەم ئەوەدایە لە ڕێگەی بەڵێن و قەرز و کۆنتراکتەوە ببێتە بارمتە. ئەم جۆرە پەیمانە لە قەرزی ئاسایی نێوان دووکەس، کە دەشێ لە دۆخێکی تایبەتدا بڕە پارەیەك یان شتێکی زۆر ماتریاڵی و دیاریکراو لە یەک وەربگرن، جیاوازە. چونکە ئەم قەرزە ڕێژەییانە دەدرێت و لە کاتێکی تردا وەردەگیرێتەوە و کۆتایی پێ دێت، بەڵام قەرزێك کە پەیمانێکی زەق لەنێواندابێ و بابەتی قەرزەکەی تێدا بگۆڕێت، ڕیشەیەکی تیۆلۆژی هەیە و ئەگەری دانەوەی زەحمەتە (تەورات و ئینجیل بە پەیمانی کۆن و پەیمانی نوێ ناوبراون)، چونکە کەڵەکەبوونی قەرزەکە لەسەر قەرزار، دانەوەی قەرزەکە لە چەندێتییەوە ئەگۆڕێت بۆ چۆنێتی و چۆنیەتییەکەیش بۆ چۆنیەتییەکی دیکە.

پەرستنی گوێرەکەی ئاڵتوونی لەلایەن گەلی یەهودییەوە شکاندنی پەیمانێك بوو کە دەبوو یەهودییەکان لەبەرامبەر یەهوەدا پێوەی پەیوەست بن، چونکە لە ژێر دەستەیی و کۆیلایەتی فیرعەون ڕزگاریکردن، ئەمەیش لەو کاتەوە (و پێش ئەو کاتیش) گەلی هەڵبژێردراوی خواوەندی کردۆتە گەلێکی قەرزدار و لەگەڵیشیدا گرێی هەستکردن بە تاوان لەنێویاندا گەشەی کردووە. ئەمە ئەو ڕەهەندەیە کە نیچە لێیەوە باس لە کەڵەکەبوونی قەرز دەکات تا ئەو ڕادەیەی کە دانەوەی مەحاڵە، ڕەهەندێك کە هەریەکە لە دێریدا و دۆلۆز بۆی دەگەڕێنەوە.

گەر بەشێوەی کۆنکریتی ئەم ئایدیایە بخەینەروو ئەوا دەتوانین باس لە فۆرمێکی نوێی سوبێکتیڤەیشن بکەین، ئەویش "سوبێکتی قەرزار"ە. لەمڕۆدا لە ئاستی ناوخۆی وڵاتانی سەرمایەداریدا ژیان بۆتە کریدیت، مرۆڤەکان دەژین، بەڵام بە قەرز لە ڕێگەی باج و بانکەوە، قەرزێك کە تەواو نابێت و نادرێتەوە، قەرزێکی ئەبەدی کە سوبێکتێکی نوێی ملکەچی بەرهەم هێناوە و ئەمەیش جیاوازە لە سوبێکتی بەرهەمهێنان، بگرە جیاوازە لە سوبێکتی ئایدیۆلۆژی لای ئاڵتوسێر، ئەم سوبێکتە نوێیە زیاتر لە نێو بەکاربردن و مەسرەفکردن و نماییشدا دەژی، دەتوانێت بە بەردەوامی بە قەرز، ژیانێکی خۆشگوزەرانی هەبێت و هەموو شتێك وەربگرێت، هەر لە وەحدەی مۆبایلەوە تاوەکو خانوو.. بەم جۆرە هەمووان دەبنە بارمتەی سیستەم، قەرزارێکی ئەبەدیی کەهەرگیز ئەستۆ لێی پاك نابێتەوە.

لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، بە گوێرەی سیاسەتی نیولیبراڵی قەرز "دەبەخشێت" بەو وڵاتانەی کە پێویستیان پێیەتی و داوای دەکەن؛ لەوانەیش بە وڵاتانی جیهانی سێیەم (بە ناونانە کۆنەکەی سەردەمی جەنگی سارد)، ئەم بەخشینە ڕێژەییە وەرگرتنی هەموو شتێکە لە بەرامبەردا (بەخشینیش بە فۆرمە مۆدێرنەکەی لەنێو لۆژیکی قەرز و قازانجدایە)، گرنگترینیان سەروەریی دەوڵەت.

داخۆ ئەو دەوڵەتانەی کە قەرزیان لایە هێشتایش ئەکرێت بە دەوڵەتی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی لەقەڵەمیان بدەین؟ دەتوانین بە نەخێر وەڵام بدەینەوە، چونکە مەرجی پێدانی قەرزەکە بەندە بە دەستوەردان لە ئابووری وڵاتەکە و گۆڕینی بونیادەکەی لە کەرتی گشتییەوە بۆ کەرتی تایبەتی، واتە بەتایبەتکردن (خصخصە)، هەروەها دەستوەردان لە پلان و شێواز و بڕی بەرهەمهێنان، تاوەکو لەم رێگەیەوە وڵاتەکە بکرێتە بازاڕی ساغکردنەوەی کاڵا، ئەمەیش پێویستی بە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی بەکاربەرە کە کرێدیت بەشێکە لە ژیانی تاک و خێزانەکانی.

بە دیوێکیتردا شۆرشیش (بە و واتایەی لە سەدەی بیستەمدا لە چەندین وڵاتی جیهان ئەزموونکرا) سوبێکتی خۆی دروست دەکات، شۆڕشەکانی سەدەی بیست جۆرێکبوون لە قەرزدان، قەرزاربارکردنی کۆمەڵگەبوون بۆ داهاتوو کە پێویستە دوای گرتنە دەستی دەسەڵات کەس لە بنەماکانی لانەدات (هەڵبەت ئەوانەی لە بنەماکانی شۆڕش لایان دەدا هەر خودی ئەوانەبوون کە زۆرەملێیان دەکرد خەڵکی وەفادار بۆ شۆڕش بمێننەوە).

شۆڕشە خۆماڵییەکانی خۆیشمان هەر بەمجۆرە بوون، بەتایبەتی شۆڕشی باشووری کوردستان لە کۆتایی سەدەی بیستدا. گوتاری شۆڕشگێڕی (یان شەرعییەتی شۆرشگێری)ی هێزە سیاسییەکانی شاخ باس لە قەرزێك دەکات کە نادرێتەوە، بەخششێکی لە حیساببەدەر کە ڕەوایەتی بەوە دەدات بۆ ئەبەد بنەماڵە و خێزانی سەرکردە سیاسییەکان حوکمڕان بن و تا ناکۆتا هەقی خۆیان وەربگرنەوە، ئەمەیش هەموو ئەگەرێکی دیموکراسیەت لەنێو دەبات و مانایەک بۆ هەڵبژاردن ناهێڵێتەوە.

دیموکراسیی پەرلەمانی لە سادەترین پێناسەیدا کێبەرکێی هێزە سیاسییە هاوتاکانە لەگەڵ یەکتریدا بۆ بەدەستهێنانی نوێنەرایەتیی زۆرینەی کۆمەڵگا و لێرەوە گرتنە دەستی دەسەڵات بۆ بەڕێوەبردن، پاشانیش هێشتنەوەی دەرفەتی گۆڕین و لێسەندنەوەی متمانە. ئەمەیش هیچ لۆژیکێکی قەرز ناخوازێت.. بەڵام شۆڕش لە تایپە کوردییەکەیدا هاومانای قەرزە و هەرکەسیش بەشدارنەبێ لە دانەوەی ئەم قەرزەدا تاوانبارە، بۆیە هەر ناڕەزایەتی و جووڵانەوەیەکیش بە هەوڵی دوژمنکارانە و تاوانبارانە دەبینرێت.

پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا دەتوانین وەفامان بۆ بەڵێنەکانمان نەبێت و قەرزێک کە لە سەرچاوەیەکی دیار یان نادیارەوە کەوتۆتە ئەستۆمان نەدەینەوە، بە بێ ئەوەی هەست بە تاوان بکەین؟ هەستکردن بە تاوان بە بارمتەبوونی سوبێکتە لەلایەن خۆیەوە، یان لایەنیکەم بەشداریی سوبێکتە لە ملکەچبوونی خۆیدا، کەواتە چۆن دەتوانین قەرز نەدەینەوە و نەیشبینە بارمتە؟ لێرەدایە کە بێوەفایی و شکاندنی وەعد دەبێتە کردەیەکی ڕادیکاڵ!

 

  • 1