ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زۆرجار دوو جۆر هاووڵاتی، دۆست و نادۆست، ئەم پرسیارە دەکەن، بۆیە بە پێویستی دەزانم کە بەپێی ڕووداوە مێژووییەکان و بە بەڵگەوە وەڵامی ئەو بەڕێزانە بدەمەوە.

پێشەکی با ئاوڕێک لە ڕۆڵ و هەڵوێستی شیوعییەکان لە کوردستان بدەینەوە بە کورتی؛

شیوعییەکانی کوردستان کە ئەوسا لە ڕیزی حزبی شیوعی عێراق دابوون، لە ساڵی ١٩٦٤ەوە سەرەڕای پەرچەکردارەکانی لایەنێک، چەکیان بۆ پاراستن و پاشەڕۆژی گەلی کورد هەڵگرت. شان بە شانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەنگەر بە سەنگەر ڕووبەڕووی دوژمن دەبوونەوە.

لەزۆر شوێنی ئەم کوردستانە، جێدەستی قوربانیدان و هەڵمەتی شۆڕشگێڕانەیان دیارە و هەر دەمێنێت. جگەلەمەیش شیوعییەکانی کوردستان هەمیشە هەوێنی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی حزبە شۆڕشگێڕە کوردستانییەکان بوون. تا ئەوە بوو بەرەی کوردستان لە ١٢/٦/١٩٨٨ لە بارەگای حزبی شیوعی لە خواکورک ئیمزا کرا و بەرنامە بۆ ئایندەی شۆڕش داڕێژرا.

ئەوە بوو لە گەرمەی کۆڕەوەکەی پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١، پارتی و یەکێتی چوون بۆ بەغدا بۆ لای سەدام!! بەڵام حزبی شیوعی ناڕەزایەتی دەرهەق بەو هەڵوێستە پیشاندا و ڕۆژگار سەلماندی کە هەڵوێستی حزبی ئێمە ڕاست بوو.

لە هەڵبژاردنەکەی ئایاری ١٩٩٢دا ساختەکارییەکی ئەوتۆ کرا کە پارتی و یەکێتی خۆیان دانیان پێدانا و لە کۆبوونەوەی بەرەی کوردستانی دا، بەڵێنیان دا کە دوای شەش مانگ هەڵبژاردن بکرێتەوە. بەڵام بەڵێنەکەیان جێبەجێ نەکرد و پەنجا بە پەنجا پێک هاتن. ئەو ساختەکارییەش بۆ ئەوە بوو کە حزبی شیوعی لە پەرلەمان کورسی نەبێ!!

هێندەی پێ نەچوو بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بەرەی کوردستانییان دا، بۆ ئەوەی حزبی شیوعی کە ئەندامێکی کارای بەرە بوو لە دەسەڵات دا وجوودی نەبێت. لە کاتێک سێیەمین حزبی ساحەکە دەژمێردرا.

کە شەڕی دەسەڵات و داهات لە نێوان پارتی و یەکێتی دا هەڵگیرسا، هەردوولا زۆر هەوڵیاندا کە حزبی شیوعی بۆ ئەو شەڕە پەلکێش بکەن، بەڵام حزب دژی ئەو شەڕە ڕاوەستا و بارەگاکانی کرد بە مەڵبەندی ئاڵۆگۆڕکردنی بریندار و دیلەکانی هەردوولایان و بە پەناگە بۆ ئەوانەی ترسی گرتن و کوشتنیان لەسەر بوو.

کەچی لەو ماوەیە ئەو یارمەتییەکان لە حزب بڕی کە بە ڕەسمی بە حزبەکان دەدرا. هەریەکەیان بەرەڕووی ئەوەکەی دیکەیان دەکردینەوە، واتە گەمارۆی ئابووری دراین.

سەرەڕای هەموو ئەوانە، یادی بەخێر هاوڕێ عەزیز وەک ناوبژیکار هاتە کایەکەوە و هەوڵێکی زۆری لەگەڵ هەردوولادا بۆ هێورکردنەوە و کوژاندنەوەی ئەو شەڕە. بەڵام ئەوان ڕۆڵی ئەمریکایان پەسندکرد و لەسەر دەستی "مادلین ئۆلبرایت"ی وەزیری دەرەوەدا ئاشت بوونەوە. چونکە پێیان باش نەبوو ئەو دەستکەوتە بەناوی حزبی شیوعییەوە بڵاو ببێتەوە!! بەڵام حزبی ئێمە ئاشتبوونەوەکەی بە سەرکەوتن دانا بۆ گەلی کورد و پشتگیری لێکرد.

دوای ڕووخاندنی سەدام و جێگیربوونی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان دا، سیاسەت و هەڵوێستێکی شێنەیی بۆ وەلانانی حزبی شیوعی کوردستان پەیڕەو کرا. بە پێچەوانەشەوە پشتگیری و یارمەتیدانی حزب و بزووتنەوە و کۆمەڵە ئیسلامییەکان زیاد کرا!! ئەوانیش نوکی نێزەی پڕوپاگەندەی خۆیان ئاراستەی حزبی شیوعی کرد، لە چەندین کەناڵی ئاسمانی و ناوخۆییەوە. بە مەرجێک هەر هەموویان دژی پاشەڕۆژی گەلی کوردن، لەم لایشەوە کەناڵی ئازادی حزبی شیوعی دادەخات، دەمکوتی دەکات!!

چەند لایەنێکی سیاسی کورد واتەنی "شوولی دوژمنایەتی کردنی حزبی شیوعییان لێ هەڵکێشا و داوایان دەکرد لە ساحە سیاسییەکە وەدەربنرێت!!

خولاسەی قسە ئەمڕۆ حزبی شیوعی ڕووبەڕووی؛

یەک؛ گەمارۆی ئابووری، گەمارۆی سیاسی و ئیداری.

دوو؛ گەمارۆی فکری لەناوخۆ و دەرەوە.

سێ؛ گوشاری دەوڵەتانی دراوسێ و ئەمریکا کە ڕاستەوخۆ دژی بوونی حزبی شیوعیین، بووەتەوە!

ئەم هۆکارانە کە بە پلەی یەکەم بوون بە مایەی دەنگی کز و جووڵەی حزبی شیوعی کوردستان لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا بەتایبەتی.

بەڵام ململانێی نیوان چین و توێژە دەسەڵاتدارەکان لەلایەک، ململانێی کۆمەڵانی بەش و مافخوراوی گەل لەگەڵ چینە دەسەڵاتدارەکان زامنی ئەوە دەکەن کە حزبی شیوعی گەشە بستێنێ و پەلبهاوێ و ببێتەوە بە بزووتنەوەیەکی جەماوەری. بۆرجوازی کورد شکستی هێنا، چونکە نەیتوانی ئەرکە سەرەکییەکانی ئەم قۆناغە جێبەجێ بکات.

 

  • 1