ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

لە جوغزی سەربەخۆییدا

سەلام عادیل و مەسەلەی کورد

یەکێک لە سەرکردەکانی حزبی شیوعی عێراق کە زۆر بە ڕوونی و ڕاشکاوی هەڵوێستی مەبدەئییانەی لەمەڕ مەسەلەی کورد دەڕبڕیوە، شەهیدی نەمەر سەلام عادیلە.

 لە بۆچونی سەرەکی سەڵام عادیلدا مەسەلەی تێکۆشان دژ بە کۆلۆنیالزمی بەریتانی و وەدیهێنانی دیموکراسی و دامەزراندنی حکوومەتێکی نیشتمانی پێشکەوتنخواز لە بابەتی دانپێدانان بە مافی ڕەوای کورد و چارەسەری دیموکراسییانەی عادیلانەی مەسەلەی کورد جیاناکرێتەوە، و چارەسەری ڕەوای ئەم مەسەلەیە زەمینەی ئاشتییەکی بەردەوام و سەقامگیربوون و گەشەپێدانی عێراقە.

 سەلام عادیل ئاماژەی بەوە کردووە کە پێش شۆڕشی 14ی تەموزی 1958، دەیان ساڵە گەلی عەرەب و گەلی کورد لە تێکۆشانێکی هاوبەشدا دژ بە کۆلۆنیالزمی بەریتانیی بوونە و بە شێوەیکەی کردەیی لە دەیان خۆپیشاندان و کاری شۆڕشگیریدا بە یەکەوە کاری هاوبەشیان لە پێناوی دژایەتی کۆلۆنیازم و سیستمی دەرەبەگایەتی، کردووە.

یەکێک لە کارە مێژووییەکانی سەلام عادیل ئەوە بووە کە مەسەلەی کورد بە جیهان بگەیەنێت. لە 26ی ئایاری 1962 سەلام عادیل کە سکرتێری یەکەمی  کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق بووە، نامەیەک ئاراستەی حزبە شیوعییەکانی جیهان دەکات سەبارەت بە مەترسی بارودۆخی کوردستانی عێراق.

هێڵە گشتییەکانی ئەم نامەیە لە چەند خاڵێکی گرنگدا دەستنیشان دەکرێ، لەوانە:

ـ لە دەستوری کاتی شۆڕشی 14ی تەمموز ئاماژە کراوە کە عەرەب و کورد (شەریکن لە نیشتماندا)، بەڵام تا ئێستا ئەم دەقە کە جەخت لەسەر مافەکانی گەلی کورد دەکات، ناوەڕۆکی خۆی وەرنەگرتووە، و میکانیزمی گونجاوی بۆ دانەنراوە. سەڕەڕای ئەم بارە گەلی کورد داکۆکیکەرێکی ڕاستەقینە لە نیشتمان بووە.

ــ سیاسەتی نادیموکراسیانەی حکوومەت بەپلەی یەکەم سەرەنێزەی خۆی ئاراستەی حزبی شیوعی کردووە. ئەمەش پێش یەکەمین یادی شۆڕش دەرکەوت، و مەبەست لە تێکڕای کارەکانی حکوومەت لە بواری سیاسەتی ناوخۆییدا کەمکردنەوەی هەڵکشانی شۆڕشگیری و لاوازکردنی هێزە دیموکراسییەکانە.

ــ گەلی کورد دووچاری سیاسەتێکی داپڵۆسینی دژوار دەبێتەوە، و ئازادییە دیموکراسییەکانی لە بەردەمیدا تەسک دەبێتەوە و گرفتەکانی ئابووری و گوزەرانی قوڵتر دەبێتەوە و هیچ هیوایەکی بۆ ئەنجامدانی داواکارییە نەتەوەییەکانی نەماوە، و حکوومەت پەلاماری نەتەوەپەروەرانی کورد و حزبی دیموکرات دەدات، و کاردەکات کە گورزێکی سەربازی دژ بە کورد، بوەشێنێت.

ــ لە هاوین و پایزی 1961وە ناوەندە کۆلۆنیالزمەکانی پەیمانی سانتۆ و کۆمپانیاکانی نەوت، کاردەکەن بۆ سوود وەرگرتن لە وەزعی ناهەمواری کوردستان بەمەبەستی ئەنجامدانی پیکدادانی خوێناوی کە ئاکامەکەی لاوازکردنی هێزە نیشتمانییەکان و سەربەخۆیی وڵاتە. هەر بۆیە حزبی شیوعی لە کاتێکدا مەبەستەکانی ئیستعمار و کۆنەپەرستان ڕیسوا دەکات، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات کە سیاسەتی داپڵۆسینی مافە دیموکراسییەکانی گەل ڕِاگرێت.

ــ حزبی شیوعی تەیاری جەماوەری بەرفراوانی عەرەب و کورد دەکات لە پرۆسەی داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی ئاشتییانە بۆ سەرجەم گرفتەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و کورد. بۆیە حزبی شیوعی داوا دەکات دەستبەجێ شاڵاوی سەربازی دژ بە جووتیاران و بۆمببارانکردنی گوندەکانی کوردستان، ڕاگرێت، و سەرجەم بەندکراو و گرتووەکان ئازادبکرێن.

ــ گەلی عەرەب لە عێراقدا پشتگیری و هاوکاری خۆی بۆ گەلی کوردی برای ڕادەگەیەنێت، و داوا دەکات مەسەلەی کورد بە شێوازی ئاشتی و دیموکراسییانە چارەسەر بکرێت. حزبی شیوعی پێی وایە چەمکی دیموکراسی بەتاکلایەنی شیناکرێتەوە، و شێوازی حوکمی عەسکەری و خۆگێل کردن لەمەڕ ئەو داپڵۆسینە سەربازییەی کە دووچاری گەلی کورد دەبێتەوە تەنیا یەک مانای هەیە، ئەویش بەردەوامبوونی دیکتاتۆری، و ڕێگاگرتنی تێکۆشان لە پێناوی حوکمێکی نیشتمانی لەسەر بنەمایەکی دیموکراسییانە. هەر بۆیە سەدان کەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لە یاداشتێکدا بۆ حکوومەت داوای چارەسەری ئاشتییانەی مەسەلەی کوردیان کردووە.

ــ سیاسەتی داپڵۆسینی سەربازی دژ بە گەلی کورد ڕووبەڕووی بەرەنگاربوونەوەی بەردەوامی جەماوەر، دەبێتەوە. جێگای داخە حکوومەت تا ئێستا ئەم سیاسەتە پیادە دەکات. سیاسەتێک کە دەبێتە هۆی خۆێنڕشتنی خەڵکی بێتاوان لە عەرەب و کورد، و ناکۆکییەکانی نێو هێزە نیشتمانییەکان قوڵتر دەکاتەوە، و ئەمەش دەبێتە لاوازی تواناکان لە پێناوی پاراستنی سەربەخۆیی نیشتمان. بۆیە حزبی شیوعی تێکڕای هەوڵەکانی حکوومەت بۆ شێواندنی مەسەلەی ڕەوای گەلی کورد، ڕیسوا دەکات، و داوا لە سەرجەم هێزە پێشکەوتنخوازەکانی جیهان دەکات پشتگیری تێکۆشانی گەلی عێراق لە پێناوی دیموکراسدا، بکەن.

ــ سەلام عادیل داوا لە حزبە کۆمۆنیستەکانی جیهان دەکات کە پشتگیری گەلی عێراق بکەن بە مەبەستی ڕاگرتنی پەلاماردانی سەربازی حکوومەت دژ بە گەلی کورد و کارکردن بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە ڕەواکانی گەلی کورد، کە ئەم کارە بە ئەرکی حزبە کۆمۆنیستەکانی جیهان دەزانێت.

لە کۆتایی ئەم بابەتە دەڵێم: لەم هەلومەرجەدا، گەلی کوردستان و سەرجەم گەلانی عێراق پێویستیان بە هەڵوێستێک وەک هەڵوێستی سەلام عادیل هەیە.    

  • 1