ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەدوای راپەڕینە شكۆدارەكەی گەلەكەمان كە چەندین ساڵ ئاواتی هەموومان بوو كە لەپێناوی سەركەوتن بەسەر رژێمێكی دیكتاتۆر بەبێ وچان چیا سەخت و پڕ لە مەترسیەكانی كوردستانیان گرتە بەر، بۆ ئەوەی كۆتایی بەو حكومەتە بهێنن كە لە رێگای كیمیاباران و گوللـە باران و زیندە بەچاڵكردن بەرامبەر گەلەكەمان بە كاری دەهێنا، تواندرا بە پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و جەماوری سەربەرزی گەلەكەمان سەركەوتن بە دەست بهێنن. ئیدی بڕیاردرا كە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، چونكە حزبەكانی هەرێم پشویان بە خەباتی چیایی و چەكداریدا، تا لەرێگەی دیموكراتیەوە هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی هەر پارتێك توانیای خۆی لە سندووقەكانی دەنگدان یەكلا بكاتەوەو درێژە بەو خەباتەش بدات كە لەگەڵ دروستبوونیەوە ئومێدی گەیشتنی بووە بەو دەسەڵاتەی كە مژدەی سەركەوتنی بە جەماوەرەكەی و كادیرەكانی دەدا ، هەروەك سندوقی دەنگدانیش توانیای گۆڕانكاری هەیە.

دواجار یەكەم زەنگی هەڵبژاردن لە دوای راپەڕین لە باشووری كوردستان لێدرا، ئیدی مژدەی سەركەوتنی پرۆژەی دیموكراتی لە دایك بوو، بەڵام بەداخەوە زۆرێك لەو حزبانەی كە خاكی كوردستانیان پاراست و ئەفسانەی داگەیركەرانیان لە ناوبرد كرانە سووتەمەنی خواستی زلهێزەكانی دنیاو بە بیانووی دوو جەمسەری و خواستی وڵاتە هەرێمایەتیەكان پلان دژی هێزە دیموكراتی خوازەكان لەبەردەم سندووقەكان دانرا،! هەروەك ئامانجی هەڵبژاردن ئاراستەكەی گۆڕدرا بۆ دابەشكردن و بەش بەشێنەو پەنجا بەپەنجا. هەر لەسەرەتاوە هەڵبژاردنێكی تەندروست ئەنجام نەدرا، هەربۆیە كە بینرا تەزویر و ساختەكاری كرا، ئیدی ئومێدی زۆربەیانی بەرەو خامۆش بوون برد.

بۆیە كە ئێستا دوای هەڵبژاردنەكەی 30ی ئەیلول باس هەر باسی تەزویرە! خەڵك زەنگی یەكەمین هەڵبژاردنی دوای راپەڕینی دێتەوە یاد كە ئەو كاتیش بە وێنەی ئێستا سندوقەكان بە تەویرو دزی پڕكران، بۆیە ئێستا تەزویر و ساختەكاری بۆتە بەشێك لە كلتورمان هەر ئەوەش وایكرد نیوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنیان كرد ، چونكە بڕوایان بە بەڵێن و گۆڕانكیارییەكان نەماوە.

بۆیە هەڵبژاردن بە تەزویر و ساختەكاری پرۆسەی بە دیموكراتیبوون دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەوەندەنا ئیدی لە ئایندەدا رێژەی دەنگدان بە جۆرێك كەمدەكات كە هەرگیز ناتوانن حكومەتی پێ‌درووست بكەن، 

دەمێكە گووتراوە، "مێژووی هەمیشە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام هەرجارەو بەفۆڕمێك". ئەو تەزویرەش نوێ نییە، دەمێكە بۆتە كلتور لە نێومان وا بەئاسانیش بەرۆكمان بەرنادات.

 

  • 1