ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە سەردەمی منداڵیدا؛ دایکم خەیاڵی هەموومانی پڕ لە حیکایەت کرد، ماڵمان لە بەلاشاوەی هەولێر بوو، ئەدیبێك لە ڕێگەی خاڵمەوە ڕۆژێك بە خۆی و تەسجیلێکی گەورەی سەردەمی هەشتاکان هاتە ماڵمان و تەسجیلەکەی لەبەردەم دایکم دانا، دایکم دەستی بەگێڕانەوەی حیکایەت کرد حەوت دانە کاسێت پڕ بوو لە حیکایەت، کابرای ئەدیب سوپاسێکی کردین و ڕۆیی و بەشێك لە حیکایەتەکانی دایکمی کردە نێو کتێبێك بە نێوی ”چل کەزی”. لە لاپەڕەی دواوە سوپاسگوزاری خۆی نەنوسیبوو بۆ دایکم، بەڵکو دایکم بەو شێوەیە ئاماژەی پێکرابوو : سوپاس بۆ خوشکی مامۆستا (ناوی خاڵم) کە ئەم حیکایەتانەی بۆ گێڕاینەوە! دواتر دانەیەکیان بۆمان هێنا لەو کتێبە، یەکەم جارم بوو حیکایەت بخوێنمەوە، شتێکی جیاواز بوو، دواتر بە تێپەڕبوونی کاتیش و نەهاماتییەکانی ژیان کتێبەکەشمان لێ ون بوو! دوای نزیکەی ٣٠ ساڵێک لەم بەسەرهاتەدا دەبینم، ئەو کە ناوی نەنووسرا لەپشتی کتێبی حیکایەتەکانی خۆی شتێکی گەورەی لێ دزرا، کە کتێبەکەش ون بوو، ئیتر دەرفەتی ئەوەش نەما بڵێین چی لێ دزراوە!  

جاران حیکایەت، لەو سەردەمەی کە کابرا هێشتا تەسجیلەکەی نەهێنابووە ماڵمان، هیچ مۆرکێکی بێگانەی لە خۆی نەگرتبوو، هیچ مەبەستێکی تری نەبوو بێجگە لە ئاودانی خەیاڵ. ئێستا بە پێچەوانەی ئەمە سنوری نێوان حیکایەت و حەقیقەت، کێ بەرەی حەقیقەتە و کێ بەرەی حیکایەتە بە چاوتروکانە، کێ حیکایەت دەدزێ و دەیکا بە ڕاستی و کێ ڕاستی دەکا بە حیکایەت هەمووی وەکو ئاشێکی ئایدیۆلۆژی قەرەباڵغی پڕ لە ژاوەژاو بووە بە بەشێک لە ژیان! بە تایبەتی لەو شوێنانەی دنیا کە ژیان دۆڕاندویەتی بەرانبەر بە سەرکوت، لەو هەرێمەی ئێمەش ژیان دەمێکە دۆڕاوە بەرانبەر بە سەرکوت، ئەو دۆڕانەش سەرەڕای ئینکاری ”بەشێك” بەڵام، بووە بە ڕقێك لە بەرانبەر هەموو شتێك، بە تایبەتی لە بازاڕێك کە ناوی پڕۆسە و هەڵمەتی هەڵبژاردنە.

هەڵمەتی هەڵبژاردن بەشێکە لە ئەفسانەیەکی گەورەتر کە ناوی دیموکراسییە. تێبینی ئەوەتان کردووە کە درۆزنی ئاسایی لەیەك شتدا ڕاستگۆیە، ئەویش تا بۆی بکرێ دەیەوێ درۆکانی خۆی وەکو (ڕاستی) پێشکەش بکات، ئەمەش لایقە بە کەسێکی درۆزن کە ژیانی بەم شێوەیە بەڕێ دەکات. بەڵام، ئێمە کەمتر ئەو جۆرە درۆزنەمان دەست دەکەوێ لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا، درۆزنی هەڵبژاردنەکان ڕێزێك بۆ دەوروبەر دانانێن، بەوەی هیچ خۆیان هیلاك ناکەن درۆکانیان بە لای کەمی لە ڕووخساری ڕاستی نیشان بدەن، بەڵکو بە پێچەوانە درۆکانیان زۆر بە چاوقایمی بە ڕووخساری درۆ نیشان دەدەن !

 لەم هەڵبژاردنەدا و لە هەموو هەڵبژاردنەکانی ڕابردووش؛ حەقیقەت بە سادەیی دزراوە چەشنی دزینی حیکایەتی ”چل کەزی”ی دایکم، دزراوە نەك لەبەرئەوەی ئێمە نازانین حەقیقەت چییە، بەڵکو لەبەرئەوەی بە سوکایەتییەکی زۆر و بەبێ زەوقییەکی زۆر ڕۆژانە دووبارە دەکرێتەوە، دزراوە، چونکە ئەو شتانەی هەموومان دەیزانین وەکو شتی ”نەزانراو” لە ناو پاکەت پێمان دەفرۆشرێتەوە و چاوەڕوانی چەپڵەشمان لێدەکرێ، لە نێوان دزینی حیکایەت و سوکایەتی بە حەقیقەت چ ڕێگایەك دەتوانێ بمانباتەوە سەردەمێك کە هێشتا شتێك نەبوو بە ناوی ”تۆمار” کردن؟ هیچ شتێک هەیە تەنیا بە سادەیی وەکو حیکایەتە دزراوەکانی دایکێکی پیر، تەنیا و تەنیا خەیاڵمان ئاو بداتەوە؟

 

  • 1