ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گەڕانەوە بۆ رای گشتی لە هەر كێشە و پرسێكی سەرەكی، كە بارودۆخی وڵات و گەل بە پێویستی بزانێت، مافێكی رەوا و ئاسایی هەر گەلێكی ئازا و سەربەخۆیە، مەبەستم لە ئازا و سەربەخۆ ئەوەیە كاتێك بڕیاری ئەو راپرسییە گشتییە دەدات، بتوانێت بە ئامانجی بگەێنێت، بەرهەمی بهێنێت، كەس نەتوانێ‌ دەست بهێنێتە ڕێی، پرسیارەكە لێرەدایە، ئایا كورد لەم هەرێمەدا پڕبەپڕی مانای وشەی ئازاد، سەربەخۆیە؟

واقیعی دوای ڕاپرسییەكە هەتا ئەمڕۆ ئەیسەلمێنێ‌ كە سەربەخۆ و ئازاد نییە، بەپێی واتا و مانای فیدراڵی هەندێك دەسەڵات بە حكومەتی هەرێم دراوە، وەكی تر لەژێر ئاڵای حكومەتی عێراقە، ئەو حكومەتەی كە خۆشی گیرۆدەی كێشە و ململانێكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بووە.

ئەوەبوو سەرۆكی هەرێم بڕیاری ریفراندۆمی داو لەكاتی خۆیدا ئەنجامدرا و سەركەوتوو بوو، بەڵام نە حكومەتی بەغدا، نە دەوڵەتانی دەورووبەر بواریان نەدا بەرهەمەكەی بێتەدێ، ... چونكە بڕیاردانی مافی چارەنووس، بەو هۆیانەوە بە پەیوەندی لەگەڵ بەغدا هاتە خوارەوە بۆ پلەی سفر، تا ئەمڕۆش ئاسایی نەبووەتەوە!! ئەو كێشە و ناكۆكیانەی كە پێشتر لەگەڵ بەغدا هەبوون، نەك هەر چارەسەر نەكران، بەڵكو زیاتر كەڵەكە بوون!! سەرەڕای ئەمانە حكومەتی بەغدا گەماری ئابووری سەپاند بەسەر هەرێمدا، ئێران دەروازە سنوورییەكانی داخست، ئێستاش گومرگیان لەسەر سنووری هەرێم داناوە، ئەو بڕە پارەیەشی كە زووتر ئەدرایە هەرێم بە ئارەزووی خۆیان یەكلایەنانە كەمیان كردەوە!!

لەهەموو ئەمانە خراپتر هەڵمەتێكی پڕو پاگەندە دژی كورد لە ئاستی هەردوو ناوچەی خوار و ناوەڕاستی عێراق بەرپاكراوە، واتە ڕق و كێنە بەرامبەر هەركەسێك بای، من كوردم ئەوەتا لەم رۆژانەدا ئاڵای كوردستان لەشاری كەربەلا لەسەر شەقامەكان فەرشكراوە و پیادە و سەیارە بەسەریا ئەڕۆن!! بەكوری و بە كوردی لەو رۆژەوە 16-10-2017 ئێمە بەدوای بەغدادا رائەكەین ئەوان سوارە و ئێمە پیادە پێیان ناگەین، نەك هەر ئەوە بەڵكو توانیان كەلەبەرێك لە دیواری هێزە سیاسیە كوردستانییەكان دروست بكەن و جێبەجێكردنی لەم سەردەمە جەنجال و ئاڵۆزە نێودەوڵەتییەدا، راستەوخۆ دژی بەرژەوەندی نەك هەر پێكهاتەی سیاسی دەوڵەتی عێراق، بەڵكو دژی بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری دەوڵەتانی دەروووبەر و زلهێزەكانیش كە حسابیان بۆ نەكرا!!

ئەوەبوو ئەنجامەكەی زۆر بە خراپی شكایەوە بەسەر نەك هەر كوردی عێراق بەڵكو بەسەر هەموو كورد!! پێش ریفراندۆم هێزی پێشمەرگە بە گیان و بە خوێنی خۆی بەشی هەرە زۆری ناوچە دابڕێنراوەكانی لەدەستی داعش سەندەوە و رزگاری كردن، ...

پێش ریفراندۆم كەركوك و دوز و دەرووبەریان بە كردەوە بەدەست حكومەتی هەرێمەوە بوون، ... هەر هەموو ئەمانە لەكیس دران، لەلایەن حكومەتی بەغداوە زەوتكرانەوە، (حەشدی شەعبی) و عەسكەر حكومیان ئەكات، ئەگەر پێشمەرگە لە كەركوك نەكشابایەوە، بەغدا و هاوكارانی بەتەمابوون تا هەولێر مل بنێن، لەلایەكی ترەوە دەوڵەتانی دەرووبەر و ئەمریكا و هاوكارانی پشتیوان و لایەنگری ئەو هەڵوێستەی بەغدا بوون!!!!!!

ئەوان كوردیان تەنیا بۆ شەڕی داعش پێویست بوو، بۆ بەهێزكردنی هەڵوێستی خۆیان پەیتا پەیدا پەرەی پێ ئەدەن!!!

ئاخۆ كاتی ئەوە نەهاتووە كە واقیع بینانە بیر لە ئەمڕ و سبەینێی خۆمان بكەینەوە و كود واتەنی پێ بەقەدەر بەڕەكەی خۆمان راكێشین، خەلًكی كوردستانی عێرق 25-9-2017 سەبارەت بە پاشەڕۆژی خۆی بڕیارێكی مێژویی دا و كەس ناتوانێت هەڵیبوەشێنێتەوە، گرنگ ئەوەیە چۆن هەلومەرج و پیدوایستیەیكانی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە زامن بكەین؟ كێ بەرپرسیارە لەوە؟!

 

  • 1