ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن زۆر شت روون دەكاتەوە.دەبێت زۆری لەبارەوە بڵێین ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە ئەوەیە ئاخۆ بۆ چەپ و شیوعییەكان لە مێژووی ململانێی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستاندا بەردەوام هێزێكی لاوازەو ناتوانێت ببێتە جێگەی متمانەی دەنگدەر؟بۆ بەردەوام لە نێوان دوو هەڵبژاردن دا دەنگەكانی كەم دەكات؟ ئاخۆ دەكرێت ئیدی هەموو شتێك بدرێتە دەست قەدەر و لە هەڵبژاردنی 4 ساڵی دیكەدا كۆتا بە ئاسۆ و خەونی چەپ و زەحمەتكێش و رەنجدەری ئەم هەرێمە بهێنرێت؟!

بێگومان هۆكار گەلێك هەن كە وا دەكات چەپ و شیوعییەكان دەنگەكانیان لە هەڵبژاردنەكان لە كورتی بدەن . ئەو پاشەكشەیە بەرپرسی زۆرەو كەمیشن ئەوانەی بەرپرسیارێتییەكە دەخەنە ئەستۆی خۆیان!گەڕان بەدوای وەڵامی دروستی ئەو پاشەكشێیە ئەركی هەمووانە،دەبێت بە جورئەتەوە وەڵامی بدەینەوە.شیوعییەكان و چەپ و پێشكەوتنخوازانی ئەم وڵاتە هەموویان لەیەك بەلەمدان،چارەنووسیان یەك چارەنووسە ،لاوزای یەكێكیان ،لاوازی ئەوانی دیكەشە و، پێچەوانەكەشی راستە!

هۆكارە بابەتییەكان گەلێكن كە هۆكاری پاشەكشەكەن،بەڵام سەدان هۆكاری ناوخۆییش بوونیان هەیە و دەستیان لە پشتی ئەو پاشەكشەوەیە.ئیدی خۆ ئەگەر لەتوانادا نەبێت هۆكاری دەرەكی بگۆڕین،ئاخۆ ناتوانیین هۆكارە ناوخۆییەكان و بەربەستە ناوخۆییەكان لابدەین؟ناتوانیین سیاسەتێكی روون و ئاشكرا و بە گوتارێكی چەپانەوە خۆمان و خەڵكمان و دەنگدەرانمان جیابكەینەوە؟ناتوانین سیاسەتێكی چەپانەتر بەرامبەر بە دەسەڵات و حزبەكانی پەیڕەوبكەین؟

زۆر درەنگ كەوتین لە چارەكردنی هۆكارە ناوخۆییەكان،دواخستنی زیانی گەورە دەگەیەنێت.دەبێت هەرچی زووە شیوعییەكان گوتاریان رێكخەن،گوتارێكی چەپانەی روون كە دیار بێت ئێمە كێین ۆ داكۆكی لە كێ دەكەین و چییان بۆ دەكەین ،چی دەكەین و چۆنی دەكەین؟هەموو ئەوانەش دەبێت سەرچاوەكەی ماركسیزم و خەبات و تێكۆشانی گەلانی چەوساوەو ستەمدیدە بێت.بە كەڵك وەرگرتن لە هەموو ئەو گۆڕاانكارییانەی كە لەدونیای ئەمڕۆدا روویانداوە.

شیوعییەكان نەك ئەركی رێكخستنی گوتاری خۆیان بەڵكو دەبێت هاوكار و پاڵپشتی سەرەكی رێكخستنی گوتاری چەپ و روانین و خەونی چەپیش بێت لەم هەرێمەدا.دیارە ئەوەش سەرەتا لە ناوخۆو دواتریش بە تیمێكی شارەزاو كارا و دڵسۆز بۆ چەپ و چینە زەحمەتكێشەكانی كۆمەڵگا دەكرێت،ناكرێت تەسلیمی خەون و خەیاڵی كەسی و لێكدانەوەی سیاسی نادروست و عەوداڵانی ئەم حزب و ئەوی دیكەی راستڕەویی بكرێت!ئێستا بۆ هەمووان یەكلابوویەوە كە هیچی دیكە ناكرێت چەپ وا بەردەوام بێت.لەكاتێكدا تێكۆشانی چەپ و ماركسییەكان گرێدراوی هەڵبژاردن نیە و لەوێدا راناوەستێت،بەڵام خۆ بەرلەهەڵبژاردن و دوای ئەویش گوتاری چەپ و بوونی چەپ لەنێو جەماوەردا هەر لاوازە.لاوازییەكەش بەر لەهەموو شتێك لەوێدایە كە لەراستیدا هێشتا كۆك نین كە چییان دەوێت لە ئێستادا، ناكرێت ئێستا بە قوربانی ئایندە بكەین! گرنگی ئێستا زۆر زیاترە لە گرنگی ئایندە بۆ بزوتنەوەی چەپ بۆیە هەموو ئەو هەوڵانەی كە لایەك دەیەوێت بۆ رابردووی رابكێشێت و لە ئێستا دایماڵێت و لایەكی دیكەش دەیەوێت قسە لەسەر ئایندە بكات بە بێ قسەكردن لەسەر ئێستا هەردوولایان بیانەوێت یاخود نا زیان بە بزوتنەوەی چەپ و خواست و تێكۆشان لە پێناوی جیهانێكی باشتر وخەونی چینە زەحمەتكێش و هەژارەكان دەگەیەنێت. ئێستا وای لێهاتووە بەشێك لە چەپەكان خەریكی شەڕی رابردوون و بەوەوە سەرقاڵن،هەر كە ناهەقییەك بەرامبەر بە مێژوو دەكرێت ،ئیدی نووكی قەڵممان تیژەو شەڕە تیردەكەین،لەكاتێكدا هەر ئێستا رۆژانە سەدان ناهەقی بەرامبەر بە كۆمەڵگا و مرۆڤ و نیشتمانی كەچی ئێمە بەرامبەری گیانەوەرێكی بێ گیان و رۆحین و كەڕولاڵین لە ئاستیدا!بەشێكی دیكەشمان بەبێ خوێندنەوەی واقیعی ناوخۆیی و هەموو ئەو تاوانانەی كە لێرە دەكرێت ئیدی هەموو شتێك هەڵدەواسێت بە بزماری نیولیبرالی و بەپاك و خاوێنی دەسەڵاتی ناوخۆیی رووسوور دەكات ،هەردووكیشیان بەزیانی پڕۆژژەی چەپ دەشكێتەوە.

ئێستا بەخۆداچوونەوە و گەڕانەوە بۆ چەپبوون گرنگە ،چەپبوونێك سنووری بارەگا و خێزان و بنەماڵە چەپەكان تێپەڕێنێت و گوتارێكی روون و رەوای بەرامبەر بە كۆمەڵگا و پرسە ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و كلتوورییەكانی هەبێت. گوتارێك لە هەناویدا خاوەنی پرسی یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و دیموكراسی كۆمەڵایەتی بێت .سنووری پەیوەندییە شەرمنانەكەی لەگەڵ هێزە راستڕەكان تێپەڕێنێت و قسەی هەبێت لەسەر سیاسەت و كردار و گوفتاری ئەوان و لەبەرامبەردا خاوەنی پڕۆژەی روون و رەوای چەپ بێت. 

دۆزینەوەی چارە گرنگە،گەڕان بەدوای چارە بۆ ئەو قەیرانەی چەپ تیایدایە لە كوردستان سەرەتایەكە دەبێت تاقی بكەینەوە،دەبێت نەترسین.بەشداری پێكردن بە خەڵكی زەحمەتكێش و تێكۆشەر بۆ دۆزینەوەی چارە گرنگە.چارە لە دەرەوەی بارەگاكان ، لەنێو جەماوەردایە،با بویری بكەین و تاقی بكەینەوە!

  • 1