ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

مرۆڤی هۆشمەند زۆر سوپاسگوزاری ئەو (باریکە ژانە)یە، کە لە هەر بەشێکی جەستەی پەیدا دەبێت.. چونکە ژانەکە (زەنگێکی مەترسییە)، بۆ مرۆڤ لێدەدرێت..! تا ئاگادار بێتەوە لە هەبوونی نەخۆشییەکی کوشندە.. ئیتر ئەویش هەر خێرا سەردانی پزیشک دەکات و، دەرمانی چارەسەر وەردەگرێ و، ڕزگاری دەبێت.

خۆ دەسەڵات و حکوومەتیش هەمان شتە.. بەر لە نەخۆش کەوتنی دەسەڵات، (باریکە ژانێک) لە جەستەی پەیدا دەبێت جا حکوومەت، تا دەسەڵاتی زیرەک و وشیار، هەر خێرا، زوو بە زوو، لە هۆکاری بنەڕەتی ئەو (ژانە پیرۆزە) دەکۆڵێتەوە، کە وەکو زەنگێک، لە مەترسییەکی دژوار ئاگاداری دەکاتەوە! ئەویش لە مردن و کەوتن ڕزگاری دەبێت.

هەڵبەتە ژانی جەستەی حکوومەت یان دەسەڵات، بریتییە لەو (هات و هاوار)ەی جەماوەر، کە لە یاداشتێک یان ڕێپێوانێک یان مانگرتنێک خۆی دەنوێنێت!

جا گەر حکوومەت یان دەسەڵات، بیەوێ لە ژیانیدا بەردەوام بێت، هەر خێرا لە هۆکارەکە دەپێچێتەوە و، لە ڕێگای پسپۆڕانەوە، دەرد و نەخۆشییەکە دەستنیشان دەکرێت و چارەسەری خۆی دەکات و، (باریکە ژانەکە) نابێتە (کولکی سەرەتان)..

بەڵام بە پێچەوانەوە، دەسەڵاتی (نەزان و غەشیم)، هیچ گوێناداتە (ژانی جەستە) کە (هاوار، هاواری جەماوەرە..!) پشتگوێی دەخات تان دەچێت ژانبەرێک(مسکن)ێک بەکاردەهێنێت، وەک دار و بەرچیغ و لێدان و تەقەکردن بەسەر جەماوەردا!

خۆ لەوانەیە (2-3) ڕۆژ، ژانەکە مەیلەو کز ببێت، ئەویش وادەزانێ چاکبووەتەوە، کەچی نازانێت کە نەخۆشی و پەتایەکە، لە بنەوە وەک ئاگری بنکا کاری خۆی دەکات... بەڵام کاتێک دەزانێت، کە نەخۆشییەکە لێی بووە بە (کولکی سەرەتان) و، ئاو گەیشتووەتە لێوان و، کار لە کار ترازاوە...! لە ئاکامدا ئەو بابەتە دەسەڵاتە، دادەڕمێت و بەڵاگێڕی ئێوە دەبێت...!

 

  • 1