ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گەڕانەوە بۆ ڕاى گشتى لە هەر کێشەو پرسێکى سەرەکى دا کە بارودۆخى وڵات و گەل بە پێویستى بزانێت. مافێکى ڕەواو ئاسایى هەر گەلێکى ئازاد و سەربەخۆیە, مەبەستم لە ئازاد و سەربەخۆ ئەوەیە کاتێک بڕیارى ئەو ڕاپرسە گشتیە ئەدات. بتوانێ بە ئەنجامى بگەیەنێت و بەرهەمى بهێنێت. کەس نەتوانێ دەست بهێنێتە ڕێى, پرسیارەکە لێرەدایە ـ ئایە کورد لەم هەرێمەدا پڕبە پڕى ماناى وشەى ئازاد سەربەخۆیە؟؟

واقعى دوابە دواى ڕاپرسیەکە هەتا ئەمڕۆ ئەى سەلمێنێ کە سەربەخۆ و ئازاد نیە و بەپێى واتاو ماناى فیدراڵى هەندێک دەەسەڵات بە حکومەتى هەریم دراوە. وەکى تر لە ژێر ئاڵاى حکومەتى عێراق دایە. ئەو حکومەتەى کە خۆیشى گیرۆدەى کێشەو ململانێکانى ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست بوە. ئەوەبو سەرۆکى هەرێم بڕیارى ڕیفراندۆم/ ى داو لەکاتى خۆى دا ئەنجام دراو سەرکەتووبو.. بەڵام نەحکومەتى بەغدا نە دەوڵەتانى دووروبەر بواریان نەدا بەرهەمەکەى بێتە دى. چونکە بڕیاردانى مافى چارەنوس و جێبەجێکردنى لەم سەردەمە جەنجاڵ و ئاڵۆزە نێودەوڵەتیەدا. ڕاستەوخۆ دژى بەرژەوەندى نەک  هەر پێکهاتەى سیاسى دەوڵەتى عێراق/ ە . بەڵکو دژى بەرچەوەندى سیاسى و ئابورى دەوڵەتانى دەوروبەر و زلهێزەکانیشە کە حسبیان بۆ نەکرا!!

ئەوەبو ئەنجامەکەى زۆر بە خراپى شکایەوە بەسەر نەک هەر کوردى عێراق دا بەڵکو بەسەر هەمو کوردا..!!

پێش ڕیفراندۆم هێزى پێشمەرگە بەگیان و بەخوێن بەشى هەرە زۆرى ناوچە دابڕێنراوەکانى لە دەستى داعش سەندەوە و ڕزگارى کردن...

پێش ڕیفراندۆم كەركوك و دوز و دەوروبەریان بەکردەوە بە دەست حکومەتى هەرێمەوە بوون.. هەر هەمو ئەمانە لە کیس دران و لەلایەن حکومەتى بەغدا/ ەوە زەوت کرانەوە و (حەشدى شەعبى) و عەسکەر حوکمیان ئەکات!! ئەگەر پێشمەرگە لە کەرکوک نەکشایەتەوە بەغداد و هاوکارانى بەتەمابوون تا هەولێر مل بنێن! لەلایەکى ترەوە دەوڵەتانى دەوروبەر و ئەمریکا و هاوکارانى پشتیوان و لایەنگرى ئەو هەڵوێستەى بەغداد بوون!! ئەوان کوردیان تەنها بۆ شەڕى داعش پێویست بو! بەو هۆیانەوە پەیوەندى لەگەڵ حکومەتى بەغداد هاتە خوارەوە بۆ پلەى سفر و تا ئەمڕۆیش ئاسایى نەبۆتەوە!! ئەو کێشەو ناکۆکیانەى کە پێشتر لەگەڵ بەغداد هەبو. نەک هەر چارەسەر نەکران بەڵکو زیاتر کەڵەکەبوون!!

سەرەڕاى ئەمانە حکومەتى بەغداد گەمارۆى ئابورى سەپاند بەسەر هەرێم دا. ئێران دەروازە سنوریەکانى داخست. ئێستایش گومرگیان لەسەر سنورى هەرێم داناوە!! ئەو بڕە پارەیەش کە زوتر ئەدرا بە هەرێم بە ئارەزوى خۆیان ـ یەک لایەنە ـ کەمیان کردەوە!!  

لەهەمو ئەمانە خراپتر هەڵمەتێکى پڕوپاگەندە دژى کورد بەگشتى لە ئاستى هەردو ناوچەى ناوەڕاست و خواروى عێراق بەرپاکراوە ـ واتە ڕق و کینە بەرانبەر هەر کەسێک بڵێ من کوردم !! ئەوەتا لەم ڕۆژانەدائاڵاى کوردوستان لە شارى کەربەلا لەسەر شەقامەکان فەرش کراوە و پیادە و سەیارە بەسەریا ئەڕۆن!!

بە کوردى بە کورتى لەو ڕۆژەوە (١٦/١٠/٢٠١٧) ئیمە بە دواى (بەغداد) دا ڕائەکەین. ئەوان سوارەو ئێمە پیادە پێیان ناگەین!! نەک هەر ئەوە بەڵکو توانیان کەلەبەرێک لە دیوارى هێزە سیاسیە کوردوستانیەکان دا دروست بکەن بۆ بەهێزکردنى هەڵوێستى خۆیان و پەیتا پەیتا پەرەى پێ ئەدەن!!

جا ئاخۆ کاتى ئەوە نەهاتوە کە واقع بینانە و زانستانە بیر لە ئەمڕۆ و سبەى بکەینەوە کورد واتەنى (( پێ بەقەدەر بەڕەکەى خۆمان ڕابکێشین و هەر ئەقڵە لە خەسارێک )).

خەڵکى کوردوستان عێراق لە ٢٥/٩/٢٠١٧ دا سەبارەت بە پاشەڕۆژى خۆى بڕیارێکى مێژویى دا و کەس ناتوانێ هەڵیبوەشێنێتەوە گرنگ ئەوەیە چۆن هەل و مەرج و پێداویستیەکانى جیبەجێکردنى ئەو بڕیارە زامن بکەین؟

ـ کێ بەرپرسە لەوە؟!

 

                                                      

  • 1