ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

*لە دووریانی ژیاندا کاتێ هەندێ مرۆڤ ماڵئاوایی لە ژیان دەکەن، بە شێوەیەکی سادەو ساکار و ژیان جێ دێڵن، لەبەر ئەوەی وەک مرۆیەکی ئاسایی ژیاون !!! لە هەمانکاتدا کەسانێکی تر کاتێ ماڵئاوایی لە ژیان دەکەن، گەورەترین بۆشایی دروست دەکەن، چونکە لەژیاندا هێندە بە پڕی و جوانی و گەورەیی و سەربەرزی ژیاون، لەبیرکردنیان ئەستەم دەبێت، ئەو کەسانە خاوەن ئایدیا فراوان بوونە، بۆیە لە تەرازوی ژیاندا هەمیشە قورسایی و بایەخی خۆیان هەبوە، کاتێک ئەم کەسانە ژیانئاوایی دەکەن، تەنها وەک جەستە جێمان دێڵن، بەڵام ناو و ناوبانگ و رابردوو و چاکەو چاکە خوازیەکانیان، بونەتە تابڵۆیەک لەبەر چاو هەرگیز وون نابێت .

*ئەگەر ئەو کەسایەتیەش بە پاکی ژیابێت و بەپاکی ژیانبینی کردبێت، بێگومان هەمیشە بە روانین و خوێندنەی جوان پێناسیان دەکرێت، هاورێ (عەزیز محەمەد ) کەسایەتیەکی نیشتیمانی، مرۆڤێکی چاکەخواز و ئاشتی پارێز، سەرکردەیەکی خاکی، جێگای شانازی هەمووانە، بۆیە نامەوێ زێتر لەسەر مێژووی جوانی ئەم کەسایەتیە بدوێم، بەڵکو ئەوەی مەبەستە، قسەکردنە لەسەر دانانی جامخانەی یادگاریەکانی ئەم پیاوە مەزنەیە، کە لە مۆزەخانەی ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر لە رێکەوتی ٢٣-١٠-٢٠١٨بەئامادەبونی چەندین کەسایەتی نمایش کرا.

*دیارە دانانی ئەم جامخانەیە لەو مۆزەخانەیە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە هاورێ ( عەزیز محەمەد ) یەکێک بووە لە قوتابیەکانی قوتابخانەی (ئەربیل ئولا ) بۆیە وەک قوتابیەکی دێرین و رەمزی کەسایەتی سیاسی نیشتیمان جامخانەیەک تایبەت بە یادگاریە بەجێماوەکانی و بەشێک لە کەلوپەل و ئەرشیفەکانی دانران، بێگومان ئەم کارە جێگای خۆشحاڵیە، کە یادگاریەکانی سەرکردەیەکی نیشتیمانی و پیاوێکی خاکی و قوتابیەکی ئەوێ رۆژێ ی ( ئەربیل ئولا ) ئەمرۆ لە ناو جەرگەی شار، لە نێو دڵی هەولێر، ئەم بەرهەمانە نمایش دەکرێت، وەک شوێنێکی گشتی، رۆژانە کەسە سادەکانی شار و مرۆڤە روناکبیرەکان و قوتابیانی سەردەم، کاتێ سەردانی مۆزەخانە دەکەن، یادگاری هاورێ (عەزیز محەمەد ) دەبینن، بێگومان هەمووان شانازی پێ دەکەن .

*بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش، ئایا تەنیا ئەم جامخانەیەو بەشێک لەم کەل و پەل و یادگاریە بەجێ ماوانەی هاورێ( عەزیز محەمەد ) نیشان بدرێ و بەس ؟ یاخوود لە پانتاییەکی فراوانترو شوێنێکی تر ؟ بێگومان دەبێت ئەو پرسیارە ئاراستەی خەمخۆران و دۆست و ماڵبات و هاورێ کانی هاورێ (عەزیز محەمەد ) بکەین، کە پێویستە سەر جەم ئەرشیفە نوسراوەکانی، دەستنوس و دیمانەو گفتوگۆو نوسراوەکانی،ئەو هەواڵ و نوسینانەی لەکاتی کۆچی دوایی نوسراون، ئەوا بەشێوەیەکی گەورەتر و فراوانتر لە ماڵی خۆی، یا شوێنێکی تایبەت بەردەوام نمایش بکرێت، تا نەوەی ئێستا، رابردووی ئەم پیاوە جوان و پاکە لەبیرنەکات و نەوەی داهاتوش بزانن، هاوڕێ (عەزیز محەمەد ) کێ بووە ؟ چی کردوە ؟ چونکە هاورێ (عەزیز محەمەد ) تەنیا سکرتێری حزبێک نەبووە، بەڵکو یەکێکە لە سەرکردە خاوەن هەڵوێستەکانی نیشتیمان .

 

  • 1