ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشداربوونی لایەنە كوردستانییەكان لە دوا هەڵبژاردنی عێراق ئاماژەی بەردەوامبوونە لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا. ئەم پرۆسەیە بریتیی بوو لە بنیاتنانی عێراقێكی دیموكراتی فدراڵ، و دوای ڕووخاندنی دیكتاتۆری لە 2003 دەستیپێكرد و لە دەستورێكدا بینرایەوە كە دەكرێ زۆر باس لە كەموكورییەكانی بكرێت، و دەكرێ هەر لایەنێكی سیاسی شیكردنەوە و لێكدانەوەی خۆی بۆ هەبێت، بەڵام خودی ئەو پرەنسیپانەی كە تیایدا هاتووە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران و حكوومەتی ناوەندەوە پێشێلكران. ئەمڕۆ كاتی ئەوە هاتووە كە سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان و لایەنە چەپ و مەدەنییەكانی عێراق كە پاش 15 ساڵ لە ڕووخاندنی دیكتاتۆری و 13 ساڵ پاش بڕیاردانی دەستوری عێراق، ئەو پرسیارە لە خۆیان بكەن كە ئایا دەوڵەتی عێراق دیموكراتی و فدڕاڵە؟!

حكوومەتێك كە لەسەر بنەمای بەشبەشێنەی تایفەگەری و هاوپەیمانی حزبی تایفەگەری دروست بێت، و مەرجەعیەتی ئاینی مەرجی سەرۆك وەزیران و وەزیرەكان و تەنانەت پێوەری دەنگدان بۆ تاك نەك هاووڵاتی كە بوونی نییە، دابنێت، جگە لەوەی كە شوناسی ئەو دەوڵەتە و ئەو حكوومەتە شوناسێكی ئۆتۆكراتییە، ئایا دەتوانین شوناسی دیكەی بۆ دابنێن؟

لەوە دەچێ لایەنە كوردستانییەكان ئەم بابەتانەیان لە بیر خۆیان بردۆتەوە، و مەسەلەكان لە بازنەی دابەشكردنی پلەو پایەوە تەماشا بكەن. بە كردەیی تەوافق و شەراكەت و هاوسەنگی تەنیا لە دابەشبوونی پلەوپایەوە تەماشا دەكرێت، و داواكاری ڕەوا و بەرنامەی وەدیهێنانی مافەكان، فەرامۆش دەكرێت.

گرفتی بەشێك لە هێزە سیاسییە كوردستانییەكان لەوەدایە كە هەندی كادیر و سەركردە لە دیدار و گوتاری سیاسییاندا نەك بەوە رازی دەبن كە خۆیان بیرۆكەی سەربەخۆیی و مافی چارەنووسیان وەلاناوە، بەڵكو بانگەشە و گوتاری سیاسییان لە بازنەی قایل بوونە بە ئەمری واقیع بە بیانووی ئەوەی كە "هیچمان بۆ ناكرێ و كە بچینە بەغدا ناكرێ بە هیچ شێوەیەك باس لە مافی بریاردانی چارەنووس بكەین"!

بەشێكی دیكە لە بیانووكان لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە گەلی كوردستان بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو قوربانی زۆری پێشكەش كردووە، و لە هەلومەرجی ئێستا توانای قوربانیدانی نەماوە، و بەم جۆرەش كەسانی هەڵگری ئەم بۆچوونە خۆیان كردۆتە دەمڕاستی خەڵكی كوردستان.

جگە لەم خاڵانە، قایلبوون بە حكوومەتی ئۆتۆكراتی كە مەرجەعیەتی دینی مەرجەكانی دادەنێت، و دەستێوەردانی وڵاتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، بیانووی دیكەی بۆ دادەتاشرێت، لەوانە وڵاتانی دراوسێ و زلهێزەكانی جیهان بە مافی چارەنووسی گەلی كوردستان، قایل نین! وەك بڵێی گەلەكەمان و قوربانی و شەهیدەكان بە ڕەزامەندی وڵاتانی دراوسێ و زلهێزەكان، خەباتیان كردووە و قوربانییان داوە! 

ئەم جۆرە لۆجیكە لە مامەڵەكردن لە گەڵ هەلومەرجی سیاسیدا جگە لە خۆبەدەستەدان و قایل بوون بەو بەشەی بۆت دادەنرێت، هیچ شوناسێكی شۆرشگێڕی بەخۆوە ناگرێت، و بوونی كوردستانیان لە بەغدا لە هەر چی پلەیەكدا بن، دەبێتە قایلبوون بە وەرگرتنی رۆڵی فەرمانبەر لە دەزگایەكی بیروكراتی، نەك تێكۆشەر كە بەرپرس و خاوەنی مەسەلەی ڕەوای گەلێكە، كە بوونی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لە پلەوپایەكانی حكوومەتی فیدراڵ بە مەبەستی تێكۆشان بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان بێت، كە نە دەستوری ئێستای عێراق و نە رێكکەوتن لە گەڵ سەرجەم ڕەوتە سیاسییەكانی بەغدا، زامنی مافەكانی گەلی كوردستان و پیگەی لە دەستوری عێراقدا، ناكات.

گرنگە لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان زۆر بە ڕوونی هەڵسەنگاندن بۆ بوونی یاسایی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی پراكتیكی بكەن، چونكە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو، و پەلاماردانی سەربازی دژ بە هەرێمی كوردستان لە ئۆكتۆبەری 2017دا، ئاماژەیە كە حكوومەتی ناوەند تەنیا لە چوارچێوەی دەسەڵاتی هێز و هاوسەنگی نێودەوڵەتییەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات، و ئەگینا بە پێی خودی دەستور نە دەبێ میلشیای تایفەگەری وەك حەشدی شەعی دابمزرێت ــ ئێستا حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بەرێوە دەبات ــ كە پەلاماری كوردستانیان بە هاوكاری ئێران و بەریتانیا و چاوپۆشی ئەمەریكا، دا، و نەدەبێ هێزی سەربازی بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتە سیاسییەكان بەكاربێت.

قایلبوون بە رێبازی سازشكاری بە بیانووی ئەمری واقیع، بابەتێكە لەلایەن گەلی كوردستانەوە جێگای قایل بوون نییە، و گیانی بەرەنگاری گەلەكەشمان بە لۆجیكی چەواشەكەرانە، لاواز نابێت. 

گەلانی تێكۆشەر لە پێناوی سەربەخۆیی بە یەك و دوو و تەنانەت بە دەیان هەوڵ و تەقەڵا وازیان لە تێكۆشان بۆ سەربەخۆیی و مافی بریاردانی چارەنووسی خۆیان نەهێناوە. مێژووی گەلانی تێكۆشەر بەردەوامبوونی خەبات و تێكۆشان و بەرەنگاربوونەوەمان بۆ دەردەخات نەك بیانوو هێنانەوە بە مەبەستی خۆبەدەستدان.

گەلەكەمان چاوەرێی لە ئەندامە كوردستانییەكانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و وەزیرە كوردستانییەكانی حكوومەتی عێراق دەكات كە ئەركەكانیان داكۆكی لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان بێت، و لەهەمان كاتدا سەربەخۆیی كوردستانیان لە بیرنەچێتەوە. 

  • 1