ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەلایەن/ قارەمان مەمەند 

هەڵبژاردنەکانی وەرزی ناوەڕاستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا- دەکرێ بە شەپۆلی شین یان سوور ناوبنرێ لەسەر بنەمای دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەوە. هەڵبژاردنەکە، بۆ ٣٥ ئەندامی سینات- ئەنجومەنی پیران، ٣٩ حاكمی ویلایەتەكان و ٤٣٥ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران. هەروەها لە کۆی ٩٩ ئەنجومەنی یاسادان- نوێنەران و سینات لەسەرئاستی ویلایەتەکان ٨٩ دانەیان هەڵدەبژێردرێنەوە، کە کۆی هەمووی دەکاتە شەش هەزار و شەست و نۆ کورسی. هەروەها ١٥٧ پڕۆژەی یاسایی لە ٣٤ ویلایەتدا دەخرێتە دەنگدانەوە، لە بوارەکانی باج، ماددە هۆشبەرەکان، بیمەوی تەندروستی، پەروەردەو مافە مەدەنی و سیاسیەکان و..هتد. 

دیموکراتەکان دەیانەوێ كۆنتڕۆلی، سینات ( ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا) بكەن، بە بەدەستهێنانی تەنها دوو كورسی تر بۆ ئەوەی ژمارەی كورسییەكانیان ببێت بە ٥١ كورسی، لە ڕووی مێژوویەوە لە ئەمریكا ڕوودانی ئەمە زەحمەتە، چونکە چوارساڵە ئەوە ڕووینەداووە و هەروەها کۆمارییەکان زۆربەی کات سەرکەوتووبونە لەکۆنترۆلکردنی سینات. دیموکراتەکان دەیانەوێ بە کۆنتڕۆلکردنی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، ئاڵۆزی بۆ تڕمپ لە ماوەی دوو كۆتا ساڵی داهاتووی لە ئۆفیسەكەی دروست بكەن؛ چونکە ئەنجوومەنی پیرانی بۆ سەرۆکی ئەمریکا زۆر گرینگە- لە پڕۆسەی پیادەکردنی سیاسەتی دەرەوەیدا، بە تایبەتی لە ڕێگای لیژنە گرینگەکانی، وەک لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکان و لیژنەی هەواڵگری – ئەم دوو لیژنەیە لە ئێستادا نزیکو هاریکاری ترەمپن لە سیاسەتەکانیدا. 

سەرەڕای هەموو ئەم ووردەکاری وپرسانەی کە هەڵبژاردنی بۆ دەکرێ لە سەرئاستی فیدڕالی و ویلایەتەیکان و شارەکاندا، دواجار ئەم هەڵبژاردنە بە ڕیفراندۆم لەسەر کارو و ڕیژەی دەنگەکانی سەرۆکی ئەمریاکا دادەنرێ. هەروەک چۆن لە قوتابخانەکاندا خویندکاران هەڵسەندگاندن و تاقیکردنەوەی وەرزی و نیوەی ساڵیان بۆ ئەنجامدەدرێ، بەم چەشنە سەرۆکی ئەمریکا ش لەبەردەوم تاقیکردەنەوەیەکی گەورەدایە لە هەڵبژاردنەکانی وەرزی ناوەڕاستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای ساڵی ٢٠١٨دا. 

ئەمریكییكان، پێیان وایە کە کۆمەڵگای ئەمریکی دووچاری کێشەیەکی قوڵ بووە و دابڕاون لە یەکتری و کەوتونەتە ناو ململانەیەکی سیاسی و ڕەگەزی و چینایەتی وەها کە مەترسی لە سەر پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەکانی ئەمریکا دروستکردووە. پرسە سیاسییەكان لە ئەنجامی ململانێی كۆماری و دیموكراتەكان بە چەق بەستن گەیشتووە. بۆیە هەموو پێشهاتەكان بەرەو ئەوەیە، كە ئەمریكییەكان زیاتربەلای دیموکراتەکان لەم هەڵبژاردنەکانی وەرزییەدا دەنگبدەن، بە ئاراستەیی ئەوەی شڵەژان لە واشینتۆن دروستبكەن و تەكان بەر بە پڕۆسەی سیاسی بدەن. سەرەڕای ئەوەی لە كاتێكدا دەرفەتی كار هێشتا لە ئاستێكی بەرزدایەو ئابووری بە شێوەیەكی بەرچاو گەشەی كردووە كە لە بەرژەوەندی هەموو چینەکان دایە. 

لە ڕووی جۆگرافییەوە، دیموکراتەکان چاویان بڕیوەتە ئەوەی کە سەرجەم ئەو ٢٥ ناوچە کە لە ڕووی مێژوویەوە کۆماری بوون بەڵام دەنگیان بە هیلاری دا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠١٦، جارێكی تر دەنگ بدەنەوە بە دیموکراتەکان. هەروەها لە ناوچە دوورە دەست و شوێنەکانی دوور لە سەنتەری شارە گەوەرەکان، ژمارەی ئافرەتی خوێندەوار و پێشکەوتن خواز بەڕێژەیەکی بەرچاوە زیادیکردووە- ئەوان گرینگی بەو پرسانە دەدەن کە دیموکراتەکان کاری لەسەر دەکەن،وەک پەروەردە، کۆچبەران، پرسی لە باربردنی منداڵو بیمەی تەندروستی..هتد. 

هەروەها ژمارەی ئەو ئافرەتانی لە هەموو ئاستەکانی فیدڕالی و ویلایەتەیکان و شارەکاندا خۆیان هەڵبژاردووە، ژمارەیەکی پێوانەیی و مەزنە لە ڕووی مێژوویەوە، یەکەم جارە ئەوە ڕووبدا- ئەمە هەر لە قازانجی دیموکراتەکانە. چونکە بۆ یەکەم جار ڕەگەز و نەتەوەکانی تری ناو ئەمریکا ڕیژەیەکی بەرچێ‌و لە نوێنەریان هەیە بۆ ئەو هەلبژاردەنە، بەتایبەتی دانیشتوانی ڕەشپێستکان، لاتین، ئاسیایی- تەنانەت بەجۆرێک، چاوەڕواندەکرێ بۆ یەکەم جار خانمێکی موسڵمانی ئەمریکی ببێتە ئەندامی کۆنگرێس لە مێژووی ئەمریکا. 

لە ئۆهایۆ. جۆن کایسکی حاکمی ویلایەتەکە گۆڕەپانەکەی جێهێشتووە. لە تەکساس بیتۆی دیموکرات بووە بە ڕکابەرێكی سەرەکی تێد کرۆز-بەهێزترین سیاسەتمەداری کۆمارییەکان لە ئەمریکادا، ئومێدی بردەنەوەی لای دیموکراتەکان دروستکردووە- هەرچەندە لە ڕووی مێژوویەوە، لە تەکساس، ئەمە مەحاڵە ڕووبدا. لە ویلایەتی ئیندیانا- هەڵبژاردنەکان دوو کاژێر زووتر تەواودەبێ؛ دیموکراتەکان لە هەواڵی ئەوە دان لەو ویلایەتەوە یەکەم تەپلێ سەرکەوتن لێبدەن. 

لە پەنسلڤانییا، دیموکراتەکان لە هەوڵی بەدەستخستنی چوار تا شەش کورسیدان. هەروەها لە ویلایەتی نێوجەرسی بە ئومێدی بەدەستهێنانی چوار کورسی ترن. هەرچەندە لە ویلایەتی وێسکانس- کۆمارییەکان زۆر بە هێزن لە ڕووی ڕیکخراوەی، پارە، دەنگ و چالاکی سیاسیەوە، بەڵام هێشتا چێ‌وەڕێدەکرێ کە شتێکی چاوەڕواننەکراو ڕووبدا بۆ هەڵکشانی دەنگی دیموکراتەکان. سەرەرای کاریگەری سکۆت واڵکەری کۆماری وحاکمی ویلایەتەکە لە سەر پرسی هەڵبژارن. لە ویلایەتی نیوهامشایەر، ململانییەکی سەخت هەیە لەنێوان کرێس پاپێسی دیموکرات و ئەدی ئەدوارسی کۆماری. 

لە ویلایەتی ڤێرجینییا، ململانێکە بەشیوەیکەی ترە، باربرای کۆماری و جێنێفەری دیموکراتی بەشیوەیەیکی زۆر جوان و پەسەندکراو کامپەین دەکەن و جیاوازییەکانییان بەڕێزە دەخەنە ڕوو، بەشێوەیەک بۆتە جێگای تێڕامانو پێزانین لە ئەمریکا. 

ویلایەتی فلۆریدا، لە ئێستادا خاوەنی ٢٧ کورسیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانە. ژمارەی دانیشتوانو هەروەها فرە ڕەگەزی پێکهاتە و دانیشتوانەکەی بایەخێکی یەکجار گەورەو ویەکلاکەرەوەی هەیە، بەجۆرێک ململانێییەکی یەکجار سەخت هەیە، لە نێوان دیموکرات و کۆمارییەکان بۆ بردنەوەی زۆرترین کورسی ئەو ویلایەتە.

کالیفۆرنیای ویلایەتە زەبەلاح و هەرە دەوڵەمەندەکە، ٥٣ کورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران، کە ٣٩ کورسی لەلایەن دیموکراتەکانەوەیە- ویلایەتێکی یەکلابوویەوە بۆ دیموکراتەکان. بەڵام کالیفۆرنیا، سێ کاژێر جیاوازی کاتی هەیە لەگەڵ واشینتۆنی پایتەخت، هەروەها ڕیژەیەکی یەکجار زۆر بە ڕیگای پۆست دەنگدەدەن لە کالیفۆرنیا، بۆیە دەکرێ ئەم شەوی هەڵبژاردنە، بەشێکی زۆری خەڵکی ئەمریکا سەربنێنە سەر جێگای و بخەون، بەر لەوەی دوا ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بزانن، یاخود دەبێ قاوەیەکی زۆر بخۆن بۆ ئەوەی شەونخونی بکەن بۆ ئەنجامەن بەراییەکان. لەوانەیە ئەنجامی کۆتایی لەوانەیە چەند ڕۆژێکی پێبچێ.

پێدەچێ، لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا ئەمە هەڵبژاردنێکی پێوانەیی و بێوێنەبێ؛ لە ڕووی ڕێژەی بەشداریکردنەوە- پێشبینی دەکرێ ڕیژەی بەشداربوون لە نێوان سەدا چل و پێنج بۆ پەنجا و پێنج بێ. بەڵام، خەڵک نیگەرانی زۆریان هەیە سەبارەت بە شیوازی کامپەینی هەڵبژاردنەکە، بەجۆریک پرسە گرینگەکان لەبیرکراوە، تەنها باس و خواستی ململانێی کۆماری و دیموکراتەکان دەبیسرێ. لەوەش زیاتر دۆناڵد ترەمپ توانیوەتی کە کلێچەکەی خۆی باش سوربکاتەوە لە فڕنەکەدا، پەیامی هەڵبژاردن لەوە کورتبکاتەوە کە ئەو هەڵبژاردنە سەبارەت "بەمنە منیش واتا ئەمریکا". 

دکتۆرا لە (سیستێمی یاسای نێودەوڵەتی)، دوو ماستەر سیستێمی یاسایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یاسای گشتی

 

 

 

 

 

  • 1