ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

حزبی شیوعی كوردستان و چەند حزبێكی دیكەی كوردستان رایانگەیاند كە بەشدارنابن لە كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.تەنانەت لە كابینەی رابردوودا كە بە كابینەی پێنج حزبەكە ناسرابوو، حزبی شیوعی و هەندێكی دیكەش بەشدارنەبوون.

لەنێوان بەشدارنەبوون لە حكوومەت و ئۆپۆزسیۆن بوون دا، جیاوازییەكی زۆر هەیە. بەشدارنەبوون حالەتێكی متبوونی سیاسی سلبییە، دەتوانم بڵێم یەكێكە لەخراپترین قۆناغی ژیانی سیاسی هەر حزبێك كە بیەوێت سیاسەت بكات، ئەو بەشدارینەكردنە هاوتا و یەكسانە بە بەشداری سلبیانە لە حكوومەت كە لەوێ بوونت هەیە، بەڵام وەك نەبوون وایە! دەتوانم بڵێم مێژووی بەشداربوون و نەبوونی حزبی شیوعی كوردستان و هەندێك حزبی دیكەی كوردستان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بریتی بوو لەو دۆخە (كە بەشداربووە، بەشدارنەبووە. كە بەشداریش نەبووە، بەشدار بووە)!

حزبی سیاسی بە مۆدێلە باوەكەی ئەگەر ئامانجی گەیشتن نەبێت بەدەسەڵات هیچ سوودێكی نییە و دەچێتە خانەی رێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنی و بگرە هەندێك جاریش رێكخراوی پیشەیی و خێرخوازی، بەڵام لەوكاتەی كە حزبی شیوعی و ئەوانی دیكەش دەرگای چوونە ناو حكوومەتی بۆ دەكرێتەوە كەچی بەبڕیاری زۆرینە و كەمینە حزبی شیوعی بڕیاری ئۆپۆزسێون بوون دەدات!

راگەیاندنی بە ئۆپۆزسیۆن بوون، ئەوەندەی كە راگەیاندنەكەی گرنگە دە هێندە گرنگییەكەی لە كرداردایە، چونكە بۆی هەیە بەناو ئۆپۆزسیۆن بیت، بەڵام لە كرداردا بەشدارێكی راستەقینەی حكوومەت بیت. ئۆپۆزسیۆن بوون بۆخۆی بەشدارییە لە دەسەڵاتی دەوڵەتدا، نەك لە دەسەڵاتی حكوومەتدا، بەڵكو لە دەسەڵاتی خەڵك و نوێنەرایەتی و پێشڕەوایەتی خەڵك. ئەوەش واتا ئۆپۆزسیۆن دەسەڵاتێكە لەنێو دەسەڵاتە. بوونەوەرێكی قسەكەر و كارایە، رەخنەگر و پێشڕەوە و ئەلتەرناتیڤ و جێگرەوەیە بۆ خودی حكوومەت، بەو مانایەش ئۆپۆزسیۆن بوون بەواتای چاودێر و لایەرمان نایەت، باشە لای باشە بێت و خراپە لای خراپ بێت. بەڵكو ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە كە فەلسەفە و روانین و بڕوایەكی دیكەی هەیە بۆ دەسەڵاتی باو لە هەموو كایە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی و ...تد. بەو مانایەش ئۆپۆزسیۆن بوونی راستەقینە ئەوەیە كە ئەگەر حكوومەت و حزبەكانی لە ژوورەكانەوە لەبەردەم هەوای سارد و گەرمی سبلیتەكان و لەسەر قەنەفە نەرم و گەرمەكان و لە كۆشەكە نوێ و بەرزەكانەوە حوكم دەكات، ئۆپۆزسیۆن دەبێت لە نێو شەقام و گەڕەكە هەژارەكان و لە كارگە و زانكۆ و قوتابخانە و ناو بازاڕی هەژارنشینانەوە حوكم بكات و ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەی حكوومەت بێت، لەوێوە ئەلتەرناتیڤ و وانەی حوكمڕانی پێشكەش بكات. بەوەش ئۆپۆزسیۆن دەبێتە دەسەڵاتێكی دیكە لە ناو خەڵكدا و لەپێناوی خەڵكدا. لەو نێوەندەدا مومارەسەی دەسەڵاتێك دەكات كە تەنانەت دەسەڵاتی فەرمانڕەوا ناتوانێت پەیڕەویی بكات. ئەوەش دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنە كە سەرچاوەكەی خەڵكە، تەنانەت ئەو خەڵكەی كە دەنگی بە حزبەكانی دەسەڵات داوە، چونكە لەراستیدا لەوڵاتەكانی ئێمەماناندا دەسەڵاتی سیاسی یەكسان نییە بە دەنگی خەڵك، ئەوە دەنگی خەڵك نییە كە دەسەڵاتی سیاسی و تەشریعی دروست كردووە، لەهەمان كاتیشدا ئۆپۆزسیۆن بوون یەكسان نییە بە نەیاریی حكوومەت و دەسەڵاتی سیاسی.

تا ئێستا لە هەرێمدا یەك جۆر حوكمڕانی سیاسی تاقیكراوەتەوە كە لەباشترین حالەتدا دوو حزب فەرمانڕەوا بوون و ئەوانی دیكە هەر بەناو بەشداربوون. لەئاستی ئۆپۆزسیۆن بوونیش دوو جۆر تاقی كراوەتەوە. یەكەمیان ئەوەی كە هیچ دەنگ و رەنگێكی نەبوو، بوون و نەبوونی وەك یەك وابوو. ئەوەی دووەمیش ئۆپۆزسیۆنێك كە روانین و فەلسەفە و جێگرەوەی نەبوو بۆ دەسەڵاتی سیاسی، بەڵكو روانین و بیركردنەوەی سیاسی و ئابووری و فەلسەفی هەمان شت بوو، تا ئەو ئاستەی كە هەندێك جار نەتدەزانی ئەوان لەسەر چی نەیاری یەكدین!!

راست و دروستی هەر بڕیارێك لە بەشدارینەكردن و كردن لە حكوومەتدا و بوون بە ئۆپۆزسیۆن، لە كرداردا و رۆژگار دەریدەخات. من نازانم حزبی شیوعی كوردستان بڕیارێكی گونجاوی دا یان نا بە ئۆپۆزسیۆن بوون، بەڵام بڕیارێكی جیاوازە لە بڕیارەكانی پێشووتری! سەرخستنی وەها بڕیارێك دەیان بڕیاری دیكەی دەوێت لەئاستی ناوخۆیی و دەرەوەی حزبی شیوعی دا. جێبەجێكردنی بڕیاری بە ئۆپۆزسیۆن بوون و گواستنەوەی لە بڕیارێكی ئیرادەویانە بۆ واقیع و جێبەجێكردنی بەشەورۆژێك نابێت و هەوڵ و كاری ورد و تێگەیشتنی قوڵ و تەنانەت لێكتێگەیشتنی ناوخۆیی دەوێت، چونكە وەك دەردەكەوێت بڕیارەكە بەزۆرینە و كەمینەیە و پێویستی بە كاری یەكڕیزی هەیە، ئەگەرنا لەباشترین حالەتدا ئۆپۆزسیۆن بوونەكە هەروەك ئەوەی روویدا لە كابینەی پێنج حزبەكە و نابێتە بڕیارێكی جیاواز!

 

  • 1