ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەک دەزانین توندوتیژی لە هەموو کۆمەڵگاکاندا بوونی هەیە. پشکی شێری ئەو توندوتیژیەش بەداخەوە بەر ئافرەتان دەکەوێت. لە هەموو کۆمەڵگاکاندا هەریەک بە ڕێژەیەک و بەجۆرێک ژن دەکوژرێت، دەسدرێژی دەکرێتە سەر و بە کەم سەیر دەکرێت و مافی پێ شێل دەکرێت.تەنانەت لە وڵاتێکی وەک بەریتانیا تا ئێستاش لە هەندێ شوێن و کاردا جیاوازی دەکرێت لەنێوان بڕی موچەی ژن و پیاودا، لەنێوان ئەوانەی هەمان کار دەکەن!

ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ناوخۆی باشوری کوردستانە. ئافرەتان لە کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە. بەداخەوە کوشتن و خۆکوشتن و خۆ سوتاندنی ژنان تادێ ڕوو لە زیادبوونەو ئامارەکان ڕاچڵەکێنەرن.

چی بکەین بۆ نەهێشتن یان کەمکردنەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان؟ 

کۆمەڵێک ڕێ و شوێنی پێویست هەیە کە دەتوانین بە گرتنە بەریان ڕێگربین لە توندو تیژی دژ بە ژنان، یان لانی کەم زۆر کەمی بکەینەوە. لەوانە:

۱- پێویستە هەرچی زووە قێزەونی کردەی تونوتیژی بخرێتە پڕۆگرامی خوێندنەوە. دەبێ منداڵ هەر لە دایەنگەوە فێری ڕێز و خۆشەویستی بکرێت. فێربکرێت چۆن ڕێز لە دایک و خوشک و داپیرە و تەواوی مێیینەکانی خێزانەکەی و تەنانەت گەڕەک و لادێ و شار و وڵات و جیهانیش بگرێت.

۲- هەر لە پڕۆگرامی خوێندندا، پێویستە وانەی ئایین یان نەخوێندرێ یانیش تەواوی ئەو دەقانەی باسی کوشتن و سوتاندن و دۆزەخ و سزادان دەکەن، لاببرێن. بەجۆرێک کە قوتابی هەست بە هیچ توڕەیی و ڕق و کینەیەک نەکات و لەبری ئەوەی پێی بوترێ خوا دەتخاتە دۆزەخەوە ئەگەر نوێژ نەکەی، با پێی بوترێ خوا هەمووکەسی خۆشدەوێ. ئەمە وادەکات تۆوی خۆشەویستی لە ناخی تاکەکاندا بڕوێت لەبری تۆوی ڕق و توندو تیژی و تۆڵە سەندنەوە. ئاخر ئەو گەنجەی بزانێ خوا خەڵک دەسوتێنێ ئەگەر بەقسەی نەکەن، ئیدی پێی وادەبێ کە مرۆڤیش دەبێ هەمان کار بکات.

۳- سەرلەنوێ هەوڵ بدەین لە بناغەی خێزانەکانەوە دەست پێ بکەین. ئەو یاسایانەی تایبەتن بە نەهێشتنی توند وتیژی کارا بکرێن و لێپێچینەوە لە پێشێلکارانی بکریت.

٤- ڕێگا نەدرێ مامۆستایانی ئایینی لە مزگەوتەکانەوە سوکایەتی بە پێگەو ڕۆڵی ژن بکەن، چونکە ئەوە کاریگەری لەسەر دەروونی پیاوان دادەنێت و وادەکات ئەوانیش بەهەمان شێوە بە کەم سەیری ژن بکەن. دەبێ ئەوان ڕۆڵی گرنگ ببینن لە ئاشتی کومەڵایەتی و بەرزنرخاندنی ڕۆڵی ژن.

٥- شێڵتەرەکانی تایبەت بە داڵدەدانی ژنانی قوربانی زیاتر گرنگییان پێ بدرێت. نابێ وا ئاسان هیچ ژنێک بدرێتەوە دەست کەسەکانی. ئاخر زۆرجار ئەوژنانە دەکوژرێن لەگەڵ ئەوەی بەڵێننامەش بە کەسەکانی واژۆدەکرێ کە هیچی لێ ناکەن، بەڵام دواتر دەیانکوژن!

٦- ئەو ڕێخراوانەی تایبەتن بە ژنان بخرێنە ژێر چاودێری یەوە. دەبێ حکومەت ئاگاداربێت لە کارو چالاکی ڕێخراوەکان و بزانێت تاچەند لە خزمەتی ژناندا ڕەفتار دەکەن. بەداخەوە زۆربەی ڕێخراوەکان بۆ خزمەتی حزبی سیاسی کاردەکەن و لەکۆتاییدا خزمەت بە پیاو سالاری دەکەن و جارێکیتر ژن دەکەنەوە قوربانی.

۷- پێویستە لەسەر حکومەت بەرنامەیەکی تایبەتی هەبێ بۆ خستنە سەر کاری ژنان. ئەگەر ژن خاوەنی کار و پارەی خۆی بێت، زیاتر پێگەی خۆی دەزانێت و کەمتر بەبێ ئیش و بێ نرخ سەیر دەکرێت. بەداخەوە ئیش و کاری ژن لە ماڵەوەو لە لادێکانیش لەناو کێڵگەکاندا بەهەند وەرناگیرێت. ئەویش چونکە لە بەرامبەریدا هیچ پارەیەک وەرناگرێت. بەپێچەوانەی کاری پیاوانەوە. ئەوەش وایکردووە کە پیاو پێی وابێ چونکە ئەو کار دەکات و ئەرکی پەیداکردنی بژێوی خێزانەکەی لە ئەستۆیە، ئیتر مافی خۆیەتی هەر جۆرە ڕەفتارێک بنوێنێ بەرامبەر هاوژین و منداڵەکانی! ئەوەش لەکۆتاییدا تاکی دەروون ناڕێک بەرهەم دێنێت و کۆمەڵگا بەگشتی زەرەرمەند دەبێت.

٨- کەناڵەکانی ڕاگەیاندن گرنگی زیاتر بدەن بە کار و چالاکیەکانی ژنانی خاوەن کار و هونەرمەند و دەستڕەنگین و هەموو ئەو ئافرەتانەی خاوەن پۆستن لە بوارە جیاجیاکانداو ئەوانەی لە کەرتە گشتی و تایبەتیەکاندا کار دەکەن. ئەوەش بۆ خستنە ڕووی توانای ژن.

۹- کردنەوەی خولی جۆراو جۆر بۆ ئافرەتان. بۆ هۆشیارکردنەوەو ئاگاداربوون لە ئەرک و مافەکانیان. ئەوەش تەنیا بەو کۆڕ و سیمینارە کاڵ و کرچانە نابێ کە هەمووی دووبارەن و تەنیا چەند ڕوخسارێکی تێدا بەشدار دەبن. دەبێ کار لەسەر گوند بە گوند و گەڕەک بە گەڕەک بکرێ.

۱۰- زانکۆ و پەیمانگاکان چالاک بکرێن بەجۆرێک لایەک لە هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگا بخرێتە ئەستۆیان.

۱۱- لەبواری نوسین و بڵاوکردنەوەی پەرتوک و ڕۆژنامەو گۆڤارەکاندا، فلتەر دابنرێت. دەبێ ئەو نوسینانە یاساغ بکرێن کە ژنیان تێدا دەشکێنرێت جا ئایینی بن یان هەر جۆر نوسین و بڵاوکراوەیەکیتر.

۱۲- کاری زیاتر بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی پۆستی زیاتر بۆ ژنان لەناوەندەکانی بڕیاردا. ئەوەش بە دانان و دەرفەت ڕەخساندن بۆ ژنانێک کە کەمتر بواریان پێ دراوە. ئاخر ناکرێت هەر کۆمەڵێک کەس سودمەند بن لە هەمووشتێک و ئەوانیتر تێوەڕامێنن.

۱۳- ئینتەرنێت و هێڵەکانی پەیوەندیکردن چاودێرییان بخرێتە سەر. بەجۆرێک کە کەس نەتوانێ زمانی زبر و هەڕەشە بەرامبەر ژن بەکاربێنێت. ژنانێکی زۆر هەن ناتوانن سکاڵا تۆمارکەن لەبەر هۆکاری کۆمەڵایەتی. ناچارن یان بکەونە دەست لایەنی بەرامبەر کە هەڕەشەکارەکەیە تەنیا بۆئەوەی ناوبانگی خۆیان و خێزانەکانیان بپارێزن و کەس بە نهێنیەکانیان نەزانێت، یانیش پەنا بۆ خۆ لەناوبردن بەرن. ئەوە لە حاڵەتەوە بەداخەوە بۆتە دیاردە و دەبێ زوو ڕێی لێ بگیرێت و هەڕەشەکاران سزای توند بدرێن هەر کەس و لایەنێک بن.

۱٤- فرەژنی و بەزۆر بەشودان و بە منداڵی بەشودان بەهەموو شێوەیەک ڕێی لێ بگیرێت. ناکرێ و نابێ مەرجی ڕازیبوونی ژنی یەکەم بمێنێت. دەبێ هیچ کەس ڕێی پێ نەدرێ هاوسەرگیری دووەم بکات بەبەرچاوی هاوژینی یەکەمیەوە. کە کردی دەبێ سزایەکی قورس هەبێ و هەروا بە ئاسانی بە بڕێک پارە دەرباز نەبێت.

ئەمانەو چەندین هەنگاویتری گرنگ هەن کە نامەوێ نوسینەکەم لەوە زیاتر درێژکەمەوە پێیان. دەکرێ ئەو هەنگاوانە بگیرێنە بەر بۆئەوەی خزمەتێکی ڕاستەقینە بە ژنان بکەین.

  • 1