ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

توركیا بەتەواوی دەستی وەرداوەتە كاروباری هەرێم

لە عێراقیشدا تەراتێن دەكات!

سیروان كەریم

 

 

(1)

جارێكی دیكە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش وەك پارتی دیموكراتی كوردستان چووە بن باری داواكەی حكوومەتی توركیا لە ڕێگریكردن لە پارتی كرێكارانی كوردستان و بزووتنەوە و حزب و ڕێكخراوە نزیكەكانی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان لە سلێمانی و گەرمیان و پشدەر و بتوێن و...تد.

بەو هۆیەشەوە لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، بنكە و بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی داخران و چالاكییەكانیان قەدەغەكران بەو فیلمەشەوە كە لە یەكێك لە سینەماكانی سلێمانی بڕیار بوو نمایش بكرێت. ئەوەش لەكاتێكدایە كە لەم ساڵانەی دواییەدا لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، پەكەكە و هاوبیرەكانی لەگەشەكردندا بوون و تەنانەت بە ئاشكرا كاریان دەكرد و دەیان بنكە و بارەگایان هەبوو. تا ئەو ئاستەی لە شەڕی دژ بە داعشدا بەشێك لە گەریلاكانی پەكەكە لەو ناوچانەوە دەچوونە كەركووك و دژی داعش شەڕیان دەكرد. وێڕای ئەوەی كە لە هەڵبژارردنەكانی عێراق دا تەڤگەری ئازادی لەگەڵَ لیستی نەوەی نوێ پێكەوە دابەزین و بۆ یەكەم جار لەمێژووی هەڵبژاردنەكانی عێراق دا پەرلەمانتارێك سەربكەوێ كە لەسەر ڕێبازی پارتی كرێكاران بێت!

ئەگەرچی شیكارییەكان هۆكاری سەرەكی ئەو بڕیارەی یەكێتی بە تێكدانی گەمەیان لەگەڵ پەكەكەدا دەبەستنەوە بە هەوڵەكانی یەكێتی بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەی سلێمانی و گەشتەكانی بەرەو وڵاتی توركیا، بەڵام پێناچێت ئەوە هەموو هۆكارەكە بێت، چونكە گەشتی نێوان توركیا و سلێمانی لەوەتەی ڕیفراندۆمەوە داخراوە، ئەگەر هەر ئەوە بووایە یەكێتی زۆر پێشووتر دەیتوانی ئەو كارە بكات لەپێناوی كردنەوەی فڕۆكەخانەكەیدا!

(2)

داخستنی بنكە و بارەگاكانی تەڤگەر لە كاتی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمدایە. ئەو حكوومەتەی كە تەرازووی هێز بە پێی دوا ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەریدەخات زۆر ناهاوسەنگ دەبێت، چونكە جیاوازی كورسییەكانی براوەی یەكەم و دووەم زیاتر لە 20 كورسییە، تەنانەت ئەوەی یەكەم زۆر ماندوو نابێت و باجێكی زۆریش نادات ئەگەر لەگەڵ هێزەكانی دیكە حكوومەت پێك بهێنێت نەك لەگەڵ براوەی دووەم كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە!

پێش هەڵبژاردنەكان و دواتریش قسە لەسەر ئەوەیە كە سەرۆك وەزیرانی كوردستان دوو جێگری دەبێت. بۆی هەیە یەكێكیان توركمان بێت، ئەو قسەیە لەو كاتەی كە واخرایە ڕوو بۆ لێدانی پێگەی یەكێتییە و پارتی نایەوێت وەكو جاران مامەڵە لەگەڵ یەكێتی بكات. هەروەها لەو كاتە ئەو قسەیە كرا وەك هەندێك لە شیكەرەوەكان بەو ئاراستەیە بوو كە پارتی بۆ ڕازیكردنی توركیا و پتەوكردنی ڕێككەوتنامەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی دا بەو كەسەی كە ئێستا پۆستەكەی لەلایە.

هەرچۆنێك بێت هەوڵەكانی یەكێتی بۆ ئەوەی پێگە و هێزی لەناو حكوومەت لەدەست نەدات، دەیخاتە بەردەم دنیایەك تەنازولات لە بەردەم پارتی و دۆستەكانی، بێگومان لەئاستی هەرێمایەتی دۆستی لەپێشینەی پارتی توركیایە و حكوومەتێك پێك ناهێنێت كە هاوبەشەكەی خزمەتی نەیارانی توركیا دۆست بكا، هەر بۆیە ئەگەر ڕووی ئابووری بڕیارەكانی یەكێتی بۆ داخستنی بارەگاكانی تەڤگەر پەیوەست بێت بە فڕۆكەخانەی سلێمانی، ئەوە ڕووە سیاسییەكەی پەیوەستە بە پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستا، لەتەك ئەوەشدا دەكرێت بەشێكی دیكەی هۆكارەكە ئەوە بێت كە لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییانەدا تەڤگەر و پەكەكە بەگشتی لە سلێمانی ناوچەكانی نفوزی یەكێتی دوور لە یەكێتی گەمەیان دەكرد و تەنانەت هەندێك جار بەدژی.

(3)

بەم دواییانە شاندی بەرەی توركمانی لە هەولێر و دواتریش لەبەغدا لەگەڵ كاك مەسعوود بارزانی كۆبوونەوە. پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرەی تورکمانی بەرەو ئاڕاستەیەكی دیكە دەڕوات. هەندێك شیكاری بەو ئاڕاستەیە كە گریمانەی ئەوە دەكات بەشێكە لەو هەوڵانەی پارتی بۆ رڕَگری لە هەوڵەكانی یەكێتی بۆ دانانی پارێزگاری كەركووك! هەندێكی دیكەش گرێی دەدات بە هەوڵەكانی توركیا بۆ ڕێكخستنەوەی دۆستەكانی لە عێراق، بەتایبەتی كە پارتی دیموكرات و بەشێك لە بەرەی توركمانی و بەشێك لە حزبە سوونەكانی بەدۆستانی توركیا دەناسرێن لە عێراق و هەرێمی كوردستان دا.

چەند ڕۆژێك بەر لە ئێستا باڵوێزی توركیا لە عێراق بەیاوەری سەرۆكی بەرەی توركمانی چوونە كەركووك و دیسان مێژووی ڕەشی عوسمانی وەبیر خەڵكی شارەكە هێنایەوە، دەركەوتنی ئەو دووانە پێكەوە لە كاتێكدایە كە چەند ڕۆژێك پێش ئێستا سەرۆكەكەی بەرەی توركمانی بەدەسەڵاتدارانی عێراقی ڕاگەیاندبوو؛ "ئەگەر پۆستی باڵا لە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق و سەرۆكایەتی حكوومەت بە توركمان نەدەن سیاسەتێكی دیكە پەیڕەو دەكەین".

توركیا ماوەیەك بەر لە ئێستا لە ناوچەكانی شنگال پەلاماری سەركردەكانی پەكەكەی دا، لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان هێزەكانی پێشڕەوی زۆریان كردووە، لە سنوورەكاندا دیواربەند و تەلبەندی زۆری كردووە، سوپاكەشی لە دەشتی مووسڵ هەروا ماوەتەوە. هەرچەندە عێراق بەر لە ڕووداوەكانی 16ی ئوكتۆبەر زۆر قسەی لەسەر هاتنەناوەوەی سوپای توركیا دەكرد بەتایبەت بۆ دەشتی مووسڵ، بەڵام دوای ئەوەی ئەو ناوچانە كەوتەوە دەستی خۆی و حەشدی شەعبیش، بەڵام هیچ شتێك لەبارەی ئەو سوپایەی توركیا و هەموو تەراتێنەكانی توركیا لە عێراق ناكات.

 

 

  • 1