ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سه‌میر ئه‌مین وه‌رگێڕانی: كاوە عەلی

 بەشی دووەم و كۆتایی

 

بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیش(بەشێوەیەکی گشتی)، بوونیان هەیە و ئەو بوونەی خۆشیان و جوڵانەوەکانیان لە هەموو شوێنێکدا و لە جیهانی هاوچەرخماندا ڕۆژانە بەهێزتر دەکەن، بەجۆرێک کە ئەمە پێویست بەبەڵگە هێنانەوە ناکات. بەڵکو لەڕێگای ململانێی چینەکان و بزووتنەوە خەباتگێڕەکان لەپێناوی دیموکراسی و مافەکانی ژناندا و هەروەها مافەکانی جووتیار و لەپێناو ڕێزگرتن لە ژینگە و...هتد، گوزارشت لەخۆیان دەکەن، و لەڕێگای نواندنی چالاکیشەوە چوونەپاڵ ئەم بزووتنەوانە، کاردەکات بۆ هێنانەکایەوەی ئەو ئەلتەرناتیڤەی کە جیهان دەگۆڕێت، بەڵام ئەم گۆڕانەش وا پێویست دەکات کە ئەم بزووتنەوانە فێری ئەوەبن کە پێ بە پێ لە قۆناغی بەرگرییەوە بەرەو قۆناغی هێرشبردن هەنگاو بنێن، شانبەشانی هەنگاونان لە حاڵەتی دابڕان و پارچەپارچەبوونەوە بۆ حاڵەتی لەدەوری یەک کۆبوونەوە و یەکگرتن لە چوارچێوەی فرەیی و پلۆرالیزمدا، هەروەها دەبێت وای لێبێت کە بکەری هەستیار و یەکلاییکەرەوەی پڕۆژە کۆمەڵگایەتییەکان بتوانێت بەشێوەیەکی کارا و داهێنەرانە ڕەفتار بکات، ئەمەش لەپێناو بونیادنانی ستراتیژیگەلێکی سیاسیدا لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییاندا.

دانپیانان بەڕووە لاوازەکانی ئەو بزووتنەوانەش لە حاڵەتی ئێستایاندا، مانای ئەوە نییە کە نکۆڵی لەپێویستی بوونی ڕەهای ئەو بزووتنەوانە بکرێت، هەروەک چۆن مانای ئەوەش ناگەیەنێت کە لەڕابردوویەکی بەسەرچوودا بمێننەوە و گیربخۆن، بەڵکو لەپێناو پشتگیریکردنە لە توانا ئازاد و داهێنەرەکان.

هەمووگەلانیش دوژمنێکی دیار و ئاشکرایان هەیە، ئەویش سەرمایەداری کەمینەیەکی مۆنۆپۆلیستی بەجیهانیبوو و ئیمپریالیزمی باڵادەستە، بەتەکیشییەوە کۆمەڵێک هێزی سیاسی هەن کە ئەمڕۆ لەخزمەتیدا وەستاون، ئەمەش بەواتای حکوومەتی سێکوچکەییەکان( کە بەردەوام ڕاست و چەپ لە هێزی هەڵبژاردنەکاندا، لیبرالیزم دەگرێتەخۆی)، بەتایبەتیش حکوومەتی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا (کە تیایدا لیژنەی دەسەڵاتدار بەهەردوو باڵی کۆماری و دیموکراسییەوە ئەو دیدگایەی کە بۆ ڕۆڵی باڵادەستی خۆیان هەیانە لەنێوان خۆیاندا دابەشی دەکەن)، هەروەها حکوومەتی چینە دەسەڵاتدارەکانی کۆمپرادۆریزمی سەربە وڵاتانی باشوور. کە ئەم دوژمنەش لە چوارچێوەی ستراتیژییەتێکی ئابووری، سیاسی، ئایدۆلۆژی، سەربازی هاوبەشدا دەجوڵێتەوە، کە کۆمەڵێک لیژنەی تایبەتیش بۆ خزمەتکردنی هەیە- ڕێکخراوی ئەوروپی بۆ هاوکاری و گەشەپێدان و بانکی نێودەوڵەتی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی و هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەنتیک و...هتد، هەروەها کۆمەڵێک (ناوەندی فیکری شوێنی کۆبوونەوە و بەیەکگەیشتنی هەیە وەک یانە لیبرالییەکان لەسەر شێوازی فۆن هایک و زانکۆ تایبەتەکان‌ و بەشە ئابوورییە تەقلیدییەکان)، کە چەندین بابەت دەخوڵقێنن و دروشمی ئاڵاو واڵا و بریقەدار لەو گوتارەدا فڕە دەدەن کە خۆی دەسەپێنێت، لەنموونەی: دیموکراسی و مافی مرۆڤ و (بەهەموو دەلالەتەکانییانەوە کە یاری پێدەکرێت)، لەگەڵ بەربەرەکانێی هەژاری و لەهەمان کاتیشدا زەقکردنەوەی هەندێک گرووپ و کۆمەڵە و شەڕکردن دژی تیرۆر و..هتد، و پێویستە ئەوەش وەبیربخەینەوە کە تائێستا، زۆرینەیەکی مەزن لە بزووتنەوەکان، و ئەو خەباتگێڕانەی کە چالاکن تیایاندا، لەئاستێکی نزمدا هەڵوێست وەردەگرن، یاخود بەڕادەیەک لەدرەنگی و دواکەتنەوە دێنە وه‌ڵام‌ و بەتوانایی و لێهاتووییەکی زیاتر یان کەمتر، لەئاست بەشەکانی ئەم ستراتیژییە یاخود ئەم گوتارەدا، و پێویستە لەسەرمان کە چڕکردنەوەیەک بۆ بارودۆخی ئەم پەرچەکردانە بکەین و بە چوونە پێشەوە لەڕێگای گوتاری تایبەتی خۆمان و ستراتیژی و ئامانج و زمانی تایبەتی خۆمان وەڵام بدەینەوە، کەچی تائێستاش ئێمە دوورین لەم شتە.

دوژمنیش بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکات ئاستەنگ بخاتە بەردەم پێشکەوتنەکانمان، ئەویش نەک بەتەنیا لەڕێگای دەستێوەردانی توندوتیژئامێز لەکاتی پێویستی (توندوتیژی پۆلیسی، و پاشەکشەکردن لە ئازادییەکان و دیموکراسیدا و پشتگیریکردنی تەیارەکانی فاشیزم و شەڕەکاندا)، بەڵکو بە ئاراستەکانیشی بۆ بەدەستهێنانی سۆزی بزووتنەوەکە بە ئامانجی هێشتنەوەی لە سنورێکدا کە خۆی دەیەوێت، واتا وەک بزووتنەوەیەکی ناسیاسی و لاواز و بێدەرەتان، لەکاتی ڕەتکردنەوەی ئەوەشدا کە پێشنیازمان بۆ کرد، ئایدۆلۆژیا جوڵانەوەییەکەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەم حاڵەتە، بۆیە لێرەدا پێویستە بەچاوێکی پشکێنەرانە و ڕەخنەییەوە بڕوانینە بزووتنەوەکان و شێوەکانی دیکەی ڕێکخراوەیی هاوشانی ئەو بزووتنەوانە،( بەشێوەیەکی تایبەتیش بزووتنەوە ناحکومییەکان کە مۆدێل کردوونی بە تاکە شێوازێک بۆ گوزارشتکردن لە کۆمەڵگای مەدەنی). ئایا ئەمە دەچێتە چوارچێوەی بونیادنانی ئەلتەرناتیڤەکان لە داهاتوودا؟ ئایا ئەمە یەکێکە لە ئامرازەکانی ڕژێم و سیستەم بۆ بەڕێوەبردنی بارودۆخ و شتەکان لە ئاستە گشتییەکانیدا، یان بەدەربڕینێکی تر، ئایا ئەمە ئامرازێکە لە دژی ئەلتەرناتیڤەکان"؟

بانگەوازی خۆمان ئاراستەی هەمووان دەکەین- بەخۆشمانەوە- واتە هەموو ئەوانەی کە لێرە و لەوێ دەجوڵێنەوە، و لەکاتی جوڵانەوە ناوخۆییەکانیشدا، یاخود لەگەڵ کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی جیهانیدا (بۆرتۆ ئالگێری)، یان کۆڕبەندە نیشتمانی و هەرێمایەتییەکاندا. هەروەها کۆڕبەندی جیهانی بۆ ئەلتەرناتیڤەکان لەلایەن خۆیەوە ڕۆڵی فاکتەرێکی پاڵنەر دەگێڕێت.... هتد، لە پڕۆسەی تێڕامان بۆ بەشداریکردن لە پێکهێنانی ستراتیژییەکی دژ، جەماوەری و کارا و خاوەن مسداقییەت.

  • 1