ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئێمە لەگەڵ هاوڕێ مەلا ئەحمەد یەکترمان ناسیوە لە ڕێگەی حزبەوە. دەربارەی هاوڕێ مەلا ئەحمەد لە کۆنەوە یەکترمان دەناسی، بەڵام دوای ساڵی ١٩٧٩ بە تەواوەتی یەکترمان ناسی، دوای تێکچوونی حزب لەگەڵ بەعس، بەعس هێرشی کردە سەر حزب لە بەغدا و هەتا کوردستانیشی گرتەوە. لەو هێرشە و ئەوەی بە بەر محەلی ئێمە کەوت، بە دەیان خەڵکمان لێ دەستگیر کرا و هەروەها قەزاکانیشی گرتەوە کە شیوعییەکان بوون.

هەروەک من خۆم شاردەوە لەو ماوەیەدا، دوو مانگ دواتر لە ڕێگەی حزبەوە گەیشتمە نێوزەنگان. ئەوە بوو ڕێکخراوەکانی حزب وردە وردە دەگەیشتنە لای ئێمە. لەوێ لیژنەیەکی محەلی پێکهات لە هەولێر و ئەندامانی لیژنەکە هاوڕێ مەلا حەسەن و مەلا ئەحمەد و هاوڕێ عەبدوڵا حاجی جەبار حەسەن و شەهید تۆفیق حەریری و ئەحمەد عەوێنە و ئەبوجنان و منیش(حەسەن کاکە).

دوای ئەوە کۆبوونەوەیەکی محەلیمان کرد، هاوڕێ مەلا حەسەن بە سکرتێر هەڵبژێردرا، ئەندامانی مەکتەبیش مەلا ئەحمەد و ئەبوجنان لە محەلی هەولێر ئیش دابەش کرا بەسەریاندا و هەر کەس چووەوە قەزای خۆی.

دوای ئەوە حزب مەفرەزەی پێشمەرگەی پێک هێنا لە هەموو کوردستان دا و بەشی هەولێریشی تێدا بوو. دوای پێکهێنانی مەفرەزەکان لەگەڵ کادیرانی حزب لە هەولێر، ئێمەش لەگەڵیان دەهاتینەوە خوارێ. 

هاوڕێ مەلا ئەحمەد قارەمان و زۆر چالاک و نەترس بوو، لەگەڵ مەفرەزەکان دەهاتە خوارەوە، بەڕاستی ئەو پیاوە بەو تەمەنەوە زۆر زۆر تێکۆشەر بوو، پێکەوە لەناوزەنگانەوە بە پێ دەهاتینە دەشتی کۆیە و بە بەردەوامی لەگەڵ مافرەزەکانی هەولێر لەگەڵمان دەمایەوە، پاشان ماوەی سێ مانگ دەگەڕاینەوە نێوزەنگان. بەڕاستی شۆڕشگێڕی مەلا ئەحمەد کە هەموو شیوعییەکان پەرۆشی ئەو کەڵەپیاوە بوون.

ڕێکخراوەکەی ئێمە شانازی بە شەهیدانی وەک هاوڕێ کۆچەر و سەفەر و دەیان هاوڕێی شەهیدی دیکە لە هەولێر و پێشمەرگە قارەمانەکانمان وەک شەهید سەفەر و هاوڕێ عەباس و بڕیار و هەموو ئەوانی دیکە کە هەموویان پەروەردەی ئەو ڕێکخراوە بوون.

لێرەدا دەمەوێت بە نوکتەیەکی خۆش کۆتایی بێنم، ئێمە بەرەو گوندی سێگردکان دەچووین، شەهید بەکر تەلانی بە مەلا ئەحمەدی دەگوت؛ مادام تۆ ناوت مەلا نەفتەیە، ئەگەر هاتینە سەر حوکم دەتکەین بە وەزیری نەوت!

  • 1