ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بەشی شەشەم 

پێم خۆشە لەم بەشەدا باسێك لەسەر ئەنارشیزم بكەم، ئایا دەتوانین هاوخەباتبین یان چەندێك بیروبۆچوونەكانمان لە ڕووی تێكۆشانی چینایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی نیولیبرالیزم لێك نزیكین یان دەتوانین پێكەوە بەرەی چەپ دروست بكەین، من نازانم.

ئەگەر بوونیان هەبێت بەتایبەتی لەگەڵ ئەنارشیزمە كۆمۆنیستەكان یان ئەنارشیستە شۆڕشگێڕەكان وەكو ئەوەی لەبەهاری عەرەبیدا بەتایبەتی لەگۆڕەپانی تەحریری میسردا دژ بە سیستمەی ستەمكاران و نیولبرالیزم بەشداری كارایان كرد. بەتایبەتی چەپە ئەنارشیستەكان و شوعییەكان و لیبرالەكان، دواتر گەنجە ئیخوانییەكان دەوریان هەبوو لە جۆشدانی شۆڕشی میسردا . 

(جۆن مالینۆ) دەڵێت وەك كەسێكی سۆشیالیست و ماركسیست پێویستە لەسەر گشت چەپ و سۆشیالیست و شۆڕشگێڕێك لەناو ئەو بزووتنەوانەدا كاربكات كە لەژێر كاریگەری ئەنارشیزمدان. بەگیانی هاوپشتی و هاریكاری و ئامادەیی بۆ فێربوون لەگەڵیاندا بێت هەر لەخودی ماركسەوە لە بزووتنەوە ئەنارشیزمەكانەوە چەندین شت فێربوون، بەڵام لەهەمان كاتدا پێویستە لەسەریشیان بكەونە گفتوگۆ و مشتومڕ و هەوڵدان هەتاكوو باوەڕ بە چالاكوانە ئەنارشیستەكان بهێنین لەبەرئەوەی هزری ئەنارشیزم چەندین خاڵی جەوهەری لاوازی تێدایە بۆ چارەسەركردن .

ئەنارشیزم لۆژیكێكی ئایدۆلۆژی بۆ ئەو توێژەی شێوازی ژیانێكی تایبەتیان هەیە، وەك توێژی لاوان كە زۆرینەیان لەهەژاریدا دەژین زۆربەی كات بێكار و بێ‌ شوێنی نیشتەجێن لەناوچە دوورەدەستەكاندا دەژین لە لێواری شارەكاندا كە سەرمایەداری دروستی كردوون و كرێی نیشتەجێبوون، خەتی تەلەفون، كێبڵی تەلەفزیۆن، پارەی ئاوو كارەبا و هەموو ئەمانە گران دەكەون، ئەو جۆرە كەسانە دەكەونە كەناری شارەكان و لەوپەڕی هەژاریدا دەژین، ئەنارشیزیم لای ئەوان هێمایە بۆ ستەمكاری نیولبیرالیزم .

(جۆن مالینۆ) دەڵێت ئایدایا ئانارشیستییەكان هەڵگری دەردێكی مەترسیدارن و دەبنە مایەی پراكتیكی نەزۆكانە لەخەباتی ڕزگاریخوازیدا لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی تەنیا ماركسیزم خۆی نیشاندەری ڕێَگەی كۆمەڵگەیەكی ئازاد و بێچینە لە داهاتوودا لەبەدیهێنانی ئەو كۆمەڵگایەشدا وەك ئامانجێكی كۆتایی ماركسیستەكان و ئەنارشیستەكان پێكەوە كاری بۆ دەكەن، دەبێت بەیەك چاو سەیری ئانارشیستی نەكەین، چونكە چەند فۆرمێكی جیاوازیان هەیە، ئەنارشستی تاكگەرایی هەموو جۆرە ڕێكخستنێك ڕەت دەكاتەوە چەند ڕێكخراوی جیاجیای ئەنارشیستی هەیە كۆمەڵە ئەنارشیستیش هەیە و بڕوایان بە خەڵك هەیە و بەچاوپۆشین لە چینەكەیان كۆمەڵە ئەنارشیستی كۆنیستیش هەیە. هەموو هیوا و ئۆمێدی خۆیان لەسەر چینی كرێكار هەڵچنیوە، ئەنارشیستی دەستەی جووتیارانیش هەیە لەسەر شێوازەكەی (ماخنۆ) لە سەروبەندی شەڕی ناوخۆی ڕووسیا دوای شۆڕشی ئۆكتۆبەر ڕابەری جووتیاران بوو لە ڕووسیا، ئەنارشیزمێك هەیە سەندیكا كرێكارییەكان ڕەت دەكاتەوە هەشە پشت بە سەندیكا كرێكارییەكان دەبەستێت، ئەنارشیزمی شۆڕشگێڕ تیرۆرست، ئاشتیخواز، سەوز هەیە.

هەندێك لەڕەوتە ئەنارشیستەكان ئەنارشیزمی سەندیكالیست و ئەنارشیزمی كۆمۆنیست هاوبەشی ماركسیزمن لەدانان بەڕۆڵی سەرەكی چینی كرێكار لەگۆِرینی كۆمەڵگادا، بەڵام ئەنارشیستەكان تەنیا چەند گوتەیەكی ئەبستراك دەربارەی ئازادی ڕەها دەخەنە ڕوو من لێرەدا بۆ ئەوەی دەخەمە ڕوو ئایا ئێمە چ جۆرە چەپێكمان پێویستە بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەین یان ئێمە بەهەمان عەقڵی ڕابردوومان بیر لە چەپ دەكەینەوە كە دەبێت باكگراوەندی ماركسیزمی هەبێت یان هەڵگری دیدگا فەلسەفییەكانی ماركس بێت یان چەپێكمان پێویستە كە لە كرداردا دژ بە سیاسەتی نیولیبرالزمی نۆی و ئیمپریالزمی نوێ‌ ڕەت بكاتەوە با پێوەرەكانی چەپ لە ئاستی ئەو گۆڕانە كۆمەڵگایەی كە دنیای گرتۆتەوە سەیر بكەین. پێویستە پێناسەیەكی گشتی بۆ هێڵە گشتییەكانی چەپ بكەین ڕەتكردنەوەی سەرمایەداری و بانكی دراوی نێودەوڵەتی و كەرتی تایبەت .

داكۆكی بكات لەمافی مرۆڤ و ئازادییە كۆمەڵایەتییەكان و سیاسییەكان و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و ژینگەپارێزی هەموو ئەو ڕێكخراوە مەدەنییانەی بڕوایان بەم چەمكانەیە هەیە جا هەر بیروباوەڕێكی ئاینی هەبێت لەو چوارچێوەیەدا خەبات بكات وەكو چەپی نوێ‌ مامەڵەی لەتەكدا بكرێت هەروەها هەندێك لەوانەی خۆیان وەك ماركسیست ناساندووە لەڕووی تێگەشتنیان زیاتر لەسەر سەلەفێتی ئاینییەوە نزیكن هەندێكیان دەرگیری كۆمەڵە ئایدیایەكن هیچ سەروكاریان بەواقعە تازەكەوە نییە و ناتوانن لەگەڵ ئەو جۆرە كۆمۆنیزمەدا بچینە بەرەیەكەوە چونكە ئاراستەی تیكۆشانەكەمان دەگۆڕێت، خەباتەكەمان لەباردەبات، ئێمە پێویستمان بە چەپێكی كراوە و فرەڕەهەندە، پێویستمان بە چەپێكی كۆمەڵایەتییە كە بتوانێت برەو بەكاری سەندیكایی بدات و لەئاستی داخوازییەكاندا بێت هەلومەرجی كاركردن و بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییە كۆمەڵایەتییەكان هەلومەرجی ژیان، لە ژینگەی پڕ لە هەژاری و نەداری و ناعەدالەتی چاكتر بكات بەرەو پێشیان بەر بێت و داكۆكیان لێ‌ بكات بە كردار بۆ ئەم كارە پێویستمان بە چەپی لیبرالیش دەبێت لەپێناو ئازادییە تاكەكەسییەكاندا بە هەموو ڕەهەندە (ئاینی و ڕەگەزی و سیاسییەكانەوە)، هەروەها پێویستمان بە چەپی كۆماریش دەبێت لەپێناو چەسپاندنی بەهاكانی هاووڵاتی بوون و ژیانی هاوبەشدا، هەروەها پێویستمان بە چەپی كەمینەكانیش هەیە.

  • 1