ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕۆژی 9ی ئەم مانگە "مایك بۆمپیۆ"ی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، دوای سەردانی بۆ بەغدا هاتە هەولێر و لەگەڵ بەشێك لەبەرپرسانی حكوومی و حزبی كاربەدەست لە هەولێر كۆبووەوە. لەپاش ئەویش وەزیری دەرەوەی ئێران "محەمەد جەواد زەریفی" دوای بەغدا تەشریف دەهێنێت و هەمان كاردەكات، ئەوەش لەكاتێكدایە كە:

یەكەم: ئەمریكا و ئێران لە ململانێیەكی توندان بەتایبەتی كە لە چەند مانگی ڕابردووەوە ئەمریكا ئابڵوقەیەكی توندی ئابووری خستۆتە سەر وڵاتی ئێران.

دووەم: ئەمریكا لە پێداچوونەوەی سیاسەتی دەرەوەیدایە بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بنەماكەشی لە وتارەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەركەوت كە لەسەرەتای ئەم مانگە لە قاهیرەی پایتەختی وڵاتی میسرەوە ڕای گەیاند و ناوەڕۆكەكەشی ئەوەیە كە هیچی دیكە ئەمریكا هێزێكی دوو دڵ و ڕاڕا نییە!

هەردوو وڵاتی ئەمریكا و ئێران لەبەردەم پڕۆسەی ڕیفراندۆم ڕاوبۆچوونەكانیان هاوئاوازبوون لە دژایەتیكردن و لەباربردنی ئەنجامی ڕیفراندۆمەكەی خەڵكی كوردستان، بەڵام ئێستاش كە ڕوو لەكوردستان دەكەن دەبێت ئەو ڕاستییانە بزانیین كە:

1- ئەمریكا بەو هاتنەی دەیەوێت بە بەرپرسانی دەستڕۆشتووی هەرێمی كوردستان بڵێت كە دەبێت پابەندی سیاسەتی ئەمریكابن لە ئابڵووقەدانی دەوڵەتی ئێران.

2-جەختكردنەوە لەوەی ئەمریكا دەیەوێت كە هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی عێراق بمێنێتەوە و دەبێت ئەو ناوچەیە تێكنەدرێت و پەلەبكرێت لە پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم.

3-جەختكردنەوە لەوەی كە هەرێمی كوردستان یەكێكە لەهاوبەشەكانی شەڕی دژە تیرۆر و ئەمریكا، لە حاڵەتی پێداچوونەوەش بەسیاسەتی ئەمریكا جارێكی دیكە و بۆ ماوەیەكی دیكە هەرێمی كوردستانی چوارچێوەی عێراق بەهاوپەیمان دەمێنێتەوە.

ئەو هەنگاوانەش پێشووتر لەڕێگەی "بریت ماكگۆرك"ەوە دەنرا و ئێستا وەزیرەكەی دەرەوەی ئەمریكا ئەو كارەی بەخۆی كرد، تەنانەت پێش هاتنی وەزیرەكەی دەرەوەی ئێران.

لەبەرانبەردا هاتنی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەولێر لەڕێگەی بەغداوە، چەندین پەیامی دیكەی پێیە:

1-بیرهێنانەوەی هەرێمی كوردستان كە سنوورێكی زۆرمان پێكەوە هەیە و لەم دۆخە سەختەی ئابووری ئێراندا دەبێت نەچنە بن باری سیاسەتی ئەمریكا. دەبێت ئەو بازرگانییەی كە لەنێوانماندا هەیە و ساڵانە بە بڕی شەش ملیار دۆلار كاڵای ئێرانی لە هەرێم ساغ دەكرێتەوە، درێژەی هەبێت.

2-ئێران مەرجەعی ڕێككەوتنی حزبە كوردییەكان بێت بۆ گفتوگۆ و بەدەستهێنانی داواكارییەكانی حزبە دەستڕۆشتووەكان لە ئێران و هەركاتێك لە خاڵی یەكەم دەربچێت ئەوە لەبەغدا هاوكێشەی پەیوەندییەكان ئاڵۆز ببێت.

3-پاراستنی ئارامی سنوورە هاوبەشەكان لەگەڵ ئێران و پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینەیەكی حكوومی تازە لەهەرێم كە دژ بە ئێران نەبێت و نەرم نەكێشێت بۆ ئەمریكا.

4-بەردەوام بوون لە هاوپەیمانی و پاڵپشتی حزبە دەستڕۆشتووەكانی هەرێم و شیعەكان و پاڵپشتیكردنی گرووپە نزیكەكانی ئێران.

بێگومان چەندین مەبەستی دیكەی شاراوە كە بەرپرسانی هەرێم و میدیای نزیك لێیان لە هاووڵاتییانی هەرێمی دەشارنەوە. لەو نێوەندەدا گرنگ و مەبەستە كە دەبێت لەلایەك زانیاری تەواو بخرێتە بەردەم هاووڵاتییانی هەرێم كە چی دەگوزەرێت ژێربەژێر و لەولاشەوە گرنگە كە هەرێمی كوردستان نەخرێتە نێو گێژاوی ململانێ ناڕەواكانی جەنگ و ئابڵووقە كە ئەزموونی ئابڵووقەی سەر عێراق لەنەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو سەلماندی تەنیا و تەنیا خەڵك زیانی پێدەگات نەك دەسەڵاتداران.

مەترسی ئەو كارانەش لە كاتێكدایە كە نە پەرلەمانی كوردستان كارایە و نە كابینەی تازەی حكوومەت دروست كراوە و نەپەیوەندی نێوان حزبە سیاسییەكان لەئاستێكدایە كە هەڵوێست و كاری هاوبەش لەئارادابێت بەرانبەر بەو پرسە چارەنووسسازانە لە ڕۆژگارێكی تەواو ئاڵۆزدا. بۆیە هەرچی زووە دەبێت پەلەبكرێت لە كۆتایهێنان بە پرسی سەرۆكایەتییەكانی پەرلەمان و حكوومەت و پێكهێنانی كابینەی تازەی هەرێم.