ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 بەشی دووەم

ڕەخنە و ڕەخنە لەخۆگرتن بۆچییە ؟

ڕەخنەگرتن لەهەر ڕێکخراوێک یا هەر حیزبێک بۆ وەدەرهێنانی کرچوکاڵی و کەموڕییەکانی ئەو ڕێکخراوە یان ئەو حیزبەیە ، نەک  پێناسەکردنەوەی هەمان بڕوا و بۆچوونی پێشوو بەڵام لەژێر ناونیشانێکی تردا.

ڕەخنە لە خۆگرتن ئەبێت بەمەبەستی ئەوە بێت کەئەم ڕێکخراوە ناکرێکاری  نا کۆمۆنیستیە بەرەو ئاستی  هەڵگرتنی ئاسۆو پەیامی ڕێکخراوێکی کرێکاری و کۆمۆنیستی ببرێت تا چینی کرێکار بتوانن بەهۆی ئەو ڕێکخراوە یان حیزبەی خۆیەوە بتوانێت  خەبات و کردەی شۆڕشی چینایەتی خۆی بەرێتە پێشەوە، ئەگەر بۆ ئەوە نەبێت ئەی ئەبێت ڕەخنە لەخۆگرتن لە پێناو چیدا بێت؟ بەڵێ بۆ ئەو (منصور حکمت) ئەبێ لە پێناوی بەرژەوەندی  و خواستی چینایەتی خۆیدا بێت جیاواز لە بەرژەوەندی چینی کرێکار.

ڕەخنە لە خۆگرتن بۆ ئەوە نییە کە سیاسەتی ڕیفۆرمیستی و سەندیکالیستی و سۆشیال – دیموکراتی ئاڕاستەی ناو سیاسەتی ڕێکخراوە یەکی نا کرێکاری یا حیزبێکی ناکرێکاری بکرێت و تەکانێک بە ئاڕاستەی گۆڕانێکی ڕاست ودروستی خەباتی چینی کرێکار بەرجەستەبکات.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وەک حیزبێکی کرێکاری نابینرێت ، بەڵکو وەک حیزبێکی ووردە بۆرژوازی چاولێئەکەین، وە ئەگەر ئێمەش ڕەخنە لە جەوهەری حیزب بگرین ئەبێ هەوڵ بدەین بگەڕێین بۆ خاڵە لاوازەکانی حیزب و بۆچوونە ووردە بۆرژوازییەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ئەگەر وانییە ئەی بۆچی ئەبێت ئێمە شێوەیەک لە ڕەخنەی دڕۆزنانە بگرینەبەر کە هەمان جەوهەر و هەمان تێڕوانینی پێشوو بێت بەڵام بە سەوز و سوورییەکی ترەوە باسی لێبکەین."کە شۆرشی پڕۆلیتاریا مومارەسەی ڕەخنەلەخۆگرتنی کرد لە پێناو گەشەی تایبەتی خۆیەتی ." [مارکس].

ئەگەر ڕەخنە لە خۆگرتن لە پێناو گەشەی تایبەتی چینی کرێکار نەبێت نە ڕەخنەیەکی کرێکارییە و نەناوەڕۆکی ڕەخنەیەکی کۆمۆنیستییە، وە هەر خودی ئەم ڕەخنەیەش ئەبێتە هۆی زیاتر لاوازکردنی هێز و توانای ڕێکخراوەیی ئەو چیینە لە ئاکامدا بە قازانجی چینی بۆرژوا ئەگەڕێتەوە کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا خزمەت گەیاندنە بە دەسەڵات و سیستەمی بۆرژوازی ، هەروەها (لینین) ڕەخنە و ڕەخنە لە خۆگرتنی عبارەت کرد بەمەبدەئێکی گرنگ لەکاری حیزبی کۆمۆنیستیدا.

ڕەخنە لە خۆگرتن ئەگەر ئاستی ڕێکخراوبوونی چینی کرێکار نەباتە ئاستێکی بەرزتر یا پلەیەکی سەرووتر ئەوا ئەو ڕەخنەیە ڕەخنەیەکی نا واقعی و نامادی ئەبێت، خۆی لە خۆیدا ڕەخنەیەکی سەروبەر میتافیزیکیانە و ئایدیالیستیانە و خەیاڵ پەزێری ئەبێت.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە چەند خەت و باڵی جیاوازی لەیەکتری تێدابووە و تێدایە، باڵێک لەم باڵانە هاتووە لەژێر ناوی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا خۆی دەرخستووە ، ئەمان بە مەبەستی خۆیان هاتوون ڕەخنە لە باڵەکانی تری ناو حیزب ئەگرن گوایە ئەمەیان بۆ ئەوە کردووە لەبەر ئەوەی کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران حیزبێکی ووردە بۆرژوازی بووە، وە هەر بە بڕوای کۆمۆنیزمی کرێکاری ئەوان بەرامبەر بە حیزب بە حسابی خۆیان بۆ تەواوکرێکاری کردنی حیزب هەوڵیانداوە ...... بەداخەوە ئەمان تەنها گرنگیان بە گۆڕینی شێوازی دەرەوەی ناونیشانەکان داوە نەبۆتە هۆی گۆڕینی یا نەبۆتە هۆی ڕەخنەگرتنێکی جەوهەری لە ناوەڕۆکی (مارکسیزمی شۆڕشگێری ئەوان) مەبەست لە باڵەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە لەژێر ناونیشانی مارکسیزمی شۆڕشگێردا کاریانکردووە ، دەستکاریکردنی  شکڵ و شێوەی دەرەوەی ناونیشانەکان هەموو شت نییە .ناتوانێت دەربڕی گۆڕانی ناوەڕۆکی سیاسی و هزری چینایەتی نەبێت ، کاتێک هەڵگری ماکی گۆڕانی کۆمۆنیست بوون بە دیدێکی کۆمۆنیستیی زانستی نەبێت.بۆ بەتەواو کرێکاری کردنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ئەبێت ڕابەڕایەتیکردنی ئەو حیزبە بەدەست چینی کرێکار خۆیەوە بێت، وە تێۆرییەکانی تەواو تێورییەکی کرێکاری کۆمۆنیستی بێت بە بارودۆخی ڕاستەوخۆی  کۆمەڵگا،  ڕەخنەکان لە جۆری سیستەم و شێوازی بەرهەم هێنانی کۆمەڵگا ، لە بناغە پاییەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری ، ڕەخنەیەکی کڕێکاری و کۆمۆنیستی زانستی بێت و دوور لە ڕەخنە و هەموو جۆرە گلەییەکی ووردە بۆژوازییانە بێت،  نەبێت بەئامانج و بەخاتری بەدەستهێنانی جۆرێکی زیاتری ئەو ئیمتیازاتانەی کە هەیانە بەکاربهێنرێت، هەر کاتێک کە سەرەتا لە خوێندنەوەی مانفێستەوە دەستپێبکەین تا ئەو کاتەی ئەگەینە تەواوبوونی خوێندنەوەی هەموو کەلتورەکانی مارکسیزم- لینینزمەکان هەر هەموویان جەخت لە دروستبوونی ڕێکخراوەیەکی کرێکاری بە دسپلینێکی تەواوە وە دەکەن.

کۆمۆنیستەکان بەرامبەر بە هەموو کرێکاران هەڵوێستیان چییە؟ "کۆمۆنیستەکان حیزبێکی جیاواز بەرامبەربە باقی حیزەبەکانی چینی کرێکارنین، ئەوان هیچ قازانج و بەرژەوەندیەکی تایبەتی و جیاوازلە قازانجی هەمووکرێکارانیان نییە، ئەوان هیچ چەشنە ئوسولیەکی فیرقەیی ناهێننە کایەوە کە بەو ئوسوڵە بزووتنەوەی کرێکاری بخەنە قاڵبەوەز" (مانیفێست ل٤٨ وەڕگێڕ _ڕێبوار_ )

بەڵێ ئەمە ئەبێ بە تەواوی بخرێتە دەستوری کاری ڕێکخراو یا حیزبە کۆمۆنیستیەکان و کرێکارییەکان، ئایا ئەم شێوە نەریتە لە دەستوری کاری ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمۆنیزمی کرێکاریدا هەیە؟ ئەگەر هەیە ، کەواتە بۆ ئەبێت ئەو ڕێکخراوە کرێکاری نەبێت یا ئەو حیزبە کرێکاری نەبێت؟

بێگومان هەموو ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ناتوانن ئەم جۆرە ئوسوڵەی سەرەوە بخەنە دەستوری کارییانەوە ، لەبەرئەوەی ئەم جۆرە لە تێڕوانین و نەریتە لە دژی بەرژەوەندی چینایەتی ئەوانە، لەبەرئەوەی ئەوان وەک ئەوەی کە هەژماریان (لە چوارچێوەی پەیوەست بە چینی کرێکارەوە ) بۆ بکەیت و بە بەرژەوەندی جیاواز نەکراوە یان بۆ بکرێتە بنەمای چینایەتی یان بخوێنێتەوە ( ناتوانیت پێی بڵێیت ئینسانەکانیان ووردەبۆرژواز نین).

بەڵێ ئەوان هەریەکەیان  یا مانیفێستیان نەخوێندۆتەوە، یا مانیفێست کە بناغە و پایەی خۆی هەیە بۆ بەرنامەی کرێکاری لەهەموو سەردەمە جیاوازەکاندا لەگەڵ بەرژەوەندی چینایەتی ئەواندا هاوسەنگ نیە، ئەمان هەر دەستڕاکێشرانێکی بۆ دانراوە کلاسیکەکانی (مارکسیزم- لینیزم) یا هەر پەنا بردنێک بۆی بە ئاکادمیست ناوت لێدەنێن، ئەویش بە خاتری ئاگادار نەبوونی دەوروبەریان بە تەواوی لە کردەو تێڕوانین و هەڵوێست و دەستی ووردە بۆرژوازی و بۆرژوازیانە یان لە تێڕوانینە ڕیفۆرمیستییەکانیان بەرامبەر بە جموجۆڵ و خەباتی چینایەتی چینی کرێکار.

بە تێڕوانینی من ئاوا دەست بۆ کەلتورەکانی مارکسیزم دەبەم لەم سەردەمە ولەهەر سەردەمێکی تردا بێت بە شێوەی  پەیوەستی بوونی کەلتورەکانی مارکسیزم لەگەڵ واقعی عەینی ئەمڕۆی دنیادا وەک مۆمێک بێت بە قاڵبی ئەمرۆکەی دائەڕژێمەوە،چونکە دیدی ماددییەتی دیالەکتیکی بەپێی سەردەمەکان و  ئاڵوگۆڕەکانی دنیای هاوچەرخ لە گۆڕاندایە، بەڵام ئەوەش نییە کە کەلتورەکان هەندێک لە ئەسڵ و بنەمای تیۆریاتەکانیان لەدەستدابێت.

بەڵێ ئەمانە بە هێنانەوەی ڕستەیەک یا ووشەیەک لە کلاسیکەکانی مارکسیزم ئەبێتە بۆمبایەک و بەڕووی ووتەکانیاندا ئەتەقێتەوە وە ئەبێتە هۆکارو پارچەپارچەکردنی هەموو ووشەیەکی نا کرێکاری و نا کۆمۆنیستیان لەم دنیا بێبەرابەریەدا ئەگەر مارکس بمایە و تێزەکانی ناو مارکسیزمی شۆڕشگێر و ئەم کۆمۆنیزمە کرێکارییەی ئەوانی بخوێندایەتەوە ،  وەک چۆن ئەو ئینسانانەی یان ڕێکخراو و گرووپ و حیزبانەی کەلە ساڵەکانی ١٨٤٨- ١٨٥١ دا بە ووردە بۆرژوا و دیموکراتەکان ناو ئەبردن ، هەربەوشێوەیە بۆ جارێکی تر لەسەردەمێکی تردا ئەکرد بەناونیشان بۆیان لەبەرئەوەی جۆرێک لە تێڕوانینی ڕیڤیژنیستی و ڕیفۆرمیستی و سەندیکالیستی ئەمانەی لە تەواوی تێزەکان و بۆچوونەکانیاندا ئەبینێ.

  (منصور حکمت) لە وەڵامی پرسیاری سێیەمدا وە لە بەشێک لەو وەڵامەدا ئاوا باسی گۆڕینی جەوهەری حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دەکات ( کۆمۆنیزمی کرێکاری بە جێگای ووشەی کۆمۆنیزم بەکار دێنم ،چونکە ئێستا ئیتر ئەو خەسڵەتە چینایەتییە تایبەتە ناگەیەنێ کە لە کاتی بڵاوکردنەوەی مانیفێستی کۆمۆنیست لە ساڵی ١٨٤٨ دابووی)[جیاوازییەکانی ئێمە ،ل -٦-]

گریمانمنصوری حکمت کۆمۆنیزمی کرێکاری بە کۆمۆنیزمی سەردەمی مارکس داناوە و دراوی ئەم بیردۆزە، ئەوەیە کە ئایا کۆمۆنیزمی کرێکاری بەتەواوی تا چ ئاستێک و بەچ رادەیەک پەیوەستن بە تێزوخەباتی چینی کرێکارەوە لە چ ناوەندێکی چینایەتی ئەم دنیایەدا کاردەکەن، مەبەستم توێژ و چینەکانی ناو کۆمەڵە ئەگەر باڵی کۆمۆنیزمی کرێکاری بە ناوەندی چینی کرێکارە وە پەیوەستن ئەوا تێزەکانیان تا چ ئاستێک لە حاڵ و وەزعی چینی کریکار دەدوێ،وە تا چ ئاستێک دوورە لە هەموو لادانێک و تێکەڵ و پێکەڵکردنی باڵی بۆچوونی ڕیڤیزینزمی و ڕیفۆرمێزمی و سەندیکالیزمی ، بەکورتی تێزی ووردە بۆرژوازی دیموکراتیک ، وە ئەمە خۆی لە خۆیدا وەک سەلماندنێک ئەیەوێت ، کە نەبوونی تیزی ووردە بۆرجوازی دیموکراتیکی تیایاندا، ئەگەر ئەم تێزەی تیادانییە ئەوا سەلماندن و ئەنجامی ئەوێت ، وە ئەگەر تێیدایە ئەوا هەر سەلماندنی ئەوێت ، ئەویش لە بەشەکانی تریدا بە جیا لەیەکتریباسی لێئەکەم .

ئێمە لەسەر ئەوەی کە هەنگاوێک بڕوێنە دواوە و سەیری بکەین (مارکس) کە تا چ ئاستێک و بۆچی دەستی کردبەوەی تێزەکانی پێش خۆی و ناونیشانەکانی تری پێش خۆی گۆڕی بۆ کۆمۆنیزم تەنها بە ناو نیشانەوە نەوەستا لەبەرامبەر ئەوفرەجۆرەی سۆشیالیزمی بۆرژوازی و بە گشتی سۆشیالیزمە خەیاڵییەی سەردەمی خۆی دەرخستبوو ، جیاوازی تێزوتێوری و پێگەی چینایەتی سۆشیالیزمەکەیان دابووە دواوە . (ئەنگلس) لە پێشەکی بۆ چاپی ئەڵمانی لە ساڵی ١٨٧٢ دا ئەڵێ" هەر چەند لەم بیست و پێنج ساڵەدا (واتە لە ساڵانی ١٨٤٧- تا ساڵی ١٨٧٢) لەوانەیە بارودۆخ گۆڕابێ، هێشتا ئەو ئەسڵە عمومیانەی کە لەم مانفێستە باسکراون،بەتێکڕا وەک هەمیشە دروستن، هەندێک شوێن دەستکاری هەڵدەگرن بەڵام جێبەجێکردنی ئەم ئوسوڵە هەر وەک لە خودی مانیفێستیشدا باسکراوە، هەمیشە لەهەموو شوێنێک بە گوێرەی ئەو بارودۆخە مێژووییە دیاریدەکرێت کە ئەو کاتە لە ئارادایە ، هەر بۆیەش ئیسرارێکی تایبەتی نییە لەسەر ئەو هەنگاوە شۆڕشگێڕیانەی کە لە کۆتایی فەسڵی دووهەمدا باسکراوە، (واتە فەسڵی دووهەمی مانفێست ." (مانفێست – ئەنگلس – مارکس، ل٢ ، وەرگێر(ڕێبوار)

هەروەها ئەنگلس لە پێشەکی بۆ چاپی ئینگلیزی ساڵی ١٨٨٨دا ئەڵێت "بەڵام هێشتا سەڕەڕای ئەمانەیش مانفێست بەڵگەیەکی مێژووییە کە ئیتر ئێمە ناتوانین دەستی تێبەرین ." مانفیست – مارکس- ئەنگڵس .

بەڵێ تەواو ڕاستە کە ئیتر دەستوەردان لە مانیفێستەوە تەواو لادانە، یا ناونیشان گۆرانەکان بۆ ناوەکانیان یا جۆری بەکارهێنانی ناوەکان لە مانیفێست تەواو لادانە.

چونکە مانیفێست ئەمرۆش وەکو ناوەڕۆک و وەکو تێۆری و وەکو ئایدۆلۆجێتی چینی کرێکار لەسەردەمی ئێستاماندا جێگە و شوێنی تایبەتی لە بەرنامە و ئایدۆلۆجێتی شۆڕش کرێکاریدا هەیە لە شکڵ گرتن بەرامبەر بە ڕێکخراو حیزبە  ناکرێکارییەکان لەسەرتاسەری دنیادا.

بەڵێ" ئەوانە دەیانتوانی نێوی بنێین مانفێستی سۆشیالیستی ئاخر لە ساڵی ١٨٤٧ دا دوو جۆر لە کەسان بە سۆشیالیست دەناسران لە لایەکەوە لایەنگرانی ڕێبازوڕەوشتی جۆراوجۆری خەیاڵی بەتایبەت لایەنگرانی (ئوئین) لە ئینگلستان وە (فوریە) لە فەرەنسا کە هەر یەکێکیان ئەو کات ببونە فیرقەی بچوک و بەرتەسک و خەریکبوون دەتوانەوە لە لایەکی ترەوە ئەنواعی چاوبەستکەرانی کۆمەڵایەتی کە دەیانویست بێ ئەوەی زەرەر و زیانێک لە سەرمایە و سود بکەوێ،  هەموو جۆرە مەینەتییەکانی کۆمەڵ بە ئەنواعی دا و دەرمانی چاری هەموو دەردێک ،وە هەموو جۆرە پینە و پەڕۆیەک چار بکەن ، لە هەردوو حاڵیشدا کەسانێک بوون لە دەرەوەی بزوتنەوەی کرێکاریدا،کەسانێک بوون کە زیاتر چاوەڕوانی یارمەتی چینە (خوێندەوارە)کان بوون. بەڵام ئەو بەشەی لە چینی کرێکار کە داواکاری ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی کۆمەڵ بوون و ساغبوون لەسەر ئەو باوەڕە کە شۆرش هەر تەنیا سیاسی ڕەسایی ناکات ئەو کات بە خۆیان دەگوت[کۆمۆنیست] ئەم کۆمۆنیزمە هێشتا هەر کۆمۆنیزمێکی غەریزی و ناپوختو وناکڵۆکار بوو ،فەریک و هەندێک جار کاڵ و خاو بوو، گەرچی بەو ئەندازەیەش لەناو چینی کرێکاردا بەهێز بوو. " (مانفێست:مارکس– ئەنگلس ، پێشەکی بۆ چاپی ئەڵمانی ١٨٩٠ وەرگێر ڕێبوار-)

ئەم هەموو خاسیەتەی سەرەوە کە لە دەستوری کار و تێزەکانی باڵی کۆمۆنیزمی کرێکاری و باڵی مارکسیزمی شۆڕشگێری حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندایە، باڵی مانفێستی حیزبی کۆمۆنیست ئا لەو سەردەمەی خۆیدا یەک بەدیل(ئەلتەرناتیف) و بەرنامەی کرێکاری کۆمۆنیستی بووبەرامبەر بە هەموو سەرمایەداری و سۆشیالزمە خەیاڵی (تسوبی)یەکانی سەردەمانی خۆیدا و هەر ئەوکات ڕایگەیاند بۆ کرێکاران کە ئەبێت کرێکاران ڕێکخراوی حیزبی سەربەخۆی خۆیان هەبێت و تێڕوانینێکی ماددیان بۆ پەیوەندی کار و سەرمایە  لە  پرۆسەی بەرهەمهێنان وە بۆ جۆری تێزەکانی ناو باڵ و فیرقەی جیاوازی ناو پەیوەندی حیزب و ڕێکخراوە ناکرێکاریەکان هەبێت بۆ ئەو ئینسانانەی کە خۆیان بە کۆمۆنیست ئەزانن هیچ جۆرێک لە تێز و کاری ووردە بۆرژوازیانە لە زەین و لە کرداریاندا نەبێت، وە شەرمەزارییە بۆ ئەو ئینسانانەی کە هەڵگری تێزی ووردە بۆرژوازین ، وە کار و کردەوەی پێئەکەن و ئەیانەوێت بیخەنە زەین و کرداری کرێکارانەوە ئەمیش بۆڵێک هەڵنەوەشاندنەوەی خاوەندارێتی (سەرمایەداری) بە کورتی و پڕی بۆ ئاو کردنیان بە ملی ئاشی بۆرژوازیدا.

 

٢٤/ ٨ /٩٩١

فارس – (ن . ف . عبداللە )     

نەجمەدین فارس حەسەن