ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەو كاتەی ترامپ بەبێ دیدار و ڕێككەوتن لەسەری ساڵی 2019دا هاتە ئەنبار و چاوی بە سەربازانی وڵاتەكەی كەوت و هیچ دیدارێكی فەرمی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێم ئەنجام نەدا، پەیامێكی گەیاند كە لێرەوە و بەبێ پرسی لایەنە عێراقییەكان لە حەوشەی ماڵەكەی خۆمدا ڕووبەڕووی ئێران دەبمەوە!

كە وەزیری دەرەوەشی ناردە هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە پەیامێكی ڕاگەیاند كە بۆی هەیە كورد لە سەنگەری مندان بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران و پێویست بە لایەنە عێراقییەكان نابێت بۆ ئەو مەبەستە. دیارە تارانیش هەروا بە ئاسانی دەستبەرداری باخچەی پشتەوەی ماڵەكەی نابێت كە ناوی عێراق و سەدان باخەوانی عێراقی هەیە لەو باخچەیەدا.

ئەو پێشهاتانە وایكرد ڕەوتی ململانێیەكە زیاتر بێت، ئەمریكا سوپاكەی لە ڕۆژئاوای كوردستان بەرەو عێراق دەكشێنێتەوە و گرووپە جیاجیاكانی عێراقیش پەنا بۆ هەڵوەشانەوەی ڕێككەوتنیان دەبەن لەگەڵ ئەمریكا. تازەترین پێشهاتیش هەردوو بەرەكەی شیعەی عێراق وادەردەكەوێت كە كۆدەنگن لەسەر هەڵوێستیان بەرانبەر بە بوونی ئەمریكا لەعێراق، بەتایبەتی دەگوترێت دوای سەردانەكەی "موقتەدا سەدر" بۆ لوبنان و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی حزبوڵَای لوبنانی هەڵوێستەكانی دیارتر و ڕاشكاوەترە لەبەرانبەر بوونی سوپای ئەمریكا لە عێراق.

لەوبارەیەوە "سەباح ساعدی" یەكێك لە دیارترین نوێنەر و لایەنگری موقتەدا سەدر لە كۆتایی هەفتەی ڕابردوو ڕای گەیاند كە "ڕەشنووسی یاسای هەڵوەشانەوەی ڕێككەوتنی ئەمنی و هەڵوەشانەوەی بەشی سێیەمی چوارچێوەی ڕێككەوتنی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریكایان، پێشكەشی پەرلەمان كردووە". هەروەها ناوبراو ڕای گەیاندووە كە "ناوەڕۆكی ڕەشنووسی ئەو یاسایە بریتییە لە كۆتاییهێنان بەهەبوونی سوپای ئەمریكا لە عێراق و ڕێگریكردن لە هەبوونی بنكەی سەربازی ئەمریكایی لە عێراق و تەنانەت كۆتایهێنان بە هەبوونی ڕاهێنەر و ڕاوێژكارە سەربازییە ئەمریكایی و بیانییەكان لەسەر خاكی عێراق لە ماوەی یەك ساڵدا". هەر بە پێی ئەو پڕۆژە یاسایە ئەگەر حكوومەت پێویستی بە ڕاهێنەر و ڕاوێژكاری سەربازی بوو ئەوە دەبێت بە زۆرینەی ڕەها ئەو بڕیارە وەربگرێت. پێشكەشكردنی ئەو ڕەشنووسی یاسایەش سەرۆكایەتی پەرلەمان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی و دەبێت ڕەشنووسەكە پێشكەشی لێژنەكانی بەرگری و یاسایی و پەیوەندییەكانی دەرەوە بكات لە پەرلەمان بۆ ئەوەی ڕێكارە یاساییەكانی دەست پێبكات.

شایەنی باسە نەك هەر لایەنگرانی لیستی سائیرون لە پەرلەمان، بەڵكو هەموو لیستە شیعییەكانی دیكەی فەتح و قانوون و ئەوانی دیكە كۆكن لەسەر دەرچوونی ئەو یاسایە. ئەوەتا پەرلەمانتار عەمار تەعمە لە لێژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراقی دەڵێت: "زۆرینەی پەرلەمانتاران كۆكن لەسەر یاسای نەهێشتنی تەواوی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عێراق و تەنانەت هێزە عێراقییەكان توانای تەواویان هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەرەكان و پاراستنی خاكی عێراق لە تیرۆر و تیرۆریستان". هەروەها پەرلەمانتاری ناوبراو ڕای گەیاندووە كە لێژنەكەیان داوای ڕوونكردنەوەی كردووە لەبارەی پاشەكشەپێكردنی هێزە ئەمریكاییەكان لەسوریاوە بۆ عێراق و ئەو ماوەیەی تیایدا دەمێننەوە. ئەوەشی خستۆتە ڕوو كە ئەوان بە هەموو شێوەیەك دژ بە مانەوەی ئەو هێزانەن لەعێراق و نابێت سەربازگەی خۆیان هەبێت، تەنانەت لەو ماوە كورتەی كە بۆی هەیە لە عێراق بن دەبێت لەنێو سەربازگەكانی سوپای عێراق و لەژێر چاودێری سەربازە عێراقییەكاندابن". هەروەها بەپێچەوانەی ئەمریكاوە عێراق پێی وایە بەهیچ شێوەیەك ڕێگانادات خاكی وڵاتەكەی بۆ هێرش و پەلاماری سەر وڵاتانی دراوسێ بەكاربهێنرێت. 

لەلایەن خۆشیەوە هادی عامری و بەشێك لە سەركردایەتی گرووپەكانی حەشدی شەعبی بەئاشكرا ڕایان گەیاندووە لە هەر شەڕێكدا كە لە نێوان ئێران و ئەمریكا ڕووبدات ئەوان لەپاڵ ئێران دەبن و دژ بە هێزە ئەمریكاییەكان شەڕ دەكەن. ئەوەش بۆ خۆی مەترسییەكی گەورەیە بۆ ئەمریكا كە ئەزموونی یەمەن دووبارە بێتەوە، بەڵام دووبارە بوونەوەی ئەزموونی یەمەن لە عێراق پێویستی بە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی هاوپەیمانییەكی سونەیە لەناوچەكە. یەكێك لە ئەگەرەكان ئەوەیە كە ئەگەر توركیا لەگەڵ ئەمریكا لەسەر سوریا ڕێكبكەوێت دەبێت دەوری سعودیە نەبینێت بۆ ئەمریكا لەیەمەن؟!

  • 1