ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كەركووك لەناو بێدەنگییەكی كشوماتدایە، دەڕوانێتە حكوومەتی فیدراڵی بەغدا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چاوەڕوانیش دەردێكی كوشندەیە، سەیركردنیشی سواڵكردنە.

لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئەم شارە كە ساڵَێك و چوار مانگە غەرقی گەندەڵییەكی گەورەی بیشومار بۆتەوە و سەرانە وەرگرتن و بەرتیل خواردن، پرۆژەی خەیاڵی قووتدانی پارەكەیی و لە عەقڵی مروڤدا نییە. خوا هەڵناگری خزمانی خۆشمان لەكاتی دەسەڵاتدارییەكەیاندا قسوریان نەكرد لە گەندەڵی و لە دەستبەسەرداگرتنی زەوی و خانووی خەڵك و دروستكردنی بازاڕ و ڤێلا و بەنزینخانە و تەلاری گەورە.

خزمانی خۆمان ساڵێك و ئەوەندە مانگە دەسەڵاتیان نەماوە، هەموو حزبە كوردستانییەكان لە حزبە كارتۆنییەكانی زەمانی سەدام حوسێن دەچین، بە هەموومان ناتوانین بڕیارێكی ڕاكان سەعید ڕابگرین.

لەم چەند ڕۆژانەشدا هەرایەك دروستكرا و گوتیان بارودۆخەكە باش دەبێت و گۆڕانكاری گەورە دروست دەبێ. هێزی پاسەوانی سەرۆك كۆمار دێنە كەركووك و دژە تیرۆری عێراقی دەگەڕێنەوە.. ئەمانە هیچان وا دەرنەچوون، ئەو هێزەی دێتە كەركووك سوپایەكە سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران، شوێنەكانی دژەتیرۆر دەگرنەوە و هەمان دەسەڵاتی سەربازییان دەبێت.

حوكمی سەربازییش هێشتا هەڵنەوەشاوەتەوە. پارێزگاریش ڕاكانە عەیار 24 تەعریبچییە حەیاتەكەیە و ئەنجوومەنی پارێزگاش هەر نەیانتوانیوە كۆبوونەوەیەك بكەن. بەتایبەتی لیستی برایەتی، سەرۆكەكەشیان هەڵهاتووە و حوكمی گرتنی بۆ دەرچووە، ئێمەش وەكو حزبەكان ناو بەناو كۆدەبینەوە و هەندێك گلەیی و گازندەش دەكەین، دەڵێین ئەم بارودۆخە قەبوڵ ناكەین و نابێت تەعریب بمێنێ‌، كەچی هەر لەكۆبوونەوەكان دەردەچین، هیچمان لەبیر نامێنێ‌.

خەڵكیش لەنێوان بێ‌ هیوابوون و چاوەڕوانیدایە، بەتایبەتی كورد دۆخێكی دەروونیان بۆ دروست بووە كە بڕوایان بەهیچ نەماوە، هەموو شتێك بە پڕوپاگەندە تەماشا دەكەن.

خەڵك لەچاوەڕوانی دۆخێكی نوێدا و شار لەنێوان چاوەڕوانی بودجە و هاتن و نەهاتندایە. شاری كەركووك لەڕووی خزمەتگوزارییەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتایی ساڵی 2003 و ئەوەشی لەڕابردوودا ئەنجامدراوە خەریكە هەڵدەوشێتەوە، بۆیە كەركووك و خەڵكەكەی لەچاوەڕوانی چاك بوونی بارودۆخەكە و هاتنی بودجە بۆ ئاوەدانكردنەوەیە.

 

  • 1