ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە رۆژی هەینیی ٨ ی شوباتی ١٩٦٣, ڕێکەوتی ١٤ ی رەمەزان , بەعسی و نەتەوەپەرستە عەرەبە توندڕەوەکان کۆدەتایەکی خوێناوییان لە عیراق بەرپا کرد . ئەوان لەمێژ بوو هەوڵی ئەو کۆدەتایەیان دەدا . یەکەم کۆدەتا فریق بکر صدقی لە ٢٩ ی تشرینی یەکەمی ساڵی١٩٣٦ بەسەر حکومەتەکەی یاسین هاشمیدا کردی . یاسین هاشمی عەرەبێکی نەتەوەپەرستی توندڕەو بوو . بەکر صدقی حکومەتەکەی ئەوی ڕووخاندو لە ترساندا لەگەڵ نوری سەعید ئینگلیزەکان ڕزگاریان کردن . ئەو وەزارەتەی لە سەردەمی بکر صدقیدا پێک هێنرا هەموویان کەسانی دیموکراتخواز و نیشتمانپەروەر بوون وەک کامل چادرچی و جعغر أبو التمن . بکر صدقی کورد بوولە گوندی عەسکەر لە دایک بووە و کوردی زۆر خۆش دەویست و ئەفسەرە کوردەکانی هێنایە ڕیزی پێشەوە و بەمەش عەرەبە نەتەوەپەرستە توندڕەوەکان مەترسییان لێ نیشت و کەوتنە جووڵە لەگەڵ سیاسەتمەدارە عەرەبەکانی نەیاری بکر صدقی و بە یارمەتیی ئینگلیزەکان , ئەوە بوو لە رۆژی ٩ ی ئاب لە باخی چێشتخانەی فڕۆکەخانەی موصل نائب عەریفێک بە ناوی عبداللە تلەعفەری ساردەمەنی بۆ بردن و دەمانچەی هەڵکیشا و نای بەسەری بکر صدقی و محمد علی جوادی فەرماندەی فڕۆکەوانیی جەنگی و کوشتنی . زۆر شت لە بارەی بکر صدقییەوە گوتراوە و نووسراوە , بەڵام هەمووی جوینەوەی گوتەی عەرەبە توندڕەوەکانە و ئەو پیاوە کوردێکی پاک و خاوێن بوو و رق و قینی عەرەبەکان بە کوشتنی دا . دووەم کۆدەتا لە ١٤ ی تەموزی ١٩٥٨ ڕووی دا کە بە شۆڕش ناوبانگی دەرکرد و هەموو گەلی عیراقی لەگەڵ بوو و پشتگیرییان لێ کرد . هەرچەندە ئەفسەرانی سوپا کردیان , بەڵام بە ڕاستی شۆڕش بوو و ئەگەر ئەفسەرە نەتەوەپەرستە عەرەبەتوندڕەوەکان و حزبە نەتەوەییەکان هەوڵی گۆڕینی ڕێڕەوەکەیان نەدابایە , ژیانی خەڵکی عیراقی زۆر بەرەو باشتر دەگۆڕی و دەبرد . وەکو گوتم لە مێژ بوو بەعسی نەتەوەپەرستەکانی دیکە پیلانیان دەگێڕا بۆ ڕووخاندنی حکومەتەکەی عبدالکریم قاسم و پێش ئەوەش بەعسییەکان لە شەقامی رەشید تەقەیان لێ کرد و برینداریان کرد و عبدالکریمیش نەرمیی لەگەڵدا نواندن و خۆی لە هێزە دیمکراتخوازەکان و کورد دوور خستەوەو پشتی تێ کردن . بەعسییەکان ڕۆژی هەینییان قۆستەوە کە پشوو بوو , کۆدەتا شوومەکەیان بەسەر عبدالکریم قاسمدا کرد و لە دادگایەکی کورتی نیوسەعاتیدا کوشتیان . ئەوەی جێی سەرسوڕمان هەڵویستە لەسەر کردنە , ئەو عبدالسلامەی هاوڕیی عبدالکریم قاسم کە بە ئیعدام حوکم درابوو و لە بەندیخانە بوو , عبدالکریم قاسم خۆی چوو بۆ بەندیخانە و دەریهێنا و بە ڕیز و حورمەتەوە بردیەوە ماڵەوە , کەچی عبدالسلام کە کۆدەتاچییەکان کردیان بە سەرۆکی کۆمار بەشداریی کرد لە کوشتنی عبدالکریم قاسمدا . دوای ئەوە بەعسییەکان هێزێکی میلیشیایان پێک هێنا بە ناوی ( حرس قومی ) و هەرچی گەندوگوو و سەسەری و شەلاتی عەرەب هەیە خزاندنیاننە نێو ئەو ڕێکخراوەوە و ئەوتاوانانەی ئەو ڕێکخراوە کردیان , تاوانەکانی نازییەکان و فاشییەکان لە ئاستیاندا شەرمەزارن . هەر ئەو ڕۆژە دادوەری سەربازی کە ( رشید مصلح ) بوو و ئەو ڕۆژە دانرابوو , بەیانی ژمارە ١٣ ی دەرکرد بۆ قڕکردن و لە نێوبردنی شیوعییەکان و بەندیخانەکانیان پڕ کرد لە هەرچی دیموکراتخوازی عیراقە بە کورد عەرەبەوە . بەو چلەی هاوینە ئەفسەرە دەسگیرکراوەکانیان کردە نێو فارگۆنی باریی شەمەندەفەرەوە, کە بە شەمەندەفەری مەرگ ناسرا و بێ نان و بێ ئاو دەرگایایان لەسەر داخستن و بەرەو سەماوە بەڕێیان کردن بۆ ئەوەی لەگەر مان بمرن بەڵام خەڵکی بە شەڕەفی سەماوە فریایان کە وتن . ئەو تاوانانەی بەعسییەکان کردیان لە مێژوودا وێنەی کەمە . لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی و مرۆڤدۆستی دوور کەتنەوە کە تەنانەت عبدالسلام عارفی سەرۆک کۆماریان , بەو هەموو ناپیاوەتیەی خۆیەوە لێیان بێزار بوو و لە ١٨ ی تشرینی دووەمی ١٩٦٣ کۆدەتای بەسەردا کردن و کۆتایی بە حوکمەکەیان هێنا کە تەنیا ٩ مانگ و ١٠ ڕۆژی خایاند . حوکمی بەعس لە عیراق بە هەردوو بەشەکەیەوە ٨ ی شوبات ١٩٦٣ و ١٧ی تەموزی ١٩٦٨ تاریکترین وکارەساتبارترین ڕۆژن لە ژیانی خەڵکی عیراقدا , بە تایبەتی گەلی کورد و تاوانی بەعسییەکان لە تاوانەکانی کەمالییەکانی تێپەڕاند هەرچەندە هەردووکیان بیروباوەڕە شۆڤێنیستەکانیان لە سەرچاوەی بۆگەنی زەلکاوی نەتەوەپەرستی توندڕەوەوە هەڵێنجابوو . کۆدەتای ٨ ی شوبات بیرو باوەڕێکی توندوتیژی و ڕەشەکوژی لەم وڵاتەدا دروست کرد کە تا چەندان ساڵ هەر دەمێنێ و بنەبڕ کردن و پەروەردە کردنی نەوەی نوێ بە بیروباوەڕی مرۆڤدۆستی و پێکەوە ژیانی بە ئاشتی برایەتی کاتێکی زۆری دەوێ کە دەبێ تا زووە و هەل لە دەست نەچووە , دەستی پێ بکەین .

  • 1